کورته‌یه‌کی مێژوویی
هه‌موو ده‌زانین که داعش ڕۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤ پەلاماری شارۆچکەی شەنگال و گونده‌واره‌کانی ده‌وروبه‌ری دا و داگیریکرد. وه‌ک هه‌ندێک سه‌رچاوه ده‌ڵێن لە ماوەی دوو ڕۆژدا ١٢٩٣ که‌سیان به کۆمه‌ڵکوشت هاوکات نزیکه‌ی شه‌ش هه‌زار و پێنجسه‌د ژن و پیاو و مناڵیشیان ڕفاند. بۆ ئه‌مانه‌ش پشتیان به هه‌ندێک له ده‌قه‌کانی قورعان، فه‌رمووده‌کانی په‌یامبه‌ر، فه‌توای هێندێ له پێشه‌وایانی ئیسلام ده‌به‌ست. دیاره داعش زۆر تاوانی گه‌وره‌یان ئه‌نجامدا که ده‌چنه ئاستی تاوانی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه، یه‌ک له‌و تاوانانه‌ش به‌که‌نیزه‌کردن یان به‌کۆیله‌کردنه، که ئه‌وان وه‌ك نوێكردنه‌وه‌ى نه‌ریتێكى ره‌سه‌نى ئیسلامى شانازیىان پێوه ده‌كرد. به سه‌بایا بردنى و كردنیه كه‌نیزه‌ك و به‌سه‌ر میر و چه‌كدارانیدا به‌خشینه‌وه یان له بازاڕى كۆیله‌فرۆشیدا فرۆشتن. لە مێژوودا ئەوان چەندینجار ڕووبەروی کۆمه‌ڵکوژی (فه‌رمان) مەرگ بوونەتەوە، سەرەتا لەلایەن هێزە داگیرکەرە عەرەبەکان و پاشانیش تورکەکان، بەداخەوە زۆرجار خێڵە کوردییە موسڵمانەکان، ڕۆڵی ئێجگار نێگەتیفیان بینیووە وبەشداربوون لە کۆمەڵکوژی ئێزیدیکان.
هه‌ندێک سه‌رچاوه زۆر بەجوانی باسی لە مێژووی پڕ کارەساتی ئێزدییەکانی کردووەو بە بەڵگەوە مێژووی تراژیدی ئەوان و فەرمانی کۆمەڵکوژیان دەگێرێتەوە. لەمبارەیەوە ده‌ڵێن : یەکەم فەرمانی کۆمەڵکوژی ئیزدییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٧ی كۆچی، لە كات و سەردەمی خەلیفەی موسڵمانان “عومەری كوڕی خەتاب”دا ئه‌نجامدراوه. ده‌وڵه‌تى ئیسلامیی داعش له یه‌كه‌م ژماره‌ى گۆڤارى (دابق) كه به زمانى ئینگلیزى له هاوینى ٢٠١٤ و ماوه‌یه‌ك پاش گرتنى شه‌نگال و ناوچه كوردستانیه‌كانی تر ده‌ریكرد، له وتارێكدا به ناونیشانى: زیندووكردنه‌وه‌ى كۆیلایه‌تى به‌ر له هاتنى قیامه‌ت (احیائ العبودیه قبل اوان الساعه) به به‌شانازیه‌وه باس به‌كۆیله‌كردنى كچانى ئێزدى و دابه‌شكردنیان به‌گوێره‌ى ئه‌حكامى شه‌ریعه‌ت وه‌ك ده‌سکه‌وتى جه‌نگ به‌سه‌ر چه‌كدارانیدا ده‌كات، ئه‌وه‌یش به "یه‌كه‌مین كرده‌ى به‌رفراوانى به‌كۆیله‌كردنى خێزانه موشریكه‌كان له كاتى وه‌ستانى كاركردن به‌و حوكمه‌وه" له‌قه‌ڵه‌م ده‌دا. زۆر زانا و بیرمه‌ندیی ئیسلامی تر هه‌مان ئه‌م بۆچوونه‌یان ده‌ربڕیوه، كه پێى وایه كۆیلایه‌تى له ئیسلامدا حه‌رام نه‌كراوه، بگره رێگه‌پێدراوه و ئه‌میر بۆى هه‌یه دیله‌كانى جه‌نگ بگاته كۆیله، كه له‌و باره‌دا ئافره‌ته‌كانیان وه‌ك جاریه به‌سه‌ر (موجاهیدان)دا دابه‌ش ده‌كرێن و هه‌ر عه‌قد و نیكاحێكى پێشوویان به‌تاڵ ده‌بێته‌وه.
کتێبێکی دۆکیۆمێنتی
هیچ چیرۆکێکی کاریگه‌ری نوسه‌رێک یان سیناریۆیه‌کی خه‌یاڵکردی فیلمێک، هه‌رچه‌نده مه‌زن و سه‌رنجڕاکێشیش بێت ناگات به به‌سه‌رهاتی ڕاستینه‌ی که‌سێک که خۆی له مه‌رگه‌سات و تاڵی و سوێری و چیرۆکی ڕزگاربوون و هه‌ڵاتندا به‌شدار بووبێت و به‌سه‌ری هاتبێت، نمونه‌ش به‌سه‌رهاتی ڕزگاربووانی گه‌وره‌تاوانی ئه‌نفاله‌کان و کوشتاری به‌کۆمه‌ڵی ئێزدییه‌کانه. فه‌ریده خه‌ڵه‌ف ناوی راستینه‌ی کچه کوردێکی گه‌نجی ئێزدییه، له گوندی کۆچۆی ناوچه‌ی شه‌نگال که زۆرترین ڕه‌شه‌کوژیی تێدا ئه‌نجامدرا، یه‌كێکه له رزگاربووانی ده‌ستی داعش و به‌چاوی خۆی ئه‌و مه‌رگه‌ساتانه‌ی بینیوه، به‌که‌نیزه کراوه، وه‌ک کۆیله‌ی سێکس مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا کراوه، که‌سوکاری به‌ده‌ستی دڕنده‌کانی داعش شه‌هیدکراون، به هه‌رجۆرێک بووه له‌گه‌ڵ هه‌ندێک کچی تردا و به رێگه‌یه‌کی مه‌ترسیدار و سه‌رکێشیکردن هه‌ڵاتوه و ئیستا له ئه‌ڵمانیا ده‌ژی، سه‌ربورده‌ی دڵته‌زێن و سه‌رنجڕاکێشی خۆی کردۆته کتێبێک، که به هاوکاریی خانمه ڕۆژنامه‌نوسی ئه‌ڵمانی که نوسه‌ر و پرۆڤیسۆری بواری رۆژنامه‌گه‌رییه (Andrea C. Hoffmann) به ناوی چیرۆکی فه‌ریده، ئه‌و کچه‌ی به‌سه‌ر داعشدا سه‌رکه‌وت (Farida Khalaf, Das Mädchen, das den IS besiegte) ساڵی ٢٠١٦ و به‌زمانی ئه‌ڵمانی و قه‌باره‌ی ٢٥٣ لاپه‌ڕه بڵاوکراوه‌ته‌وه. چیرۆکێکی زۆر کاریگه‌ر، هه‌ستهه‌ژێن، تاسێنه‌ره، ده‌کرێت چه‌ندان بابه‌تی رۆمان و فیلمی لێ هه‌ڵبهێنجێنرێت. به خوێندنه‌وه‌ی و ته‌واوکردنی لێت نابێته‌وه، به‌ڵکو ڕووداوه‌کانی نێوی به ماوه‌یه‌کی درێژ و رۆژانه له خه‌یاڵدان و نه‌ستتدا دێن و ده‌چن و له‌گه‌ڵت ده‌ژین. دڕنده‌یی بێوێنه و بێسنوری داعش و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن و فڕوفێڵی پیاوان ئاینی و به‌کۆیله‌کردنی مرۆڤ له‌م سه‌ده‌ی ته‌کنه‌لۆژیا و پێشکه‌وتووه‌دا ده‌بینین.
