كۆڵۆمبیا یەكێك لە وڵاتانی ئەمەریكای لاتینە, روپێوەكەی 1141748 كم چوار گۆشەیە, ژمارەی دانیشتووانی 51049498 كەسە, داهاتی نەتەوەیی 295 ملیار و 610 ملیۆن دۆلارە, داهاتی تاكی 5752 دۆلارە لە ساڵێكدا.
كۆڵۆمبیا دووەم وڵاتە رێژەیەكی بەرز سپی پێستی تێدا نیشتەجێ بووە لە ئەمەریكای لاتین, دەگاتە 37%, وە 6,68%ی هاوولاتیانی ئەفریقین, دانیشتوانی رەسەن تەنها 4,31% ولات پێك دەهێنن, 49%شیان تێكەڵەن.
لە نیو سەدەی رابردوو ئاشتی لە گەڵ گەریلاكان و شەڕی چەكداری كێشەی سەرەكی خەڵك بوو لە كۆڵۆمبیا, جەمسەری بەندی هەڵبژاردنیان دیاری دەكرد, ئاخر 260000 هەزار كوژراو حەوت ملیۆن ئاوارەی لێكەوتەوەو لە دوای پرۆسەی ئاشتی ساڵی 2016 ی نێوان گەریلا ماركسیستەكانی فارك و حكومەتی كۆڵۆمبی بارودۆخ گۆڕا, داخوازی دیكە هاتە پێشەوە وەك نا یەكسانی, گەندەڵی, مافی ژنان, مافی كەمایەتیەكان, پاراستنی ژینگە..... ئەمانەش پێویستیان بە هێزی چەپ بوو بسیان بكات و كاریان لەسەر بكات, لێرە بەدواوە چەپ گرێدراو نییە بە خەباتی چەكداری و كاری زەبرو زەنگەوە, بەڵكە گرێدراوە بەو كێشە هەنووكەیانەی ئاماژەمان پێیان دا.
جاران حوكم بۆ راست, چەك و جەنگەڵ و لادێ و شاخیش بۆ چەپ بوو , چەپیان بە قاچاخچی مادەی هۆشبەر دەناساند, كەچی خەباتی چەكداری چەپ یەكێك لە هۆكارەكانی لە دژایەتی ئەوانەوە لە دایك بووە "لە ساڵی 1964ەوە لە خەبات بۆ چاكسازی كشت و كاڵ (دابەشكردنی زەوی) هۆكاری سەرەكی دەست دانە چەك بووە"
, جەنگ لە دژیان فارك دەستی پیكرد, ئەو قاچاخچیانە بۆ راستەكان هێز بوونە هەمیشە.
ئۆلیگارشیەكانی كۆڵۆمبیا بە خوێن و مادەی هۆشبەر 203 ساڵ حوكمیان كرد, كۆڵۆمبیا تاكە دەوڵەتی كیشوەرەكەیە كە تا ئێستا هەڵبژاردن تیایدا لە نێوان راست و راست بووە, لە ئێستا بە دواوە كایەكە گۆڕا بۆ چەپ و راست, خەڵك لە فەرمانڕەواییەوە چەپ تاقی دەكاتەوەو لێرەوە چەپی پراتیكی و زاهید دەیباتەوە, لە خەباتەوە دەچنە قۆناغی تاقیكردنەوە, قۆناغێكی مەترسیدارترە لە خەباتی چەكداری.
ئەنجامی هەڵبژاردنی نیشانەی تێكشكانی سستەمی حیزبی پێشوو بوو, گۆڕان بوو بەرەو چەپ, نابێت ئەوەشمان لە بیر بچێت راپەڕینی خەڵك ساڵی پار, پشتی بزاڤی ئۆربیسمۆی راستگەرای كۆنەپەرستی شكاند, لێ كۆڵۆمبیا وڵاتێكی پارێزگارە گۆڕانكاری رادیكاڵی قەبوڵ ناكات, وە راگەیاندنیش بە دەست راستەكانەوەیە, یان ئەوەتا ئاراستەی پەمبەیی وەربگرن, یان ئەزموونی رابردووی هندۆراس و پاراگوای دووبارە بكەنەوە بە كودەتا, یان وەك ئێستای پیرۆ سەرۆك پیدرۆ كاستیلۆ دەستی بەستراوە و تا ئێستاش نەیتوانیوە كابینەیەكی حكومەتی یەكگرتووی تەواوی هەبێت, چوار جار سەرۆك وەزیرانی پێ گۆڕاوە, ئۆلیگارشییە پارێزگارەكان جوڵەیان پێ بڕیووە, بە كەمایەتی ناو پەرلەمان و ئەنجومەنی پیران وەك پیرۆ زیاتر لەم ئەزموونەوە نزیكە.
لە كۆڵۆمبیا دەسەڵاتی شاراوە هەیە, پێك دێت لە بازرگانانی مادەی بێهۆشكەر, سەرمایەدارو خێزانە راستڕەوە دەوڵەمەندەكان, سەرباری سوپاو ئەمەریكا و كەنیسە و هەردوو پارتە حوكمڕانەكانی پێشوو, كۆی ئەمانە دەسەلاتێكی مەزنیان هەیە, لە سەروی هەمووشەوە راگەیاندنی بەهێزیان هەیە, ئەمانە بەرەو رووی گۆڕانكارییەكان دەبنەوەە, هەوڵ بۆ تێكشكانی كەسایەتییەكان دەدات, لە 7 ئۆگستەوە جەنگەكە دەست پێ دەكات, ئاخر سەركەوتن بۆ كارە, ئەوان رێگا لە كارەكە دەگرن بۆ گەیشتنەوە بە دەسەلات.
نابێت لە بیرمان بچێت بە یاسا بانكی ناوەندی پارێزراوە لە دەست تێوەردانی حكومەت و دادگای دەستوورییش یەكلا كەرەوە و دەسەڵاتدارە, ئەمانیش وەك لوغمن رێگا دەگرن لە گۆڕانكاری ریشەیی.
حاڵی نایەكسانی
كۆڵۆمبیا نایەكسانی تیایدا بە پێوەری جینی 0,504 ە, كە ئەمەش رێژەیەكی بەرزە, ئەگەر یەك بێت واتا سەرمایەی وڵات لە دەستی كەسێكدا كۆبۆتەوە, بەڵام ئەگەر سفر بێت یانی یەكسانی تەواو هەیە, سەروەت و سامانی وڵات بە یەكسانی تەواو بەسەر تاكەكانی كۆمەڵگا دابەشكراوە", كۆڵۆمبیا لە ئەمەریكای لاتین دووەم وڵاتی نا یەكسانە دوای ولاتی بەرازیل و حەوتەمیشە لە جیهان .
لە ساڵی 2021 دا رێژەی هەژاری لە كۆڵۆمبیا گەیشتە 39,3% ی هاوولاتیان , ژمارەیان 18,9 ملیۆن كەس بوو لە كۆی ژمارەی دانیشتووان.
10%ی هەرە دەوڵەمەندترینی هاووڵاتیان 58%ی داهاتیان بەر دەكەوێت, 10%ی هەرە دەوڵەمەندەكانی ولات خاوەندی 65%ی سامانی وڵاتن 1.
2%ی ئاغاكان خاوەند 90%ی زەوی وڵاتن , 11% ی هێزی كاری وڵات بێكارن, زۆرترین كاری نا فەرمی لە ئەمەریكای لاتین لە كۆڵۆمبیایە.
