نووسەرەناسراوەکان

دەی فەرموون نەوتەکە "تەسلیم" بکەن! ... بەهرۆز جەعفەر

 

لە دوای مانگی شوباتی ٢٠٢٢ ەوە، هەوڵێکی خێرامان لە چوارچێوەی کارەکانی پەیمانگەی میدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی-MIRS دەست پێکرد، بەئامانجی هەرچی زووە:

- بە هیچ شێوەیەک مەلەفی نەوت ڕادەستی بەغداد نەکرێت.

- کار لەسەر فرۆشتنی گازی سروشتی کوردستان بکرێت بۆ وەبەرهێنانی کارەبا لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق

- هەرێمی کوردستان بە تەواوی پرۆسە نەوتییەکان و پیشەسازیی هایدرۆکاربۆن دا بچێتەوە (گرێبەستەکان، چۆنیەتی دامەزراندنی کۆمپانیای نیشتیمانی -کوردیی بواری خزمەتگوزاری نەوت و گاز (بارگاوی بە توانای تەکنیکی و دیجیتاڵی، لێکۆڵینەوەو پۆلێن کردنی کۆمپانیا بیانییەکان، دەرهێنان، پاڵاوتن و پاڵاوگەکان "نەیشارمەوە گفتوگۆ و کارەکانی ئێمە تا ئەندازەیەکی باش کاری خۆی کرد لە داخستنی ٥٥ پاڵێوگەی نایاسایی لە کۆی ١٣٣ پاڵێوگە"، ئینجا هەناردەکردن، پاشان لۆبی بۆکردن و دۆزینەوەی گروپە بەرژەوەندیی خوازەکان-Interest Group).

ئەم هەوڵ و بەشداری و لێکۆڵینەوەو کۆنفڕانس و خستنە ڕووانە لە ڕیگەی پاوەرپۆینت و، هەروەها بەشداریمان لە دەرەوەی ووڵات و لێدوان و دیدار لەگەڵ ناوەندە دەرەکییەکان. زۆرکەس و لایەنی نیگەران کردبو (ئەوانەی هەمیشە بە دیدی ئایدۆلۆجی و حیزبی تەسک ئەڕواننە حوکمڕانی و پرسە نیشتیمانییەکان)، تەنانەت لەسەر ئاستی عێراق کاراکتەری هەرە باڵای "کورد!" وەک گاڵتە پێکردن لە مەجلیسەکانیدا چەندین جار بڵێت" لەسەر ئەرزی واقیع تەنها بەهرۆز جەعفەر ماوە بەرگری لە نەوتی کوردستان بکات"!.

لەو نەوتەو داهاتەکەی ئەوان بە ملیار سودمەند بون، ئێمە دۆلارێک و دینارێکیش مووچەو بودجەمان لەسەری نەبوە:

کێ لە بەغدایە، با بچین نەوتەکەی تەسلیم بکەین؟

- سەرۆک کۆمار و سەرۆکوەزیران ماوەکەیان بەسەرچووە.

- پەرلەمان ئەوە مانگێکە گڵۆبەڕۆژەو شوتی و جگەرەو ئەزبەری تیا ئەفرۆشرێت.

- وەزارەتی دارایی لەم کاتە ئاڵتونیانەدا کە نرخی نەوت بەرزە وەزیری نییەو، لە کۆی (٩) ملیار داهاتی خاڵە سنورییەکان ١ ملیاری پێ کۆ نەکراوەتەوە.

- ئەوە لە ٢٣ ی ئابی ٢٠٢٢ دادگای باڵای فیدراڵی و ئەنجومەنی باڵای دادوەری کارەکانیان ڕاگرت (بەفەرمی هەڵپەسێردرا). چونکە شیعەکان پێیان وایە ئەوانە بوکەڵەی سەر مێزن و بە دەسیسەی سیاسی ئەجوڵێندرێن. هەروەها به‌ گوێره‌ی مادده‌ی ٩٢ ی ده‌ستووری عێراق، ده‌بێت دوو له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران دادگایه‌كی باڵا هه‌ڵبژێرن و ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت، ئه‌مه‌ش رووینه‌داوه‌، واتا هیچ شتێك رووینه‌داوه‌ تا ئه‌م دادگایه‌ی له‌سه‌ر درووست بكرێت.

- بانکی ناوەندی عێراق نزیکەی (٨٠) ملیار دۆلار یەدەگی هەیە لەگەڵ (١٣١) تۆن زێر وەک یەدەگ هەڵهاتن و چۆڵیان کرد.

- بانکی ڕافیدەین بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی بەغداوە کارەکانی وەستاند.

وەزیری نەوتی عێراق لە دوایین نیەت و لێدوانی خۆیدا، تێگەیشتوە ماوەکانی ڕابردوو ئاسنی ساردی کوتاوە، داوا ئەکات " هەرێم و بەغدا پێکەوە یاسایەک دەربکەن، تا پێکەوە پرسی نەوت ئیدارە بدەن!". . لە کوێدا یاساکە دەربکرێت کە ئەوەی سەرەوە دۆخی عێراقە؟

لە کۆتایی (٢٠١٣) ەوە، بابەتەکە لە سەرەوە بۆ خوارەوە یان شەڕی دەستەڵاتە لەلایەن گروپە چەکدارەکان و دەستەڵاتخوازەکانی عێراقەوە (بۆ ئەوەی پشکی زیاتر و گەندەڵی زیاتر بکەن) یان هەوڵی سڕینەوەی کوردە بە هێڵێکی درێژ لە خانەقین و جەلەولاوە تا ئەگاتە شەنگال و سنوری سوریا. چۆن؟

پێشوتر (پێش ٢٠١٤)، تەواوی سوپای قودس لە ئێران قورساییەکانی لە سەر سڕینەوەی سووننە دانابو، کە ڕایانبماڵێت و کۆمەڵکوژیان بکات و ئاوەرەیان بکات (بە زیادەوە کردیان). دواتر لە ڕێگەی داعشەوە تەنهاو تەنها ئامانجەکەیان هەڵکەندن و کوشتن و شەڕی کورد بو (بە هاوکاری هاوپەیمانان تا ئەندازەیەکی زۆر ئەمە نەچووە سەر و کورد دەنگی گەیشتە هەموو دونیا) هەر لە خانەقینەوە تا داقوق و دووز کاکەییەکانیان لەناوبرد، لەسەر نەخشەی ئیتنۆگرافی تەماشای دابەشبون بکەیت لەو ناوچانە تەواوی ناوچە کوردییەکان لە دوو لاوە بە داعش دەوردراون لە سێ لاشەوە بە حەشدی شەعبی، لە شەنگال و خانسۆر و سنونێ ئێران لە ڕێگەی داعشەوە ئەوەی کرا کردیان، ئینجا لەڕێگەی چەند گروپێکی چەکداری کوردو حەشدی شەعبییەوە نەخشەکە ئەگۆڕن. بۆ سەلماندنی ئەمە بە ووردی، بەمزوانە کتێبێک بە سێ زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی بڵاوئەبێتەوە بەناونیشانی " تراژیدیای کاکەکەییەکان لە ناوچە جێناکۆکەکانی عێراق: هۆشیارکردنەوە لە پرۆسەیەکی کۆمەڵکوژیی" کتێبەکە هەتا بڵێی سەرچاوەی زانستی دوورە دەست و کاری مەیدانی و چاوپێکەوتنی جۆراوجۆری لە خۆ گرتوە، جگە لە ئامار و داتای مەترسیدار، ئەم کتێبە لەلایەن هاوڕێیانمان " کریستینا کۆیڤونیەن- نوسەرو کوردناسی فینلەندی، حوسەین تاڵەبانی" یەوە ئامادەکراوە.

