سەرۆکایەتیی گشتیی ئەرکانی سوپای کۆماری تورکیا تا پێش کودەتای 12/9/1980یش ئەفسەرەکانی ئەرکانی سوپای رادەسپارد ئەو پرسە زۆر جدییەی کورد بۆ گەلەکەمان روون بکەنەوە. ئەو ئەفسەرە بەڕێزانەی ئەرکانی سوپا، پارێزگا بە پارێزگا دەگەڕان و چۆنایەتی و ڕاستی و رووی ناوەوەی پرسی کوردیان بۆ گەلی خۆمان روون دەکردەوە. یەکێک لەوانە بەناوی یوزباشی ئۆغوز، پێش ئەوەی لە بەرامبەر جەماوەر لە ئەرزەڕووم بە مایکرۆفۆن دەست بە قسان بکات، هەمان بابەتی بۆ 120 هەزار هاووڵاتیی ترمان ڕوون کردبووەوە. ئەو قسانەیشی لە خۆوە نەدەکرد. دوو کتێبی بڵاوکراوەی سەرۆکایەتیی گشتیی ئەرکانی سوپای بەدەستەوە بوو. یەکێکیان کتێبی "مێژووی ڤارتۆ" و ئەویتریشیان "تورکەکانی نیشتەجێی دەوروبەری دەریاچەی وان و رووباری فورات" بوو. لە هەر یەکێک لەو کتێبانە سەدهەزار دانە چاپ کرابوون و لە بازاڕدا نەمابوون. بڕیار بوو سەرلەنوێ چاپ بکرێنەوە.
یوزباشی ئۆغوزی هێژا و راسپێردراوی سەرۆکایەتیی گشتیی ئەرکانی سوپای جدیترین دامەزراوەی کۆماری تورکیا لە بەرامبەر مایکرۆفۆن دەقاودەق ئەم قسانەی خوارەوەی سەبارەت کوردەکانی هۆکاری جدیترین کێشەی تورکیا بۆ ئاپۆڕەی ئامادەبووان دەگێڕایەوە: (چەند تیکەیەک لە قسەکانی وەردەگرم.)
"... برادەران، هەرگیز ناهێڵین گەمەمان پێ بکرێت. ئاگامان لە قسەکانمان دەبێت. بینیمان ئەو تیرەیەی بە کورد ناودەبرێت، برای تورکەکانن. لە هەمان قۆڵن. بەڵام تا لە تواناماندا بێت و بۆ ئەوەی کارت نەدەینە دەستی دوژمنان، دەستەواژەی کورد بەکار ناهێنین. لە سەرجەم بڵاوکراوەکانی سەرۆکایەتیی گشتیی ئەرکانی سوپا و لە بەڵگەنامەکانی مێژووی شەڕدا هەمیشە وەک تورکمانی ڕۆژهەڵات ناویان براوە. (...) لە بەشە بەرزەکانی سەر شاخەکان و لووتکەکان بەفرێک هەبوو بە هاوین و زستان نەدەتوایەوە. کاتێک خۆر هەڵدەهات، توێژێکی بە شەختەبوو و بریقەدار بەسەر بەفرەکەوە دەبیندرا. سەرەوەی رەق و ژێرەوەی نەرم دەبوو. کاتێک مرۆڤ بەسەر ئەو بەفرەدا دەڕۆیشت، ئەو شوێنەی پێی پێدا دەنا، روودەنیشت و دەنگی ’کارت-کورت’ی لێوە دەهات. جا لەم سۆنگەیەوەیە تورکمەنەکانی ڕۆژهەڵات بە کورد ناودەبرێن. ئەوە جوداخوازانن کە بە کورد ناویان دەبەن، ئەگەر نا، راستییەکەی، ئەوە ناوی ئەو دەنگەیە کە لە کاتی رۆیشتنی تورکە نیشتەجێیەکانی کوێستانە بەرزەکان و هەرێمە بەفراوییەکان بەسەر بەفردا لە ژێر پێیانەوە دێت." (ئیمپراتۆریای ئەیلوول، وەشانخانەی زانستیی ئەربیل توشالب، 1988، ل 264-265.)
***********************
سەرچاوە: تورک لە بولگارستان، کورد لە تورکیا، عەزیز نەسین، وەرگێڕان و ئامادەکردنی بەکر شوانی و سیروان رەحیم، لە بڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای کوردی، هەولێر ٢٠١٠