لە شار رێژەی هەژاری نزیك 30%, لە لادێدا رێژەی هەژاری دەگاتە 65%, بەشی زۆری هاووڵاتیانی لادێ هەژارن, بۆیە ناوچەكانیان بۆتە ناوەندی دەستەو گروپی چەكداری چەپ و تەنانەت تاوانكاری راستگەرایی و مافیایی و باندی قاچاخچی جۆراو جۆر2.
رێكخراوی هاوكاری و گەشە دەڵێت " یانزە نەوەی دەوێت تا 10%ی هەرە هەژارەكانی كۆڵۆمبیا بگەنە داهاتی مام ناوەند" هەرچەندە كۆرۆنا نا یەكسانی زیاتر كرد, ئەو ماوەیەشی گۆری و ئەو خەونەی درێژترەوە كرد 3.
25000 هاووڵاتی لە شاری بۆگۆتای پایتەخت خەریكی كۆكردنەوەی پاشماوەی دەوڵەمەندەكانن, كە رۆژانە كەمتر لە 5 دۆلار داهاتیانە, بەشی زۆریشیان لە شەقامەكان دەخەون, داهاتەكەیان تەنها بەشی جەمێك خواردنیان دەكات 4-
گرنگی كۆڵۆمبیا بۆ ئەمەریكا
كۆڵۆمبیا وڵاتێكی گرنگە, وەك شافێز وتەنی ئیسرائیلی دووەمە لە ناوچەكە, سیاسەتی ئەمەریكاو ناتۆ لە ئەمەریكای لاتین بەڕێوە دەباتو زیاتر لە 200 ساڵە پاشكۆی ئەمەریكایە.
ساڵی 1962 دوو ساڵ پێش ئەوەی فارك دەست بە خەباتی چەكداری بكات, كۆڵۆنێڵی ئەمەریكی ویلیام یاربۆرۆ لە میانی سەردانی كۆڵۆمبیای دا پێشنیاری دروستكردنی تیمی مەرگی كرد بۆ بنەبڕكردنی جوتیارە شیوعیەكان.
لە ساڵی 1963 ژەنەراڵ ئەلبەرتۆ رویزۆ نۆفۆوا, كە لە شەڕی كۆریا بەشداری كردبوو, پێشنیاری دروستكردنی دەستەی چەكداری مەدەنی كرد بۆ شەڕی شیوعیەكان لەناو كۆمەڵگاكانیان.
لە سەردەمی حوكمڕانی ئەلفارۆ ئۆربی 7 August 2002 – 7 August 2010 ژەنەراڵ ماریۆ مۆنتا كە ئەمەریكا راهێنانی پێكردبوو, زیاتر لە 10000 خەڵكیان كوشت, بەشی زۆریان چەپ بوون, زۆرجار قوربانیەكان بەرگی گەریلایان دەكردە بەریان دوای كوشنتنیان .
كۆڵۆمبیا شەریكی پەیمانی ناتۆیە, 9 سەربازگەی ئەمەریكای لێیە 5, سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە ئازاری ئەمساڵ كۆڵۆمبیای هاوپەیمانی سەرەكی لە دەرەوەی ناتۆ دیاریكرد. لەوەش زیاتر رۆیی و وتی: ئەمەریكای لاتین باخچەی پشتەوەی ئەمەریكا نییە , بەڵكە گۆڕەپانی پێشەوەی ئەمەریكایە 6.
لە مێژوودا پارێزگارە راستڕەوە دەسەلاتدارەكانی كۆڵۆمبیا پشتیوانی دەزگا سیاسی و داراییەكانی ئەمەریكایان لە پشت بووە, نەخشەی ئەمەریكایان لە كیشوەرەكە بردۆتە پێشەوە , ئەگەر ئەمەریكای لاتین باخچەی پشتەوەی ئەمەریكا بووبێت و ئەوا كۆڵۆمبیا سەنگەری پێشەوەی ئەمەریكا بووە.
هەموو نەخشە سیخوڕییەكان دژ فەنزوێلا لە كۆڵۆمبیاوە ئاراستە كراوە, تەقاندنەوەی كارەبا و نەوت و ئاو تا رێكخستنی كودەتاو هەوڵی تیرۆر كردنی مادۆرۆ و هێنانی چەك و نانەوەی پشێوی, لە ئازاری 2008 شافێز راستی وت كە كۆڵۆمبیای بە ئیسرائیلی ئەمەریكای لاتین ناو برد7.
كۆڵۆمبیا بەرەی گەڕانەوەی راستەكان بوو بۆ دەسەڵات لە بەرازیل, ناوەندی دەست خستنە ناو كاروباری ولاتانی دیكەی وەك پیرۆ و ئیكادۆرو و پۆلیڤیا بوو لە ناوچەكە, تا ئێستا لە روی سیاسییەوە جێگیرترین ولاتی دۆستی ئەمەریكا بوو لە كیشوەرەكە وەلێ لە پڕ گۆڕا, تسۆنامی سور گەیشت پێی 8.
ئەندامێكی كۆنگرێسی ئەمەریكا لە پارتی كۆماری ماریا إلفیرا سالازار " وتی من نیگەرانم لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی كۆڵۆمبیا, بیترۆ دزو تیرۆریست و ماركسیی و داكۆكیكەری شافێزو كاسترۆیە 9.
هەرچەندە بایدن پیرۆزبایی كرد لە بیترۆ و وەلێ فەمانداری فلۆریدا رون دی سانتیس وتی بیترۆ تیرۆریستێكی ماركسییە كاری مادەی هۆشبەری كردووە, وەلێ رێك سكوت سیناتۆری فلۆریدا وتی بیترۆ سۆسیالستێكی چەپی توندرەوە 10.
خوێن لە كۆمەڵگا دەچۆڕێت, مەترسی خۆ كاندیدكردن
تا ساڵی 2010 خۆپالاوتن لە كۆڵۆمبیا بۆ چەپەكان خۆكوژی بوو, لەو مێژوەوە لە خۆكوژییەوە بووە مەترسی, ساڵی 1948 كاندیدی چەپ بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری كۆڵۆمبیا خۆرخی ئەلیسیر گایتان تیرۆر كرا, لە هەڵبژاردنی ساڵی 1990دا هەر سێ كاندیدی سەرۆك كۆمار, كاندیدی لیبراڵ لویس كارلۆس و هەردوو كاندیدی چەپ برناردۆ جارامیلۆ ئوسا و بیزارۆ لیونگۆمیز تیرۆر كران.
لە میانی هەڵبژاردنی ساڵی 2018 دا میلشیا چەكدارە راستگەراكان رایان گەیاند, دەنگدەرانی بیترۆ ئامانجی سەربازین, لە هەندێك ناوچە نەیان هێشت دەنگ بدەن, لە هەموو خولەكانی پێشوودا بۆ چەپ هەروا بووە, لەم خولوشدا دووبارە بوەوە.
لەماوەی 8 ساڵ دەسەلاتی ئەلفارۆ ئۆربی لە نێوان 2002 بۆ 2010, زیاتر لە 6402 كەس لە لایەن سوپاوە كوژران, زۆریشیان دوای كوشتنیان بەرگی گەریلایان كردە بەریان, ئۆرۆبی باوكی لە لایەن گەریلا ماركسیستەكانی فاركەوە كوژرا, لە ساڵی 2016 لە هەڵمەتی راپرسی بۆ ئاشتی دژ بە پرۆسەی ئاشتی وەستایەوە 11.