بەشێک لەو کاراکتەرە باڵایانەی کورد تا ئێستاش لە عێراقن، لە بری ئەوەی ئەو هەموو ساڵە پرسی ماددەی ١٤٠ جێ بەجێ بکەن، ئەوەش نەکەن، کێشەی بودجەو نەوت یەکلابکەنەوە، گازی سروشتی هەرێم لەبری گازی ئەملاولای دەرەکی بەکاربهێنن، سەرقاڵی ئیمزاکردنی بۆندن لەگەڵ ئوردن و سعودییەو تورکیا بۆ ئەوەی لە ڕێگەی دۆست و کۆمپانیاکانی خۆیانەوە چەند ملیارێک دۆلاریان دەست بکەوێت. .

ئێستا زانیاری تەواو هەیە لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکانەوە کە وەزیری نەوت و دارایی عێراق بەشێوەی "ئینتیقائی" واتە بەجۆرێک لە ناو (٥٢) کۆمپانیادا ئەگەڕێن ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانە یان ئەو کۆمپانیا گازییانە ئەکەنە ئامانج لە هەرێمی کوردستان کە نزیکن لە ئەمریکاوە، بە مانایەکی تر، هۆشیارن لەوەی کە دەستەڵاتی مەرکەزیی بەغدا ئەیەوێت کەرتی نەوت لە هەرێم پەکبخات بۆ ئەوەی کاریگەری خراپی لەسەر بازاڕی ووزە هەبێت، ئەیەوێت کەرتی گازی کوردستان پەکبخات بۆ ئەوەی گازی کوردستان نەبێتە جێگرەوەی گازی سروشتی ئێران بۆ عێراق.

ئەوەی پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوەیە، بەرپاکردنی شۆڕشێکی ڕاستەقینەیە دژی گەندەڵی و ئەوانەی متمانەی هاوڵاتیانیان نەهێشتوە، بۆ ئەوەی پیسخۆری و گەندەڵی نەبێتە کەلتورێکی چەسپاو. هەروەها زیادکردنی دەرفەتی کارو ڕێکخستنەوەی کەرتی تایبەتە لە بەرژوەندی هاوڵاتی نەک گروپ-گروپی جیاواز. بەمشێوەیە بیناکردن لە ناوەوەو دانپیانان و پاڵپشتی لە دەرەوە مسۆگەر بکرێت.

 

ئەقڵ، نیشتیمان، ئاین ... بەهرۆز جەعفەر

 
هەموو کاتێک ئەوانەی قسە بۆ خەڵکە عەوامەکە ئەکەن و موخاتەبەی ئەقڵی ڕەشووڕووت ئەکەن، زۆرترین کاریگەرییان هەیە. نزیکەی چوارسەت ساڵ پێش ئێستا "ئیسحاق نیوتن" بوێری هەبو، وێرای بڵێت " لە ڕێگای زانستەوە قوتارمان ئەبێت"، کانت چەرخی بە پووش و پاوانی سەردەمی تاریکییەوە نا، ڕێنیە دیکارت گوتی "من بیر ئەکەمەوە، کەواتە هەم". ئیتر بیرکردنەوە بووە سەنتەر، لەگەڵیدا شۆڕشی فەڕەنسا سەریهەڵدا، پێش ئەوە قەشەیەک و پیاوێکی ئاینی لە باتی هەموو کەس بیریان ئەکردەوە، ئیتر زانست وداهێنان کەوتنە سەرسکەو پیشەسازیی سەریهەڵدا.
لەڕاستیدا، ئەوە دەرئەنجامی هەڵەی حزبەکانی کوردستانە کە تاکێکی وەهایان پەروەردە نە-کردووە بتوانێت بەرگری لە خۆی و نیشتیمانەکەی بکات! لەم ڕووەوە باکوری کوردستان بەرەو پێشتر چوون. ئەوە بۆیە تاجرێکی ئاینی، فەیسبوکەوانێک دێت و بە ئاسانی ئەتوانێت سواری ئەقڵی کۆمەڵگا بێت! بەند-بێژێک، پاسەوانی بەرپرسێک، تەنانەت خۆپیشاندەرێکی ئاسایی لەبەرئەوەی دوو جنێوی بە کارمەندێکی ئاسایش داوە ئەبێتە پەرلەمانتار! یان کاریگەری لەسەر فەزای گشتی دائەنێت (بەخراپی).
زانستی سەردەم دەریخستووە، کە بۆ ئەوەی تاکێکی بەرپرسیار لێوەشاوە-Competnce بەرانبەر نیشتیمان و فەزای گشتی دروست بکەیت، ئەبێت سێ پایەی سەرەکی بەرجەستە بن:
مەعریفە (Knowledge)، کارامەیی یان لێزانین (مهارە-Skill)، لەگەڵ ژینگەیەک بۆ خۆنواندنی ئەم تاکە کە تیایدا ڕابوەستێت (Attitute). هەر لەبەرئەمەش، زانکۆکانی خۆرئاواو تەنانەت لە هەرێمی کوردستانیش، بایەخ بە پرسی پێداگۆجی ئەدەن لە شێوازی وانەوتنەوەدا، بۆ ئەوەی لەمەولا تاک یان فێرخواز سەنتەر بێت...
کاتێک کە پەروەردە نییە، کە بەرپرسیارێتی نییە، ئیتر ئاوها ئەبینیت هەر تاجرێکی میدیایی، گەنجێکی دەست بەتاڵ بێ ئەوەی بەڵەو بێت بە بوارەکە، بە پێخاوسی دەست پێ ئەکات، چەپ و ڕاست پەیجێک یان سایتێک دائەنات و، ختوکەی هەموو شتێکی لابەلا ئەدات، ناویشیان ناوە " دەزگای میدیایی! " کورد لەسەرێکەوە سەیرن! هەربۆ خۆیان قسەئەکەن، ئێستا زۆربەی ئەوانە دەزگای میدیایی ناو شەستییەکەی سولەیمانین! ئەمانە بی بی سی bbc و فۆکەس نیوز و جەزیرە و ڕووسیالیەومRT و ئەلعەرەبیە نیین!
نیشتیمان (بۆ کورد بەتایبەتی) مانای شوێنە، هەموو جەنگەکانی مێژوو "هەرهەمویان" لە پێناو "شوێن" و "شوێن"ێکی باشتردا بون. کاتێک تۆ "شوێن"ت نییە ئەبێت بچیت لە " نا شوێن"دا بژی. دەبا یەکێک لە کەربەلا بوێری ئەوەی هەبێت بڵێت "مەککە لە کەربەلا پیرۆزترە" ناتوانێت وا بڵێت! بێگومان مەککەو مەدینەو قودس و هەر جێگەیەکی دیکەی ئاینی پیرۆزن تا ئەو شوێنەی نەهی لە خراپەو ئەمر بە باشە بکەین.
کوردستان پیرۆزە، پێویستە ئاین فێری پێکەوەژیان و ڕێز و ڕاستگۆیی و بەرپرسێارێتیمان بکات. ئاینی ئیسلام نەهی لە بە فیڕۆدانی ئاو کردووە، تەنانەت بۆ دەستنوێژیش بێت، کاتێک تۆ لە بەردەرگاوە تا حەمام بە ڕاست و چەپدا ئاو بە فیڕۆ ئەدەیت، کەواتە تاکێکی بەرپرسیار نیت بەرانبەر ئاینەکەت!
بە لای منەوە لە هەر جێگایەک بم، چەمچەماڵ سەنتەری گەردوونە.
"بەهرۆز جەعفەر"
 

