نووسەرەناسراوەکان

لە ئەرشیفی (پاسۆك)ەوە : بەختیار شەمەیی

چاوپێکەوتنی گۆڤاری – کوردستان پرێس – لەگەڵ هاوبیرانی پاسۆك دا.
هاوبیران و هاوڕێیانی بەڕێز...
ئەم نووسراوە بریتییە لەو چاوپێکەوتنەی کە بەڕێوەبەرانی گۆڤاری - کوردستان پرێس - بە شێوەزاری کرمانجیی ژووروو لەگەڵ هاوبیرانی لقی ئەوروپای پاسۆك دا ئەنجامیان داوە. ئەم چاوپێکەوتنە بە پیتی لاتینی تۆمارکراوە. بەپێویستمزانی بیهێنمە سەر کرمانجیی ناوەڕاست، واتە شێوەزاری باوی سۆرانی و تایپم کردووەتەوە.
کوردستان پرێس، گۆڤارێك بوو کە لە سوید دەردەچوو، هەر ١٥ رۆژ جارێك بە کوردی و تورکی بڵاودەبووەوە. شایانی باسە ژمارە سفری لە رێکەوتی ١٢/٩/١٩٨٦ دا لە ٤ لاپەڕەدا دەرچووە. ژمارەی یەکەمیشی لە ٢٤/٩/١٩٨٦ دا لە ١٦ لاپەڕەی گەورەدا بڵاوکراوەتەوە.
ئەم چاوپێکەوتنە لە ژمارەی یەکەمدا بڵاوکراوەتەوە. کورتەیەکی بە تورکیش لێ بڵاوکراوەتەوە.
بەختیاری شەمەیی
---------------------------------
پارتی سۆسیالیست کورد (پاسۆك) لقی ئەوروپا.
بەناوی ئەندامان و پێشمەرگەکانی (پاسۆك)ەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە (کوردستان پرێس) دەکەین و ئاواتی سەرکەوتنی بۆ دەخوازین.
پێویستە (کوردستان پرێس) ببێتە دەنگی میللەتی کورد. دامەزراندنی (کوردستان پرێس) بۆ پشتیوانیی کورد بێت.
ئێمە هیوادارین کە لە داهاتوویەکی نێزیکدا (کوردستان پرێس) ببێتە رۆژنامەیەکی ناوەندی. لەبەرئەوەی دوژمنانی خوێنمژ بواری بڵاوبوونەوەی رۆژنامەیەکی ناوەندییان نەداوە و نادەن، ئەمڕۆ رۆژنامەیەکی ناوەندی پێویستە بۆ هەموو کورد.
هەر بژی خەباتی – کوردستان پرێس، ژمارە١، ل ٢.
---------------------------------
پاسۆك – پارتی سۆسیالیستی کورد.
- بەرپاکردنی هەر شۆڕشێك چ لە کوردستانی تورکیا، چ لە عێراق، چ لە ئێران، چ لە سوریاش، دەبێ لە خزمەتی کوردستانی مەزندا بێت.
- میللەتی کورد، وەکوو میللەتێك دەبێ و پێویستە لە پێناوی هەموو کوردستاندا خەبات بکات، هەتا بناخەی کوردستانێکی یەکگرتوو و مەزن دابمەزرێنێت.
- ئەگەر چەپەکانی تورك، میللەتی کوردی هاوسێێان، کە لە بندەستی زۆردارانی وڵاتی ئەواندایە، پشتگوێ بخەن و پشتیوانیی لە مافی کورد نەکەن، هەرگیز ناتوانرێت ناوی شۆڕشگێڕ و چەپیان لێ بنرێت.
کوردستان پرێس بەبۆنەی دامەزراندنی ١١ ساڵەی (پاسۆك)ەوە، کە لە باشووری کوردستاندا خەبات دەکات، لەتەك هاوبیرانی (پاسۆك)دا چاوپێکەوتنێکی ساز کرد.
- پاسۆك – پارتی سۆسیالیستی کورد – لە چ ساڵێکدا و لەلایەن کێوە دامەزرێنراوە؟
= پاسۆك لە رۆژی ١١ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٧٥ دا لە شاری کەرکووك پێکهێنراوە. یەکەم کۆنگرەی پاسۆك هەر لە هەمان شاردا بەستراوە.
