مەسەلەی ڕۆژباش. . گیان باش
لە خولێكی پەروەردەدا بووین، گەیشتبووینە وانەی "مێژووی پەكەكە"، جەمیل بایك"جومعە" هاتە بەردەم هەڤاڵان وەستا و گوتی ڕۆژباش، هەڤاڵانیش بە شێوەی وەڵامێكی سەربازییانە، گوتیان "ڕۆژباش"، تەنیا من نەبێت كە شوێنەكەشم لە ڕیزی پێشەوەبوو، گوتم "گیان باش"، ئیدی ئەو شێوە وەڵامەی من سەرنجی جومعەی ڕاكێشا، كە لە شوێنەكانی خۆشمان دانیشتینەوە، ڕووی لە من كرد و گوتی، هەڤاڵ تۆ گوتت چی؟ منیش دوبارە پێمگوت گیان باش، سەرسامی خۆی دەربڕی و گوتی، مەبەستت لە رۆح باشە؟ بەڵێ هەڤاڵ.
بەڕاستی گیان باش وشەیەكی گونجاوە، دووجار لەبەرخۆیەوە ئاوایگوت، ( ڕۆژباش، گیان باش. . ڕۆژباش، گیان باش)، ئینجا ئاوا دەستیپێكرد؛
( پەكەكە بزووتنەوەیە، بزووتنەوەیەكی ئینسانی، لە سەردەمێكدا كە ئینسانیەت بنپێخراوە، ئێمە لە پێناوی بەدیهێنانی ژیانێكی شكۆمەندانە و یەكسان و ئازاد تێدەكۆشین، هەر لەو پێناوەشدا، دەستماندایە خەبات و پەكەكەمان دامەزراند، وتەی گیان باش، پڕ بە پێستی ئامانجەكانی ئێمەیە، ئێمە هەوڵدەدەین گیانێكی نوێ بۆ گەلەكەمان و بە گشتیش بۆ چەوساوە و ئازادیخوازان بئافرێنین، هەر ئەو گیانە ئازادەشە ژیانێكی ئازاد و ڕۆژێكی پرشنگدار دەخولقێنێت).
ئیدی لە خاڵی گیانی ئازادانەوە كەوتە نێو مێژووی پەكەكە و رۆژە سەرەتاكانی بزووتنەوە، لەو هەڤاڵانەی گروپی یەكەمەوە پێداهات كە خاوەنی چۆن گیانێكی شۆڕشگێڕیی و خۆنەویستیی و فیداكاریی بوون، تەئكیدی لەوەش دەكردەوە، هەر ئەو گیانە ئازادە بوو، پەكەكەی لە چەند گەنجێكەوە كە ژمارەیان تەنیا پەنجەكانی دەست بوو، گەیاندە ئەمڕۆی هەزاران شەهید و ملیۆنان ئەندام و لایەنگری چالاك و دەستكەوتی بە نرخ.
لەو ڕۆژەوە تا ئێستاشی لەگەڵدابێت، بە جومعە بڵێ ڕۆژباش، هەر بە گیان باش وەڵامت دەداتەوە.
خۆ من هێشتا شەرڤانێكی تازە بووم، بە كۆمەڵێك نەریتی هەڵەی سیاسی پارچەی باشورەوە لە نێو پەروەردەدا بووم، وشەی گیان باشیش لە نێو كولتوری قوتابخانەكانمان و لە ڕێی مامۆستا نیشتمانپەروەر و خەمخۆرانی زمان و سەردەمی قوتابیێتی سەرەتایی فێرببووم، كەچی جومعە وشەكەی هەڵبژارد و شیكردەوە و وەك پێناسەیەكیش بۆ رێبازی گەیشتن بە ئامانجەكان جێگیریكرد.
باشوری كوردستان تژییە لە رۆحی رزگاری و ئازادیخوازی، ئەگەر حزب نەیشێوێنن و بەلاڕێیدا نەبەن-وەك بردویانە، بەشی ئازادی چەند وڵاتێك دەكات.
دە با ئەو رۆحە لاوازەی بەسەرماندا سەپێنراوە وەلانێین و رۆحە ڕەسەنە پاك و ئازادیخوازەكە سەرلەنوێ بژیێنینەوە و چیدی كەڵەگایی و ستەم قبول نەكەین.