
ئەمڕۆ شەممە ٢٩-١- ٢٠٢٢ بەڕێز شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لە پرێسکۆنفرانسیکدا، ١٠ دە خاڵی بڵاوکردەوە کە گوایە هەرکام لەو دوو حیزبە لانیکەم ٨ خاڵ لەو دەخاڵە جێ بەجێ بکەن ئەوا پارلەمانتارەکانیان دەنگ ئەدەن بەکاندیدی ئەولایە بۆ پۆستی سەرۆکی کۆماری عێراق. گەر نا کاندیدەکەیان نا کێشنەوە و دەچنە کێبڕکێ وە.
لێرەدا ئەم چەند سەرنجە تۆمار دەکەم:
یەکەم: ئەو بەغدادەی کە سەرۆکی کۆماری بۆ هەڵدەبژێردرێ، مامەڵە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەکو هەرێم دەکات نەک زۆنی حیزبەکان !
دووەم: بەڕیز شاسوار هاتوە یاریەکی پۆپۆلیستیانەی چەواشەکارانە لەگەڵ خەڵکی کوردستان دەکات و هەریمی بەخاک و خەڵکەوە دابەشی دوو زۆن کردووە.
سێیەم: دەنگدەرەکانی بزوتنەوەکەی هی هەموو هەرێمی کوردستانە. گریمان لایەکیان دەسبەجێ نەک چوار خاڵ هەر هەشت خاڵەکەی پیێش دەنگدان جێ بەجێکرد! کە (بیگومان ئەمە لەخەوبینینەوە نزیکە تا واقیع). لەم بارەشدا نەوەی نوێ دەنگ بە کاندیدی ئەو لایە ئەدات. بۆنمونە ئەگەر دەنگی بە کاندیدی پارتی دا لەم کاتەدا نیوەی خەلک سودمەند دەبێ، وە بە پیچەوانەشەوە. ئەی باشە وەلامی بەڕیز شاسوار بۆ نیوەکەی تری چی دەبێ کە مەرجەکانی ئەو تیا جێ بەجێ نەکراوە نەک خەڵکی بێ لایەن بەڵکە دەنگدەرانی خۆشی تیایە!
چوارەم: بۆیە ئەمەی نەوەی نوێ دەیکات تەنها بۆ خەڵەتاندنی خەڵک و نمایشێکی پۆپۆلیستیانەیە و هیچی تر.
پێنچەم: ئەم پرۆژەیەی نەوەی نوێ، پشتیوانیکردن و داننانە بەو ئەمرە واقیعەی کە ئێستە هەیە ئەویش دوو ئیدارەییە، بەدەنگەکانیشی، شاباشی تۆخکردنەوەی دوو ئیدارەیی دەکات. لە کاتێکدا خۆی بانگەشەی حیزبی سەرتاسەری دەکات!
شەشەم: بێگومان ئەو خاڵانەی باسیکردوە، هەمووی لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستانە، ئەگەر جێ بەجێ بکرێ دەبێ حکومەتی هەرێم کە لە ئێستەدا ناوی کابینەی نۆهەمە ئەو جێ بەجێی بکات. گریمان جێ بەجێیان کرد ئاخۆ نەوەی نوێ دەنگ بە کام، کاندید دەدەن؟ فیفتی فیفتی؟ یان چۆن؟!!
حەوتەم: لە عیراق و کوردستان سیاسەت بەجۆرێک ناشرین کراوە، خەڵک بێزی لێێ دێتەوە، ئەم نمایشەی نەوەی نوێ کە لە (پێنجی ئەوێ بۆ دوانزە) دا دەیکات. پیش ئەوەی لەگەڵ پارتی و یەکێتی باسی بکات، لە پرێسکۆنفراسیك دا باسی دەکات و ئینجا دەیدات بە هەردوو لایان، ئەمەش جۆرێکی ترە لە چەواشەکردنی خەلك، ئەگینا لە عورفی سیاسی و سیاسەتکردن و وتووێژکردن دا شتی وا جێی نابێتەوە. دەبێ یەکەم جار لەگەڵ لایەنەکان گفوگۆبکرێ، ئەگەر نەگەیشتنە ڕیکەوتن ئینجا ڕای گشتی لێ ئاگادر بکرێتەوە.
هەشتەم: بەگریمانەی زۆر نەوەی نوێ، ناچێتە کێ بڕکێ وە.
نۆیەم : ئەم وەزعەی هەریمی کوردستان، پێویستی بە دیدیێکی ستراتیژی ڕۆشن هەیە، پێویستی بەوە هەیە سیاسەت و سیاسەت کردن بگەڕێنرێتەوە بۆ مانا ڕاستەقینەکەی خۆی، دور بخرێتەوە لە تەخوین کردن و یەک رەنگکردنی کۆمەڵگە، دور بخرێتەوە لە هەراوهوریای پۆپۆلیستی و چەواشەکردنی خەڵک.