شكۆی بەرزی یەكێتی نووسەرانی كورد، لەوەدا نەبوو كە بەتەنیا بۆ كۆكردنەوەی ئەو بەرهەمە جوانانەیە، تا لە دوو توێی گۆڤارێكی ئەدەبیدا بڵاوبكرێنەوەو بەس، بەڵكو لە بنەڕەتدا شكۆی یەكێتی نووسەرانی كورد، لە خەمی ئەركە نیشتمانی و نەتەوەییەكانیشیدا بوو، لە خەمی ئەو ئەركە پیرۆزانەیدا بوو كە نیشتمان و نەتەوەكەی ئازاری سەختییان پێوە دەبینی. تەنانەت ئەوكاتانەی یەكێتی نووسەرانی كورد لە شاخ پێكهێنرابوو، رۆڵێكی زۆر جوامێرانەی بۆ ئاشتبوونەوەی نێوان حیزبە سیاسییەكانی كوردستانیش دەگێڕا. بە دیوێكی دیكەدا پێگەی یەكێتی نووسەران پێگەیەكی نیشتمانی و نەتەوەیی و روناكبیریی بەهێزو درەوشاوە بوو، بە جۆرێك خەمەكانی یەكێتی نووسەرانی كورد، ببوو بە خەمی نیشتمان و نەتەوەكەی ، بەبێ جیاوازی و بەبێ بەهانەو بیانوو هێنانەوە، بەبێ سەردانواندن بۆ هیچ حیزب و هێزێكی سیاسی. تەنانەت یەكێتی نووسەرانی كورد بە ئاشكرا ساڵی 1980 لەلایەن رژێمی بەعس كە یەكێتی نووسەرانی كوردی هەڵوەشاندەوەو خستییە سەر یەكێتی ئەدیبان و نووسەرانی عێراق، ئەم یەكێتی نووسەرانی كوردە، ملی نەداو هەڵوێستی نیشتمانی خۆیان بە نووسین دەردەبڕی. ئەمە یەكێتی نووسەرانی كورد بوو. تەنانەت دوای ساڵی1980 چالاكییەكانی یەكێتی نووسەرانی كورد زۆر درەوشاوەترو بوو، گۆڤارەكەیشی باشترین گۆڤاری ئەدەبی و هونەری بوو لەوكاتدا، چونكە باشترین بەرهەمی تێدا بڵاودەكرایەوە. لەبەر ئەوەیە كە ئێستا باسی یەكێتی نووسەرانی كورد دەكرێت، ئەو رۆڵە پرشنگدارە خۆی دێنێتە پێشەوە كە كەسایەتییە گەورەكانی ناو ئەدەب و رووناكبیری كوردیی لەو كاتدا دەیانبینی، نموونەی عیزەدین مستەفا رەسوول و حەمەی مەلا كەریم و حسێن عارف و...هتد .
ئێستا یەكێتی نووسەرانی كورد لە خراپترین دۆخی خۆیدایە ، وای لێهاتووە شەرم بكەی كە ئەندامی ئەو یەكێتییە ناپووتە بیت، كورد گوتەنی جاران پڵنگ بوو، ئێستا پشیلەیەكی لەڕو بێ تواناو بێ كەڵكە تەنانەت توانای میاواندنیشی نەماوە.
نابێت یەكێتی نووسەرانی كورد، بەهۆی دەستەی مەڵبەندی گشتی و لقەكانییەوە، پەڕوباڵ بكرێت و لەوە زیاتر ناشیرین بكرێت، كە ئێستا زۆر زۆر ناشیرینیان كردووە. ناكرێت سەرۆكێكی بۆ دابنرێت كە بە هەڵبژاردن نەهاتبێت!، نەدەبوو ئەم نا سەرۆكە خۆیشی قبوڵی ئەوە بكات، ئاخر یەكێتی نووسەرانی كورد نە سەندیكاكانی رۆژنامەنووسان و پارێزەرانە، نە هی كرێكاران و پارێزەرانیشە، نە لە مێژووی یەكێتی نووسەرانیشدا شتی وا ناشیرن كراوە، كەسێك لە دەرەوەی دەستەی مەڵبەندی گشتی بهێنرێت و بكرێت بە سەرۆك!. ئەم مێژووە جوان و پڕ شكۆیەی یەكێتی نووسەرانی كورد لە ساڵانی حەفتاكان و هەشتاكانی رابردوودا هەیبوو، یەكجار بێ وێنەن و دەگمەن بوو، بۆیە ناكرێت لەگەڵ هیچ یەكێتی و سەندیكاو رێكخراوێك بەراوردی بكەیت. بێدەنگبوونیش لەم شكاندنی شكۆیەی یەكێتی نووسەران، هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ خیانەتی نیشتمانیدا نییە، چونكە حیزبی بەعسیش و هەموو دوژمنانی كوردیش هەر ئەوەیان دەویست ، بەڵام بۆیان نەدەچووە سەر.
بەرپرسیارێتییەكی ئەخلاقی و ئەدەبی و رووناكبیریی لە ئەستۆی دەستەی مەڵبەندی گشتی، ئبنجا هەر سێ لقەكەی یەكێتی نووسەرانی كورد لقی دهۆك و هەولێرو سلێمانی ، ئینجا سەرجەم ئەندامانی یەكێتی نووسەرانی كوردە، بە زووترین كات كارئاسانی بۆ بەستنی كۆنگرەیەك بكەن، كە هیچ نەبێت ئەوانەی مردوون و لە ژیاندا نەماون، ئەوانەیش لە ژیاندا تا ئێستا هەناسەیەك دەدەن، بەڵام هەر مردوو حیسابن، دوور بخرێنەوە ، چونكە یەكێتی نووسەرانی كوردیان وێران كرد. بە داخەوە ئەمە راستییەكی تاڵە، كە نەدەبوو بەو رۆژە تاریكە بگات، كە لە ئێستادا تاریكترین رۆژی یەكێتی نووسەرانی كوردە.