شاره‌دێی کۆچۆ
کات مانگی ته‌موزی ساڵی ٢٠١٤ یه شاره‌دێی کۆچۆ که گوندێكی جوانە، دەكەوێتە باكوری قەزای شەنگال بەدووری ٢٣ کم سەر بە شارۆچكەی قەیرەوان “بلیج”ە. هەروەك دەكەوێتە رۆژئاوای پارێزگای موسڵ بەدووری ١٢٠ کم، نزیکه‌ی ١٧٠٠ که‌س دانیشتوانی بووه، زۆرینه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی خاوه‌نی ئاینی ئێزیدین، که‌مینه‌یه‌کیش کورد و عه‌ره‌بی سونه بوونه. خه‌ڵکه‌که مه‌شخوڵی کاری رۆژانه و ئاسایی خۆیانن، زۆربه‌یان به ڕه‌زداری و کشتوکاڵ داهاتی ژیانیان دابین ده‌که‌ن، باوکی فه‌ریده پاسه‌وانی سنوره، چوار کوڕ و کچێکی هه‌یه که فه‌ریده‌یه، ئه‌م خوێندکاری پێنجه‌می ئاماده‌یی بووه له گوندی خۆیان و به‌تایبه‌ت له وانه‌ی بیرکارییدا زۆر زیره‌ک و به‌هره‌مه‌نده، ئاواتی ئه‌وه‌یه ببێته مامۆستای بیرکاری له داهاتوودا، ئه‌م که نه‌خۆشی په‌رکه‌م (فێ)ی له‌گه‌ڵدایه، له‌گه‌ڵ چه‌ند کچێکی هاوڕێ و هاوپۆلیدا سه‌رقاڵی کۆششکردن و خۆ ئاماده‌کردنن بۆ ساڵی خوێندنی داهاتوو که ده‌چنه پۆلی شه‌شه‌می ئاماده‌یی. باخی میوه‌ی وه‌ک هه‌نجیر، هه‌نار، قه‌یسی، تو و سه‌وزه‌کانیان هه‌یه، ژیانێکی ساکار و خاکیانه ده‌ژین. براکانی یه‌کێکیان له‌م گه‌وره‌تره، ئه‌وانی تر مناڵترن له‌م. دایکێکی میهره‌بان و دڵسۆزیان هه‌یه.
فه‌ریده ده‌ڵێت باپیرم وای ده‌یگێڕایه‌وه (مێژووی ئێمه‌ی ئێزدی مێژووی ئازار و چه‌وساندنه‌وه و ڕه‌شه‌کوژییه به‌سه‌رماندا، هه‌موویان سه‌کوتیان کردوین، کورده مسوڵمانه‌کان، شاکانی ئێران و سوڵتانه‌کانی عوسمانیش، به جۆرێک تا ئێستا ٧٢ جار کۆمه‌ڵکوژ کراوین، جاره‌های له‌ژماره نه‌هاتوو کچ و ژنه‌کانیان ڕفاندوین و به که‌نیزه‌ک کراون، له‌سه‌ر ماڵوحاڵی خۆمان ده‌ریانکردوین و تاڵان کراوین، یان به هێزی شمشێر ناچارکراوین، ئاینی خۆمان بگۆڕین، پێمان ده‌ڵێن شه‌یتانپه‌رسته‌کان. . . هتد).
بۆ ڕێز له شه‌یتان و خۆر ده‌گرن و پیرۆزه لایان؟
سه‌باره‌ت به بیروباوه‌ڕیان له زمانی باپیرییه‌وه ده‌یگێڕێته‌وه: خودا ویستی مه‌لائیکه‌کانی خۆی تاقیبکاته‌وه، بزانێت کامیان به‌ڕاستی ئه‌ویان خۆش ده‌وێت و بۆ هیچ بونه‌وه‌رێکی تر جگه له زاتی خۆی کڕنوش نابه‌ن، بۆیه کاتێک ئاده‌می دروستکرد، داوای لێکردن که کڕنوشی بۆ ببه‌ن، له نێویاندا ته‌نها مه‌له‌ک تاوس ئاماده نه‌بوو کڕنوشی بۆ ببات، چونکه ئه‌و گوتی کڕنوشبردن ته‌نها بۆ خودایه، واته ئه‌م له تاقیکردنه‌وه‌که ده‌رچوو له نێو هه‌موویاندا. هه‌ر بۆیه خودا زۆر خۆشحاڵ بوو پێی). ئه‌مانیش له‌و هه‌ڵوێسته‌وه زۆر ڕێزی لێده‌گرن. به‌ڵام ته‌نها خودا ده‌په‌رستن. خۆریش که هه‌موو رۆژیک رووی تێده‌که‌ن له کاتی نزاکانیاندا، لای ئه‌مان نیشانه‌ی ڕۆشنایی ژیان، پیرۆزی، سه‌رچاوه‌ی ژیانه، بۆیه هێمای پیرۆزییه لایان نه‌ک بیپه‌رستن.
به‌جێهێشتنی ئێزدییه‌کان بۆ چاره‌نوسی ڕه‌ش
له کۆتایی ته‌موزدا داعش به‌شێوه‌یه‌کی خێرا و نائاسایی ده‌ستده‌گرن به سه‌ر ناوچه‌جیاجاکانی باکور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا و موسڵ و ده‌وروبه‌ری، وه‌ک ده‌رده‌که‌وێت جیهادییه‌کان له سعودییه، قه‌ته‌ر و تورکیاوه کۆمه‌ک و چه‌ک وه‌رده‌گرن، تا سوننه به‌هێز بکه‌ن. که کۆنترۆڵی هه‌ر شوێنێک ده‌که‌ن سه‌رجه‌م که‌مه ئاینییه‌کانی وه‌ک دییان، ئێزدی و ته‌نانه‌ت شیعه‌کانیش کوشت‌وبڕ ده‌که‌ن، ترس و سامێکی زۆر ده‌خه‌نه دڵی ناوچه‌که‌وه، دڕنده‌یی و بێبه‌زه‌یی ئه‌وان ده‌نگ ده‌داته‌وه. له ١ی ئابی ٢٠١٤ دا هێزه شومه‌که‌ی داعش په‌لاماری سه‌ربازگه‌یه‌کی نزیک زومار ده‌ده‌ن و کۆنترۆڵی ده‌که‌ن. ئیتر هه‌نگاو به هه‌نگاو له ناوچه‌که‌ی ئه‌مان و ده‌شتی موسڵ نزیکتر ده‌بنه‌وه. هه‌رچه‌نده هێزی پێشمه‌رگه که باره‌گایه‌کیان له شاره‌دێکه‌ی ئه‌مان هه‌یه و هه‌ندێک سه‌ربازگه‌ی سوپای عێراقیش له‌ناوچه‌که هه‌ن، که ئه‌مان به پشتوپه‌نای خۆیانیان ده‌زانن. به‌ڵام له‌و ڕۆژانه‌دا ده‌بینن که هێزه‌کانی سوپای عێراق و هێزه‌که‌ی پێشمه‌رگه‌ش که سه‌ربه پارتی ده‌بن پێش گه‌یشتنی داعش پاشه‌کشه ده‌که‌ن و وه‌ک باوکی ده‌ڵێت، پێشمه‌رگه ئێمه‌یان بۆ داعش به‌جێ هێشت و به‌گورگان خواردویان داین! به‌مه زۆر په‌ست و ناڕه‌حه‌ت ده‌بن و ترس و دڵه‌ڕاوکێیه‌کی زۆر گونده‌کانی ئه‌مان و ده‌وربه‌ر ده‌گرێته‌وه. ناچار ته‌نها رێگه بڕیار ده‌ده‌ن خۆیان به‌رگری له خۆیان بکه‌ن، ئه‌مان که سێ تفه‌نگیان هه‌بووه به نۆره ده‌چنه سه‌ربان و پاسه‌وانی ده‌که‌ن، ئه‌م پێشتر باوکی فێری چه‌ک به‌کارهێنانی کردوه.
