لەناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی رابردوو ئەو کاتەی خوێندکاری ناوەندی بووم زۆر جار لەگەل هاوڕێکانم ئێواران دەچوینە سینەما.
سینەما بۆمن دونیایەکیتر بوو، لەشاشەکەی جیهانم دەبینی جل و بەرگی جیا وکەلتوری جۆراوجۆر وزمانی ترم دەبیست کە فیلمەکانی کاریگەری زۆریان جێدەهێشت لە ناخمدا....
دواتر لەساڵی 1983لەگەل ژنهێنان تەلەفزیۆنێکی رەنگاو رەنگم کڕی، زۆربەی ئێواران درامای عەرەبی و تەمسیلی کوردی هەبوو، بەڵام لەدوای دەی شەو فیلمێکی عەرەبی میسری پەخش دەکرا، لە فیلمە میسریەکان فێربووم چۆن مامەڵە لەگەل ژن وخوشک وکچانمان بکەین، فێربووم جیاوازی بکەم لەنێوان خێزانێکی پێشکەوتوو وخۆپارێز لەگەل خێزانێکی نەزانوو دواکەوتوو، دیسان فێر بووم چۆن و چیبکەم بۆ خێزانەکانمان و چۆن منداڵەکانمان لەدەوروبەری خراپ بپارێزین....
لەو ساڵانەی دوایی وپاش روخانی رژێم، لەگەڵ زۆربوونی کەناڵەکانی میدیا، ھەرێمی کوردستان تووشی چەندین قەیران و گرفت بووە بەتایبەت، بەشێک لەو کێشانەی ھەن بەبڕوای مـــــن میدیــایە، کە دەورێکی باشی نەبینیوە لەبەرەوپێشبردنی ئەم ھەرێمە، کەناڵە کوردیەکان جگە لەوەی حزبین وپاشکۆی بیرکردنەوەی کەسانێکن کە لەکوردایەتی ناشارەزاو لەکاری پەروەردەیی دواکەوتوون.
ئەوەی ئەمڕۆ لە کەناڵی تەلەفزیۆنەکانی کوردستان بەرچاودەکەوێت، ئەگەر هاوردەی وڵاتانی دەوروبەریش نەبێت، ئەوە بەرنامەکانیان کۆپی کەناڵە جیهانیەکانە بەڵام بەشێوازو ئاستێکی نزمترو نەزانانەتر، جگە لەوە نامۆن، هەندێکیان زۆر مەترسیدار دەردەکەون.
بەشێک لەو بەرنامە ودراماو فیلمانە لەشوێنی خۆیان بۆ مەبەستێک بەرهەم هاتوون لێرە دووبارە بەدۆبلاج کراوی پەخش دەکرێنەوە، نەک لەکەلتورو دابونەریت بیرکردنەوەی کۆمەڵگاکەمان دوورن، بەڵکو دەورو کاریگەریی نەرێنییان زۆر زیاترە لەسوود گەیاندن و رۆژ لە دوای رۆژ کاریگەری سیاسی و کەلتوری وکۆمەڵایەتی خراپ وبەرفراوان بەدوای خۆیان جێدەهێڵن..
بەشێکی تر لەکەناڵەکان بەناوی ئازادی وبێلایەنی، لەجیاتی وەک فێرگایەک بن بۆ بڵاوکردنەوەی بیرو گیانی لێبوردەی، کار لەسەر گواستنەوەو کەلتوری جنێو وسوکایەتی دەکەن، بانگێشەی راپەڕین و ناڕەزایی دەربڕین دەکەن وهانی خەڵکی توڕە دەدەن بە سوتانی فەرمانگەو بەتاڵان بردنی موڵکی گشتی تا ناڕەزایەکانیان بەتاڵ بکەنەوە و بڕوا بەوە بکەن کە لەکوردستان نە راپەڕین و ناڕەزایی و خۆپیشاندان و گرتنی بارەگاو سوتاندنی فەرمانگە ناتوانی هیچ شتێک بکات وکاریگەری نابێت لەگۆڕینی دەستەڵات .
بەشێک لەمیدیاکان کار بۆ زۆری بینەر دەکەن، هەموو بابەتێک لایان ئاساییە بڵاوی دەکەنەوە، بەشێکی زۆری کارەکانیان تێکدانی ڕەفتاری تاکی کۆمەگایە.
بەهۆی نەشارەزایی وبێلایەن نەبوونی کەنالەکانی میدیا قەیرانەکان رۆژ بەڕۆژ، گەورەتر دەبن، بەرژەوەندی و بەها سەرەکییهکان پارێزراو نابن، چونکە راگەیاندن لەهەرێمی کوردستان، قەیرانەکانی کۆمەڵگا بە قەیرانی خۆیان نازانن.
#خالدگڕاوی