ئه‌رشیفی تایبه‌ت: به بۆنه‌ی رۆژی زمانی دایکه‌وه، که ٢١ی شوباتی هه‌موو ساڵێکه و له لایه‌ن کۆمسیۆنی په‌روه‌رده‌ی زانستی و که‌لتوریی سه‌ر به رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان (UNISCO) ه‌وه دیاریکراوه، حه‌زم کرد ئه‌م یاده‌وه‌رییه تایبه‌تییه بنوسمه‌وه.
ساڵی ١٩٩٥ خوێندکاری قۆناغی چواره‌می کۆلیجی زانسته‌کان به‌شی بایلوژی له زانکۆی سه‌لاحه‌دین بووم، تا ئه‌و کات پرۆژه‌ی لێکۆڵینه‌وه (مشروع البحث) که به‌شێک له پێداویستییه‌کانی دواقۆناغی زانکۆیه، به زمانه‌کانی عه‌ره‌بی یان ئینگلیزی ده‌نوسرا. به‌نده (ئه‌وه‌نده‌ی ئاگادار بم) بۆ یه‌که‌م جار له زانکۆی سه‌لاحه‌دین دهستپێشکهریم کرد و توێژینه‌وه‌که‌م به زمانی کوردی نوسی. بۆ پشتگیری قسه‌که‌شم هه‌واڵه‌که‌ی له رێکه‌وتی ١٩٩٥/٦/٢١ ژماره‌ی (٢٠١٥) ی رۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ‌دا بڵاوکرایه‌وه: که بۆیه‌که‌مجار توێژینه‌وه‌یه‌کی زانستی له زانکۆی سه‌لاحه‌ددین ئه‌نجام دراوه. (وه‌ک له وێنه‌که‌دا دیاره).
دوای بڵاوکردنه‌وه‌ی لیستی ناوی سه‌رپه‌رشتیکه‌رانی پرۆژه‌کان ده‌رکه‌وت د. ته‌حسین سه‌عدی که پرۆفیسۆری به‌شه‌که‌مان بوو به سه‌رپه‌رشتیاری من دیاری‌کرا. منیش دانیشتنێکم له‌گه‌ڵ ناوبراو کرد و ئه‌و پێشنیازه‌م بۆی کرد، دیاره هه‌ندێک پێی سه‌یر بوو، به‌ڵام دوای تۆزێک گوتی: بیرۆکه‌یه‌کی چاکه هیوا گیان ده‌ستبه‌کار به. دیاره پێشتر رێککه‌وتبووین که پرۆژه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌که‌م له سه‌ر (نه‌خۆشی شه‌کره و هۆکار و چاره‌سه‌رکردنی) بێت. ئیتر من لای خۆمه‌وه که‌وتمه کۆکردنه‌وه‌ی سه‌رچاوه. ئه‌و کات سه‌رچاوه‌ی زانستی به زمانی کوردی زۆر که‌م بوون، کێشه‌ی وشه و زاراوه زانستییه‌کانم به کوردی هه‌بوو. به‌ڵام گۆڤاری (ته‌ندروستی و کۆمه‌ڵ) که د. نافع ئاکره‌یی سه‌رنوسه‌ری بوو کۆتایی هه‌شتاکان ده‌رده‌چوو، سه‌رجه‌م ژمارهکانیم هه‌بوو، سودی زۆم لێبینی. هه‌روه‌ها ئه‌و وتاره زانستیانه‌ی له رۆژنامه و گۆڤاره‌کانی ئه‌و کاتدا بلاودهبوونهوه.