کاره‌سات
داعش ورده ورده نزیک ده‌بێته‌وه هێرشی به‌ربه‌ریانه‌ی ئه‌وان به‌رفراوان ده‌بێت بێ هیچ به‌رگریه‌کی دیاری سوپای عێراق و پێشمه‌رگه. مرۆڤ گریانی دێت. ناوچه‌که شڵه‌ژاوه، هه‌رکه‌س هه‌وڵ ده‌دات سه‌ری خۆی ڕزگار بکات. پورێکی فه‌ریده که له گوندێکی تره‌وه هه‌ڵاتوه دێت بۆ لایان، به‌گریانه‌وه باسی ڕووداوه‌کانی موسڵ و ده‌وروبه‌ریی و تاڵان و بڕۆ و کوشت و بڕی مه‌سیحییه‌کانی ئه‌وێیان بۆ ده‌کات، ده‌ڵێت ده‌ست له پیاو و ژن و مناڵ‌یش ناپارێزن و ده‌بێت خۆتان رزگار بکه‌ن. هه‌ندێک که ئۆتۆمبیلیان هه‌یه هه‌ڵدێن و ڕوو له چیای شه‌نگال ده‌که‌ن، هه‌یانه سه‌رگه‌ردان و لامسه‌لایی مل ده‌نێن، زۆربه‌ش بڕیار ده‌ده‌ن بمێننه‌وه، یان ڕاستر بڵێین، هیچ چاره‌یه‌کی باشتر شک نابه‌ن، چونکه لایان وایه که شاخی شه‌نگال به‌م چله‌ی هاوینه که زۆر بێ په‌نا و بێ دره‌خت و گه‌رم و ڕووته‌نه، له برسێتی و تێنوێتیدا ده‌خنکێن. دۆخێکی وه‌ک ئه‌نفاله‌کان دێته ئاراوه. که‌س ناپه‌رژێته سه‌ر که‌س.
سه‌لام ناوێک که عه‌ره‌بێکی سوننه‌یه و کوێخای گونده‌که‌یانه، دێته ناویانه‌وه و ده‌ڵێت: پێویست به ترس و هه‌ڵاتن ناکات، من له‌گه‌ڵ داعشه‌کاندا دانیشتووم و ئه‌وان ده‌ڵێن هیچتان لێ ناکه‌ن و پارێزراو ده‌بن. کاتێک ده‌پرسن: ئایا گره‌نتی هه‌یه، ده‌ڵێت: من به‌ڵێنم لێ وه‌رگرتون، هیچ له کۆچۆ نه‌که‌ن. هه‌ندێک باوه‌ڕی پێ ناکه‌ن، به‌ڵام زۆرینه سارد ده‌بنه‌وه له هه‌ڵاتن هه‌رچه‌نده گومانیان هه‌یه. دوای چه‌ند رۆژێکی تر جارێکی تر سه‌لام کۆیان ده‌کاته‌وه و ده‌ڵێت: ئێمه رێکه‌وتنمان له‌گه‌لیاندا کردوه، که ئاشتی بکه‌ن و پارێزراو بین، به‌و مه‌رجه‌ی ده‌بێت، هه‌موو چه‌که‌کانی لامانه ڕاده‌ستی ئه‌وان بکه‌ین! به‌م فڕوفێڵه هه‌موو ناچار ده‌بن چه‌که‌کانیان ڕاده‌ست بکه‌ن تا گیان و ماڵیان پارێزراو بێت. سه‌یر ئه‌وه‌یه سه‌لام خۆی و چه‌ند که‌سێک به ئۆتۆمبیلێکه‌وه ده‌سوڕێته‌وه و چه‌که‌کان کۆ ده‌کاته‌وه! باوکی فه‌ریده‌ش به ناچاریی هه‌ر سێ کڵاشینکۆفه‌که ڕاده‌ست ده‌کات، هه‌رچه‌ند دایکی گومان ده‌بات و ده‌ڵێت، ئێ خۆ هیچ گره‌نتییه‌ک نییه!
هێڕشه‌کان نزیک ده‌بنه‌وه، له‌و ڕۆژانه‌دا داعش ده‌ست به‌سه‌ر شاری مه‌خموریشدا ده‌گرێت، که نزیکی هه‌ولێره. ئیتر ئه‌مان ئه‌وه‌نده‌ی تر نا‌ئومێد ده‌بن، چونکه هیوایه‌کیان هه‌بوو پێشمه‌رگه داکۆکیان لێ بکات. دوای چه‌ند رۆژێکی تر چه‌کداره‌کانی داعش به چه‌کوچۆڵه‌وه به چه‌ند پیکابێک ڕوو ده‌که‌نه گونده‌که، سه‌یر ئه‌وه‌یه سه‌لامی کوێخاش به‌رگی ڕه‌شی وه‌ک ئه‌وانی پۆشیوه و له دوای پیکابه‌وه له‌گه‌ڵیاندایه. ئیتر سه‌لام به تۆنێکی تری ده‌نگ و وه‌ک بانگخوازێکی داعشه‌کان و به ئاشکرا و ده‌نگی به‌رز هاوار ده‌کات: هاتوین بۆ لاتان پێتان رابگه‌یه‌نین، که بێن خواکه‌ی ئێمه بپه‌رستن و ببنه ئیسلام، ئێوه شه‌یتانپه‌رستن و ده‌بێت واز بهێنن له ئاینی خۆتان، گه‌ر ده‌تانه‌وێت گیانی خۆتان ڕزگار بکه‌ن! ئێمه سێ رۆژتان ده‌ده‌ینێ بیربکه‌نه‌وه و بڕیاری خۆتان بده‌ن، ئه‌گینا خۆتان به‌رپرسن چیتان به‌سه‌ردێنین!
دواتر ده‌بیستنه‌وه، که داعشه‌کان هه‌مان داوایان له گوندی هاوسێی ئه‌مان به ناوی حاته‌مییه کردوه، به‌ڵام زۆربه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی ئه‌وێ دوای داوا و هه‌ڕه‌شه‌که‌ی ئه‌وان هه‌ڵاتون. ئیتر قسه‌وباس و نیگه‌رانییه‌کان ده‌گه‌نه ڕاده‌یه‌ک ته‌نها باس ئه‌وه‌یه چی بکه‌ن و چۆن بڕیار بده‌ن؟ باوکی ئه‌مان ده‌ڵێت: ئێمه گه‌لێکین خوا به ئێزدی دروستی کردوین، ئێمه خوای خۆمان ده‌په‌رستین و رێز له مه‌له‌ک تاوسی خۆمان ده‌نێین، مردن خۆشتره له‌وه‌ی ناپاکی له ئاینی خۆمان بکه‌ن، مناڵان گوێ‌بگرن، ئاین له هه‌موو شت بۆ ئێمه گرنگتره. بیرتان نه‌چێت ئاینی ئێمه فه‌رمانی پێکردوین، که ره‌وشتمان باش بێت، ڕێز له گه‌وران بگرین، ئێره‌یی و کاری به‌د واز لێ‌بێنین، هه‌رگیز دوای تۆڵه‌کرنه‌وه‌ش مه‌که‌ون. . فه‌ریده ده‌ڵێت، دوای ئامۆژگارییه‌که‌ی باوکم، هه‌موو ڕوومانکرده خۆر و ده‌ستمان به‌رزکرده‌وه و نزامان کرد. دواتر ئێمه ڕاوێژ‌مان له‌گه‌ڵ یه‌ککرد، ته‌واوی خه‌ڵکی گوند بڕیارماندا، که ئاینی بابوباپیری خۆمان نه‌گۆڕین.
دواتر به‌رپرسێکی باڵای داعش دێت و ده‌ڵێت: بڕیاری چیتان داوه؟
نوێنه‌ری خه‌ڵکی گوند: ده‌توانین داوایی به‌زه‌یی و بوردن بکه‌ین؟
به‌رپرس: ئه‌وه خه‌لیفه بڕیار ده‌دات
نوێنه‌ر: له قورئاندا هاتوه که (زۆرکردن له ئایندا نییه)
به‌پرس: ئێمه خۆمان باشتر له ئاینه‌که‌مان ده‌گه‌ین زیاتر له ئێوه.
چونکه خه‌ڵکی گوندی حاته‌مییه هه‌ڵاتبوون له سێڕۆژهکهدا، داعش به ده‌یان ئۆتۆمبیلی زرێپۆش گه‌مارۆی کۆچۆ ده‌دات، تا هه‌ڵنه‌یه‌ن. به جۆرێک که‌س بواری ده‌رچوونی نابێت.
