نووسەرەناسراوەکان

خانوەکەی نوری سەعید ... حەمەسەعی باپیر

 
 
...
لەدوای کۆدەتای ١٤ تەموز(وەسفی تاهیرو عەبدولکەریم قاسم )، لە سەردانێکیان دا بۆ بنکەی پۆلیسی کەرخ ، کاتێک نوێنەری کۆمپانیای (C.A.T Group )* لوبنانی بیناسازی دێن بۆلایان و داوای قیستی خانوەکەی (نوری سەعید) یان لێ ئەکەن ؛
لەو کاتەی دا (نەجم مورشیدی) پۆلیسی نیگابانی تایبەتی (نوری سەعید) لە گرتوخانەی کەرخ زیندانی ئەبێت ، بەو جۆرە چیرۆکی خانوە نوێکەی( نوری سەعید) بۆ (کەریم قاسم و وەسفی تاهیر) ئەگێڕیتەوە :
جارێک باشتوجار (عەبدولهادی چەلەبی)، لەگەڵ هەندێک برادەری تری نوری پاشا داوای لێ ئەکەن ، با ئیتر خانویەکی نوێ دروست بکات، شایستە بێت بە پلەو پایەی ناوچەیی و نیو دەوڵەتی نوری پاشا و بشێت بۆ سەردان و چاوپێکەوتنی میوانە باڵاو پایەدارەکانی ...
پاشا ئەلێت:
ئێوە بازرگانن و لەخۆتانەوە ئەڕوانن ، من کارگوزارێکم و موچەم دیاریکراوە ، ئەو پارەو پولە لەکو ێ بێنم ..؟!
هادی چەلەبی ئەلێت :
دەی پاشا ئەرزەکەی لەسەر من و دورست کردنی بیناکەش لەسەر کومپانای (کاتی بیناسازی لوبنانی) بە قستی ٥٠ دیناری مانگانە ئەنجام دێت .
بەوجۆرە (نوری سەعید) ڕازی بو خانوەکەی لە ناوچەی (کەرادە مریەم) پێ ساز بکات..
نەجم مورشیدی لە بەردەوامی گێرانەوەکەی دا ، ئەلێت :
عەبدولکەریم ، کاتێک بۆ حیکایەتی خانوەکەی پاشا گوێی لەمن گرت بو ، لای کردەوە بەلای (وەسفی تاهیر) دا و گوتی:
ــ (وەسفی وامان ئەزانی سامان و گەنجینەی دەولەت لە بن دەستی (نوری سەعید) ایە ...وەسفی ! ئێمەیان خەلەتاندو لایان بۆ شل کردین شۆڕش بەرپاکەین و نوری سەعیدیان بۆ بەکۆتایی کەین ...وەسفی ئەوەتا ئەوەمان بەجێ گەیاندون ، ئیتربەچی ئەگەین ، ئەبینیت یەک بەدوای یەکا هەمومان ئەکوژن ، نەگبەتی ئێمە لێرەوە دەستی پێ کردوە ...)
ئامادەکردن و کورت کردنەوەی//
حەمەسەعی باپیر
٥/٤/٢٠٢٢ سلێمانی
لەسەرچاوەی
وتارێک بەناوی نوسەر هادی ناصر سعید الباقر لە پێگەی (الحوار المتمدن ــ٢٤ /١/٢٠١٦)..
(*)..تیبینی//
کۆمپانای بیناسازی لوبنانی (C.A.T Group )
...زوربەی ساختمانەکانی ئەوکاتی سەردەمی پاشایەتی لە عیراق کۆنتراکت کردبو نوسینەگەیەکی لەبەغدا هەبو ..

ئەنفالی دوو ... کیمیابارانی سەوسێنان .. بەشی یــــــەکەم ... حەمەسەعی باپیر

 

 

ســــــــــەرەتا ..

{شاهیدەکان نەدوێن ونەیگێڕنەوە...درۆزن خۆی دەکات بەقارەمانی ڕوداو }

...ا

ئێوارەی ٢٢ مارت و ڕۆژێک لە بەهاری ١٩٨٨ تێپەڕی بو، دنیا بەرەو تاریک بونی تەواو دەچو، پاشخوانی سفرەکەم دەکردە بەردەم (خولە) ئەو تولە سەگەی لە بەردەورچۆڵی خانوەکە م، لەدێی(سەوسێنان)ەوە هێنابوم ..

تارمایی دوسێ گەنج دیاربو لەپشت کەڵەکە ڕوخاوی دیواری خانوەکەوە وەستابون دابویان بەڕازی قسەداولە گەرمەی باسی خۆیان دا بون ..

ئاگری نەورۆزی دوێنێ بەکەلی( قۆپی بەلەکجاڕ)ەوە تروسکەی مابو، دیارە تایە ئوتومبێلی زۆریان سەرخست بو بۆ ئەو بەرزی وتاقی قۆپیە، لە بەرامبەریشەوە بریسکەی چراکانی دێی سەوسێنان دیاربون .