خەبات و چالاکی پاسۆك، پاش هەرەسهێنانی شۆڕشی ١١ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٧٥ دەستیپێکردووە. لەو کۆنگرەیەدا گوتوویە: "شۆڕش هەرەسی پێهێنراوە، بەڵام کورد نەمردووە".
لەبەرئەوەی شۆڕشی باشووری کوردستان لە ١١ی ئەیلوولدا بەرپا بووە. پاسۆك رۆژی ١١ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٧٥ی بە ساڵڕۆژی دامەزراندنی خۆی داناوە.
خەباتی ئێمە لە سەرەتادا بە شێوەیەکی نهێنی بوو، خەباتێکی چەکدارانە نەبوو. بەڵام پاشان، لە ساڵی ١٩٧٦دا پێشمەرگەکانی ئێمەش چوونە نێو شاخ و –پاسۆك-یش دەستیکرد بە خەباتی چەکدارانە. هەتا ئەمڕۆش تێکۆشانی پاسۆك چ لە شار و چ لە شاخ چ لە گوندەکاندا هەر بەردەوامە. پاسۆك شانبەشانی هەموو پارت و رێکخراوەکانی دیکە لە کوردستاندا دژی کۆلۆنیالیزم خەبات دەکات.
- بیروباوەڕی پاسۆك چییە، دەربارەی خەباتی رزگاریخوازانەی نەتەوەیی کورد؟
= بیروباوەڕی پاسۆك دەربارەی خەباتی رزگاریخوازانەی نەتەوەیی کورد بەم جۆرەیە:
کورد لە ٢٥ میلیۆن پترە. میللەتێکی بندەستەیە، خاکزەوتکراو و بەشبەشکراوە. ئەوە بۆ ٢٥٠٠ ساڵە کە کۆلۆنیالیستەکان کوردستانیان بە کۆلۆنی هێشتووەتەوە. ئەو دوژمنە کۆلۆنیالیستانە نیشتمانی ئێمەیان خستۆتە ژێر دەستی خۆیانەوە. شۆڕشەکانی کوردیش، داخوازی و ئامانجی خۆیان بە دروست و راستەوخۆ ئاشکرا نەکردووە. بۆ نموونە: کوردی باشووری کوردستان ئەوە ١١-١٢ ساڵە شەڕ بۆ ئۆتۆنۆمی دەکات. وە هەر دووچاری دەربەدەری و بەدبەختییەکی فرە دەبێت لەلایەن دوژمنەوە.
پاسۆك لەو کاتەوەی کە لە کوردستاندا بوونی خۆی وەکوو پارتێك راگەیاندووە، داخوازیی کوردستانێکی مەزنی کردووە و دەکات. وە دەبێژێت: میللەتی کورد، وەکوو میللەتێك دەبێ و پێویستە لە پێناوی هەموو کوردستاندا خەبات بکات، هەتا بناخەی کوردستانێکی یەکگرتوو و مەزن دابمەزرێنێت.
ئەم خەباتە تەنها پاوانکراو نییە بۆ پاسۆك، بەڵکوو دەبێ هەموو پارت و رێکخراو و هێزە کوردییەکان، بەرەیەکی تەبا پێکبهێنن. بەڵام پێش هەر شتێك ئامانج و داخوازییەکانی خۆیان دیار بکەن. ئەو ئامانجە کە بەڕاستی کورد لە پێناوی ئازادیی کوردستانێکی مەزن و یەکگرتوو و سەربەخۆدا خەبات بکات. ئازادیی میللەتێکی کورد لە کوردستانێکی ئازاددایە. هەتاکوو کوردستانێکی ئازاد بەدینەهێنرێت، کورد رزگاری نەبووە. کورد بە بەدەستهێنانی (ئۆتۆنۆمی) لە عێراق یان لە ئێران، ئازاد نابێت. لەبەرئەوەی کوردی بەشەکانی دیکە هێشتا پێکڕا نەگەیشتوونەتە مافە نەتەوەییەکانی خۆیان.