له‌م رۆژانه‌دا هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان ده‌ست ده‌که‌ن به بۆردومانی ئاسمانیی دژ به هێزه‌کانی داعش، به‌ڵام تازه دره‌نگه بۆ ڕزگارکردنی خه‌ڵکه‌که‌ی ئه‌وێ. هه‌رچه‌نده فه‌ریده ده‌ڵێت: هێزه‌کانی پارتی کرێکاران هه‌وڵی به‌هاناوه‌چوونی خه‌ڵکی هه‌ڵاتوویان ده‌دا. به‌ڵام ده‌تگوت، ته‌واوی جیهان ١٧٠٠ که‌سی خه‌ڵکی کۆچۆ یان فه‌رامۆش کردوه!
ڕوتاندنه‌وه و کۆمه‌ڵکوژیی
فه‌ریده ده‌ڵێت: دراماکه له ١٥ی ئابی ٢٠١٤دا روویدا، که هه‌رگیز ناتوانم فه‌رامۆشی بکه‌م. دیاره له سه‌ربان ده‌خه‌وتن، ده‌ڵێت: به‌یانی ئه‌و ڕۆژه خۆمان بۆ خواردنی به‌یانی ئاماده ده‌کرد له‌سه‌ربان، نزای به‌یانیشمان ده‌کرد. دیقه‌تم دا که سیانزه ئۆتۆمبیلی زرێپۆشی پیکابی پڕ له چه‌کداره‌وه به‌ره‌و گوند هاتن، تاسام و هاواری باوکم کرد: هاتن، هاتن، هاتن ئه‌وان تا بمانکوژن! دایکم ده‌ستی براکه‌می گرت و زۆر په‌شۆکا. باوکم گوتی: به‌ڵێ داعشه‌کانن، هاتن سه‌روماڵمان ببه‌ن، وه‌ک به‌سه‌ر مه‌سیحییه‌کانی موسڵیاندا هێنان. ئیتر بانگه‌وازیان کرد که له سه‌عات دوانزه‌ی نیوه‌ڕۆ سه‌رجه‌م خه‌ڵک له خوێندنگه‌ی گونده‌که کۆببینه‌وه، هاوکات ڕایانگه‌یاند: هه‌رچییه‌کتان هه‌یه، له پاره، زێڕ و زیو، مۆبایل و پاسپۆرت و کارتی بانک و به‌ڵگه‌نامه‌ش بیهێنن! باوکم که ئه‌مه‌ی گوێ لێ‌بوو گوتی: ئه‌ها نه‌مگوت، ئه‌وان چه‌ته‌ن، ڕێگرن، دزن، عه‌ره‌به‌کانی ئه‌م ده‌وروبه‌ره‌ش هاوکاریانن! پاشتر روویکرده ئێمه و گوتی: گوێ‌بگرن، وه‌ک فێرم کردون، ئاین گرنگترین شته له ژیاندا. بیرتان نه‌چێت!
هه‌موو پاره و زێڕیان کۆکرده‌وه و چوون بۆ باڵه‌خانه‌ی خوێندگه‌که، که له دوو قات پێکهاتبوو. ئه‌وان مێزێکی گه‌وره‌یان دانابوو، ده‌بوو هه‌موو شته گرانبه‌هاکانمان له‌سه‌ر دابنایه. پیاوانیان له ژێره‌وه کۆکرده‌وه، ژنان و کچان و مناڵانیان نارده قاتی سه‌ره‌وه. دوا دیمه‌نی باوکم که بینیم به خه‌مباری نیگایه‌کی کردم، ده‌ستی له ده‌ستی هه‌ردوو براکه‌م دیلان و سه‌رحه‌ددا بوو. ئه‌و نیگایه‌م بۆ هه‌میشه له یاده. داعشه‌کان زۆر و به چه‌که‌وه بوون، سه‌ره‌تا له خواره‌وه، یه‌که‌مجار به عه‌ره‌بی و دواتر به کوردی، پرسیاریان کرد، ئایا بڕیارتان چییه؟ هیچ که‌س وڵام ناداته‌وه، دواتر دێنه سه‌ره‌وه و هه‌مان پرسیار له مناڵان و ژنانیش ده‌که‌ن، نوێنه‌ری ئه‌نجومه‌ن به‌ناوی هه‌مووان وڵامی دانه‌وه: ئێمه به پێچه‌وانه‌وه بڕیارمان داوه، که ئاینی خۆمان نه‌گۆڕین. داعشه‌کان ده‌ڵێت: کێ بێته سه‌ر ئیسلام، ده‌توانێت مناڵی خۆی هه‌ڵگرێ و بڕوات و ئازاد بێت. ئه‌وانی تر بمێننه‌وه، هه‌ر که‌س هه‌ڵبێت ده‌یکوژین! دیاره ژنانیش هه‌مان و‌ڵامیان دانه‌وه. ئه‌وه‌نده‌ی پێ نه‌چوو که چه‌ند لۆرییه‌کی زلیان هێنا، پڕیان کردن له پیاو و گه‌نجه‌کان و بر‌دیانن، به دووری کیلۆمه‌ترێک گوێمان له ده‌نگی ته‌قه‌ی زۆر بوو، له‌گه‌ڵ هه‌ورێکی ته‌پوتۆزدا، دڵمان ترسا و تاساین، توشی حاڵه‌تی هیستیری بووین، چه‌کداره‌کانی لای ئێمه پێده‌که‌نین پێمان، کاتێ پرسیارمان کرد، گوتیان: پیاوه‌کانی ئێوه سه‌گن، ده‌بێت بکوژرێن! ژنان که‌وتنه هاوار و قیژاندن، به چه‌پۆک له خۆیان ده‌دا، رۆژی حه‌شر بوو. من توشی شۆک بووم، دایکم گوتی: ئه‌مه له چاره‌مان نوسراوه که بمانکوژن، فه‌ریده ده‌سته‌ڵاتمان نییه!
جیاکردنه‌وه‌ی کچه‌کان
فه‌ریده و کچانی تری هاوته‌مه‌نی له نێوان ١٢ تا ٢٥ و به‌سه‌ره‌وه‌ش له دایک و مناڵه‌کان جیا ده‌کرێنه‌وه و به‌زۆر سواری پاسیان ده‌که‌ن. ئه‌و ده‌ڵێت: پێشتر له هه‌واڵه‌کاندا گوێم لێ ببوو، که کچانی ئێزدی ده‌ڕفێنن و ده‌یانده‌ن به چه‌کداره‌کانیان. بۆیه چاوه‌ڕێی هه‌مان چاره‌نوسم بۆ خۆمان ده‌کرد. ئێمه‌یان برد به‌ره‌و موسڵ، دیمان ژماره‌یه‌کی زۆرتر له کچان کۆکراونه‌ته‌وه که وه‌ک ئێمه ئێزدین و خه‌ڵکی ناوچه‌ی شه‌نگالن. ئه‌م کاتێک له چه‌کدارێکیان ده‌پرسێت چیمان لێ ده‌که‌ن و بۆ لێمان ناگه‌ڕین، پێی ده‌ڵێت: ئێوه ده‌بنه هی ئێمه، که‌سوکارتان کوژران! کچی ده ساڵه‌شمان بینی تێماندا، پێشتر بیستبووم که یه‌کێک له ژنه‌کانی په‌یامبه‌ر موحه‌مه‌د نۆساڵ بووه. ده دوانزه ساڵه‌کان تاسا بوون، نه‌یانده‌زانی چی بکه‌ن و تێناگه‌یشتن چی ڕوویداوه! له‌و شوێنه‌وه گوێیان له ده‌نگی به‌رزی ته‌له‌فزیۆنی حکومه‌تی عێراق ده‌بێت، که له هه‌واڵه‌کاندا ده‌ڵێت، سه‌دان هاوڵاتی خه‌ڵکی کۆچۆ له لایه‌ن داعشه‌وه ده‌ستڕێژیان لێکراوه و کۆمه‌ڵکوژ کراون! ئه‌مان به گریانه‌وه ده‌که‌ونه پرسیار له چه‌کداره ڕه‌شپۆشه‌کان، دواجار راست و ره‌وان پییان ده‌ڵێن، که به‌ڵێ که‌سوکارتانمان کوشتوه، ئێوه له‌مڕۆوه ده‌ستکه‌وتی جه‌نگ و جیهادن بۆ ئێمه و ده‌بنه ژنی ئێمه، ئه‌وه مافی ئێمه‌یه و ئێوه هیچ مافی ره‌تکردنه‌وه‌تان نییه! ئه‌م که هه‌ر له خه‌یاڵی باوک و دایک و براکانیدا ده‌بێت، نیگه‌ران و دڵ‌پڕ و خه‌مگین خه‌و و خۆراکی نامێنێت.
