#ئەدەبییات_شوانی
#کتێب_شوانی
نووسەری ناوداری ئەڵمان و هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات (1999) گوینتەر گراس لە دوای بڵاوکردنەوەی یەکەم ڕۆمانی بەناوی "تەپڵی تەنەکە" لە ساڵی 1959دا و تا ئەمڕۆ بەردەوام پرسیار سەبارەت بە مێژووی ئەڵمانیا دەورووژێنێت. ئەو پرسیارانەش جۆرێک لە تایبەتمەندییان بە گراس بەخشیوە و کەم کتێب و بەرهەمی نووسراوی ئەو هەن لێیان بێبەش بن. ئەم خەسڵەتە وای لە گراس کردووە ئەوانی تر وەک نوێنەری "هۆشیاریی ئاکار"ی بۆی بڕوانن، چونکە لە هەموو بۆنەیەکدا هەمووان چاوەڕێ دەکەن ئەم بۆچوونی خۆی سەبارەت بە ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەدەبییەکانی وڵاتی خۆی بخاتە ڕوو. گراس لە ئەڵمانیا و لای زۆربەی ئەوروپایییەکان ڕۆشنبیرێکە خۆی خستووەتە ناو پرسەکانی کۆمەڵگەی خۆیەوە.
کتێبی "سەدەی من" کە چاپی یەکەمی لە ساڵی 1999دا کەوتە بازاڕەکانی ئەڵمانیاوە و هەمان کات بە چەند زمانێکی تر لە وڵاتانی جیهان گەیشتە بەردەستی خوێنەران، یەکێکە لەو بەرهەمانەی گوینتەر گراس کە دوای تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر چاپی یەکەمیدا هێشتا کەرەستەیەکی بەنرخە بۆ ڕەخنەگرانی ئەدەبی و ناوبەناو وتاری لەسەر دەنووسرێت. ئەو خاڵەی "سەدەی من" لە بەرهەمەکانی تری گراس جیا دەکاتەوە، هەڵسوکەوتی نووسەرە لەگەڵ مێژوودا. مێژوو لە نزیکەی هەموو ڕۆمان و بەرهەمە ئەدەبییەکانی گراسدا ئامادەیی هەیە، بەڵام لە کتێبی "سەدەی من"دا مادەی سەرەکی پێک دەهێنێت. ئەم کتێبە لە 100 کورتەدەق پێک دێت، ڕووداوەکانی سەدەی بیستەم (1900-1999) دەگێڕێتەوە و سەردێڕی هەر یەکێک لە دەقەکان ساڵێکە لە ساڵانی سەدەی بیست و هەر دەقێک ڕووداوێکی ساڵی جێی مەبەست دەخاتە ڕوو، جا چ ڕووداوێکی ڕاست بێت یان بەرهەمی خەیاڵی نووسەر. گراس 100 ڕووداوی مێژووییی هەڵبژاردووە و جیاوازیی نەخستووەتە نێوان مێژووی گەورە و بچووک یان مێژووی گشتی و تایبەتەوە. چیرۆکەکان پۆرترێتێکی ڕەنگاوڕەنگی سەدەی بیستەمی پڕ لە کارەسات دەنەخشێنن. ژنان و پیاوانی سەر بە چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، گەنج و بەساڵاچوو مێژوو دەگێڕنەوە و بەدەست مێژووە دەناڵێنن.
ئەگەر سەرنج بدەن، "سەدەی من"م بە کتێب ناو برد، نەک ڕٍۆمان یان کۆمەڵە چیرۆک. لە ڕاستیدا ڕەخنەگرانی ئەڵمانیش بەتەواوی لەسەر پێناسەیەکی یەکگرتوو بۆ ئەم بەرهەمەی گراس ڕێک نەکەوتوون. کۆکترین پێناسە کە تا ئێًستا سەبارەت بە "سەدەی من" خرابێتە ڕوو، دەکرێت بەم جۆرە کورت بکرێتەوە: "کتێبێکی ناوازەیە. بەر لە هەموو شتێک کەمێکە لە ڕۆمان، گێڕانەوە، کتێبی مێژوو، ژیاننامەی تایبەت. کتێبێکە گیان دەکات بە بەر مێژوودا."