بۆچی بەڵێ بۆ گەشەسەندن و بەردەوامی پیشەسازیی نەوتیی لە هەرێمی کوردستان؟ ... بەهرۆز جەعفەر

 

کاتێك لە (٢١ ی ئایاری ٢٠٢١) وەزیری سامانە سروشتییەکان "د. کەمال ئەتروشی" سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کرد، (٩٧) ئەندامی پەرلەمان بەشداربون، بە هەر هەمویان نەیانتوانی (٧) پرسیاری زانستی و واقیعی لێ بکەن. جگە لە غەڵبە-غەڵب و موزایەدە بۆ گیانی یەکتر کارێکی تر هەر نەبینرا!.

بەداخەوە کە لەهەموو شوێنێكدا، مەنزوری تەشهیر و تەخوین و موزایەداتی سیای و ئایدۆلۆجی بابەتەکان ئەپێوێت، ئەگەروایە تا ئێرەو بوەستە لەم خوێندنەوەیە. لێرەدا تەنها سێ خاڵ لە کۆی سەدان بابەتی ئاڵۆز لە پرۆسە نەوتییەکاندا ئەخەمە ڕوو:

یەکەم/ یەک بەرمیل نەوت لە ژێر خاکی کوردستاندا (٦٠ بۆ ١٠٠) ملیۆن ساڵی پێویستە تا ئەبێتە بەرمیلێک نەوت و دەرئەهێنرێت.

دووەم/ بەشێکی زۆر لە بیر یان کێڵگەکانی کوردستان (مەبەستم چیاکان و دامێنی زاگرۆسە بە گشتی- چونکە تەمەنی دۆزینەوەی نەوت گەورەترە لە تەمەنی هەرێمی کوردستان) سەت ساڵ، هەشتا ساڵ و پەنجا ساڵ پێش ئێستا گەڕان و پشکنینی بۆ کراوە. ئەوەش بۆ ئێستا هیچ بەهایەکی زانستی و هونەری و بازرگانی نییە. کەواتە ئەبێت چی بکرێت؟ لای خوارەوە ڕوونتر ئەبێتەوە:

سێهەم/ بۆچی ئەبێت ئاسایشی کێڵگە نەوتی و گازییەکانی کوردستان پارێزراو بێت؟ هەریەکەو بە پێی خۆی و لە بەر خۆیەوە باسی شتێک ئەکات. ئەگەر تەنها و تەنها ئیش کردن و ئۆپەرەیشن بوەستێت لە (١) یەک بیردا، واتە کار لە ڕووی تەکنیکییەوە بوەستێت (باسی لایەنە جیۆلۆجییەکەی ناکەم بواری قسە کردنی من نییە) ئەوا ئەو بیرە نەوتە لە دوو چارەنوسی خراپ بەدەر نابێت: یان تا-هەتایە ئەو بیرە بە کەڵکی کارکردن و بەرهەمهێنان نایات کە سەدان ملیۆن ساڵی ویستوە تا ببێتە هۆی تەواوکاریی و یەکگرتنی ئەم هایدرۆکاربۆناتانە لە قووڵایی گونجاوی زەوییدا. وە یان ئەو کۆمپانیایە بە پێی گرێبەستەکە بە دەیان و بگرە سەدان ملیۆن دۆلاری داناوە، زۆرجار بۆ یەک بیر (٩٠ بۆ ٩٥) ملیۆن دۆلار تێچووی هەیە تا ئەگاتە کارکردن و پەرەپێدان، وە پارەی دانراوی کۆمپانیاکە لای حکومەت هەیە، هەر هەموو ئەم سەرمایەیە تیا ئەچێت، ئەبێت سەرلەنوێ هەمان هەوڵ و تێچوو بخاتەوە گەڕ، ئینجاش دیار نییە ئەنجامەکەی چی ئەبێت!

هەرێمی کوردستان، پێویستی بەوە نەبو کێڵگەو بیرە نەوتەکانی خۆی (لە گەوهەر بەنرخترن) بخاتە بەردەست کۆمپانیا بیانییەکان، بەڵکو ئەم پانزە ساڵەی ڕابردوو ئەگەر دوو کۆمپانیای نیشتیمانی (تەنانەت حیزبیش بوایە) لە بواری خزمەتگوزارییەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دابمەزرایە، ئەوا:

- کۆمپانیای بیانی هیچ بەزەیی و دەربەستێکی بەرانبەر بە هەدەرچوونی نەوت و گازی نەک کوردستان بەڵکو هیچ ووڵاتێک نییە کە تیایدا میوانە. گوێ بەوە نادات چۆن بیر لێ بدرێت ئاسۆیی یان ستونی، ژینگە پیس ئەبێت یان نە و. . . تادوایی.

- دەرفەتی کارێکی زۆر زیاتر بەرجەستە ئەبو، جیاوازی چینایەتی کەمتر ئەبو، لە باتی ئەندازیاری بیانی و هێج ئاڕ و ستافی ئۆپەرەیتەری هیندی، تورکی، ئێرانی، نەرویجی، فەڕەنسی، ئیماراتی، ئیتاڵی، چینی، ڕووسی و ئەفریکی، ئەوا توانای مرۆیی کوردیی زیاتر تیایدا ڕۆڵی ئەبینی.