دواتر ده‌سته ده‌سته پیاوی داعش دێن و وه‌ک هه‌ڵبژاردنی ئاژه‌ڵ سه‌یریان ده‌که‌ن و هه‌ر یه‌که و یه‌ک یان دوان بۆ خۆیان ده‌به‌ن! سه‌ریان هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه، چونه ڕووبه‌ندیان پێ کردبوون، جوانه‌کانیان هه‌ڵده‌بژێرن، ده‌ڵێن، ئێوه به پێی بڕیاری خه‌لیفه، بوکی ئێمه‌ن!! ئێوه شه‌یتانپه‌رستن وشایه‌نی کوشتنن، به‌پێی یاسای جه‌نگی ئێمه، ئێوه کۆیله و که‌نیزه‌کمانن! ئێوه گه‌ر ببنه ئیسلام ده‌توانن شو به یه‌کێکمان بکه‌ن و ببنه ژنی ئه‌و، گه‌رنا وه‌ک کۆیله له بازاڕدا ده‌تانفرۆشین! به‌م جۆره ژماره‌یه‌کی زۆر له هۆڵێکدا کۆده‌که‌نه‌وه و پێیان ده‌ڵێن که شایه‌تمان له دوایانه‌وه بڵێنه‌وه، تا موسوڵمان ببن، کاتێک ئیمامه‌که شادومان ده‌ڵێته‌وه به‌ده‌نگی به‌رز، هیچ یه‌ک له کچه‌کان به‌دوایدا نایڵێته‌وه، به‌مه ئه‌وان ده‌هری ده‌بن. ته‌نانه‌ت ئاماده نابن به تاکتیک و بۆ پاراستنی ئابڕو و ژیانی خۆشیان بیڵێنه‌وه. پێیان ده‌ڵێن ده‌تانه‌وێت موسوڵمان بکه‌ن و بمانکه‌ن به ژنی بکوژانی برا و باوکانمان؟
به‌ره‌و بازاڕی کۆیله‌کان
دواتر هه‌موویان به دوو پاس به‌ڕێده‌خه‌ن. به سه‌فه‌رێکی درێژ ده‌یانبه‌ن، که ئه‌مان نازانن به‌ره‌و کوێیه. له سنوری سوریه ده‌په‌ڕنه‌وه و ده‌ڕۆن به‌ره‌و ده‌شتاییه‌کانی سوریا تا ده‌گه‌نه پایته‌ختی خه‌لافه‌تی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیی، واته شاری ڕه‌قه! هه‌موویان ده‌به‌نه هۆڵێکی گه‌وره‌وه که هه‌شتا کچی ئێزیدی ده‌بن، وه‌ک ده‌رده‌که‌وێت ئه‌وێ بازاڕی فرۆشتنی کچه به‌دیلگیراوه‌کانه به شه‌ڕکه‌رانی خۆیان، که بیکڕن و بێ هیچ ماره‌یی و نیکاحێک سێکسیان له‌گه‌ڵدا بکه‌ن، چونکه حسابی کۆیله‌یان بۆ ده‌کرێت به پێی یاسای خۆیان و به فه‌توای خه‌لیفه‌که‌یان! به قژی درێژ و ڕیش و به‌رگی ڕه‌شپۆشیاندا ده‌زانن که سه‌رجه‌م کڕیاره‌کان له چه‌کدار و ئه‌ندامانی داعشن، که له هی وڵاتانی عه‌ره‌بی وه‌ک فه‌له‌ستینی، تونسی، مه‌غریبی و هی تری ئیسلامی پێکهاتوون. ده‌زانرێت که ده‌یانی تر له رۆژانی تردا لێره فرۆشراون. هه‌ندێکیان زیاتر له یه‌ک کچیان ده‌کڕی، یان بۆ دیاری ده‌یکڕین، تا بماندا به که‌سێکی تر! ئیتر ڕیزیان ده‌که‌ن و پۆل پۆل کڕیاره ریشنه‌کان دێن، فه‌رمان ده‌که‌ن په‌چه‌کانیان لابده‌ن، تا ڕوویان ببینن و جوانترینیان هه‌ڵبژێرن و بکڕن. ده‌ڵێت: سه‌یری ده‌موچاو و ده‌ست و قاچیان ده‌کردین و مامه‌ڵه‌یان ده‌کردین له‌سه‌ر ئه‌و نرخه‌ی له‌سه‌رمان دیاریکرابوو. ده‌یانپرسی که ئایا به دڵنیاییه‌وه ئێمه هێشتا کچین و شومان نه‌کردوه؟ ئایا هه‌موو عه‌ره‌بی ده‌زانن؟؟ ده‌ستیان به چه‌ناگه و لێو و سه‌رماندا ده‌هێنا، سه‌یری ده‌م و دانه‌کانیان ده‌کردین، وه‌ک ئه‌وه‌ی له مه‌یدانی ئاژه‌ڵاندا بن و که‌ر و مانگا بکڕن! له‌و کاته‌دا له شه‌رم و خه‌م و دڵه‌ڕاوکێدا (فێ)که‌م بۆ هات و بورامه‌وه.
دۆزه‌خی سور
ئه‌و رۆژه نزیکه‌ی ٥٠ کچ له‌وانه‌ی کۆچۆ فرۆشران. سه‌یر ئه‌وه بوو ئه‌مان به فێڵ و بێ هیچ شه‌رێک ده‌سگیرکرابوون، که‌چی وه‌ک ده‌سکه‌وتی جه‌نگ حسابکراون! ده‌یانگوت: مادام ئێوه موسوڵمان نین، ئێوه به‌شه‌ر نین، بۆیه هیچ مافێکتان نییه. ده‌مانگوت: ئێمه ده‌سگیراندارین و خاوه‌ن مێردین، که‌چی ده‌یانگوت ئه‌وان کوژراون و ئێوه هی ئێمه‌ن. ئه‌م که نه‌خۆشیی په‌رکه‌می هه‌یه، هه‌میشه له‌گه‌ڵ کچێکی هاوڕێی که ناوی ئه‌ڤینه و خه‌ڵکی کۆچوه پێکه‌وه ده‌بن. که‌سێک له‌وێ په‌یدا ده‌بێت هاوخه‌میان ده‌بێت، ئه‌مان لێی ده‌پاڕێنه‌وه که ئه‌و بیانکڕێت، به‌ڵام ده‌ڵێت ناتوانم. فه‌ریده ده‌ڵێت: هه‌میشه به هه‌مان به‌رگی خۆمان و خۆشمان ناشت، تا ناشرین و پیس و پۆخڵ دیاربین و نه‌فرۆشرێین. من چونکه ده‌رمانه‌کانم پێ نه‌بوو جاروبار فێ که‌م بۆ ده‌هات. پێشیان ده‌گوتین، هه‌ر که‌س هه‌وڵی هه‌ڵاتن بدات، یه‌کسه‌ر ته‌قه‌ی لێ ده‌که‌ین! بۆ یه‌که‌م جار ئه‌ڤین هه‌وڵی هه‌ڵاتنیاندا، سه‌رکه‌وتو نابن. کڕیاری سوری، عێراقی و سعودیه ده‌هاتن، رۆژانه لێمان ده‌كڕدرا. جوێنی ناشرینی، وه‌ک قه‌حبه، سۆزانی، پیس، بۆگه‌ن. . . هتد یان پێ ده‌ده‌ن. کاتێک پیاوێکی لیبی به‌ناوی ئه‌بو ئه‌فرام ئه‌ڤینی هاورێی ئه‌م ده‌کڕێت، ئه‌ڤین لێی ده‌پاڕێته‌وه که فه‌ریده خوشکی ئه‌وه و چونکه نه‌خۆشه، ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌ودا بێت، بۆیه تکای لێ ده‌کات ئه‌ویش بکڕێت. لیبییه‌که و هاورێیه‌کی عێراقی به‌ناوی ئه‌لیاس ئه‌مان ده‌به‌ن، فه‌ریده ده‌ڵێت حه‌زم ده‌کرد بزانم نرخمان چه‌نده، پێیان نه‌ده‌گوتین. دواتر دیار بوو چه‌ند سه‌د دۆلارێک بوو!