ساڵی 1988 لەسەردەمی تیرۆر كردنی چالاكوانانی چەپ و كۆمۆنیستەكان, ئەنجامی رێكەوتنی هەواڵگری لیوای چواری سوپاو كارتلەكانی بازرگانی مادەی هۆشبەر بوو لە مێدلین 12.
لە دوای پرۆسەی ئاشتی نێوان گەریلاكانی فارك و حكومەتی كۆڵۆمبیاوە 1321 كەس كوژراون لە رابەران و پارێزەرانی مافی مرۆڤ و گەریلاكان.
لە ساڵی 2020 دا زیاتر لە 120 سەركردەی كۆمەلایەتی تیرۆر كرا, لە ساڵی 2021 دا 121 كۆمەڵكوژی ئەنجامدراوەو تەنها لەمساڵدا 47 كۆمەڵكوژی,94 رابەری كۆمەڵایەتی, 21 گەریلای فارك كوژران13.
لە ساڵی 1985 ەوە بۆ ساڵی 2018 دەركەوت 5733 ئەندامی پارتی Unión Patriótica چەپگەرا كوژران, هاوكات 3000 ساندیكایی تیرۆر كران,
تا ئێستا لە دوای پرۆسەی ئاشتییەوە لە ساڵی 2016 , 315 گەریلای فارك كوژراون 14.
لە ماوەی 8 ساڵدا 1163 چالاكوانی پارتی یەكێتی نیشتمانی Unión Patriótica چەگپەرایان كوشت, لە ناویاندا كاندیدی سەرۆك كۆمار, 13 پەرلەمانتار, 11 پارێزگار هەبوون 15.
ی إندیباز 1317 من القادە والمدافعین عن حقوق الإنسان الژین تم
گۆستافۆ بیترۆ جێگرەكەی كێن؟
غوستافو فرانسیسكو بیترو أوریغو لەدایك بووی 19-4-1960, لە خێزانێكی لادێی بە بنەچە ئیتاڵی هاتۆتە دنیاوە, كۆچی كردووە بۆ شار, بە منداڵی وانەی ئاینی كاسۆلیكی خوێندووە, سەرەتای هوشیاری سیاسی چەپی لەوێوە لە دایك بووە, كاتێك بینی باوكی بۆ مەرگی كوشتنی جیڤارا هۆن هۆن دەگریا.
لە گەنجی ناوەندێكی رۆشنبیری كردەوە بە نوی گارسیا ماركیز, وەلایەنگری لاهوتی ئازادیبەخش بووە 16.
لە ساڵی 1973 ەوە بە كاریگەری كودەتای شیلی لە لایەن بینۆتشەوە بەسەر حكومەتی چەپگەرای هەڵبژێردراو وە ساختەی هەڵبژاردنەكانی كۆڵۆمبیا رێگای ماركسیزم دەگرێت, لە تەمەنی 17 ساڵی لە ساڵی 1977 دەبێتە گەریلای گروپی چەپگەرای ئێم 19, بیترۆ لە ساڵی 1985 دەستگیركراوە بە تاوانی هەڵگرتنی چەك بە نایاسایی 18 مانگ لە زیندان بووە. ئەو ناوی ئۆریالنۆی هەڵبژارد لە كاری نهێنی, كە قارمەنێكی ناو رۆمانی سەت ساڵ لە تەنیایی گارسیا ماركێزە.
پیترۆ پسپۆری سیاسی ناسراو, لە 20-12- 1991 ەوە ئەندامی پەرلەمانی كۆڵۆمبیا بووە دوو خول, وە وەك هاوكارێكی دیبلۆماسی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە برۆكسل كاری كردووە, ساڵی 2010 وەك باشترین ئەندامی ئەنجومەنی پیران و كەسایەتی سیاسی ساڵ دیاریكراوە, دكتۆرای لە ئابووری و مافی مرۆف هەیە, هاوكات پارێزگاری پێشووی شاری بۆگۆتای پایتەختی كۆڵۆمبیاش بووە 31-4-2014 تا 23-12-2015. لەم هەڵبژاردنە وێرشای هاوپەیمانی مێژوویی هاوكات كاندیدی كۆڕبەندی ساوپاولۆی چەپەكانی ئەمەریكای لاتینیشە.
جێگرەكەی فرانسیا ماركیز رەش پێستی بە بنەچە ئەفریقییە" كۆڵۆمبیا دووەم ولاتە لە ئەمەریكا لاتین رێژەی ئەفریقی لە خۆی دەگرێت ", لە 1ی دیسەمبەری 1981 لە گوندێكی ناوچەی كاوكا لە دایك بووە, لە دایك و باوكێكی كرێكاری كانەكان, لە 13 ساڵییەوە بۆتە چالاكوان لە بواری ژینگەو مافی مرۆڤ, لە ئازایەتی و بوێریدا نەیارانی زیاتر سەرسامن پێی, لە 16 ساڵی وازی لە خوێندن هێنا تا منداڵەكەی بەخێو بكات. لەكاتی خوێندن لە قۆناغی زانكۆی سانتیاگۆ دی كالی كۆلێژی یاسا كارەكەری ماڵانی كردووە تا خەرجی خوێندنەكەی دەربكات, ئێستاش یەكەم ژنی رەش پێستە ببێتە جێگیری سەرۆك كۆماری كۆڵۆمبیا , دووەم جێگیری سەرۆك كۆماری رەشە لە ئەمەریكای لاتین دوای ئەبسی امبل لە كۆستاریكا.
لە لیستی 100 ژنە بەهێزەكەی جیهانی بی بی سی دا بووە, خەڵاتی جۆڵدمانی وەرگرتووە كە هاوتای نۆبڵی ژینگەی جیهانە 17. لە رووی سیاسییەوە, فرانسا ماركیز لە چەپی بیترۆوەیە
گەریلاكانی ئێم 19 كێ بوون؟؟؟
گروپی ئێم 19 دژ بە ساختەكاری هەڵبژاردنی ساڵی1970 وەك كاردانەوەیەك لە بەرامبەری دامەزراو دواتر هانایان بۆ چەك برد, لە 8-1-1974 دەستیان دایە چەك تا رێكەوتی 8-3-1990, لایەنێكی بچوكتر بوون لە دەستە چەكدارییەكانی دیكەی وەك فارك و ئیلین , لە نێوان 1500 بۆ 2000 گەریلا بوون, لە دوای ساڵی 1985 ەوە گەشەیان كرد بوونە دووەم هێزی چەكداری یاخی.
ئێم 19دەستەیەكی چەكداری شاری بوون وەك بزاوتی تۆبامارۆس لە ئۆرۆگوای و مۆنتینرۆس لە ئەرجەنتین, كەمتر لە گروپەكانی دیكە زەبرو زەنگیان بەكار دەهێنا, پێك هاتبوون لە قوتابیان و هونەرمەندو چالاكوانان, زیاتر رۆشنبیرانی شاری بوون, گەنگەشەیان بۆ پراتیكی رۆبن هودانە دەكرد, دەستیان بەسەر شیری ناو بارهەڵگری ماركێتەكان دەگرت و دابەشیان دەكرد لە گەڕەكە هەژار نشینەكان, تەنانەت دەستیان گرت بەسەر شمشێرەكەی سیمۆن پۆلیڤار, دواتر ساڵی 1990 دوای رێكەوتن لە گەڵ دەسەلات شمشێرەكەیان هێنایەوە, لە روی قوتابخانەی فكرییەوە زیاتر نزیك بوون لە كوبا.