- ئەگەر هەر لە سەرەتاوە کۆمپانیایەکی نەوتیی- خۆماڵی- کوردیی- بە یاسا ڕێکخراوی دیجیتاڵیزەکراو لە هەموو قۆناخەکانی کارکردندا هەبوایە: هەر هیچ نەبێت ئەمڕۆکە بەغدا نەیئەتوانی ئەو بیانوەی هەبێت و فشاری جۆراوجۆر بخاتە سەر کۆمپانیا بیانییەکان.

- ئەگەرچی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و هەوڵەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق تەواو سیاسیین پێش ئەوەی دەستوری و یاسایی بن. گریمان لە ئەنجامی فشارەکانی بەغداوە کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکانیش ئەمڕۆکە کوردستانیان بە جێهێشت، ئەوا یەکسەر ئەو توانا تەکنیکی و مرۆییە خۆماڵییەی دروست ببون، جێگەی ئەوانیان ئەگرتەوە.

- ئەگەر کۆمپانیای خۆماڵی کوردیی لە بواری نەوتدا بخرایەتە گەڕ، ئەوا ئەو تێچووە زۆرە کە نزیکەی (٥٨٪) بۆ تێچوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەیە و (٤٢٪) ی بۆ حکومەت و خەڵکی کوردستانە وەها نەئەبو! ئەمەیە ڕەگی گرفتە ئابورییەکە. . .

- ئەگەر کۆمپانیایەکی نیشتیمانی خۆماڵی کوردیی هەبوایە، (کۆمپانیا) واتە سەرمایە، سەرمایەش خۆ لە فەردەو لە کادان و ژێر فەرشدا دانانرێت، بەڵکو ئوتۆماتیکی لە بانکدا ئەبێت، هەر بۆ خۆی کۆمپانیاکە هەوڵی بە‌هێزکردنی سیاسەتی بانکی و ئاڵوگۆڕ و بەهای دارایی و بانکی ئەدا بە ناچاریی، ئەوا ئەمڕۆکە سیستەمێکی بانکیی تا ئەندازەیەک پێشکەوتوو بەرقەرار ئەبو.

- ئەگەر کۆمپانیایەکی خۆماڵی- نیشتیمانی- کوردیی- دیجیتاڵیزەکراو هەبوایە، ئەوا وەک چەندین کۆمپانیای بیانی و جیهانی نە ئەچوون دەرگای دادگا نێودەوڵەتییەکانی لەندەن و نیۆرک لە هەرێمی کوردستان بگرن، بە ناوی داواکردنی قەرەبوەوە دەست لەگەڵ ئەم و ئەو تێکەڵ بکەن و بە چەندین ملیار دۆلار لە هەرێمی کوردستان وەربگرن.

- ئەگەر کۆمپانیایەکی خۆماڵی- کوردیی- نیشتیمانی (حیزبیش بوایە هەر سوپاسگوزاریی ئەویست) هەبوایە ئێستا بە سەدان کادیری تەکنیکی کورد لە ئەنجامی وەگرتنی خولی درێژخایەن لە ووڵاتە پێشکەوتوەکانی بواری نەوت وەک: نەرویج و هیندستان و چین و بەریتانیاو ئەمریکاو ئیمارات و سعودیە تەواوبوبون، پراکتیزەی کاری خۆیان لە کوردستان لە بوارەکانی تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی و کۆنترۆڵ و . . . تادواییدا کردبو.

دڵنیام دەیان و سەدان هەزار خوێنەر لەماوەی دە ساڵی ڕابردوودا، ئەو تێگەیشتن و دیدگایانەیان لە لێکۆڵینەوەو پەیپەرە ئەکادیمی و ئەنەلایزەکانی ئێمەدا بینیوە. وە بە دڵنیاییەوە لەناو ئەم سیستمە کوردییەدا خەڵکی دڵسۆز هەن و، ئێمەش (خۆبەخشانە) چەندین جار ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوە و کۆژانەکانمان پێگەیاندون. بۆیە، ئێستا خۆشحاڵانە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم ساڵی (٢٠٢٢) ەدا گەیشتوەتە ئەم باوەڕە و سەرقاڵی دروستکردنی کۆمپانیای خۆماڵی کوردییە. ئەمەش گرنگەو جێبەجێکردنی نیوەی ئەرکەکەیە.

ئەگەر کۆمپانیایەکی خۆماڵی کوردیی بواری نەوت دروستکرا، ئەبێت چی بکرێت؟

بۆ ئەوەی دۆخەکە نەگاتە ئەو پەندە کوردییەی ئەڵێت" کورد یان ناچێت بۆ ئاش، یان کە چوو ئاشەوانەکە ئەکوژێت". ئەبێت:

- یەک لەشکر تیمی پسپۆڕ و ناوەندی توێژینەوەو لۆبیست و خەڵکانی پرۆفیشناڵ لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بە بازاڕیکردن و بازاڕ دۆزینەوەو میدیای پرۆفیشناڵ و سەنتەری ڕاهێنان و. . . و. . . تادوایی لە ناوەوەو دەرەوە ئەکتیڤ بکرێت. بۆچی؟ بۆ ئەوەی ئەگەر جارێکی تر جۆ-بایدن هاتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوی کوردی لەسەر زار بێت و کوردستانیش یەکێک بێت لە مەلەفەکانی. نمونەی زۆر سەیرو سەرسوڕهێنەرمان لە کۆنفرانس و بۆنەکانی دەرەوەی عێراق و بەغداد دا هاتۆتە پێش کە کورد لەم کێڵگەیەدا گاسنی لە زەوی نەداوە! جگە لەهەموو ئەوانەی سەرەوە، هەزارو یەک موئامەرەو سات و سەودا لەناوخۆی ووڵات لەگەڵ کۆمپانیاکان هەیە، هەزارو ئەوەندە زیاتریش لە تاوەرە بەرزەکانی دونیاوە دەرهەق بەم پرسانە ئەکرێن، بە دڵنیاییەوە ئەبێت لە سەدەی بیست و یەکدا بژین. . .

- ئەبێت لە ژێر چاودێری تەکنیکی وورد و کەسانی زۆر دڵسۆز و متمانە پێکراو و پرس و ڕای زلهێزەکاندا ئەم پرۆسەیە بچێتە پێش، ئەمە خوداپەرستی نییە بە قەت دەریایەک گوناح بکەیت ئینجا یەک تۆبە یان چەند زیکرێک هەمووی چارەسەر بکات، ئەمە زانستێكی تر نییە، هەڵە کردن لە پرۆسەی نەوتدا بەگشتی، لە گرێبەستدا بێت یان لە ناو کێڵگەیەکی گاز و نەوتدا یەکجارەو تەواو.