دواتر ئه‌م داعشه ماوه‌یه‌ک لای ده‌بێت و ده‌یفرۆشێته هی تر و . . . هتد. چه‌ند جارێک هه‌وڵی خۆکوشتن ده‌ده‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌ڤیندا، یان به ته‌نها، هه‌روه‌ها چه‌ند جارێک هه‌وڵی هه‌ڵاتنیش ده‌ده‌ن سه‌رکه‌وتوو نابن. ئه‌وه‌ی سه‌یره ئه‌م داعشانه، یه‌کێکیشیان ئه‌میره، یه‌ک به‌دوای یه‌کدا ده‌بنه خاوه‌نی ئه‌م کچانه، که وه‌ک ژنی خۆیان هه‌ڵسوکه‌وتی له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن، بێ هیچ نیکاح و ماره‌کردنێکی شه‌رعیش!! هه‌ق به‌خۆیان ده‌ده‌ن، که لێیان بده‌ن، بیانچه‌وسێننه‌وه، زیندانییان بکه‌ن! فه‌ریده جارێکیان ده‌ماری ده‌ستی ده‌بڕێت، خوێنێکی زۆری له‌به‌ر ده‌ڕوات تا له هۆش خۆی ده‌چێت، جارێکی تر خۆی به گوریسێک هه‌ڵده‌واسێت، پێش مردنی فریای ده‌که‌ون! مرۆڤ که هه‌ڵسوکه‌وت و ره‌فتاری ئه‌وانه ده‌خوێنێته‌وه، قێز له ئیسلامی سیاسی ده‌کاته‌وه، قێز له جیهادییه‌کان و دروشمه‌کانیان ده‌کاته‌وه. دواتر که‌سێک به ناوی ئه‌بو ئارام ده‌یانکڕێت ده‌یانبات به‌ره‌و شاری دێزه‌زور له ماڵێکدا زیندانیان ده‌کات، ته‌نها بۆ سێکس کردن دێته‌وه لایان!
فه‌ریده ده‌ڵێت، کاتێک یه‌که‌مجار و به‌زۆر ده‌سدرێژیم کرایه سه‌ر، قێزم له‌خۆم ده‌کرده‌وه، بیرم ده‌کرده‌وه گه‌ر باوک و براکانم پێم بزانن چی ده‌که‌ن! له‌گه‌ل ئه‌ڤیندا شه‌رممان له‌یه‌ک ده‌کرد سه‌یری چاوی یه‌کتر بکه‌ین. هه‌وڵم ده‌دا هه‌میشه ناشرین و چڵکن ده‌ربکه‌وم تا زوو ته‌ماعم تێنه‌که‌ن. دواتر له‌گه‌ڵ ئه‌ڤیندا لێکیان جیا ده‌که‌نه‌وه. هه‌وڵی هه‌ڵاتنی تر ده‌دات، هه‌موو جار به قامچی و دار ئه‌شکه‌نجه ده‌درێت تا ڕاده‌ی بێهۆش بوون. کورت و پوخت ده‌ڵێت ئێمه وه‌ک ئاژه‌ڵ سه‌یر ده‌کراین لایان!
دوای زیندانییه‌کی زۆر ئه‌میرێک ده‌ینێرێت بۆ که‌مپی سه‌ربازیی له‌و ناوچه‌یه، له‌وێ ده‌بینێ چه‌ندان کچی کۆیله‌ی تری وه‌ک ئه‌می لێێه و خه‌ریکی پاککردنه‌وه‌ی کابینه‌کانن که شه‌ڕکه‌ره جیهادییه‌کان تێیدا ده‌خه‌ون، له‌وێ به رێکه‌وت جارێکی تر ئه‌ڤینی هاورێی ده‌دۆزێته‌وه، زۆر خۆشحاڵ ده‌بێت. ئه‌ما هه‌ر کچه و ماڵی یه‌ک له‌و شه‌ڕکه‌رانه‌ی داعشن، بێ فه‌رمانی ئه‌وان ناتوانن هیچ بکه‌ن. له جێگایه‌ک خاوه‌نه‌که‌ی زۆر بێزاری ده‌کات فه‌ریده ده‌ست ده‌داته تفه‌نگێکی له‌وێ دانراوه و میلی لێ ده‌هێنێته‌وه، چه‌ند که‌سێکی تر دێن و چه‌که‌که‌ی لێ ده‌ستێنن.
هه‌فتانه دوو جار به زۆر وانه‌ی ئاینی ئیسلامیان پێ ده‌ڵێنه‌وه، به زۆر ئایه‌ته‌کانیان پێ له‌به‌رده‌که‌ن و ده‌بێت به‌شداری نوێژ بکه‌ن! ده‌لێت کاتێک ده‌مانگوت: له قورئاندا هاتوه، که زۆرکردن له ئایندا نییه، یان ئاینی خۆتان بۆ خۆتان و هی منیش بۆ خۆم، ئه‌وان ده‌یانگوت: ئه‌وه بۆ ئه‌هلی کیتابه وه‌ک جوو و دییانه‌کان، بۆ ئێوه‌ی شه‌یتانپه‌رست نییه! له هه‌موو سه‌یرتر ده‌ڵێت پیاوێک دوو که‌سی به رووداوی ئۆتۆمبیل شێلابوو، دادگایان بڕیاری دابوو ده‌بێت له‌بری ئه‌و دوو موسوڵمانه‌ی کوشتوتن، دوو که‌سی تر بهێنیته سه‌ر ئاینی ئیسلام، بۆیه زۆر هه‌وڵی له‌گه‌لمان ده‌دا، تا سزا نه‌درێت!
هه‌ڵاتن له دۆزه‌خ
ئێستا بۆ سێ مانگێک زیاتر ده‌بێت لای ئه‌مانه، رۆژ به رۆژ نائومێدتر و بێزارتر ده‌بێت به جۆرێک ده‌ڵێت، مردن خه‌ڵات بوو بۆمان، ده‌ستمان ناکه‌وت! رۆژێک له کاتی پاککردنه‌وه‌ی کابینه‌یه‌ک مۆبایلێک ده‌دۆزێته‌وه، بانگی ئه‌ڤین ده‌کات، ئه‌مان گروپێکی حه‌وت هه‌شت که‌سین، پێیان ده‌ڵێت، ته‌گبیر ده‌که‌ن، ته‌نها کارته‌که‌ی به‌کار بهێنن تا پێیان نه‌زانرێت، له گه‌نجینه‌که‌ش ده‌گه‌ڕێن مۆبالێک ده‌دۆزنه‌وه، کارته‌که‌ی تێده‌که‌ن و تێڵ بۆ خاڵی ئه‌ڤین ده‌که‌ن که له ئه‌ڵمانیایه، به حاڵ ژماره‌که‌یان بیر دێته‌وه، ئه‌و پێیان ده‌ڵێت هه‌رچۆنێکه هه‌وڵ بده‌ن هه‌ڵبێن بۆ شوێنێکی ده‌ره‌وه‌ی سه‌ربازگه‌که و ژماره‌ی که‌سێکیان ده‌داتێ که قاچاخچییه و کورده له سوریا ده‌ڵێت ئه‌و ده‌ربازتان ده‌کات.