بەپێی بیروباوەڕی پاسۆك، بەرپاکردنی هەر شۆڕشێك چ لە کوردستانی تورکیا، چ لە عێراق، چ لە ئێران، چ لە سوریاش، دەبێ لە خزمەتی کوردستانی مەزندا بێت. بەکورتییەکەی ئێمە، کورد وەك میللەتێك، هەموو بەیەك چاو تەماشا دەکەین و جیاوازی لەنێوان کوردی بەشەکانی کوردستاندا نابینین. کورد بۆ ئێمە هەر یەك میللەتە و یەکەیەکی لێکنەپچڕاوە. وە کوردستانیش یەك نیشتمانە و بە دەستی کۆلۆنیالیستەکان بەشبەشکراوە. ئەو سنوورانەی کە کۆلۆنیالیستەکان رەنگڕێژیان کردوون، نابێ دانیان پێدا بنرێن و نابێ پەسەند بکرێن.
- هەڵوێستی پاسۆك لەنێو بەرەی – جود – دا چییە؟
= بەرەی – جود – وەکوو بەرەیەکی عێراقی، لە چەند پارت و رێکخراوێك پێکهاتووە کە ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان و هێنانەدیی سیستمێکی دموکراتی بۆ عێراق دەخوازێت. ئێمەیش یەکێکین لەو چوار – پێنج پارت و هێزانەی کە ئەو بەرەیە پێکدەهێنن.
دامەزراندنی بەرەی – جود – بە خواستی ئیمە نەبووە. بەڵام ئێمە، ئەمڕۆ لەبەرئەوەی – جود – دامەزرێنراوە و هەیە، رێگامان لەتەکدا گرتۆتەبەر. چونکە ئێمە بەتەنها ناتوانین رژێمی سەددام بڕوخێنین، و کەسیش ناتوانێت بەتەنها رژێمی بەعش بڕوخێنێت.
ئامانجی پاسۆك رزگااربوونی کوردستانی گەورەیە. هەربۆیە ئێمە داخوازیی بەرەیەکی کوردستانیی سەرانسەری دەکەین. کورد پێویستە یەکبگرێت، ئیدی هاوکاری لەتەك – جود – دا بکرێت یان لەتەك هێزێکی دیکەدا، ئەوە مەسەلەیەکی دیکەیە. ئیمە – جود – بە برەیەکی باش دەزانین. لەبەرئەوەی هەر چ نەبێ، ئەو پارت و هێزانەی نێو – جود – یەکدی ناکوژن و لەسەر ئامانجێکی هاوبەش بە تەبایی بەڕێکەوتوون. ئەوەش رووخاندنی رژێمی بەعس و هێنانەدیی دیموکراسی بۆ عێراق و بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی بۆ باشووری کوردستانە.
ئێمە داوای ئۆتۆنۆمی ناکەین. بەڵام لە بەرنامەی پاسۆك دا هاتووە کە: (ئەوپەڕی مومکین لە زەمەنێکدا، ئامانجی کاتیمان دەبێت). هەرکاتێك بەشێکی کوردستان بتوانێ ئۆتۆنۆمی بستێنێت، با بیستێنێت، بەڵام ئۆتۆنۆمی دەبێت لەخزمەتی مافی چارەنووسدا بێت.
- بیروباوەڕی پاسۆك دەربارەی باکووری کوردستان و چەپەکانی تورك چییە؟
= بیروباوەڕێ ئێمە دەربارەی باکووری کوردستان:
بەڕاستی پێمان وایە کە دڕندەترین دوژمنی کورد هەبێ، ئەویش دەوڵەتی تورك و رژێمی تورکیایە.
باکووری کوردستان چاکترین شوێنی جیۆگرافیی هەیە. زۆرێتیی میللەتی کورد لە باکووردی کوردستاندا دەژین. لەبەر ئەم هۆیانە، دەبێت هەوڵی هەڵگیرسانی شۆڕشێکی بەرفرە و مەزن لەو بەشەی کوردستاندا بدرێت. بەڵام بەمەرجێك ئەو شۆڕشە لەوێ تەنها بۆ باکووری کوردستان و خەڵکی تورك نەبێت، بەڵکوو شۆڕشێك بێت کە پایەگاکانی رژێمی تورکیا لە کوردستاندا لێکهەڵبەوەشێنێت و داگیرکەران دەربپەڕێنێت. شۆڕشێك کە ببێتە سەرچاوە و بزوێنەر بۆ مەسەلەی کورد لە هەموو بەشەکانی دیکەی کوردستاندا. ئێمە زۆر بەوە شادمانین کە هەموو پارت و رێکخراوەکانی باکووری کوردستان ئامانجی خۆیان راستەوخۆ دەستنیشان کردووە کە بریتییە لە کوردستانێکی مەزن و سەربەخۆ و مافی بڕیاردانی چارەنووس بۆ کورد.