- ئەگەر تەماشای زۆربەی گرێبەستەکان بکەن، یان کۆمپانیای بێ ئەزمون هاتوون و ئەم بیرو کێڵگانەیان خراوەتە بەردەست، وە یان من گومان (بەڵگەش هەیە) کە ئەم کۆمپانیایانە هەندێکیان لە (٢٠٠٥) و (٢٠٠٦) و (٢٠٠٧) و (٢٠٠٨) هەیە (٢٠٠٩) ش لە دەرەوەی ووڵات دامەزراوە. لە ئەوروپا و کەنداو و ئەمریکاو ئەفریکاش تۆمارکردنی کۆمپانیایەکی نەوتی و کردنەوەی وێبسایتێک بۆی تەنها (٧٠٠ بۆ ١٠٠٠) دۆلاری تێ ئەچێت! ئەوە نیشانی ئەدات کە هەندێ کەس چوون بە دەستی دوو -خۆیان کۆمپانیایان لە دەرەوە دامەزراندوەو هاتوون گرێبەستیان لەگەڵ خۆیان کردووە!. دڵنیام ئێستا ئەو کەسانە لەم کابینەو سیستەمی حکومڕانییەی هەرێمدا نەماون، ڕەنگە لە بەغدا لە پۆستە سیادییەکانیان بەدەستەوەیە بە ناوی کوردەوە! یان لە لەندەن و واشنگتۆن و ئەبو زەبین! ئێستاش بەو هۆیەوە دەستیان لەناو کەرتی گاز و نەوت دایە. بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێم و ئەم کابینەیە لێکۆڵینەوەی وورد بکات، کەسانێکی ساتوسەوداگەر هەرکات ویستیان تەواوی پرۆسەی نەوت بۆ مەرامی کەسیی خۆیان لە دەرەوەی هەرێمەوە لە بار نەبەن!

جەنگ هەر ململانێی سەربازیی و بەکارهێنانی هێزی ڕەق نییە، لە دوای کۆتاییهیاتنی جەنگی سارد و کرانەوەی دونیاو بازاڕی ئابوریی و کاڵبونەوەی سنورەکان، کورد ئەیتوانی ئیش لەسەر پرسی ناسنامەو سنورەکانی لە ڕێگەی ململانێی"جیۆپۆڵەتیک" ەوە بکات، کە ووزە ڕۆڵی سەرەکی تیا ئەگێڕێت. هەروەها ئەیتوانی ئیش لەسەر بنەماکانی "بازاڕ" یش بکات کە پەیوەستە بە بهای دۆلار و نرخی نەوت و سوتەمەنییەوە. ئەگەر کۆمپانیایەکی خۆماڵی- کوردیی- نیشتیمانی- پرۆفیشناڵ پڕ بە پێستی قۆناخەکە هەبوایە، لقی خۆی لە لەندەن و ڕیاز و نیۆرک و دەوحەو پەکین و قاهیرەو ئەنکەرەو برۆکسل بکردایەتەوە، بۆ ئەوەی لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا کۆمپانیا یاساییەکانی جیهان و دادگا نێودەوڵەتییەکانی بهەژاندایە دژی بڕیارەکانی حکومەتی فیدراڵی، بۆ ئەوەی ڕاهێنان و کەشێکی تەکنیکی بۆ توانا مرۆییەکانی کوردستان لەو شوێنانە بڕەخساندایە، بۆ ئەوەی ناوەندەکانی توێژینەوەو میدیا جیهانییەکان و لۆبیستەکانی بهێنایەتە سەر هێڵ، بۆ زۆر بابەتی دیکە. . . ئەوا ئیمڕۆکە دۆسیەی کورد لە شوێنێکی ئێجگار گەورەتردا ئەبو. .

ئەوەی ئەمێنێتەوە، ووردە گەندەڵییە لە بواری سەرمایەدارییدا (کە هەر هەبوەو هەر هەیەو ئەمێنێت) تەنانەت لە هۆڵەنداو ئەمریکاش گەندەڵی و فرتوفێڵی سیاسیی و ئابوریی هەیە، ئەگەر وانییە بۆچی مارک ڕووتە سێ خولە سەرۆکوەزیرانەو ساڵی پێشو بۆ ماوەی حەوت مانگ زیاتر حکومەت پێک نەهات؟ خەڵک دەنگ بە حیزبەکەی ئەدەن، حیزبەکەش لە ڕووی ئابوری و کەسییەوە لە ژێر کاریگەری مارک ڕووتەدان و دواجار ئەو دائەنەن. لە ئەمریکا دۆناڵد ترامپ چەندین جار کۆمپانیاکانی خۆی لە باج دزییەوە.

بەو شێوەیەی سەرەوە ناسیۆنالیزم و قەومییەتی کوردیی تێکەڵ بە پیشەسازیی ئەکرێت و، کورد ئەتوانێت هێزی هەبێت و ململانێی ئەوانی تر بکات. ئەوە بۆیە ئەبێت بوترێت " بەڵێ بۆ سەرپێخستنی پیشەسازیی پیترۆلیۆم لە هەرێمی کوردستان".

- بەهرۆز جەعفەر/ سەرۆکی پەیمانگەی میدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی، دکتۆرا لە ئابوریی سیاسی هایدرۆکاربۆن.

 

چه‌ند هه‌نگاوێكى به‌ په‌له‌ بۆ پاراستنى ئاسایشى كێڵگه‌ نه‌وتىیه‌كان ... * بەهرۆز جەعفەر

 

هیچ گومان له‌وه‌دا نییه‌ كابینه‌ یه‌كله‌دواى یه‌كه‌كانى پێشوو، به‌تایبه‌ت ئه‌و كه‌س و كاراكته‌رانه‌ى له‌ دواى ساڵى (2005) ه‌وه‌ له‌ حكومه‌تى هه‌رێم دا بون، هه‌نگاوى هه‌ڵه‌یان به‌ ئاڕاسته‌ى حوكمڕانى كردن، پاراستنى ئاسایشى ووزه‌، به‌ڕێوه‌بردنى سه‌رچاوه‌ مرۆییه‌كان و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كاندا ناوه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دووهێنده‌و سێ هێنده‌ فشاره‌كانى هێزه‌ ناوچه‌ییه‌كان و له‌سه‌ر هێزى سیاسى و ئابوریی و ئه‌منى كوردستان فاكته‌رى له‌رزینى كه‌رتى ووزه‌ى كوردستانن. هه‌روه‌ها كه‌تائیب و هێزه‌ میلیشیاكانى عێراق مه‌ترسییه‌كى سه‌ره‌كى دیكه‌ بون.

بلۆكه‌كانى ناوچه‌ى گه‌رمیان و هێڵه‌ ته‌ماسییه‌كان به‌گشتى، له‌ سه‌رده‌مى به‌عس دا به‌ گۆرینى ناو و ناونیشانى ئیدارى و ته‌عریب كردن و، هه‌روه‌ها ئه‌نفال و خاپوركردنى دێهاته‌كانه‌وه‌ ناڵاندویانه‌. دواتریش به‌ ده‌ست ناعه‌داله‌تى و ململانێى نێوان حیزبه‌كان و ناو-حیزبه‌كانه‌وه‌، ئه‌مرۆكه‌ش به‌ده‌ست مووشه‌كباران كردن و مه‌ترسیی هاتنى ده‌بابه‌و تانكى هێزه‌ میلیشیاو چه‌كداره‌كانى گروپى ته‌شه‌یوعه‌وه‌ له‌ عێراق گیریان خواردووه‌. ئه‌م هێرشانه‌ى سه‌ر "بلۆكى كۆرمۆر" پێشوتر وێنه‌ى نه‌بوه‌و، تایبه‌تمه‌ندى دیكه‌ى خۆى هه‌یه‌ له‌چاو ناوچه‌كانى تردا. ئه‌گه‌ر درێژه‌ بكێشێت، كاریگه‌رییه‌كه‌ى بۆ سه‌ر هاوڵاتیان له‌ڕووى كاره‌یاو غازى شلى ماڵان-LPG ه‌وه‌ ئه‌بێت.