ئەم بزووتنەوەیە لەماوەی بەرهەڵستكارییان زۆر چالاكی گرنگی سەربازیان ئەنجامدا, وەك رفاندنی فرۆكەو دەستگرتن بەسەر سەفارەتخانەكان وەك سەفارەتی دۆمۆنیكان لە 27-2-1980 توانیان 14 باڵوێز بە بارمتە بگرن, دەستگرتن بەسەر خانووی دادپەروەری ناوەندی كە زیاتر 100 كەسی تێدا كوژرا, نیوەیان لە دادەرەكان بووون.
لە شەوی سەری ساڵ 1979تونێلێكیان لێدا بۆ كۆگای چەكی سوپا لە نۆرس كانتۆن, لە ئەنجامدا دەستیان بەسەر 5000 پارچە چەكدا گرت.
زۆر لە سەركردەكان گەریلاكانی ئێم 19 راستەوخۆ سەركردایەتی چالاكییەكان ناو شارەكانیان دەكرد, زۆریان لەم نێوەدا گانی خۆیان بەختكرد.
ئەم بزووتنەوەیە دوای رێكەوتن لە گەڵ دەسەڵات, لەساڵی 1990 بەشداری هەڵبژاردنیان كرد بەناوی 19th of April Movement, لە هەڵبژاردنی دیسەمبەری 1990 رێژەی 26,93%ی دەنگەكەیان هێنایەوە, كە دەیكردە 992613 دەنگ و 19 كورسی لە كۆی 75 كورسی پارلەمانیان بەدەست هێنا, دووەم هێزی ناو پەرلەمان بوون, ئەوەی شایانی ئاماژەیە لە ساڵی 1990 دوو هەڵبژاردن لە كۆڵمبیا ئەنجامدرا لە مانگەكانی مارت و دیسەمبەر, هەڵبژاردنی دووەم لە ئەنجامی رێكەوتنی حكومەت و گەریلاكانی ئێم 19 ئەنجامدرا, یەكەم هەڵبژاردنیش بوو ئۆپۆزسیۆنی چەپ بەهێزەوە چووە پەرلەمانەوە.
هەر لەو ساڵەدا 26-4- 1990 كاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری كارلوس بیزارو لیونغومیز تیرۆر كرا.
رۆڵی راگەیاندنی دژ
پێش خولی دووەمی هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆك كۆماری كۆڵۆمبیا, گۆڤاری سیمانای بەناو بانگ لەسەر بەرگی گۆڤارەكەی نووسی: لە نێوان جەنگاوەرێكی رابردوو و ئەندازیارێك.
لە كاتێك ئەو چەكدارە سێ دەیەو نیوە بەرگی گەریلایی فڕێداوەو زۆر پۆستی سیاسی گرنگی لە وڵات وەرگرتووەو دو خولی پەرلەمان, پارێزگاری پایتەخت, وابەستەی سیاسی باڵوێز لە برۆكسل, ئەندامی ئەنجومەنی پیران, دوو خول كاندیدی سەرۆك كۆمار, پسپۆڕی ئابووری و سیاسی, پارێزەری ژینگەو مافی مرۆڤ و لایەنگری مافی ژنان, ئەو ئەندازیارەش كە باس دەكرێ دژە ژن و كۆنەپەرست و لایەنگری هیتلەرە.
هەرناندیز بە ترامپی كۆڵۆمبیا دەناسرا, لە ساڵی 2016 خۆی رایگەیاندبوو هەواداری هیتلەرە 18.
گۆستافۆ وتی هەڵمەتەكەمان لە دەستی ژنانە, پێشتر لە چاوپێكەوتن لە گەڵ رۆژنامەی ئیل ئیسبیكتادۆر وتی هرناندیس تا ئاستی تاڵیبان كۆنەپەرستە 19.
وەك دەبینین راگەیاندنی راست چۆن راستییەكان پیچەوانە نیشان دەدەن.
ئۆلیگارشییەكان كۆڵۆمبیا كەناڵەكانی راگەیاندنیان كۆنترۆڵكردووە, هیچیشیان لایەنگری پیترۆ نەبوون لەو جەنگە سیاسییە, بەڵكە تەواو دژ بوونە.
سەیر كەن چۆن ئۆلیگارشییەكان كۆنترۆڵی كەناڵەكانی راگەیاندنیان كردووە, لویس كارلۆس سارمینۆ خاوەند 27 كەناڵی راگەیاندنە, كارلۆس ئەردیلا خاوەند 7 كەناڵە, سانتۆ دۆمینگۆ خاوەند 4 كەناڵە و سێ هەرە دەوڵەمەندەكانی وڵاتن.
بە پێی زانیاری یەكێتی رۆژنامەنووسانی كۆڵۆمبی 78%ی هاوولاتیان زانیاری لە 8 كەناڵەوە وەردەگرن 20.
ئەم كەنالانە چۆن لە بانگەشەی هەڵبژاردن دژ بە پیترۆ بوون, لە داهاتووشدا بەرەو رووی دەبنەوە وەك مەكسیك و فەنزوێلاو پیرۆو پۆلیڤیاو ...... هتد.
هەڵبژاردنی نێوخۆی هاوپەیمانی مێژوویی
لەم خولەی هەڵبژاردندا كاندیدە براوەكانی هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆك كۆمارو جێگرەكەی بەربژێری هاوپەیمانی رێكەوتنی مێژویی -كۆڵۆمبیایەكی دیكە شیاوی بەدی هاتنە" Pacto Histórico" نە بوون, كە لە 17 لایەن شیوعی و چەپ تا چەپی ناوەند پێك هاتووە, 13 لایەنیش لە دەرەوەی هاوپەیمانیەتییەكە پشتیوانین, هاوپەیمانییەتییەكە لە رێكەوتی 11-2-2021راگەیەنراوە, بیترۆ نوێنەری Colombia Humana ەیە لەناویدا.
لە هەڵبژاردنی ناوخۆیی هاوپەیمانیەتیەكە 5 كاندید ركابەری یەكتریان كرد تا ببنە بەربژێری سەرۆك, 5818375 كەس بەشداری دەنگدانیان كرد, لە ناویاندا دەنگی 122479 كەسیان سپی بوو, وە 111138 كەسیش دەنگەكانیان سوتا.
بیترۆ كاندیدی كۆڵۆمبیای مرۆڤی و یەكێتی نیشتمانی بوو لە هەڵبژاردنی ناوخۆی هاوپەیمانیەتیەكە, توانی متمانەی 80,5%ی دەنگدەرانی پارتەكانی ناو هاوپەیمانییەتییەكە بە دەست هێنا كە دەیكردە 4،495،831 دەنگ, بەمەش بووە كاندیدیان, فرنسا ماركیزی جێگیریشی رێژەی 14,05%ی دەنگەكانی هێنایەوە كە دەیكردە 785215 دەنگ, ناوبراو كاندیدی پارتی جەمسەری دیموكراتی چەپگەرا بوو.
كۆبوونەوەی ئەو لایەنانە لە دەوری ئەم هاوپەیمانییە, هەنگاوێكی گرنگ بوو بۆ دیاریكردنی نەخشە رێگای گۆڕانكاری كە زیاتر لە 203 ساڵ بوو دەسەڵاتی سیاسی ئابووری و سەربازی و راگەیاندن بەدەست ئۆلیگارشیەكانەوە بوو.