سه‌یر ئه‌وه بوو، هه‌ندێک له خوێندکاره‌کان پێیان وابوو زمانی کوردی زمانی زانستی نییه و ناتوانرێت ئه‌و جۆره کارانه‌ی پێ ئه‌نجام بدرێت، هه‌ندێکی تر وایان ده‌زانی من له زمانه‌کانی عه‌ره‌بی و ئینگلیزی لاوازم بۆیه په‌نا ده‌به‌مه به‌ر ئه‌و کاره! هی تریش هه‌بوون لایان وابوو، ئه‌وه سه‌رئێشه‌یه توشی خۆم ده‌که‌م و ته‌نها بۆ ده‌نگدانه‌وه و ناوبانگ و ناوده‌رکردن ده‌یکه‌م. به‌ڵام من کۆڵم نه‌دا و پاش دوو مانگ کاره‌که‌م به ئه‌نجام گه‌یاند. رۆژی ١٩٩٥/٦/١٧ دیاریکرابوو بۆ گفتوگۆ له‌سه‌ر پرۆژه‌که، جگه له د. ته‌حسین، چوار مامۆستای تر لیژنه‌ی گفتوگۆ و هه‌ڵسه‌نگاندن بوون، که ئێستا ته‌نها ناوی دوانیانم له‌یاد ماوه، دکتۆره ئه‌ڵماس، که خه‌ڵکی سلێمانی بوو، مامۆستای فه‌سله‌جه‌ی حیوانی (کارئه‌ندامزانی گیانه‌وه‌ران)مان بوو، هه‌روه‌ها د. له‌یلا، که ژنه پڕۆفیسۆرێکی عه‌ره‌بی خه‌ڵکی باشوری عێراق بوو. به هه‌رحاڵ گفتوگۆکه‌م کرد و به نمره‌ی باش (واته ٧٠%) وه‌رگیرا و په‌سه‌ند کرا. دیاره من ته‌واوی گفتوگۆی پرۆژه‌که‌م به کوردی پێشکه‌ش کرد، بیرمه د. له‌یلا باش کوردی نه‌ده‌زانی، بۆیه دوای قسه‌کانم و کاتی گفتوگۆ و پرسیاره‌کان به عه‌ره‌بی لێی پرسیم:من زۆر که‌م تێگه‌یشتم، تا ئێستا پرۆژه‌ی لێکۆڵینه‌وه هه‌ر به عه‌ره‌بی و ئینگلیزی کراوه، تۆ بۆچی به کوردی ئه‌نجامت داوه؟ من له وڵامدا به هه‌ستێکی نه‌ته‌وه‌یی لاوێتی و پڕ له بڕوا به‌خۆبوونه‌وه (به زمانی عه‌ره‌بی) وڵامم داوه: (الغه کوردیه، هی الغه امی، لذا افتخر بها، اذا انتم او ای واحد آخر ماتفتهمون، هذا مشکلتکم، م‌و مشکلتی!) واته: زمانی کوردی زمانی دایکمه، بۆیه به شانازیه‌وه به‌و زمانه ئه‌نجامم دا، گه‌ر به‌رێزت یان هه‌ر که‌سێکی تر لێی تێناگه‌ن ئه‌وه گرفتی ئێوه‌یه نه‌ک من!!. دیاره وڵامه‌که‌م له جێی خۆی بوو، به‌ڵام شێوازی ده‌ربڕینه‌که‌م، هه‌رزه‌کارانه و کهمرێزی بوو به‌رامبه‌ر به مامۆستای ناوبراو، من هه‌ڵه بووم. لێره‌وه داوای بوردنی لێده‌که‌م.
دوای بیست و حەوت ساڵ له ئه‌نجامدانی ئه‌وکاره، به شانازییه‌وه ده‌ڵێم، پێ ده‌چێت من یه‌که‌م که‌س بم که به زمانی کوردی لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستی په‌تیم ئه‌نجام دابێت له زانکۆی سه‌لاحه‌دین، کاتی خۆی هه‌واڵه‌که‌ی له رۆژنامه‌ی کوردستانی نوێی و رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنه‌کانی که‌ناڵی هه‌ولێردا بڵاوکرایه‌وه (ئه‌و کات جگه له میدیا تیڤی هیچ که‌ناڵێکی تری ئاسمانی کوردی بوونی نه‌بوو). ). گه‌ر که‌سێکیش پێش من ئه‌و کاره‌ی کردوه، ئه‌وا با به‌به‌ڵگه‌وه ئاشکرای بکات، به‌نده‌ش ده‌ستخۆشی لێ ده‌که‌م، به‌ڵام به مافی خۆمی ده‌زانم که ئه‌و رایه‌م ده‌رببڕم و تا ئه‌و کاته خۆم به پێشه‌نگی ئه‌و کاره بزانم.
لێره‌وه سڵاو و رێز و خۆشه‌ویستیم بۆ مامۆستایانی ئه‌وکاتم د. ته‌حسین که به‌بێ پشتگیری و هاندانی ئه‌و نه‌مده‌توانی سه‌رکه‌وتوو بم، هه‌روه‌ها سه‌رجه‌م ئه‌و مامۆستا و هاورێیانه‌ی هاوکاریی پرۆژه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌که‌یان کردم..