گوینتەر گراس ساڵی 1991 بەتوندی دژی شەڕی گەردەلوولی بیابان و ساڵی 2003 توندتر دژی هێرشی ئەمەریکا بوو بۆ سەر عێراق. لە کاتی ئەو دوو شەڕەدا لەسەر ئاستی فەرمی و ڕای گشتیی ئەوروپا بەگشتی کۆدەنگییەک لە دژی شەڕ هەبوو. هەموو لایەک چاوەڕێ بوون گراسیش هەڵوێست بنوێنێت. ئەویش لە زۆر کۆڕ و کۆبوونەوە و دیمانەی ڕۆژنامەنووسیدا دژایەتیی خۆی بۆ شەڕ ڕاگەیاند و خوازیاری بەئاشتی چارەسەرکردنی کێشەکان بوو. دواتر ئەم هەڵًوێستەی نووسەر لە کارە ئەدەبیەکانیشدا ڕەنگی دایەوە. ئەوەتا چیرۆکی ژمارە 91ی کتێبی "سەدەی من"ی بۆ شەڕی ساڵی 1991 تەرخان کردووە. لە چیرۆکەدا دوو کەس بەدیار تەلەڤزیۆنەوە دانیشتوون، تەماشای بۆردومانکردنی شاری بەغدا دەکەن و لە نێوان خۆیاندا دەدوێن، ئاماژە دەکەن بۆ ئاگری بیرە نەوتەکانی کوەیت، داخستنی قوتابخانەکانی ئەڵمانیا و خۆپێشاندانی قوتابیان و خوێندکاران، بزووتنەوەی قوتابیان لە ساڵی 1968دا و ناڕەزاییەکانی دژ بە شەڕی ڤێتنام لەو سەردەمەدا. هەروەها توانج دەگرنە نووسەر و هونەرمەند ڤۆلڤ بیرمان، چونکە لە وتارێکدا کە لە 1/2/1991 لە ڕۆژنامەی "دی تسایت"دا بڵاوی کردەوە، لایەنگری خۆی بۆ شەڕی دژ بە عێراق ڕاگەیاند. هەندێک لە ڕۆشنبیرە چەپڕەوەکانی تریش کە پێشتر لە دژی توندوتیژی بوون، دواتر هەمان هەڵوێستی بیرمانیان گرتە بەر.
١٩٩١
- کەس کوژاروەکان نابینێت... تەنیا نیشانەگرتنەوەی لەرزۆک و وەک خۆیان دەڵێن پێکانی ئامانج بەوردی. شتەکە وەک گەمەی منداڵان وایە...
- "ئاشکرایە، چونکە CNN مافی پەخشی تەلەڤزیۆنیی ئەم شەڕەی ئێستا و شەڕی دواتر و شەڕی دوای ئەویشی بەدەست هێناوە..."
- "بەڵام مرۆڤ بیرە نەوتە گڕ تێبەربووەکان دەبینێت..."
- "چونکە مەسەلەکە پەیوەندی بە نەوتەوە هەیە، تەنیا نەوت و هیچی تر..."
- "خۆ لە هەموو شوێنێک منداڵانی شەقامەکانیش ئەمە دەزانن. سەرجەم قوتابخانەکان چۆڵن و هەمووان بە ڕێگاوەن. بە زۆریش بێ مامۆستا؛ لە هامبورگ، بەرلین، هانۆڤەر..."
- "تەنانەت لە شڤێرین و ڕۆستۆکیش. بگرە بە مۆمەوە، چونکە لای ئێمە پێش دوو ساڵ هەموو لایەک..."