زەمینەی هەڵبژاردن
ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆكایەتی كۆمار لە كۆڵۆمبیا, تسۆنامییەك بوو رابردووی 203 ساڵەی دەسەڵاتی ئۆلیگارشی پارێزگاری كۆڵۆمبی راماڵی, لە مێژووی سیاسی كۆڵۆمبیا راست و راستی پەڕگیڕ دەستیان بەسەر ژیانی سیاسی كۆڵۆمبیا گرتبوو, بۆ یەكەمجار لە دەستیان دەرهێنرا.
تا ساڵی 2008 هەموو ولاتەانی ئەمەریكای لاتین چەپ بە رادیكاڵەكان و پراگماتییكەكانەوە دەسەلاتداری بوون, بە ئۆرۆگوای بۆرجوازییشەوە, پاش 175 ساڵ لە دەسەلاتدارێتی پارتەكانی بلانكۆو كۆلرادو. هەرچەندە باسی شەپۆڵی پەمبەیی دەكرێت لە ئەمەریكای لاتین وەلێ لە راستیدا تسۆنامی سورە هەڵیكردووە.
تا ئێوارەی رۆژی یەك شەمەی رێكەوتی 19-6-2022, كەس باوەڕی ناكرد ئەمجارە چەپ لە كۆڵۆمبیا هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆك كۆماری بباتەوە, كێشە لە ئاستی هژمۆنیای جەماوەری نەبوو, كە دیار بوو بەلای چەپدا قورس بوو, بەڵكە ئەزموونەكانی هەڵبژاردنەكانی رابردوو وە هێزی شاراوەی راستی دەسەلاتدار و گرنگی ئەم ولاتە بۆ ئەمەریكا كە 203 ساڵ بوو پاشكۆی سیاسەتەكانی بوو, ئەو باوەڕەی دروستكردبوو, ئێستاش رێگاكە راستە رێ نییە و لوغماوییە, سەرمایە بە ئاسانی دەسەلات تەسلیم ناكات, 203 ساڵ راستڕەوە پارێزگارەكان حوكمیان كرد, لەم ولاتە بەرفراوانترین شەڕی ناوخۆیی تیایدا ئەنجامدرا بۆ پاراستنی دەسەلات, چەندین كاندیدی تێدا كوژرا, بۆیە نەك پێش نەوەیەك و بگرە پێش رۆژێكیش باوەڕ ناكرا بەم ئەنجامە, هەنووكە بووە بە پرسێكی راستی, بەڵام بۆمب رێژە.
راستەكان لە وڵات دوای وڵات لەم كیشوەرە سورە جەماوەر دەترسێنن بەوەی شوعیەت هات, وەلێ هەژاران و لاوان بێترس لە وشەی شیوعیەت دەنگ بە چەپەكان دەدەن, چونكە پاكترو راستگۆترن, بەرنامەو گوتارەكانیان لەگەڵ بەرژەوەندییان دێتەوە.
دامودەزگا سەركوتكەرەكان, بەرتیل و دەنگ كڕین, لایەنداری راگەیاندن بۆ ئۆلیگارشیەكان, چاوسور كردنەوە, دەسەلاتی قوڵ, تەڵەكەبازی هەمە جۆر لە پرۆسەی هەڵبژاردن...... هەموو ئەمانە وای دەكرد سەركەوتنی چەپ خەون بێت.
ساغبۆتەوە پارەی مادەی بێهۆشكەر بەكار هێنراوە بۆ كڕینی دەنگ لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی رابردوو.
گۆستافۆ بیترۆ دەڵێت هاوپەیمانی لە نێوان هەندێك كەرتی دەوڵەت و قاچاخچیەكانی مادە هۆشبەرەكان هەیە, هەر كاتێك كەرتی كشتوكاڵ وێران بكەن مادەی هۆشبەر زیاد دەكات.
ساڵی 2002 لەسەردەمی دەسەلاتی ئۆربی لەكاتی جەنگی سەرانسەری دژ بە گەریلا ماركسییەكان, پەیوەندی لەگەڵ میلشیا تاوانكارەكان و بازرگانانی مادە بێهۆشكەر دانا, لەوكاتە كۆنگرێسی كۆڵۆمبی 35%ی لە ژێر دەسەلاتی بازرگانانی مادەی هۆشبەرو تاوانكاران بوو 21.
وەلێ متمانە بەو دەسەلاتە نەما, هەڵبژاردنەكان تا ئێستا دوبارە كردنەوەی رابردوو بوون, وەلێ ئەمجارە نۆرەی هاتنی قازە رەشەكە بوو , رێژەی رتكردنەوەی ئۆربیسمۆكان گەیشتە 70% - 22.
لە كۆڵۆمبیا گوایە هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت , وەلێ چەتەی مادەی بێهۆشكەر سەرۆك و پەرلەمانتار و ئەندامانی ئەنجومەنی پیرانی داناوە 23.
مێژووی هەڵبژاردن لە كۆڵۆمبیا
لە ساڵی 1821 ەوە 56 هەڵبژاردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لە كۆڵۆمبیا ئەنجامدراوە, لە ساڵی 1857 دا یەكەم هەڵبژاردنی راستەوخۆی سەرۆكایەتی كرا پارتی لیبراڵَ و پارێزگاران بەشداربوون لە پێشبڕكێكە, دواتر گەڕانەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك لە لایەن نوێنەرانەوە, هەڵبژاردنی راستەوخۆی سەرۆك ئەنجام نەدرایەوە تا ساڵی 1914, لەوساوە بۆ ئێستا 26 هەڵبژاردن راستەوخۆ ئەنجامدراوە, 55 جار بە گشتی هەردوو پارتی لیبراڵ و پارێزگاران پۆستەكەیان بردووە, 26 جاری لە رێگای نمایشی هەڵبژاردنی راستەوخۆوە.
تا ساڵی 1970 تەنها هەردوو پارت پارێزگاران و لیبراڵ بەشدار بوونە لە پرۆسەكە, لە دوای ئەو مێژوەوە پارتی دیكە هاتۆتە ناو پرۆسەكەوە" ساڵی 1974 هەڵبژاردن نەكراوە".
لە هەڵبژاردنی 19ی ئەبرێلی 1970 ساختەكاری كرا بە قازانجی میشایل باسترانا بۆریۆرۆ, بۆیە لایەنگرانی غۆستافۆ روخاس بینیلا(12 مارس 1900 ـ 17 ینایر 1975- ناوبراو لە رێگای كودەتاوە لە ساڵی 1953 گەیشتە دەسەڵات, مافی دەنگدانی بەخشی بە ژنان, نەخۆشخانەو تەلەفزیۆن و زۆر پرژەی كردەوە...... ) نارازی بوون لە ساختەكاریەكە و دەستیان دایە چەك و بزافی 19 m یان راگەیاند.
خەون بوو بە راستی
ئەگەر زۆر بوو كۆڵۆمبیا لە ساڵی 1948 سەرۆكێكی چەپ هەڵبژێرێت لە دواهامین ولاتی لاتینەوە ببوایەتە یەكەم وڵاتی لاتین خاوەند سەرۆكی چەپ بەناوی خورخی ئەلیپێر جایتان, سەرۆكی كارێزمای پارتی لیبراڵ, بەڵام تیرۆر كرا, نووسەری بەناو بانگی جیهانی گارسیا ماركیز لە پەرتووكی ژیان چیرۆك دەگێڕێتەوە Vivir para contar la historia بە درێژی باسی پرۆسەی تیرۆكردنەكە دەگێڕێتەوە, لەو كاتەدا لە نزیكی شوێنی روداوی تاوانەكە بووە.
