نووسەرەناسراوەکان

دوای ڕاستاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان ... بورهان شێخ ره‌ئوف

دواجار دادگای فیدراڵی عێراق كۆتایی به‌و مشتومڕه‌ زۆر هێنا سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌ له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی شیعه‌كانه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا وه‌كو فشارێك به‌كارده‌هێنرا له‌ هه‌مبه‌ر كۆمیسیۆن و دادگاو ڕه‌وتی سه‌دریش.

هه‌رچه‌نده‌ یاسای هه‌ڵبژاردنی نوێی ساڵی 2020 ئه‌وه‌ی ده‌ستنیشانكردووه‌ كه‌ گه‌وره‌ترین فركسیۆن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆرترین ده‌نگ و كورسی هێنابێت له‌ هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام تائێستاش لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ گه‌وره‌ترین فراكسیۆن له‌ ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران پێكده‌هێنن، به‌ڵام هه‌رزوو موقته‌دا سه‌در وه‌ڵامی دانه‌وه‌ ووتی من ئه‌یاد عه‌لاوی نیم.

به‌ هه‌رحاڵ ئێستا به‌ڕێز موقته‌دا سه‌درو ڕه‌وته‌كه‌ی له‌ به‌رده‌م گه‌وره‌ترین و سه‌خترین ئه‌زمووندان به‌و پێیه‌ی زۆرترین ده‌نگ و كورسیان هێناوه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ پێشووه‌خته‌كه‌ی 10/10/2021كه‌ (73) كورسیه‌، له‌دوا تویتیشیدا به‌ قه‌ڵه‌می سوور نووسیوویه‌تی حكومه‌تێكی نیشتمانی نه‌ خۆرهه‌ڵاتی و نه‌ خۆرئاوایی، ماناو مه‌دلوولی زۆری هه‌یه‌، واته‌ من سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ستنیشان ده‌كه‌مو قه‌ڵه‌می سووری ده‌ده‌مه‌ ده‌ست.

به‌ڵام پێكهێنانی كابینه‌ی وه‌زاری له‌ عێراقدا كه‌ پێویستی نیوه‌ +1 هه‌یه‌ واته‌ 165 ده‌نگ له‌ كۆی 329 ده‌نگی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، ئایا سه‌ید سه‌در ده‌توانێت به‌ داخوازییه‌كانی سوونه‌ كه‌ دوو فراكسیۆنی گه‌وره‌یان هه‌یه‌ ته‌قه‌دم (37) ده‌نگ و عه‌زم (15) ده‌نگ، كوردیش یه‌كێتی و پارتی (48) ده‌نگ، بێلایه‌نه‌كانیش قایل بكات بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگ به‌ كابینه‌كه‌یان بده‌ن بی ئه‌وه‌ی داخوازییه‌كانیان جێبه‌جێ بكات، له‌ كاتێكدا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ حكومه‌تێكی دوو له‌ به‌شبه‌شێنه‌ی تائیفی و ئتنیكی داده‌مه‌زرێنێت؟

به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای تێڕامانه‌ تائێستا ناوه‌ڕۆكی ئه‌و حكومه‌تی زۆرینه‌نیشتمانیه‌ ڕوون و ئاشكرا نیه‌ كه‌ چۆن ده‌بێت، چونكه‌ ده‌ڵێن نه‌حكومه‌تی سازانه‌ و نه‌ حكومه‌تی زۆرینه‌ی به‌شبه‌شێنه‌.