بۆیه‌، بۆ ئێستا چه‌ند هه‌نگاوێكى به‌په‌له‌و ئانه‌كى هه‌یه‌:

یه‌كه‌م / هه‌وڵدان بۆ دروستكردن و زیاتر سه‌رپێخستنى لیوا هاوبه‌شه‌كانى كوردو سوپاى عێراق له‌ جه‌له‌ولاوه‌ تا سنورى شه‌نگال، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م هێزانه‌ ئیداره‌ى پاراستنى ئه‌و ناوچانه‌یان بكه‌وێته‌ ئه‌ستۆ. ئه‌وه‌ش ئه‌ركى هه‌موو ئه‌و كوردانه‌یه‌ كه‌ له‌ به‌غدان، ئه‌گه‌ر ناتوانن بۆچى له‌ به‌غدان؟ بۆ ناكشێنه‌وه‌؟ شه‌ڕ له‌سه‌رچى ئه‌كه‌ن؟

دووه‌م/ پێویست بو، هه‌ر له‌ دواى بڕیاره‌كه‌ى دادگاى فیدراڵییه‌وه‌ وه‌فدێكى كوردیی به‌رده‌وام له‌ واشنتۆن بونایه‌، ڕۆژى یه‌كه‌م كه‌ مووشه‌كبارانى كێڵگه‌ى كۆرمۆر كرا، ئه‌بو وه‌فدێكى كوردستان به‌ره‌و ئه‌مریكا هه‌نگاویان هه‌ڵگرتایه‌.

سێهه‌م/ چوار ووڵاتى ئه‌وروپى ڕاسته‌وخۆ سه‌ریان له‌ناوخوانى ئاسایشى ووزه‌و، پرسى جیۆپۆله‌تیكى ووزه‌ى ده‌ریاى سپى ناوه‌ڕاستدایه‌، كه‌ هه‌رێمى كوردستانیش وه‌ك حه‌وزه‌یه‌ك بۆ پاڵپشتى كوتله‌كه‌ى خۆیان ئه‌بینن، ئه‌وانیش ئه‌توانن له‌سه‌ر ئاستى یه‌كێتى ئه‌وروپا گه‌وره‌ترین هه‌نگاوى سه‌ربازیى و ئابوریی و دیبلۆماسى هه‌ڵبگرن " قوبرس، یۆنان، ئیتاڵیا، فه‌ڕه‌نسا".

چواره‌م/ هه‌رێمى كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ى ته‌واو هوشیارتربن، له‌وه‌ى هه‌ندێك جار له‌گه‌مه‌ى بانكه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و كۆمپانیا فره‌ڕه‌گه‌زه‌كاندا پێكه‌وه‌ به‌ ملیاره‌ها دۆلار زیان نه‌كه‌ن، هه‌ندێك جار كۆمپانیاكان خۆیان ئه‌بنه‌ به‌شێك له‌وه‌ى بۆسه‌ بۆ ئه‌و ده‌وڵه‌ت و هه‌رێمانه‌ بنێنه‌وه‌ كه‌ تیایدا ئۆپه‌ره‌یشن ئه‌كه‌ن، نمونه‌ى له‌وجۆره‌ش له‌ فه‌نزه‌ویلاو، كۆمارى مۆز و شیلى و لیبیاو نه‌یجیریا و هه‌رێمى كوردستان ڕوویانداوه‌.

پێنجه‌م/ په‌له‌كردن له‌سه‌ر پێخستنى كۆمپانیاى خۆماڵى - كوردیی- كه‌ تیایدا هه‌زاران هه‌لى كار بڕه‌خسێت و، پاڵپشتى ته‌كنیكى له‌و وڵاتانه‌ى ناوبران له‌گه‌ڵ وڵاتانى دیكه‌ى پێشكه‌وتودا وه‌ربگرن.

شه‌شه‌م/ ڕێگه‌یه‌كى ده‌ستورى و یاسایی یان فشارێكى ده‌ره‌كى بدۆزرێته‌وه‌، كه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ توانایدا بێت ئاسمانى خۆى بپارێزێت به‌ سیسته‌مێكى ڕادار و به‌رگریى پێشكه‌وتوو، هه‌روه‌ها ده‌سته‌ڵاتى به‌كارهێنان و كڕینى درۆنى چاودێرى هه‌بێت.

حه‌وته‌م/ له‌ناو كێڵگه‌كاندا بۆردى په‌یوه‌ندیی كردنى هاوبه‌ش دابنرێت، بۆ هه‌موو جۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌ك، كۆمپاكانیانى سه‌كیورتى و كارمه‌نده‌كان بخرێنه‌ ژێر چاودێرییه‌وه‌. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ وه‌رگرتنى "ئه‌حداسیات و لۆكه‌یشن" و به‌ ئامانجكرنى پلانت و خه‌زانه‌و مه‌كائینه‌كان هۆیه‌ك ئه‌بن بۆ ئه‌وه‌ى دوژمن به‌ ئامانجیان بگرێت.

هه‌شته‌م/ ئاسایی وه‌رگرتنى ئه‌م كارانه‌ له‌لاى كۆمپانیاكان، به‌جۆرێك ساڵانه‌ چه‌ندین جار له‌لایه‌ن حووسییه‌كانه‌وه‌ ته‌واوى ناوه‌نده‌كانى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وتى سعودییه‌ به‌ ئامانج گیراون. ئه‌گه‌رچى هێشتا تێگه‌یشتنێكى هاوبه‌شى ئه‌منى وورد نییه‌ له‌سه‌ر بكه‌رى ئه‌م هێرشانه‌.