لە هەمان رۆژی تیرۆركردنی جایتان, دەبوایە گەنجێكی ببینیایە بەناوی فیدل كاسترۆ, بۆ ئەوەی پێكەوە باسی شۆرش بكەن. پرۆسەی تیرۆر كردنەكە لە مێژوودا ناو نرا بۆ غۆتازۆ 24.
پیترۆ كۆڵی نەدا سێجار خۆی كاندید كرد بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار, ساڵی 2010 كە خۆی كاندید كرد, ریزبەندی چوارەمی گرت و نەیتوانی بچێتە خولی دووەمی پێشبڕكێكەوە, لە هەڵبژاردنەكە تەنها 1331267 دەنگی هێنایەوە كە دەیكردە 9,14% ی دەنگەكان.
لە هەڵبژاردنی ساڵی 2014 چەپەكان لە بری پیترۆ خاتوو كلارا لۆبیزیان كاندید كرد, توانی 1958518 دەنگ بهێنێتەوە كە دەیكردە 15,22% ی دەنگەكان.
لە هەڵبژاردنی 17ی یۆلی 2018 ەدا گۆستافۆ پیترۆ بۆ جاری دووەم خۆی كاندید كردەوە, لە خولی یەكەم 4855069 دەنگی هێنایەوە, كە دەیكردە 25,09% دەنگەكان , ریزبەندی دووەمی بەدەستهێناو چووە خولی دووەمەوە, لە خولی دووەمدا توانی 8040449 دەنگ بهێنێتەوە, كە دەیكردە 41,77% ی دەنگەكان, ئەم رێژە بەرزە نیشانەی گەشەی جەماوەری چەپ بوو لە وڵات, لە كاتێكدا لەو ساڵەدا هێشتا چەپ خولی دووەمی سەركەوتنەكانی لە كیشوەرەكە دەست پێ نەكردبوەوە, لە قۆناغی دۆڕاندا بوو لە پرۆسەی هەڵبژاردن.
بەمەش پیترۆ دەنگەكانی بە رێژەیەكی بەرز لە چاو 8 ساڵ لەمەوبەر زیادی كرد, لە خولی یەكەم بە رێژەی 364% و لە خولی دووەم بە رێژەی 604%.
لێ لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا پترۆ توانی لە خولی یەكەم 8541617 دەنگ بەدەست بهێنێت كە دەیكردە 40,3% ی دەنگەكان, لە خولی دووەم دەنگەكانی بەرز كردەوە بۆ 11281013 دەنگ كە دەیكردە 50,44%ی دەنگەكان, بە پێی شێوازی ژماردنی دەزگای هەڵبژاردنی كۆڵۆمبی, 2739396دەنگ زیاتری لە خولی یەكەمی هێنایەوە, زۆرینەیان ئەوانە بوون لە خولی یەكەم بایكۆتی دەنگدانیان كردبوو.
لە بەرامبەردا هەموو راستەكان بە پۆپۆلیست و لیبراڵ و پارێزگارەكەیەوە كە دەنگیان بە ڕكابەرەكەی دا.
هەرچی ركابەرەكەیەتی رودولفو هرناندیز ناسراو بە ترامپی كۆڵۆمبیا لە خولی یەكەم 5,965,335 دەنگی بەدەست هێنا, كە دەیكردە 28.17% دەنگەكان, لە خولی دووەم دەنگەكانی بەرز بوەوە بۆ 10,580,412 دەنگ, كە دەیكردە 47,31%ی دەنگەكان, ئەم رێژەیەش كۆی دەنگەكانی راستگەرەكانە بە دەنگی راستی دەسەلات فیدیریكو جوتیریز یشەوە, كە بۆ خۆلی دووەم خۆی یەكلا كردەوەو زۆر زوو بێ بیركردنەوە پشتیوانی بۆ هرناندیز دەربڕی, ناوبراو 5,069,448 دەنگی لە خولی یەكەم هێنابوەوە دەیكردە 23.94%ی دەنگەكان.
پترۆ توانی بە زێدەی 700601 دەنگ هەڵبژاردنەكە لە راكەبەرەكەی بباتەوە, كە دەیكردە 3,13%ی دنگەكان, پێچەوانەی ئەوانەی بانگەشە دەكەن بۆ ئەوەی بە رێژەیەكی زۆر كەم لە پێشەوەیە.
دەنگە سپیییەكان لە خولی یەكەم 365764 ە, دەكاتە 1,73%ی دەنگەكان, لە خولی دووەم بەرز بوەوە بۆ 501987 دەنگ, كە دەیكردە 2,24%ی دەنگەكان.
كۆی دەنگەكان خولی یەكەم 21173157, لە خولی دووەم ژمارەی دەنگەكان بەرز بوەوە بۆ 22363412 دەنگ.
دەنگە سوتێنراوەكان لە خولی یەكەم 268448 دەنگ كە دەكاتە 1,25%ی دەنگەكان , لە خولی دووەم بەرز بوەوە بۆ 295282 دەنگ كە دەكاتە 1,30%ی دەنگەكان.
ژمارەی بەشداربووان لە خولی یەكەم 21441605 كەسە, بۆ خولی دووەم بەرز بوەوە بۆ 22658694 كەس, رێژەی دەنگدان لە خولی یەكەم 54,98%ە, لە خولی دووەم بوو بە 58,1%, ئەمەش بەرزترین رێژەی بەشداری دەنگدانە لە 50 ساڵی رابردوودا.
كۆی دەنگە راستەكان لە خولی دووەم 21861425 دەنگە, رێژەی دەنگەكان پترۆ لە كۆی دەنگە راستەكان 51,6%, لە بەرامبەردا دەنگی ركابەرەكەی 48,4%ی دەنگەكانە.
بە پێی جوگرافیا بێت چەپەكان زیاتر لەناوچەی لیبراڵەكان چوونە پێشەوە, زۆرینەی ناوچەی لیبراڵەكان گۆڕاوە بۆ چەپ, ناوەوەش تا ئێستا پارێزگارن, هەرچەندە زۆر جیاوازی لە نێوان ئەو دوو حیزبە نییە, نووسەری گەورەی كۆڵۆمبی گارسیا ماركیز دەیوت جیاوازی نێوان پارێزگارەكان و لیبراڵەكان ئەوەیە پارێزگارەكان كاتژمێر 6بەیانی دەچن بۆ كەنیسەو لیبراڵەكان كاتژمێر 7 دەڕۆن 25.
چەپ لەم هەڵبژاردنە لە بۆگۆتای پایتەخت و كەنارەكان, ناو پێك هاتەكان " رەش پێستەكان, دانیشتووانی رەسەن"زۆرینەی بەدەست هێنا, بەتایبەت هەرێمی تشۆكۆ كە زۆرینەی 80% ئەفریقین و ئەوانی دیكەش هەژارن , لەم هەرێمە چەپەكان زۆرترین رێژەی دەنگیان لەسەر ئاستی هەموو وڵات تێیدا هێنایەوە.
هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پیران
تا ساڵی 1974 هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پیران لە كۆڵۆمبیا ئازاد نەبوو, بەڵكە كورسییەكان 50% بە 50% دابەش دەكران لە نێوان پارێزگارەكان و لیبراڵەكان, هەڵبژاردن لە ناو لیستی هەر یەكێك لەو دوو پارتە دەكرا, لەو مێژووە بە دواوە لایەنی دیكەش هاتنە ناو پرۆسەكەوە.