سوونه‌كان له‌ نوێترین كاردانه‌وه‌یاندا زۆر به‌ ئارامی له‌هه‌مبه‌ر بڕیاری داداگای فیدراڵی به‌ ڕاستاندنی ئه‌نجامه‌كان له‌زاری محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ته‌قه‌دم خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی و وتی (كۆده‌نگی له‌ سه‌ر پابه‌ند بوون به‌ بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی له‌ سه‌ر ڕاستاندنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن هه‌نگاوێكه‌ به‌ره‌و جێبه‌جێكردنی ئاڕاسته‌ی دیموكراسی دوور له‌ ئاژاوه‌و پاشاگه‌ردانی)، هه‌ر له‌ هه‌مان كاتیشدا خه‌میس خه‌نجه‌ر سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی عه‌زم پیرۆزبایی خۆی به‌ هه‌موو براوه‌كان ڕاگه‌یاند و وتی چاوه‌ڕوانین به‌ خواستێكی نیشتمانیه‌وه‌ ڕێڕه‌وی پرۆسه‌ی سیاسی ڕاست بكه‌نه‌وه‌، كه‌ ئه‌مانه‌ش پیشاندانی نه‌رمی و قایل بوونه‌ بۆ خۆسازدان و مه‌یل بۆ به‌شداری له‌ حكومه‌ت.

بێلایه‌نه‌كان

سه‌در پێویستی به‌ ده‌نگی بێلایه‌نه‌كانیشه‌ هه‌رچه‌نده‌ تائێستا خۆیان به‌ ته‌واوی نه‌ناساندووه‌ به‌ ره‌سمی له‌ په‌رله‌ماندا، به‌ڵام ئه‌مانه‌ نوێنه‌رانی خۆپیشانده‌رانی تشرینن دژ به‌ به‌شبه‌شێنه‌ی تائیفی و گه‌نده‌ڵی به‌ ده‌نگ هاتبوون، ئه‌مانه‌ ته‌نگیان به‌ حه‌شدی شه‌عبی و ده‌وڵه‌تی قانون و ڕه‌وتی حكمه‌و ئه‌وانی تریش هه‌ڵچنی و ده‌نگه‌كانی ئه‌وانیان بۆ خۆیان برد و ئاویان كرده‌ ژێرییان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی فشاریان زۆر لێكرا.

كورد

هه‌رچه‌نده‌ هه‌ردوو هێزی سه‌ره‌كی هه‌رێمی كوردستان (یه‌كێتیی و پارتی) له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا هه‌ندێك لێدوانی دژ به‌كیشیان دا به‌ڵام دواجار له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ده‌باشان له‌ سلێمانی هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی به‌ ئاماده‌بوونی باڤڵ جه‌لال تاڵه‌بانی ڕێككه‌وتووون به‌ وه‌فدی هاوبه‌ش بچنه‌ به‌غدا وتوێژ ی پێكهێنانی حكومه‌ت بكه‌ن، ئه‌مه‌ش ئه‌ركی سه‌در ئاسانتر ده‌كات، داخوازییه‌كانی كورد ڕوون و ڕه‌وانه‌ و من له‌ وتاری هه‌فته‌ی پێشوودا به‌ درێژی باسم كردووه‌ له‌ كورتترین مانایدا جێبه‌جێكردنی ده‌ستووری عێراقه‌.

به‌ربه‌سته‌كان

چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی به‌ربه‌ستی گه‌وره‌ی به‌رده‌م ڕه‌وتی سه‌دره‌ بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومی، چونكه‌ چه‌ند گروپێكی چه‌كدارییان هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی هه‌ڕه‌شه‌كانی كه‌تائیبی حزبوڵا، دوای ڕاگه‌یاندنی بڕیاری دادگاش، ڕایانگه‌یاند كه‌ ئه‌وان به‌شداری حكومه‌ت ناكه‌ن، عه‌سائیبی ئه‌هلی هه‌قیش نیگه‌رانی خۆیان به‌ ڕاستاندنی ئه‌نجامه‌كان له‌ لایه‌ن دادگای فیدراڵیه‌وه‌ ڕاگه‌یاند.

له‌ كۆتاییدا پێكهێنانی حكومه‌ت ئاسان نیه‌ به‌ڵام خواست و نه‌رمی سه‌در له‌ گه‌ڵ لایه‌نه‌كان كوردو سوونه‌و دۆخی شپره‌زو ناله‌باری عیچراق پێویستی به‌ حكومه‌تێكی خزمه‌تگوزاری نیشتمانی و دڵسۆز هه‌یه‌.

 

Related Articles