ئاخۆ فەهمی كاكەیی دەناسن؟ ... بەدران ئەحمەد حەبیب

بەرەی كاكەیی بە ژمارە بچووک بە ناوەڕۆک گەورەن. بچیتە هەر ناوەند و كۆڕێكی كوردی، لە دوورەوە هەندێک كاكەیی جیا دەكەیتەوە. ئەوجا بیگرە: نووسەرە، ڕۆژنامەنووسە، نیگاركێشە، میوزیكژەنە، یان هەر نەبێ بە خۆی و سوێڵێكی گەورەوە شوێنێكی داگرتووە. من زۆر كاكەییم ناسیوە، لە هەموویان گرینگتر سیانن. یەكەم فەلەكەدینی ناودار. گەورەتر و ناسراوترە لەوەی من پەسنی بدەم. تەنیا بە ناوهێنانی ڕادەبوورم. دووەم هەردەوێڵ كاكەیی. جاری یەكەم لە ڕێی نامەیەكی كاک فەلەكەدینەوە، هەردەوێڵم ناسی. نووسیبووی: وا هەردەوێڵم ناردە لات، هەی خوا لەمە وێڵتری كا. لەوەدوا لەگەڵ كاک هەردەوێڵدا بووین بە دۆستی گیانی. من لام وایە هەموو كورد وێڵ بێ، هەردەوێڵ وێڵ نییە. كاک فەلەكەدین خۆشی دەویست، كە وای نووسیبوو. سێیەمین كاكەییی ناودار بۆ من، فەهمی كاكەیییە. تەنیاش یەک جار بە دیداری یەكتر گەییوین.
لەم ماوەیەدا، كە بە بۆنەی كتێبی تازەی (خوێندنی كوردی)ی پۆلی یەكەمی بنەڕەتییەوە، یادی ئیبراهیم ئەمین باڵدارم كردەوە و دوو جاریش بە سەرپێی، دەستم بەم كتێبە تازەیەدا گێڕا، بیرم كەوتەوە كاک فەهمیش كتێبێكی بۆ خوێندنی كوردی لە سوید داناوە. پرسیارم لێی كرد و ئەویش بە سوپاسەوە دانەیەكی بۆ ناردم. لە یەكەمین هەڵدانەوەی بەرگ و پەڕەی كتێبەكەدا بۆت دەردەكەوێ، كارێكی زانستانەیە بە واتەی وشە. هەموو لاپەڕەیەكی بەڵگەیە بۆ شارەزایی. سەرتاسەر، هەڵەیەكی رێنووس یان داڕێژتنێكی كرێتی زمانەوانی نادۆزیتەوە. پێداچوونەوەی كتێبەكە لە رووی زمانەوە كاك فەرهاد شاكەلی كردوویەتی، كە پسپۆڕێكی تەواوی ئەم بوارەیە. كاک فەهمی خۆشی شارەزای زمان و ڕێنووسە، بەڵام بۆ ئەوەی كارەكە زانستانەتر بنوێنێ، داچوونەوەی فەرهادی بە پێویست زانیوە. وێنەكێشی كتێبەكە، هیوا عەبدوڵڵا كاكەیییە.
ئەم كتێبە پڕیەتی لە نووسین، كە مەبەستی ساڵی یەكەمی خوێندن ئەوەیە منداڵ فێری خوێندنەوە ببێ. پڕیشە لە مەشقی نووسینەوە، كە ئەمە مەبەستی دووەمە لەو ساڵەدا. لە سەرتاسەری ئەم كتێبەدا لووتت بە وشەیەكەوە ناتەقێ، نامۆ بێ بۆ منداڵ و بیشڵەژێنێ. جگە لەمە، هەمووی بابەتی كوردەوارییانەیە. دانیاری كتێب ویستوویەتی یەكەمین خشتی وڵاتپەروەریی منداڵی كورد لێرەدا دابنێ و دەستیشی خۆش بێ، تێیدا سەركەوتووە.