*****

لەکۆتای پایزەوە لەو خانوەی قەراخی دێی (بەلەکجاڕ) دا بوم و، دیوارو دارەڕای بەگەچو چیمەنتۆ بەشێوازی شاریانە دروست کرابو، دوهۆدە لەسەر هەیوانێک وبیرێک بەئەسبابەوە لە هەیوانەکەی دا بو، بەتەنیشتیەوە سەکۆیەکی هاوینە و تویەکی گەورە بەسەر سەکۆکەوە بو، کولانەیەکی مریشک لە نێوان قەدی توەکە و بەدیواری حەوشەکە وە بو، ڕوی لە قۆپیەکان و پشتی لەدیوی (سەوسێنان)ی بنارەکە بو، هەندێک چاوئەندازی کورت وقەبز کردبوو ..

جگە لەحەوشەشاری یە ئەسڵەکەی خۆی، حەوشەیەکی گەورەی خرابوە سەر، وەکو باخی چوالە و ڕەز، بەوشکە کەڵەک دەوری هەڵچنرابو، لەناوەراستی حەوشەکەدا بە هۆی بۆمبی (ڕوبعە تەن)* ەوە چاڵەحەوزێکی گەورەی تێ کردبو هەندێکی لە کەڵەکە دیوارەکەی ڕوخاند بو ..خانوی( شیخ محەمەدی بەلەکجاڕ)ی بو، وادیار بو دەمێک بو خۆی چو بوە شاروسپاردبوی بە قوتابخانەی دێ .بەهۆی بێ خزمەتیەوە سەربانی ژورێکیان داڕوخابو، دەرگا ئاسنەکەی کلیل درابو بەلام پڕ بو لە پەرتوکی قوتابخانەی سەرەتایی، من تەنها لە ژورێکیان دابوم سەربانەکەیم بەنایلۆن داپۆشی بو ..

١٩٨٨ساڵێکی تەڕو توشی بەفرو باراناوی بو، نەک خانو ڕکەولاشان ولاتەرێزی شاخیش لەو ساڵەدا هەرەسی دەکرد و دەروخان .

(من چۆن لەوێ گیرسابومەوە ؟ چیرۆکی دورەو ئەگەرگێرانەوە بیڕەخسێنێت، لەبۆنەی خۆی دێمەسەر ئەوحیکایەتەش)..

لەو ئێوارە ساماڵ و بێدەنگەی دوای نەورۆزدا، لەپڕ وەکو گرم و هوڕی هەوری بەهار دو ڕەتڵی بیستی ڕۆکێتی کاتیوشایی بون دوابەدوای یەکدا وەکو تەقەڵی درومان، ناوەڕاستی ڕۆشنایی چراکانی سەوسێنانی دادوری وبەتەوای ناوەندەکانی دێیەکەی پێکا بەپێجەوانەی بۆ مبارانی ڕۆژانی ترەوە کە سەرو خواری دەکرد ئەمجارە مۆر دێکەی دادوری و دەنگی بوردومانە وەکو جارانی تر ڕەق نەبو هەندێک بڵ و کپ بو ..

گەنجەکان خراپ شڵەژان بەپڕتاو دوانیان بەرو داو خۆیان کرد بە حەوشەکەی من دا بە لامدا فڕکەیان کرد بۆسەر سەکۆکەو بەسەر کولانەی مریشکەکان دا بەقەلەمباز سەرکەوتن خۆیان گەیاندە سەردیواری خانوەکەو بازیان دایە خوارەوە بەرەو ناودێ کە.

..هێشتا بە ڕیوە بون ودەمویست هێمنیان بکەوە ..دەنگم لێ کردن :

..ڕامەکە برام ئیرە نیە دورە ئەوبەرە ...سەوسێنانە ...

یەکێان بەشڵەژاوی خۆیەوە گوتی :

ــ کیمیایی یە ...کیمیاییییی ..

چل ساروخی کاتیۆشا ....دو ڕیزی بیست دانەیی ...نێوانی تەقاندنیان لەخولەکێک کەمتری خایاندو مۆر لە ناوەڕاستی دێ یەکەی دا، هەرگیز لە بوردومانەکانی تردا ئەوەندە وردو کارامە نەبون، وەها کاتی هەستیار هەڵنەبژڕدراوە ...بە دڵنیایە لەم کاتی شێوان و نانخواردنی ئێوارەیەدا زیانی زۆری دەبێت

ماویەتی ...

حەمەسەعی باپیر /

17-3-2019 ستۆکهۆڵم

................ا

پەراوێـــــــــــــــز

ـــــــــــــــــــــــــــــــــ:

*(روبعەتەن )

یان جۆری نیوتەنیشیان هەبو ...جۆرە بومبێک بو ئەو کاتە لە ناوخەڵک و پێشمەرگەدا بەناوانە دەناسران، دروستکراوی عێراقی بولە پارچە ئاسنی ئەستوری کونکرێت موسەلەح و مادەی تەقینەوەی ترپێکهێنرا‌بو، وەکو ئەم بەرمیلە تەقینەوانەی سوریا دژی سڤیلەکانی خۆی بەکاری دەهێنێت، عێراق وەستا ئەسلەکەیەتی و زۆر کوشندەو وێرانکەر بو..