ئێوارە زستانێکی زۆر سارد و سۆڵ بوو ،
ڕۆژ بەتەواوەتی کەوت بووە پەنا شاخەکان ، سەبر سەبر تاریکایی دەیویست باڵ بەسەر زەوی دا بکێشێ ، منیش بە هەڵکەوت بەلای مزگەوتی ناو دێیەکەماندا ، تێپەڕیم و لەپڕ گوێم لە چرپە چرپی چەند پیاوێکی ڕیش سپی بەساڵەوە چووی دونیا دیتە بوو ، وادیار بوو هەموویان ڕوویان بڕی بووە ، لای خۆر ئاوا و سەیری ئاسمانیان دەکرد و
دەیان ووت : پێ دەچێ ئەو شەو شەوێکی زۆر تاریک و توش بێ !
منیش بە پەلە پەل ڕێگای ماڵەوەم گرت و لە ڕێگاوە لەبەر خۆمەوە
دەمووت : بۆ دەبێ ئەو شەو شەوێکی توش بێ مانای چی ؟
کە نزیک بوومەوە لە ماڵەوە ، بینم دایکم چراکەی بە دەستەوەیە و
خەریکی داخستنی دەرگای مەڕو بزنەکان و قایم کردنی کولانەی
مریشکەکانە ، سەگە بۆرەکەشمان لەسەر پاشوەکانی گورج و گۆڵ ڕاوەستا بوو ، هەردوو گوێچکەکانی قیت کردبۆوەو دەم نا دەمیش سەری هەڵ دەبڕی و دەت ووت هەستی بە شتێک کردوە و ئیمەش نایزانین!
ڕووم لە دایکم کرد و
ووتم : دایە گیان کەمێک لەمەوپێش لەبەر دەرگای مزگەوت تێپەریم و گوێم لە هەندێک ڕیش سپی بەساڵەوە چوو بوو ، دەیان ووت ئەو شەو پێ دەچێ شەوێکی تووش بێ ، بۆ دەبێ شەوێکی تووش بێ و چی دەقەومێ ؟!
دایکم ووتی : کوڕی شیرینم ، ئەو ڕیش سپیانەی کە دیوتە لەبەردەگای مزگەوت ئەوانە هەموو ڕیشیان لەو حالەوە سپی کردوە ، دەزانن چی دەبێ و چی نابێ ، خاوەن ئەزمونێکی دوور و درێژن ، لەوانەیە قسەکانیان ڕاست بێ و کارەساتێک ڕوو بدات ، من و دایکم لەو سەین و بەینەدابووین ، لە پڕ کرێوە و زریان دەستی پێکرد و چاو چاوی نەدەدیت ، هەر بەحاڵ خۆمان گەیاندە ژوورەوە و ، خێرا چەند قەدە دارێکی قەڵاشکەرمان ، خستە ناو سۆبەکەوە و سۆبەکەمان تاودا و لەدەوروبەری سۆبەکە دانیشتین و خۆمان گەرم کردەوە ، پاش ماوەیەکی کەم لە پەنجەرەکەوە سەیری دەرەوەم کرد ، دیتم بەفر هەموو کوچە و کۆلانەکانی داپۆشیوە و ، دێیەکەمان بەتەواوەتی خامۆش و بێ دەنگە و لەناو گێژاوی خەودایە ، بەڵام ئەوەی لام زۆر سەیر بوو ، ئەویش ئەوە بوو ، سەگەکامان و سەگەکانی ئاوایش هەر هەموویان کڕ و مات و بێ دەنگ بوون ، بەڕاستی زۆر لام سەیر ونامۆ بوو !
لەدڵی خۆمدا دەم ووت :
-کاتێ کڕێوە و زریان و بەفرە ، ڕۆژ ڕۆژی سەگ و دزە !
کەچی نە جوولەی سەگ و باڵدارێ ، نە هەست و خوستی ڕێبوارێ ،
دڵم کەوتە لێدان و ترس ئەو دیمەنەم زۆر لا سەیر بوو !