کات ناوه‌ڕاستی مانگی دوانزه‌ی ٢٠١٤ یه فه‌ریده پلانی هه‌ڵاتن داده‌نێ، که‌ش هه‌ور و بارانه، دووان له کچه‌کان نایه‌ن له‌گه‌لیان، ئه‌مان بڕیار ده‌ده‌ن، گه‌ر بشکوژرێن له رێگای هه‌ڵاتندا هه‌ر بڕۆن، پێنج که‌س رێک ده‌که‌ون و شه‌وێکی باراناوی ده‌که‌ونه رێ، به ناو قوله‌ی پاسه‌وانی و سه‌گوه‌ڕ و ترس و دڵهڕاوێکدا به زۆرترین خێرایی که له توانایاندایه رێگه ده‌بڕن ده‌گه‌نه ده‌ره‌وه‌ی سه‌ربازگه‌که، به ته‌نیشت رێگایه‌کی قیرتاوکراودا ده‌ڕۆن، چه‌ندان سه‌عات رێده‌که‌ن، تابلۆیه‌ک ده‌بینن نوسراوه (حه‌سه‌که) ئیتر ئه‌و ئاراسته‌یه به‌رناده‌ن، چونکه ئه‌و ناوچه‌یه زۆربه‌ی به‌ده‌ست شه‌ڕڤانانی کورده‌وه‌یه. سه‌رما، برسێتی و ماندوێتی و بێخه‌وی بڕستیان لێ ده‌بڕێت، قاچیان له خوێندێت، کچێکی چوارده ساڵییان به ناوی به‌سمه، په‌کی ده‌که‌وێت و به‌لادا دێت، ئه‌مان ده‌چنه ژێر باڵی، به‌ربه‌یان نزیکی ئاوه‌دانییه‌ک ده‌بنه‌وه، له ده‌ره‌وه‌ی گونده‌که خانوی تاکو ته‌رای لێیه، ده‌چنه خانویه‌کی ته‌واونه‌کراوه‌وه و پشویه‌ک ده‌ده‌ن، دیقه‌تی ماڵێکی نزیکیان ده‌ده‌ن، بۆیان ده‌رده‌که‌وێت داعشی نین، دوای بگره‌و به‌رده‌یه‌کی زۆر که له ده‌رگایان بده‌ن و داوای په‌نایان لێبکه‌ن یان نا، له ناچاری و نه‌بوونی رێگایه‌کی تر ده‌چن و له‌ده‌رگا ده‌ده‌ن، به‌و هیوایه‌ی بیانشارنه‌وه و نان و ئاویان بده‌نێ و خه‌به‌ریان لێ نه‌ده‌ن.
ئه‌وان که خێزانی عه‌ره‌بی گه‌وره‌ن و کچی هاوته‌مه‌نی ئه‌مانیشیان هه‌یه، سه‌ره‌تا پیاوه‌که دوودڵ ده‌بێت له داڵده دانیان و نازانێت چی بکات، چونکه ده‌ترسێت داعش پێ بزانن و بیکوژن، به‌ڵام دواتر ئه‌مان ده‌ستی ماچ ده‌که‌ن و ده‌ڵێن هه‌رچۆنێکه چه‌ند رۆژێک په‌نامان بده‌ن، ژماره‌ی که‌سوکارمان پێیه، چیتان ده‌وێت ده‌تانده‌نێ. ئیتر ده‌یانبه‌نه ژووره‌وه، ژنی ماڵه‌که زۆر میهره‌بان و باش ده‌بێت له‌گه‌ڵیاندا، ده‌ڵێت: ئێوه قاره‌مانن هه‌ڵاتون، ئێوه کچی منن. برنج و گۆشتیان بۆ لێ ده‌نێت، رێزیان لێ ده‌گرن و له ژوورێکی پشته‌وه ده‌یانشارنه‌وه، خۆیان ده‌شۆن، تێل بۆ خاڵی ئه‌ڤین ده‌که‌ن، و ژماره‌ی قاچاخچییه‌که‌ش ده‌ده‌نه خاوه‌ن ماڵه‌که که ناوی ئه‌بو یوسفه، په‌یوه‌ندی پێوه ده‌کات. فه‌ریده ده‌ڵێت: دوای ئه‌و هه‌موو کاره‌سات و مه‌رگه‌ساته بۆنی ماڵم کرده‌وه، ئای که بۆنی ماڵ خۆشه! بۆیه‌که‌م جاریش دوای ئه‌و هه‌موو کاته هه‌ستم کرد من دیسان بوومه‌ته‌وه به مرۆڤ و وه‌ک مرۆڤ مامه‌ڵه‌م له‌گه‌لد ده‌کرێت.
به‌ره‌و ناوچه‌ی ئازاد
دوای پێنج شه‌ش رۆژێک مانه‌وه، قاچاخچییه‌که موسته‌فا حه‌موو که له حه‌سه‌که‌یه پیکابێکیان بۆ رێکده‌خات له‌وێ ده‌ریان بکات. هه‌موو ده‌چنه دواوه که سندوقی پلاستکیی تێدایه و له‌وێ خۆیان ده‌شارنه‌وه، هه‌ر پێنجیان ده‌که‌ونه ڕێ به‌ره‌و ماڵی موسته‌فا حه‌موو له حه‌سه‌که به قاچاخه‌ڕێدا، چه‌ند سه‌عاتێک ئۆتۆمبیله‌که به بیاباندا رێگه ده‌بڕێت چه‌ند جارێک ده‌وه‌ستێت و شۆفێره‌که به‌رتیل ده‌دات به خاڵه‌کانی پشکنینی داعش، فه‌ریده ده‌ڵێت، له‌وکاتانه‌دا هه‌ناسه‌شمان له خۆمان ده‌بڕیت! ده‌گه‌نه ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی کرێکاران و ئیتر ترسیان نامێنێت. له مالی مسته‌فا پشوو ده‌ده‌ن و به ئۆتۆمبیلێکی تر ده‌یاننێرن به‌ره‌و سنور، له‌وبه‌ره‌وه هێزی پێشمه‌رگه هه‌یه و رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ شه‌ڕڤانان کراوه له‌سه‌ر هاتوچۆ و گواستنه‌وه‌ی ڕزگاربووان. به‌سه‌ر ڕووباری فوراتدا ده‌گه‌نه ئه‌م به‌ر سنور، له‌وێ که‌سوکاریان له پێشوازیاندان. فه‌ریده مامێکی به ناوی عادیل چاوه‌ڕوانییه‌تی. چونکه هێشتا ناوچه‌کانی خۆیان له ژێر کۆنترۆڵی داعشدان، به ته‌کسی به‌ره‌و چادرگه‌ی په‌نابه‌ران نزیکی دهۆک به‌ڕێده‌که‌ون. مامی ده‌ڵێت: هیچ هه‌واڵێکمان له باوکت و دایکت و براکانی ترت نییه، ته‌نها سه‌رهه‌د لای ئێمه‌یه له که‌مپ. تۆ کچی منی و لای من ده‌بیت.
ده‌گه‌نه که‌مپه‌که، خه‌ڵکه‌که له ڕه‌وشێکی ناله‌بار، سه‌رما و نه‌داری و بێحاڵیدان، فه‌ریده ده‌لێت: سه‌رهه‌د که شانزه ساڵێک بوو، سه‌یری ناوچه‌وانی ناکردم، خه‌ڵکه‌که نائاسایی سه‌یریان ده‌کردین! سه‌رهه‌د شتێکی سامناکی بینیبوو، نه‌یده‌ویست پێم بڵێت. نۆرای هاوڕێی فه‌ریده‌ش دیار نییه و به کۆیله‌کراوه! خه‌ڵکه‌که هه‌ندێکیان به‌چاوی سۆز سه‌یریان ده‌که‌ن، به‌ڵام رۆژێک ژنێکیان ده‌ڵێت: کچه داماوه‌کانم، ئێوه عه‌یبدار کراون، ناتوانن هه‌رگیز شو بکه‌ن! به‌م جۆره هێواش هێواش خۆشی ڕزگاربوونیان که‌م ده‌بێته‌وه، کاتێک ده‌بینێت خه‌ڵک و که‌سوکار به‌جۆرێکی تر لێیان ده‌ڕوانن. له‌گه‌ڵ کچه هاوده‌رده‌کانیدا ده‌رده‌دڵ بۆ یه‌ک ده‌که‌ن. له پڕ رێکخراوی وادی ئه‌ڵمانی دێنه لایان و سه‌رپه‌رشتیاری کۆمه‌ڵایه‌تیه‌که ژنێکه به ناوی ئه‌فراح ئامۆژگاری و ڕاوێژیان ده‌داتێ، تا ره‌وشی ده‌رونییان ئاسایی بێته‌وه، ده‌ڵێت له پێشدا نه‌مان ده‌ویست نهێنی بدرکێنین لایان، به‌ڵام دواتر گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ کردین و به‌وردی هه‌موو شتێکمان بۆ گێڕانه‌وه، ئه‌وه ده‌رونی ئاسوده کردین له‌وه‌ی باری خه‌ممان لایان دانا.