- "کاتێک ئێمە لێرە هێشتا سەبارەت بە شەست و هەشت چەلەحانێمان دەکرد و باسی ئەوەمان دەکرد چۆن ئەو سەردەمە بەتوندی دژی شەڕ لە ڤێتنام و بۆمبی ناپاڵم و و و بووین..."
- "بەڵام ئەمڕۆ لە شوێنی خۆمان نابزوێین لە کاتێکدا منداڵان لە دەرەوە..."
- "بۆ بەراوردکردن ناشێت. بەلایەنی کەمەوە ئێمە ڕوانگەیەک و شتێکی هاوشێوەی تێگەیەکی شۆڕشگێڕانەمان هەبوو. بەڵام ئەوانەی تەنیا بە مۆمەوە..."
-
- "بەڵام دەتوانرێت بەراورد لە نێوان سەدام و هیتلەردا بکرێت. وا نییە؟ هەردووکیان لە هەمان خانەدان. هەموو کەسێکیش دەزانێت چی باشە و چی خراپ."
- "باشە، زیاتر مەبەستم دەربڕینێکی مەجازی بوو. بەڵام پێویست بوو ماوەیەکی زۆر درێژتر دانوستاندن بکرێت و وەک ئەوەی باشووری ئەفریقا لە ڕێی گەمارۆوە گوشار بەکار بهێندرابایە، چونکە بە شەڕ..."
- "جا چ شەڕێک؟ شۆیەکە CNN بەپەڕۆشەوە لەگەڵ پێنتاگۆندا ڕێکی خستووە و ئێستا بینەری ئاسایی لە ڕێی پەردەی تەلەڤزیۆنەوە لە شەڕدا بەشدارە. بە گەمەیەکی ئاگربازی دەچێت کە بە شێوەیەکی تایبەت بۆ ژووری دانیشتن ساز کرابێت. بەتەواوی خاوێنە و کوژراوی تێدا نابیندرێت. وەک ئەوە وایە مرۆڤ سەیری فیلمی خەیاڵی زانستی بکات و لەبەرەوە چەرەزات بخوات."
- "بەڵام مرۆڤ کێڵگەی نەوتە گڕتێبەربووەکان دەبینێت و کەوتنە خوارەوەی مووشەک لەسەر ئیسرائیل دەبینێت، بەجۆرێک ئێستا خەڵکی بە ماسکی گازەوە لە ژێرزەمینەکاندا..."
- "ئەدی باشە کێ ئەو هەموو ساڵە سەدامی لە دژی ئێران پڕچەک کرد؟ بێگومان ئەمەریکایی و فەرەنسییەکان..."
- "... و کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا. لێرە لە لیستەیەکی درێژدا تۆمار کراوە کێ چی ناردووە: بڕێکی زۆری باشترین کەرەستە، پارچەی مووشەک، ڕاچێتەی چێشتخانەیەکی تەواوی گازی ژەهراوی..."
- "... بۆیە تەنانەت بیرمان-یش کە من هەمیشە بە کەسێکی ئاشتیخوازم دانابوو، ئێستا لەگەڵ شەڕدایە. ئەو تەنانەت دەڵێت..."
- "هیچ ناڵێت. تەنیا زمان لە هەموو ئەوانە دەدات کە لەگەڵ ئەودا لەسەر هەمان هێڵ نین..."
- "... و ئەو منداڵانەی کە بە مۆمەوە لایەنگری لە ئاشتی دەکەن، ئەم بە منداڵی گرینۆک ناویان دەبات..."
- "چونکە ئەم منداڵانە لە ئامانجگەلی کۆمەڵایەتی و ڕوانگە و بەڵگە بێبەشن. ئەمە لە کاتێکدا ئێمە ئەوسا..."
- "... ئێ خۆ دروشمی ’’نا بۆ خوێن لە پێناوی نەوتدا!’’ شتێک دەگەیەنێت..."