هەر هەمویان هەست و خوستیان لێ بڕا بوو ، دونیایێکی بێ دەنگ و خامۆش ! پاش ماوەیەکی کەم ، پەنجەرەکەم داخست و لە نزیک دایکم دانیشتم و گوێم شلکرد بۆ بەسەرهات و قسەخۆشەکانی دایکم ،ناوە ناوەش خەو دەیبردمەوە و لە پڕ بەئاگا دەهاتمەوە ،
دایکم ووتی :
-ڕۆڵە شیرینەکەم دەزانم زۆر هیلاکی و خەوت دێ ، هەستە بچۆ بخەوە ، لەو قسانەدا بووین ، لە پڕ گوێم لە جیڕە جیڕەی دەرگا تەنەکەکەی دەرەوەمان بوو ، کە سەیرم کرد ١٠ تا ١٢ کەس ، بە تاخمە و تفەنگەوە وا دێن بەرەو بەر هەیوانەکە و نیازی ژوورەوەیان هەیە ،
سەگە بۆرەکەشمان کلکە سووتەی بوو ، لە پێشیان دەهات و دەچوو ، دەت ووت هەزار ساڵە دەیان ناسێ و لەگەڵیان ئاشنایە ! وەکوو بڵێی دەی ووت : فەرموون فەرموون ، منیش بە پەلەوە دەرگاکەم کردەوە و ،
ووتم : فەرموون وەرنە ژوورەوە ،
ووتیان : میوانی ناوەخت ڕادەگرن ؟
ووتم : هێشتا دونیا ئەوهای لی نەهاتووە پشت لە مێوان کەین ،فەرموون فەرموون وەرنە ژوورەوە و مال ماڵی خۆتانە ، یەکێکیان کەمێک بەتەمەن بوو ، وادیار بوو فەرماندەیان بوو ، ڕووی لە چەکدارەکان کرد و
ووتی : دوو سێ کەستان بچنە سەری کۆڵانەکان و ئەوناوە بخەنە ژێر چاودێری و زۆر وریا بن ، لەدوایشدا جێگاتان دەگۆڕم و دوو سێ کەسی تر دەنێرمە جێگاکەتان ، ئەوانی تریش یەکە یەکە هاتنە ژوورەوە ،
وادیار بوو لە شوێنێکی زۆر دوورەوە هاتبوون و زۆر شەکەت و ماندوو دیار بوون ، هەر دەست بەجێ ووتیان : ئەگەر دەکرێ نانێکی بە پەلەمان بۆ ئامادە بکەن زۆر برسیمانە ،
دایکیشم هەر خێرا بڵێی یەک و دوو ساوارێکی بە تەماتەی لۆ ئامادەکردن و لە گەڵ هەندێک سەوزە و چەند نانێک و لە پێشیانی دانا ،
پاش نان خواردن و چا خواردنەوە و خۆ گەرم کردنەوە ، ووتم :
-دەکرێ بزانم ئێوە کێن و لە کێوەهاتوونە و دەچنە کوێ ؟
ووتیان خۆت بڵێ و بزانە ئێمە کێین ؟
منیش لەدلی خۆمدا دەمووت : تۆ بڵێی ئەوانە پێشمەرگە بن ؟
جار جاریش دەمووت : نا نا لەوانەیە جاش بن و لەدوای پێشمەرگە بگەرێن ،
خۆ ئەگەر بڵێم پێشمەرگەنە و پێشمەرگەش نەبن ئەوە سەرم دەچیتە قوڕ و تووشی ڕۆژە ڕەشەکە دەبم و دەلێن وادیارە ، ئێوە شەو و ڕۆژ خەریکی خزمەتکردنی پێشمەرگەن !
لەخەیاڵی ئەوە دابووم ، کە ڕیش سپیەکانی ئێوارە دەیان ووت رۆژێکی تووشە ، نەم دەزانی چی بڵێم ،
لە پڕ سەگە بۆرەکەم کەوتەوە بیر ، کە چۆن بە پێشیان کەوتبوو، هەر وات دەزانی دەیان ناسێ و کەسانێکی خۆیین و بۆیە نەدەوەڕی و حەپە حەپی نەدەکرد !
ووتم: نەخێر هەبێ نەبێ ئەوانە پێشمەرگەنە ،
ووتم : ئێوە پێشمەرگەنە ،
وتیان : چی چی ؟
ووتم : ئێوە پێشمەرگەنە ،
دەستیان بە قاقای پێکەنین کرد و
ووتیان :
درێژەی هەیە