چەپەكان ناو هاوپەیمانی مێژویی لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018 خاوەند 9 و 7 كورسی بوون, لە پەرلەمان و ئەنجومەنی پیران, وەلێ لەم هەڵبژاردنە ژمارەی كورسییەكانیان لە پەرلەمان بۆ 28 كورسی بەرز كردەوە لە كۆی 169 كورسی, لە گەڵ 5 كورسی بۆ پارتی كۆمێنز ( فاركی پێشوو) , 2 بۆ ئەفرۆ ئەمەریكی وە دانەیەكیش بۆ هاوولاتیانی رەسەن.
هەروەها لە ئەنجومەنی پیران هاوپەیمانی مێژوویی 20 كورسی لە كۆی 106 كورسی بردەوەو وێڕای 5 كورسی بۆ كۆمێنز, 2 كورسیش بۆ هاووڵاتییە رەسەنەكان.
ئەگەر هەلچبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پیران دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری ئەنجام بدرابایە, ئەوا تسۆنامییەكە كاری لەسەر ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنانەش دادەنا.
دۆست و دوژمنان چی لەبارەوە دەڵێن؟
پێگەی فۆرۆ مەدریدی راستگەرای ئیسپانی پیترۆی تۆمەتبار كردووە بە پەیوەندی لەگەڵ كوباو فەنزوێلا, دەڵێت لە تەمەنی 17 ساڵی بۆتە گەریلا لای گروپی ئێم 19ی ماركسی, بەشدار بووە لە پەلاماری تەلاری دادوەری گەورەترین پەلامار بووە لە مێژووی كۆڵۆمبیا.
نەیارانی دەڵێن پیترۆ لە ساڵی 1994 شافێزی بینیوە دوای كودەتا سەرنەكەوتووەكەی, ساڵی 2016 سەردانی فەنزوێلای كردووە,چۆتە, ماركێتێكی پڕ خۆراك لەسەر رەفە, پۆستێكی كردووە بەوەی نەبوونی خۆراك پڕوپاگەندەی نەیارانی حكومەتە.
ماڵپەڕی بارۆن نووسی: سەرۆكی كۆڵۆمبیای نوێ ولاتی بەرەو چەپ برد, بازاڕ پێیان باش نییە.
بلمبۆرگ نووسی بازاڕی كۆڵۆمبی دەخنكێت دوای سەركەوتنی پیترۆ.
لە بەرامبەردا یەكێتی چەپی ئیسپانیا" شیوعی و پۆدیمۆس " پشتیوانی لێ دەكەن و دەنگی بۆ كۆدەكەنەوە لە ناو پەنابەرانی كۆڵۆمبی لە ئیسپانیا.
هاوكات ئابووریناسی بەناو بانگی فەرەنسی فرانسۆ بیكتی رەزامەند بوو راوێژ بە حكومەتی بیترۆ بكات لە دوای سەركەوتنی.
حیزبی شیوعی كۆڵۆمبیش هاوپەیمانی نزیكیەتی, پێیان وایە ولات پێویستی بە سەركەوتنی چەپە, چاكسازی زەوی, ئاشتی لە نیوەی رێگا راوەستاوە دەبێت تەواو بكرێت, یاسای كاری دادپەروەر پێویستە, چاكسازی كەرتی پەروەردە لە خزمەت قوتابیان داواكاری هەنووكەیین.
سەركەوتنی چەپ و كاریگەری لە سەر فەنزوێلاو ئەمەریكای لاتین
كۆڵۆمبیەكان گوێیان لە بەشێك لەو 1,7 ملیۆن فەنزویلییە رانەگرت كە ئاوارەی ولاتەكەیان بوونە, دەنگیان بە كاسترۆشافیستایەك دا, چونكە ئەوان ئاوارەی ئابلوقەی ئابوورین نەك سیاسی, زۆریان لە سەردەمی شافێزدا كەرامتیان بۆ گەڕابوەوە.
كۆڵۆمبیاو فەنزوێلا 2217 كیلۆمەتر هاوسنووریان پێكەوە هەیە, كۆڵۆمبیا لە ماوەی رابردوو زۆر كێشەی بۆ حكومەتی فەنزوێلا دروست كرد, بە ئەندازەی ولاتە ئەنگلۆ سەكسۆنیەكان زیاتر كاری بۆ روخانی حكومەتەكەی كرد.
غوایدۆ سەرۆكی ئۆپۆزسیۆنی راستی فەنزوێلی, وە سەرۆكی دیاریكراوی ئەمەریكا, تا ئێستا پیرۆزبایی لە بیترۆ نەكردووە بە بۆنەی سەركەوتنی لە هەڵبژاردنی كۆڵۆمبیا, ئەو نەك هەموو كارتەكانی دۆڕاندووە لە كۆڵۆمبیا, تەنانەت زۆر كۆمپانیای وەك مۆنیمۆرۆس كە بارەگای لە كۆڵۆمبیایە, دوای سەركەوتنی پیترۆ خاوەنداری دەگەڕێتەوە بۆ حكومەتی فەنزوێلی, كە ئەمەریكا بەخشی بووی بە ئۆپۆزسیۆن, بۆیە ئۆپۆزسیۆنی راستگەرای فەنزوێلی شكستی گەوەیان لەم هەڵبژاردنە خوارد, شكستی ئەوان جەرگبڕترە لە شكستی ئۆلیگارشییە كۆڵۆمبییەاان, بە سەركەوتنی چەپ حكومەتی فەنزوێلا دەستەكەوتێكی گەورەی بە دەست هێنا, ئارامی و سەقامگیری زیاتر بەخۆوە دەبینێت, چاوەڕوانی جەژنی سەركەوتنی مانگی ئۆكتۆبەری لۆلان لە بەرازیل, یەكجاری ناوچەیەكی ئارام لە كیشوەرەكە بۆ چەپەكان پێك دەهێنێت, سەقامگیری بۆ فەنزوێلاو پۆلیڤیا و ولاتانی دی دەخولقێنێت, وە زەمینە بۆ سەركەوتنەوەی چەپ لە ولاتانی وەك ئۆرۆگوای و ئیكوادۆرو پاراگوای خۆش دەكاتەوە, كە دووەكەی یەكەم دوو ئۆپۆزسیۆنی بەهێزی چەپی تێدایە كە پێشتر دەسەلاتدار بوونەو ئێستاش لە دەرگای حوكمڕانی دەدەنەوە.
بۆیە سەركەوتنی چەپ لە كۆڵۆمبیا تەنها گەیشتن بە دەسەلات لە وڵاتێك نییە, بگرە هێزیشە بۆ چەپ لە هەموو ئەمەریكای لاتین.
سەركەوتن مسۆگەرە كرێتەوە؟
ژیان تەنها 4 ساڵی داهاتوو نییە, چەپ بوونیش تەنها پڕۆژەی خولێكی دەسەلات نییە, بەڵكە لە هەڵبژاردنی داهاتوو دادگایی ئەم چوار ساڵە لە رێگای سندوقەكانی دەنگدانەوە دێتە پێشەوە.
پترۆ لە بانگەشەی هەڵبژاردن راگەیاند لە ئابووری مەرگەوە دەگوازینەوە بۆ ئابووری ژیان "نەوت, خەڵوز, كۆكایین" ی بە مەرگ ناوزەد كرد.
وەلێ تا ئێستا ئەو سێیە زۆرترین داهاتی كۆڵۆمبیا دیاری دەكەن, كۆڵۆمبیا یەكەمی جیهانە لە بەرهەم هێنانی كۆكاین, ئەگەر دەستبەرداریان ببێت ئەلتەرناتیفیان چییە بۆ داهات تا پڕۆژەكانی بباتە پێشەوە؟, كە سەرچاوەی سەرەكی داهاتی وڵاتن, پڕۆژەكانی ئەو بۆ كەسانێكن هەموو گیرفانیان بەتاڵە, بۆیە گیرفانی پڕی دەوێت.