- "بەڵام بەس نییە. ئەو کاتەی ئێمە لە دژی شەڕی ڤێتنام..."
- "بەڵێ، بەڵام دروشمی ’’هۆ هۆ هۆ شی منە!’’ ش بەڵگەیەکی هێندە قایلکەر نەبوو..."
- "هەرچۆنێک بێت ئێستا منداڵان لەسەر شەقام و لە مەیدانەکانن. ئێستا لە میونشن و شتوتگاردیش. زیاتر لە پێنج هەزار. تەنانەت ئەوانەی ناو دووکانەکانی منداڵانیش دوایان دەکەون. بە بێدەنگی خۆپێشاندان دەکەن و ناوبەناویش دروشم دەڵێنەوە. هاوار دەکەن: ’’من دەترسم! من دەترسم!’’ تا ئێستا هەرگیز شتی وا نەبووە لێرە لە ئەڵمانیا کەسێک بێت و هێندە بە ڕاشکاوی پێ لە ڕاستی بنێت... بە بۆچوونی من..."
- "بۆچوونەکان پاشەڕۆن! دە سەیرێکی ئەو منداڵانە بکەن. لە ژێرەوە ئەدیداس و لە سەرەوە ئارمانی. ئەمانە چەقاوەسووی نازدارن و ئێستا لەپەڕ لەبەر جلوبەرگی نایابی بەریان ترسیان لێ نیشتووە. ئەمە لە کاتێکدا ئێمە ساڵی شەست و هەشت و دواتریش دژی بابەتی نشینگەی باڵەفڕگەی ڕۆژئاوا و دوای ئەوەش لە موتلانگن و شوێنانی تر دژی پێرشینگ II بووین... ئەو سەردەمە بارودۆخ فرە سەخت بوو. ئێستاش منداڵان دێن و مۆمەکانی دەستیان دەهەژێنن..."
- "جا چییە؟ مەگەر لە لاپزیکیش هەروا دەستی پێ نەکرد؟! ئەو دەمەی هەموو دووشەمانێکبە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە لە کڵێسای نیکۆلاوسەوە دەردەچووین، من لەگەڵدا بووم. بەڵێ هەموو دووشەمانێک تا ئەوانەی سەرەوە کەوتنە بەر بوومەلەرزە..."
- "مرۆڤ ناتوانێت لەگەڵ ئەمڕۆدا بەراوردی بکات."
- "بەڵام هیتلەر و سەدام. هەردووکیان لەسەر هەمان پوولی پۆست. مرۆڤ ئەمەیان دەتوانێت. وا نییە؟"
- "هەرچۆنێک بێت گێڵەکانی نەوت دەسووتێن..."
- "و لە بەغداش ژێرزەمینێکی خۆپاراستنی تژە لە کەسانی مەدەنی..."
- "بەڵام لە CNN فیلمێکی تەواو جیاواز پێشان دەدرێت..."
- "ئێ دە تێ بگە. ئەوە دواڕۆژ و داهاتووە. پێش ئەوەی شەڕ ڕوو بدات، مافی پەخشی تەلەڤزیۆنی دەدرێت بەو کەناڵەی کە زۆرترین پارە دەدات..."
- "مرۆڤ دەتوانێت لەم ڕۆژگارەدا شتی وا پێشتر بەرهەم بهێنێت، چونکە بەدڵنیایی شەڕی داهاتوو بەڕێوەیە. لە شوێنێکی تر، یان دیسان هەر لە کەنداو..."
- "بێگومان لە دژی سرب، یان کرواتەکانی بالکان نا..."
- "تەنیا لەو شوێنانەی کە نەوت هەیە..."
- "دیسان کەسانی کوژراو نابینین..."
- "و ترس، تەنیا منداڵان ترسی ڕاستەقینەیان دەبێت..."
سەرچاوە: سەدەی من، گوینتەر گراس، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی dtv، چاپی پێنجەم، 2008، موینشن. ل 340 - 343