نووسەرەناسراوەکان

دەسماڵەکەی شەهابەی هەولێری بە دەستی ئوم کەلسومەوە... بەکر شوانی

 
تاڵەموویەکی زراڤ لە نێوان ڕاستی و خەیاڵ لە ڕۆماندا
دەسماڵەکەی شەهابەی هەولێری بە دەستی ئوم کەلسومەوە... بەکر شوانی
#کتێب_شوانی
#ئەدەبیات_شوانی
بەسەرهاتی شەهابەی هەولێری و خانمە گۆرانیبێژی میسری ئوم کەلسوم لە ڕۆمانی "حیکایەتەکانی باوکم"ی فەرهاد پیرباڵ دا بەتەواوی سەلمێنەری ئەو بۆچوونەی ڕۆماننووسی تورک ئۆرهان پاموکە کە دەڵێت: "ڕۆمانەکان ژیانی دووەمن (...) هەست دەکەین ئەو دنیا خەیاڵییەی لە ڕۆماندا ڕووبەڕووی دەبینەوە و چێژی لێ وەردەگرین، لە دنیای ڕاستەقینە زۆر ڕاستترە. هەستی ئەوەی کە ئەو ژیانی دووەمە بەلای ئێمەوە لە دنیای ڕاستەقینە ڕاستترە، ڕێمان بۆ خۆش دەکات پەیتاپەیتا ڕۆمانەکان بخەینە جێی ڕاستی، یان بەلایەنی کەمەوە لەگەڵ ژیانی ڕاستیدا بەراوردیان بکەین."
پیرباڵ، خوێنەر ئاشنای گۆرانیبێژێکی ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوو دەکات کە ناوی شەهابە بووە و لە دیوەخانی کەسایەتیی ناوداری هەولێر و کوردستان مەلا فەندی گەورە بووە. شەوێك شەهابە خەون بە کچێکەوە دەبینێت و کچەکە پێی دەڵێت: "وەرە بۆ بەغدا، لەوێ دەمبینیت." شەهابە دوای ئەوەی لە خەو هەڵدەسێت، عاشقی کچەکە دەبێت و چاوەڕێیە هەلی بۆ بڕەخسێت و سەر لە بەغدا بدات. بێگومان خەونەکە زادەی خەیاڵی نووسەرە.
پاشان پیرباڵ دێتە سەر باسی فیستیڤاڵی گۆرانی و موزیكی بەغدا کە ئەمەیان راستییە و ساڵی ١٩٣٢ ساز کراوە.
عەلی مەردان و محەمەد گوبانچی دێنە هەولێر و داوا لە مەلا فەندی دەکەن مۆڵەت بدات شەهابە لەگەڵ خۆیان ببەن. مەلا فەندی سەرەتا لە دژە، چونکە نایەوێت شەهابە لە دەست بدات، بەڵام لە کۆتاییدا بە هەرجۆرێك بووە ڕازی دەبێت (ئەمە خەیاڵە). ئوم کەلسوم و کۆمەڵێك هونەرمەندی تریش لە میسرەوە بۆ هەمان فێستیڤاڵ بانگهێشت کراون (ئەمە ڕاستییە). لەوێ شەهابە و ئوم کەلسوم یەکدی دەبینن و دەستبەجێ عاشقی یەکدی دەبن، چونکە ئەوە هەمان ئەو کچەیە کە ئەم لە خەونیدا بینیبووی. ئەو جووتە بە ڕۆژ لە کەناری ڕووباری دیجلە پێکەوە کات بەسەردەبەن و ئێوارانیش لە فێستیڤاڵەکە گۆرانی دەڵێن و شەوانیش لە هۆتێڵ پێکەوە دەبن. ئوم کەلسوم داوا لە شەهابە دەکات لەگەڵی بچێت بۆ میسر تا لەوێ پێکەوە گۆرانی بڵێن و شەهابە ناوبانگ دەربکات. بەڵام پیاوەکانی مەلا فەندی بەو پێیەی فەرمانیان پێ کراوە، شەهابە قۆڵ بەست دەکەن و بەتۆپزی دەیبەنەوە بۆ هەولێر (ئەمەیش هەر خەیاڵە). بەڵام ئافراندنی خەیاڵ لای نووسەر ئەو کاتە دەگاتە لووتکە کاتێک پێمان دەڵێت شەهابە لە دوایین دیدار لەگەڵ ئوم کەلسوم دا لە هۆتێلەکە دەسماڵێكی بە دیاری دەداتێ. ئوم کەلسومیش بەڵێنی پێ دەدات ئەو دەسماڵە وەك یادگارییەکی شیرین بۆ هەتاهەتایە بپارێزێت. لە ئاکامدا شەهابە لە هەولێر بە ئاگری عەشقی ئوم کەلسوم دەسووتێت و لە تەمەنی جوانیدا دەبێت بە قەقنەس.
ئێستا دوای لێبوونەوە لە خوێندنەوەی ڕۆمانەکەی پیرباڵ، هەر کاتێك دەستماڵەکەی دەستی ئوم کەلسوم دەبینم، شەهابەم بیر دەکەوێتەوە.
بەڕای من، دروستکردنی ئەو پەیوەندییە جوانە لە نێوان شەهابە و ئوم کەلسوم دا یەکێك لە بابەتە هەرە جوانەکانی ناو ڕۆمانی "حیکایەتەکانی باوکم"ی فەرهاد پیرباڵە.
تێبینی: ئەم بابەتە دەربارەی هونەر و ئەدەبە و هیچ پەیوەندیی بە دۆخی ژیانی تایبەتی نووسەری بەتوانا فەرهاد پیرباڵەوە نییە.

Related Articles