باکووری کوردستان لەگەڵ یەکێتیی سۆڤێت دا هاوسنوورە و بندەستەی تورکیایە و تورکیاش نۆکەری ئیمپریالیزمی ئەمەریکایە.
لە باکووری کوردستاندا، چەند مەرجێکی چاکتر و لەبارتر هەیە بۆ دروستبوونی شۆڕشێکی کوردانە، لەچاو باشوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوادا.
باکووری کوردستان وەکوو دەزانین لەڕووی سەرژمێرەوە زۆرترینە و جێگایەکی ستراتیژیی لەباریشە. لەبەرئەوەی باکووری کوردستان لە داهاتوودا دەبێت بنکەی شۆڕشی ئازادیی کوردستانی گەورە.
چەپەکانی تورك زووتر لە چەپەکانی ئێران و عێراق ئەو راستییە تێگەیشتوون و دەبێژن: کورد خاوەنی مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆیەتی.
چەپەکان چ لە تورکیا و چ لە هەر جێگەیەکی دیکەی جیهاندا بن، کاتێك دەتوانن چەپێتی و شۆڕشگێڕێتیی خۆیان بسەلمێنن کە روانین و تێگەیشتنی خۆیان بەڕاستی لەمەڕ مەسەلەی میللەتانی بندەستەوە ئاشکرا بکەن. ئەگەر چەپەکانی تورك، میللەتی کوردی هاوسێیان، کە لە بندەستی زۆردارانی وڵاتەکەی ئەواندایە، پشتگوێ بخەن و پشتیوانیی لە مافی کورد نەکەن، ئەگەرچی هەرچەندێکیش پشتگیریی لە مافی میللەتانی وەك: ئەنگۆلا و فەڵەستین و باشووری ئەفریکاش بکەن، هەرگیز ناتوانرێت ناوی شۆڕشگێڕ و چەپیان لێبنرێت.
- هیچتان دەربارەی – کوردستان پرێس – هەیە کە بۆ خوێنەرانی بەیان بکەن؟
= ئەو ئامانجەی کە – کوردستان پرێس - بۆ خۆی دەستنیشانی کردووە، گەلێ پیرۆزە. بۆ یەکەمین جار لە قاهیرە لەلایەن – میقداد مەدحەت پاشا و عەبدولڕەحمان بەدرخانەوە رۆژنامەیەکی فرە بەکەڵك بڵاوکراوەتەوە. بەڵام دوژمنانی میللەتی کورد بواریان نەداوە و نادەن کە رۆژنامەیەکی گشتیی بۆ هەموو کورد بڵاوبکرێتەوە. تا میللەتی کوردیش خاوەنی رۆژنامەیەکی خۆی بێت و هەمموان ئاگاداری گشت ئەو رووداوانە بن کە لە کوردستاندا روودەدەن.
ئەمڕۆ لە عێراقدا هەفتەنامە و گۆڤار بە کوردی بڵاودەکرێنەوە، بەڵام ئەوانە زۆربەیان لەژێر سایەی بەعس و بۆ پڕوپاگەندکردنی ئەوانن. بەڵام کوردستان پرێس، هەرچی لە بەرژەوەندیی کورد بێت، ئەوە بڵاودەکاتەوە.
هیوادارین کە – کوردستان پرێس – بگاتە ئامانجی خۆی و هەر بەردەوام بێت لەسەر خەباتکردن. ئێمە سەرکەوتنی بۆ دەخوازین.
هەر بڵاوکرەاوەیەك کە دەنگی میللەتی کورد بگەیەنێتە یەکدی و لە جیهاندا دەنگی پێ بداتەوە، دەبێتبە هەموو شێوەیەك هاوکاریی بکرێت.
سەرچاوە: کوردستان پرێس، ژمارە ١، ل ٤. ٢٤/٩/١٩٨٦، سوید.

Related Articles