بڕیار وایە باجی سامان بەسەر 400000 كەس لە هەرە دەوڵەمەندەكان كۆڵۆمبیا بسەپێنێت, زیادكردنی لانی كەمی كرێ, تەندروستی گشتی, بیمەی بێكاری, چاكسازی ریشەیی زەوی, خوێندنی خۆڕایی ......, هەموو ئەمانەش پەیوەستن بەو باجەی دەیسەپێنێت بەسەر دەوڵەمەندەكانی وڵات. دابەشكردنی زەوی بەسەر جوتیاران پەیوەستە بەوەی دەست بەسەر زەوی ئاغاكاندا بگرێت, بۆ ئەوەی شتێك بە زۆرینە بدات دەبێت بەشێك باش لە چینە داراكان وەربگرێت, بۆیە بواری مانۆڕ و پاشەكشە لە بەڵێنەكانی هەڵمەتی هەڵبژاردن نەماوە.
پیترۆ ئەگەر لە كۆكردنەوەی چەپەكان سەركەوتوو بوو, دەبێت لە سەردەمی فەرمانڕەواییدا وەفادار بێت بەرامبەر بە گرێبەستە سیاسییەكان, خەڵك ئەویان وەك جەمسەرێك لە هەمبەر ئۆلیگارشیەكان هەڵبژاردووە, دەبێت نان و كارو ئازادی و كەرامەتیان بۆ بگەڕێنێتەوە, دەبێت لە چوار ساڵی داهاتوو ژمارەی تیرۆركراوەكان كەم بووبێتەوە, ژمارەی تاوانكارانی رزگار نەبوو لە سزا چوبێتە سەر, ولات ئارامتر بوبێت, رەنگ و روو و روخسارو پۆشتەیی جەماوەرەكەی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی داهاتوو بەرەو باشی گۆڕا بێت, چینی ناوەند بە هۆی خوێندنی خۆڕایی رێژەو ژمارەیان زیادی كردبێت, ژمارەی بێ لانەو یەك ژەم خۆرەكان كەم بوبێتنەوە, رێژەی هەژاری و بێكاری هاتبێتنە خوار, پێوەری جینی هاتبێتە خوارو نایەكسانی كەمتر بووبێتەوە, گەریلاكانی ناو جەنگەڵەكان پەیوەست بووبێتن بە پرۆسەی ئاشتییەوە, ژیانی گەریلاكانی پێشوو پارێزراو بێت, باندەكانی قاچاخچی تاوانكاری راستڕەوەكان كەم بوبێتەوە, هەموو ئەوانە پێویستن بو ئەوەی چەپ رەگ دابكوتێت, خۆی وەك هێزێكی جیا لە حوكمڕانی 203 ساڵەی رابردوو نمایش بكات, بۆ ئەوەی لە داهاتوو درێژە بە حوكمڕانی بدات.
سەرچاوەكان :
1-
https://thenextrecession.wordpress.com/2022/05/29/colombia-a-turn-to-the-left/
2-
الرئیس الكولومبی انچم لجماعـە متمردە تقتدی بتقالید مجموعە «روبن هـود» - ترجمە :عوچ خیری عن «الغاردیان»
https://veryarts.com/world/350076.html
3-
https://www.laprogressive.com/latin-america-2/gustavo-petroz-capitalist-colombia
4- الفقراو فی بوغوتا یعیشون من نفایات اڵاپریاو
5--رئیس كولومبی جدید "یغیر مسار التاریخ" ویقلق أمیركا, بایدن
6- أمریكا اللاتینیە لم تعد «الفناو الخلفی» لواشنگن-فهد المچحكی.
7-.ما الژی قد تخسره الولایات المتحدە بفوز الیسار فی كولومبیا؟-المصدر: المیادین نت.
8--هل یُنهی غوستافو بیترو حقبە الحكم الگویلە للیمین الكولومبی؟زهراو رمال -المصدر: المیادین نت.
9-غوستافو بیترو أول رئیس یساری فی كولومبیا-رشید غویلب.
10- حكومە یساریە للمرە اڵاولی فی تاریخ كولومبیا... واڵان تأتی المرحلە الصعبە - بۆرزو درغاهی.
11- The left could be poised to take power in Colombia for the first time
Published: June 5, 2022
12- Live Updates: Colombia Panel Will Issue Report on Decades-Long Civil War
13 https://www.telesurtv.net/news/colombia-asesinan-lider-social-20220702-0017.html
14- How the Left Is Building Peace in ColombiaMariela Kohon
15- كولومبیا: بیترو یحقق انتصارًا تاریخیاً – اڵان لنكافح من أجل الاشتراكیە!
غابرییل جالیانو.
16-https://aawsat.com/home/article/3722486/%D8%BA%D9%88%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%81%D9%88-%D8%A8%D9%8A%D8%AA%D8%B1%D9%88-%D9%83%D9%88%D9%84%D9%88%D9%85%D8%A8%D9%8A%D8%A7-%D8%AA%D9%86%D8%B6%D9%85-%D8%A5%D9%84%D9%89-%D9%85%D8%B9%D8%B3%D9%83%D8%B1-%D8%A7%D9%84%D9%8A%D8%B3%D8%A7%D8%B1-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D9%85%D9%8A%D8%B1%D9%83%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D9%84%D8%A7%D8%AA%D9%8A%D9%86%D9%8A
17- Colombias left turn
ASH NARAIN ROY | New Delhi | June 28, 2022
18-
Colombian elections go to second round amid coup threats and false promises of change
Tomas Castanheira
19- النساو فی صلب حملە الدورە الپانیە للانتخابات الرئاسیە فی كولومبیاhttps://www.swissinfo.ch/ara/%D8%A7%D9%84%D9%86%D8%B3%D8%A7%D8%A1-%D9%81%D9%8A-%D8%B5%D9%84%D8%A8-%D8%AD%D9%85%D9%84%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%AF%D9%88%D8%B1%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%AB%D8%A7%D9%86%D9%8A%D8%A9-%D9%84%D9%84%D8%A7%D9%86%D8%AA%D8%AE%D8%A7%D8%A8%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D8%B1%D8%A6%D8%A7%D8%B3%D9%8A%D8%A9-%D9%81%D9%8A-%D9%83%D9%88%D9%84%D9%88%D9%85%D8%A8%D9%8A%D8%A7/47653946
20-https://www.telesurtv.net/bloggers/Colombia-Eleccion-intervenida-por-el-cartel-mediatico-empresarial-20220612-0001.html
21-
Can Colombias left survive the persistent logic of armed conflict?
Ben Gilvar-Parke
https://www.greenleft.org.au/content/can-colombias-left-survive-persistent-logic-armed-conflict
22-https://redflag.org.au/article/colombia-elects-first-leftist-president-rejecting-traditional-politicians
23-https://www.telesurtv.net/bloggers/Colombia.-Entre-la-alegria-de-la-victoria-y-el-enorme-desafio-de-un-devenir-dificil-pero-no-imposible-20220620-0003.html
24- Colombias left turn
ASH NARAIN ROY | New Delhi | June 28, 2022
25- خریگە الفرز السیاسی الجدید فی أمیركا اللاتینیە... بانتڤار انتخابات البرازیل