ئه‌وان هاوکاریان ده‌که‌ن، که به‌ر ئه‌گه‌ری نه‌خۆشی ئه‌ندامی زاووزێ و هه‌روه‌ها سکپڕیش بچن پشکنین ئه‌نجام بده‌ن. ئه‌وان کارێک ده‌که‌ن تا ڕاده‌یه‌ک هه‌ست به‌ئارامی بکه‌ن، باوه‌ڕیان به‌خۆیان هه‌بێت، که ئه‌وان قوربانین و چی‌یان به‌سه‌ردا هاتوه خۆیان خه‌تابار نین، نابێت خۆیان ئازار بده‌ن، ئه‌فراح ده‌ڵێت: ئێوه شه‌ره‌فتان نه‌دۆڕاندوه، به‌پێچه‌وانه‌وه، ئێوه قاره‌مانن، بۆیه ئێوه ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ژیانی ئاسایی خۆتان، ده‌بێت شانازی به‌خۆتان بکه‌ن نه‌ک شه‌رم. . . هتد. رترتش
رۆژێک که‌سێک که برای نۆرای کۆنه هاوڕێی بێسه‌روشوێنی ئه‌مه به هه‌ڵه‌داوان مۆبایلێکی بۆ دێنێت، و دژه‌لێت که نۆرا یه‌و ده‌ڵێت نامه‌وێت له‌گه‌ڵ که‌س قسه بکه‌م ته‌نها فه‌ریده نه‌بێت، ته‌نانه‌ت دایک و براکانیشی، ئیتر قسه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌کات، کهه ئێستا ئه‌و له موسڵه و به مۆبایلی خاوه‌نه‌که‌ی به دزیه‌وه تێل ده‌کات. پێی ده‌ڵێت منیش وه‌ک تۆ چه‌ندان که‌س ده‌سدرێژیان کردۆته سه‌رم و . . . هتد. ئه‌م ئامۆژگاری ده‌کات که هه‌وڵی هه‌ڵاتن بدات.
تروسکه‌ی ئومێد
دوای چه‌ند مانگێک و له مانگی دووی ٢٠١٥ ڕێکخراوێکی خێرخوازیی ئه‌ڵمانی دێت و ناونوسی خه‌ڵک ده‌کات بۆ وه‌رگرتنیان وه‌ک په‌نابه‌ر له‌و وڵاته و ناردنیان بۆ ئه‌وێ. سه‌ره‌تا دوو دڵ ده‌بێت له‌به‌ر جێهێشتنی براکه‌ی، دوای هاندانی ئه‌وان، ئه‌م و ئه‌ڤینیش ناونوسی خۆیان ده‌که‌ن. کارمه‌نده‌که پێیان ده‌ڵێت ئیوه شانسی باشتان هه‌یه و وه‌رده‌گیرێن.
جاروبار ده‌نگۆ بڵاوده‌بێته‌وه و یه‌ک و دووان که‌سی تری هه‌ڵاتوو ده‌گه‌ڕێنه‌وه که‌مپه‌که، رۆژێک ته‌له‌فونی بۆ ده‌که‌ن ده‌ڵێن دایکت هه‌ڵاتوه و له خه‌سته‌خانه‌یه له دهۆک، به‌مه شاگه‌شه ده‌بێت، ده‌چن و ده‌بینێت دایکی، که ئه‌م خه‌ریکه له‌به‌ر لاوازی و خراپی ته‌ندروستی نه‌یناسێته‌وه له‌گه‌ڵ دوو برای بچوکه‌کانیدا شڤان و که‌نیوه‌ر له‌وێن! خۆشترین هه‌واڵ ده‌بێت بۆی. دایکی ده‌یگێڕێته‌وه، که چۆن لێکیان جیاکردونه‌ته‌وه له مناڵه‌کانیشیان، مێردمناڵه‌کانیان بردوه و هه‌وڵیان داوه مێشکیان بشۆرنه‌وه و ڕاهێنانی چه‌کیان پێکردون ناردویانن بۆ به‌ره‌ی جه‌نگ! ده‌یگڕێته‌وه که به به‌رچاوی سه‌رهه‌ده‌وه باوک و براکه‌ی تریان کوشتوه! ئیتر ئه‌مانیش خێزانێکی نوێ پێکه‌وه ده‌نێن و کۆنتێنه‌رێک وه‌رده‌گرن ژیانێکی کوله‌مه‌رگی ده‌ژین،
که‌ناری ئارامیی
رۆژێکی مانگی پێنج ئه‌ڤینی هاورێی دێت و مژده‌ی ده‌داتێ که ئه‌ڵمانیا قبوڵی کردون بیانبات و په‌نابه‌رییان بداتێ. ته‌نها له‌سه‌ریانه پاسه‌پۆرت ئاماده‌بکه‌ن، تکتیشیان بۆ ئاماده کراوه! هه‌واڵێکی خۆش ده‌بێت، به‌ڵام دوو دڵ ده‌بێت له‌به‌ر دایکی و براکانی، دواجار ئه‌وان ڕازی ده‌که‌ن بڕوات و ده‌ڵێن له دواتردا ئێمه‌ش هه‌وڵ ده‌ده‌ین بێین. سه‌رهه‌دیش ده‌ڵێت ئه‌م هه‌له له کیس خۆت مه‌ده، له‌وێ ده‌شێ ژیانێکی نوێ ده‌ستپێبکه‌یت. ئه‌م نازانێت ئایا ته‌نها له خۆشه‌ویستیدایه هانی ده‌ده‌ن، یان به‌شێکیش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که ده‌ستدرێژی کراوه‌ته سه‌ر و ده‌یانه‌وێت دوور بکه‌وێته‌وه. به‌ڵام دایکیشی هانی ده‌دات بڕوات.
ده‌ڵێت: من ئاواتم بوو ببمه مامۆستای بیرکاری، ده‌بوو ئێستا له پۆلی شه‌شه‌می ئاماده‌یی بوومایه، به‌ڵکو له‌وێ خوێندنه‌که‌م ته‌واو بکه‌م و ئاواته‌که‌م بێنمه دی! کاتێکیش کۆچۆ ڕزگار ده‌کرێت دێمه‌وه و ده‌بمه مامۆستا له‌وێ.
فه‌ریده له ساڵی ٢٠١٥ وه له‌گه‌ڵ پۆلێکی تری هاوچاره‌نوسیدا له ئه‌ڵمانیان، ده‌ڵێت: سه‌ره‌تا بردیانینه کلۆسته‌رێک (وه‌ک ته‌کیه و خانه‌قای ئاینی مه‌سیحییه) خزمه‌تێکی زۆریان کردین. کچانی ئه‌وێ زۆر هاوکارم بوون. ئێره ژیانێکی تره، دونیایه‌کی نوێیه، لێره ئارام بوومه‌وه، ئاسایی بوومه‌وه، تێر بۆ که‌سوکارم گریام، که پێشتر گریانیشم ناهات، کۆسته‌که هێند گه‌وره بوو، چوومه‌ته‌وه به‌ر خوێندن، به‌ڵام پۆلی پێنجه‌می ئاماده‌ییم دووباره کرده‌وه، چاوه‌رێم دایکم و براکانم بێن و شوقه‌یه‌ک وه‌ربگرین و ژیانێکی نوێ ده‌ست پێ بکه‌ین. . . دوا وته‌ی ده‌ڵێت (من ڕزگارم بوو لێیان، تا به ئه‌وان نیشان بده‌م، که من به‌هێزترم له‌وان).
سه‌رچاوه‌کان:
- Das Mädchen, das den IS besiegte: Meine Geschichte | Khalaf, Farida | ISBN: 9783404609413, Germany, 2016
- جینۆسایدی ئێزیدیەکان لە زاری شایەتحاڵەکانەوە … ئەردەڵان عەبدوڵڵا
http://www. komarixwaz. com/ku/index. php/2011-10-20-07-47-07/6877-2016-10-18-08-15-52
- هه‌ڵسه‌نگاندنى كرده‌وه‌كانى داعش، عومەر عەلی غەفور
https://dengekan. info/archives/7843