ئەم كارە لە ڕووی بنەوای فێركردنەوە بێ میناكە. منداڵ تێیدا فێری نووسینی ناوی چەندان: ڕووەک، گیانلەبەر، كەلپەلی وردەواڵە، بەشەیلی جەستەی مرۆڤ، جلوبەرگی كوردەواری و نوێدەمانە، خواردن و خواردنەوە، میوەجات، سەوزەوات، پەرەوڵ و باڵندە، هەمووشی لە ڕێگەی پیت و وشەی كوردییەوە، دەبێ. هەروەها پڕە لە ناوی وەک: ڕەز، ڕازاوە، رێبوار، باپیر، سیروان، ڕێواس، ئاراس، گوڵپەری، گوڵنیشان، گوڵبەهار. هەر دەڵێی ناونامەیە، كە ئەمەش زۆر گرینگە. لەو تەمەنەدا منداڵ حەزی لە گوتنەوەی ناوی منداڵەیلی ترە و هەوڵ دەدا ناو بنووسێ. ئەم كتێبە جگە لەوەی منداڵی پێنج ساڵە فێری خوێندنەوە و نووسین دەكات، سەتان زانیاریی بە سوودیشی لە ڕێی وێنە و وشەوە پێشكێش دەكات. فێری دەكا دنیای دەوربەر لەسەر لاپەڕە و تەختە ڕەشەدا بێنێتە ئاخاوتن. ئەركی قوتابخانەش بێ زیاد و كەم ئەمەیە. خاڵێكی تر سەرنجی ڕاكێشام ئەوەیە لە پاڵ پیت و وشەدا، نووسینی ژمارەش هەیە. واتە ژمارە فێری منداڵ دەكا بە ژمارەیی و بە نووسینەوەش.
دوای تەواوبوون لە فێربوونی هەر پیتێک بە خوێندنەوە و بە نووسین، وانەیەكی هێناوەتەوە بۆ ڕاهێنان. ناونیشانی ئەم وانەیلە خەیاڵ بزوێنن بۆ منداڵ. هەندێكیان تەنانەت بۆ گەورەش. بۆ نموونە: با دێ، ترێ، ئاودان، نازێ، ژووری یاری، مەڕ، بووک، تۆپ، گێڵاس، شەو باش، ماسی، دەف، هەرمێ، بەهار، قەل، بولبول، سۆلاڤ، كیژانی گوڵ، بووكانە بووكێ، هتد. با نموونەیەک لەو دنیا جوان و ژیكەی فەهمی كاكەیی كێشاویەتی، بگوازمەوە ئێرە. بابەتێكە بە ناونیشانی (نۆدێ). دەڵێ: (تابان دێت بۆ نۆدێ. دەوەن دێت بۆ نۆدێ. دارۆ تۆ بۆ نایەیت؟ یاران تۆ دێیت؟ نۆدێ دێیە. دەی وەرن بۆ نۆدێ). ئەوەی پێكەنیناوییە، لە فێركردنی پیتی (ع)دا، عەرەب و عەگال و عەسكەری هێناوەتەوە. دەستی خۆش بێ. یان كە دەڵێ: عەبدولعەزیز عەرەبی شاری عیمارەیە. بە دڵنیاییوە مامۆستا فەهمی ڕێزی تەواوی بۆ عەرەب و ئاینی موسڵمانەتی داناوە، كە هاوسێی گەلی كوردستانن. هەرچەندە وا دەشمانخۆن.
دانیار هیچ ئاماژەیەكی نەكردووە، ئاخۆ ئەم كتێبە، بە ژمارە چەند وشەی كوردی، بە نووسین و خوێندنەوەوە فێری منداڵ دەكا، بەڵام من بۆ خۆم لە گۆترە دەڵێم هەزار وشە كەمتر نییە. ئەم ژمارەیەش بۆ تەمەنی منداڵی پێنج و شەش، فەرهەنگێكە تەواو.
فەهمی كاكەیی بەم كتێبەی خۆی، دوابەدوای ئیبراهیم ئەمین باڵدار، چووە ناو مێژووی پیرۆزی خوێندنی كوردییەوە. دەتوانم بڵێم لە ڕووی زانستی پەروەرین و فێركردنەوە، دەكەوێتە سەردەمێكی تازەتر لە باڵدار. بە دڵنیاییشەوە كاكەیی خۆی بە قوتابیی باڵدار دەزانێ. حكومەتی هەرێم لە دۆڵێكی تردا نەبوایە، ساڵەیلی ساڵە ئەرک و مایەی وڵاتی بە فیڕۆ نەدەدا بۆ دانانی كتێبێكی بێ بایی. دەهات ئەم كارەی لە كاكەییی وەردەگرتەوە و دەیكردە بەرنامەی خوێندن. بەڵام لە كوێ؟ ئاخۆ هەر ناویشیان بیستووە؟