نۆیەم/ ئەمە بابەتێکی چاوەڕوانکراوەو چاوەڕوانکراو بو هێرش بکرێتە سەر ئەم ناوچانە، بگرە ئەم هێرشانە دواکەوتون! ئەکرێت کار لە سەر سیناریۆکانی بەرانبەر بکرێت، ئەگەر هێرشەکان سیناریۆن، بۆچی ئەم سیناریۆیانە ڕووئەدەن؟ ئایا پەیوەندی بە هەنگاوەکانی وەزارەتی نەوتەوە هەیە؟ ئایا پەیوەستە بەوەی کۆمپانیا ئەمریکیەکان یان نزیکەکانیان جێی بهێڵن و کۆمپانیای ڕووسی و چینی جێگەیان بگرنەوە؟

به‌پێچه‌وانه‌وه‌، هه‌ر حیزبێك كارئاسانى بكات بۆ هێزه‌كانى عێراق، هه‌ر كاراكته‌رێكى كورد له‌ پێناو كورسییه‌كه‌ى خۆى یاخود له‌ به‌رانبه‌ر خه‌مى له‌ده‌ستدانى كورسییه‌كه‌ى خۆى له‌ به‌غدا هه‌وڵ بدات ئاگر لە هەموو شتێک بەربدات، ئه‌وا گه‌ل و نه‌وه‌كانى ئاینده‌ به‌دوایه‌وه‌ ئه‌بن.

 

پەرەپێدانی توانا هایدرۆکاربۆنییەکانی هەرێمی کوردستان: نەمانتوانی! ئێستا ئەتوانین؟ ... ٭ بەهرۆز جەعفەر

 
کەموکوڕی و تەنگ و چەڵەمەکان هەرچییەک بوون (ئەوە بوون). زۆر وترا. ئێستا چەرخ و دەورانی ئابوریی سیاسی لە جیهاندا، سوڕی گۆڕاو و نەگۆڕەکانی ناو پەیوەندییە نێودەڵەتییەکان بەرەو جەمسەرگیریی نوێ ئەچن، سیستەمی نوێی هەرێمایەتی، جیۆپۆڵەتیک و ئاسایشی هەرێمایەتی بە هەموو ئاستەکانییەوە لە بەرە بەیانێکی نوێدایە. ئەمە لە تاشە بەردێکی کەتەو گەورە ئەچێت، لە لاپاڵی شاخێکی بەرزدا، ئەم تاشە بەردە ئەوەی ڕاگرتووە تەنها بەردێکی تا ڕادەیەک بچوکە لە ژێریدا، هەموو ڕۆژێک ئەم و ئەو لەملا-و-لاوە ختوکەی ئەو بەردە بچوکە ئەدەن، هاکا تاشە بەردە گەورەکە خلۆربۆیەوە. بە دڵنیاییەوە لە ناوچەکەو جیهاندا سەری هەندێک ئەشکێنێت و، هەندێک شوێن تەخت ئەکات و، بەر هەندێک شوێنیش ناکەوێت! بۆیە وا گرنگە لەناوەوە کار لەسەر بونیادنان و لە دەرەوەش دانپیانان پەیدابکرێت. باشترین فاکتەریش پرسی ووزەیە، ووزە سەرچاوەی جووڵەیە لەگێتی دا، ئەوەی ئەکرا بکرێت وەک پێویست نەکرا، ئێستاش زۆر درەنگ نییە؛
١/ نەمانتوانی پێش ساڵی (٢٠٠٦) دوو کۆمپانیای خۆماڵی- کوردیی- تەکنیکی- دیجیتاڵیزەکراو لە بواری نەوت و توانا هایدرۆکاربۆنەکاندا بخەینە سەرپێ و، سەدان کادیری کارامە لە هیندو فەڕەنساو ئەمریکاو نەرویج و بەریتانیا بخەینە خولی درێژخایەنەوە لەو بوارەدا. چوین لە بەر وەرگرتنی شیرینی نەوت بۆ چەند کەسێک ( کە ئیمڕۆ بێباکن بەرانبەر خاک و تاکی کوردستان) چەندین گرێبەستمان واژۆ کرد، هەروەها چەندین کۆمپانیای دیکەیان لە دەرەوە تۆمار کرد هەر خۆیان هاتن گرێبەستیان لەگەڵ خۆیان کرد ( سەرۆکی حکومەت ڕاست ئەکات هەموو هەڵەکان هی ئەم کابینەیە نین). ئیمڕۆکە ئەکرێت ڕاست بکرێنەوە. ئەکرێت ئەو دەیان ملیار دۆلارەی بە فیڕۆ چوون ئەو خوێنبەربونە ڕابگیرێت.
٢/ئینگلیز لە ڕێگەی بی پی -BP یەوە لە سەرەتای (٢٠١٦) ەوە هاتن بۆ کەرکوک بۆ ماوەی (٣) ساڵ بیر بە بیر لە کێڵگەکاندا پشکنین و گەڕان و بەدواداچون و توێژینەوەی خۆیان کرد، دواتر هەرچەندە داوامان لێکردن، ڕاپۆرتی خۆیان بە کەس نەداو گەڕانەوە. ئاخۆ کەرکوک ئەوە ئەهێنێت سەت ساڵی تر شەڕی لەسەر بکەین یان نا!؟ ئەمڕۆکە زانیاری هەیە، ئەگەر حکومەت فریای بیرە نەوتەکان و نۆژەنکردنەوەیان لە کەرکوک نەکەوێت، چەند ساڵێکی تر نزیک ئەبن لەوەی ووشک بکەن.. نەمانتوانی کە چوار مامۆستاو دە - پانزە خوێندکار لە بەشی نەوت و گاز بنێرین بۆ ناو ئەو کێڵگانە گوایە هاتون (تەتبیقات) ئەکەن، تا بزانین جوگرافیاو شریتی نەوت لە کەرکوک تا کوێیەو تا چەند یەدەگەکە لەوێ پروڤ ئەکرێت؟!
٣/ نەمانتوانی دوو پاڵێوگەی گەورە بخەینە کار، چووون (٣٠٧) پاڵیوگەی نایاساییان دانا، هەروەها دوو کۆمپانیای سەر بە دوو دەوڵەتی کاریگەر بهێنین پشکیان پێ بدەین، تاوەکو وڵاتەکانیان لەڕووی سیاسی و دیبلۆماسیەوە هەم پاڵپشت بن، هەم بەرجەستەکاری کەرەستەی تەکنیکی بن بۆ کوردستان.
٤/ نەمانتوانی هەر تەنانەت بە پێی شێوازی گرێبەستە نەوتییەکە لێپێچینەوە لە کۆمپانیاکان بکەین سەبارەت بە پارەی پیترۆ دۆلار و بودجەی پرۆگرامی هاریکارییە کۆمەڵایەتییەکان (کە بە CSR) ناسراوە، وا بکەین تەنها دوو بواری ژێرخانی پەروەردەو ڕێگاوبان بخەینە ئەستۆی کۆمپانیا نەوتییەکان...ئەتوانیین ئێستا بە چەندین میکانیزم بیکەین.
٥/ لە بارەی شەفافیەتەوە، نەمانتوانی دەمی دونیایەک مرۆڤی هیچ لە بارا نەبوو و، بەتاڵ دابخەین کە لەسەر بنەمای هەڵە زەقەکانی حوکمڕانی و شەڕە قسەو دەنگە دەنگ چوونە پەرلەمانەکانەوە، لە کاتێکدا ئیشەکە زۆر ئاسانە، چوار شاشەی تەلەفزیۆنی گەورە لەناو بازاڕی هەولێر و چەمچەماڵ و سەرای سولەیمانی و سەهۆڵەکەو دهۆک دابنەن، هەموو ڕۆژێک بە زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی ئەنجام و جموجوڵەکانی پێویست (هەموو شتێک نا...) بخەنە سەر، بڵێن ئەوە شەفافیەت.
٦/ هیچی وای تێ نە ئەچوو چوار مەرکەزیی دیراساتی ستراتیجی قووڵ و گەڕۆک بخەنە سەر سکەی خۆی، لە هەموو لایەکەوە هەم توێژینەوە بکا، هەم لۆبی بکات، هەم لە مەترسیی و دەرفەتەکان ئاگادار بێت، هەم بەشداری کۆڕو کۆنفرانسەکان بێت، هەم...و... هەم...و...هەم....
٧/ نەمانتوانی (ئاخ) نەمانتوانی ساڵ بە ساڵ لەگەڵ پلانی کۆمەڵەی ئەوروپی بۆ ووزەی پاک و ئامانجی Net Zero بڕۆین، بۆ ئەوەی پشت بەستن بە نەوت و گاز کەم بکەینەوە، ئۆفیسەکان سەرقاڵ بکەین بە بەرهەمهێنانی ووزە لە ڕێگەی خۆر، با، پەیینی کیمیاویییەوە.. بەمجۆرە نەوت و گازێکی زۆرتر ئەمایەوەو هەناردە ئەکرا، وڵاتانی پێشکەوتوو لە بارەی پیسبونی هەواو ژینگەوە بۆ ناوچەکە بەرەو پیری ئەم زۆنە ئەهاتن، ئیتر ئەوە ئەبوو بە ڕێگەیەک بۆ داخلبونی کورد بە گفتوگۆ جیهانیەکان لەسەر پرسە ستراتیجییەکانی ئەم هەسارەیە.
٨/ کابرایەک بێ ئەوەی هیچ لەم دونیایە ئاگادار بێت، کۆمەڵێ چەکداری خزمی خۆی کۆکردۆتەوە، بە "ستیڤ ئەڵێت زیف!" لەناو هەر کێڵگەو سنوری هەرناحیەو لادێیەکدا خۆی قووت ئەکاتەوە، سەدان ملیۆن دۆلاری لە ڕێگەی سێرڤس و قۆنتەراتەوە پێکەوە ناوە، کە یەک تۆزیش بارەکە لار ئەبێت، ئەو یەکەم کەسە پەلاماری حکومەت ئەدات و ڕێگاوبانەکان ئەگرێت! خەڵکیش ئەمە بە چینایەتی و کەموکورتی حوکمڕانی ئەزانێت،نەتوانرا ئەمانە بخرێنە ژێر ڕکێفی حکومەتەوە...
٩/ نەمانتوانی وەک کەنداوییەکان (سعودییە، ئیمارات، قەتەر، عومان) بە دەیان ملیۆن دۆلاری ساڵانە بدەین بە سەنتەرە بەناوبانگەکانی دونیاو لە هەناوی شوێنە ستراتیجیەکانی دونیادا لۆبی بۆ پرسی نەوت و گاز و پرسی ئاسایش بکەین.
١٠/ نەمانتوانی و نەمانزانی ئاگر لە سنوری خۆیدا ڕابگرین، ئینگلیز دەستەواژەیەکیان هەیە پێی ئەڵێن (Fire Break)، واتە تۆ خەرمانێکت هەیە بۆ ئەوەی ئەگەر ئاگر کەوتەوە نەگاتە خەرمانەکە، پێویستە لەناو پەرێزەکەدا خەتێک بکێشیت و هەڵی بکۆڵیت، بۆ ئەوەی ئەگەر ئاگرەکە هات، لەوێدا بوەستێت. ئەوەتا هەڕەشەی ئەمنی لەسەر بلۆکە نەوتیەکانی کوردستان یەکسانە بە هەڕەشە لەسەر یەدەگی سروشتی، ئیمڕۆکە ئەوەتا ناتوانین لە گوتاری میدیایی و جیهانی و پەیوەندییە گشتییەکاندا تەنها ئەو پەیامە بگەیەنین، کە ئەوە لە کام وڵاتی دونیادا ئەو هێزە چەکدارانەی پارە لە دەوڵەت وەرئەرگرن کاتیۆشا بە کێڵگەو سەروەت و سامانی خۆیانەوە ئەنێن؟.
١١/ گرێبەستەکان گرنگن، سەرچاوەی گرفتەکانن، یەکێک لە کێشە بیر لێ نەکراوەکان پرسی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی و بونی کێشەیە لەنێوان وڵاتی خانەخوێ و کۆمپانیای فرەڕەگەزدا. هەر بەسادەیی؛ ئێستا بۆ نمونە کۆمپانیایەک هات، دوای گەڕان و پشکنین بۆی دەرکەوت لە یەکێک لە کێڵگەکان (١٠٠٠٠٠) سەت هەزار بەرمیل نەوت تیایدا پەسەندکراوە (خۆ-ئەگەر ئیشی زیاتریشی لەسەر بکرێت بڕەکە زۆر ترئەبێت بەمە ئەوترێت Possibility)، نرخی بەرمیلێک نەوت لەوکاتەدا بۆ نمونە بە (١٠$) دە دۆلارە، کەواتە (١٠٠٠٠٠٠٠) دە ملێۆن دۆلار دەست ئەکەوێت، ئەی چۆن ئەم نەوتە بکەین بە پارەو، ئەو پارەیە لەنێوانماندا دابەش بکەین؟ بە پێی گرێبەستەکە، ئەی ئەگەر بو بە ناکۆکیمان لە یەکێک لە وێستگەکانی کارکردنمان؟ لە گرێبەستەکەدا (لایەنی نێوبژیکار- تحیکم-Arbitration ) دیاریکراوە. ئێ بەڵام ئەو وەک کۆمپانیا فرەڕەگەزەکە ئەزمونی زیاتری هەیە، پارێزەری نێودەوڵەتی و لۆبی و تۆڕی هاوبەشی ئاڵوگۆڕ و بانکەکان لە پشتیوانی بەردەوامیدان، منیش وەک هەرێمێک لەناوخۆ و دەوروبەر بە دوژمن دەوردراوم!. کەواتە لە دادگاییەکەدا مەترسی هەیە دەیان ملیار دۆلار بدۆڕێنم! زۆرجار بە دەسیسەی نێوخۆیی کۆمپانیاکە خۆی ئەو دۆخە دروست ئەکات (لەبەر هەر هۆیەک بێت). بۆیە ئەمە ئەتواندرێت لە هەمواری یاسای نەوت و گازی هەرێمدا بیری لێ بکرێتەوە.
زۆر پرس و بابەتی گرنگتر هەیە، نەمانتوانی! و ئەکرێت بیکەین.