نووسەرەناسراوەکان

ئەمريکا وچين؛ ململانێ وپيوەندييەکانيان، ئایا چين کۆتایی بە سەردەمی ئەمريکا دەهێنێت؟ بەشی نۆیەم ... ڕەنج نەوزاد

چەن سەرنجێک لەو بارەیەوە...
(٩)
لە ساڵی ٢٠١١ ئۆباما ستراتيژێکی نوێی ڕاگەياند، ئەويش بريتی بوو لە گواستنەوەی قوورسایی ئەمريکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ناوچەی ئاسيا وزەريایی ئارام. پاشان ترەمپ ديسانەوە کۆمەڵێک لێدوان وبڕياری دا، وا خوێندنەوەی بۆ دەکرا، ئەويش وەک ئۆباما بە نيازە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجێ بهێڵێت ویا بايەخی کەمتری بداتێ. دوای ئەوەش کۆمەلێک بڕياری وەک کشانەوەی سوپای ئەمريکا لە عيراق ورۆژئاوای کوردستان وسووريا. زۆرێک لە چاودێرانيش پێيان وابوو کە ئيتر ئەمريکا پێويستی بە نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەماوە وخۆی نەوت بەرهەم دەهێنێت. ئەمەش ڕاستە، لە ئیستادا ئەمريکا نەوت لە پێداويستی خۆشی زیاتر بەرهەمدەهێنێت، چاوەڕوان دەکرێت لە ئايندەدا، ئەمريکا ببێتە یەکەم فرۆشياری نەوت وگازی سروشتی لە جيهاندا، دوای ئەو وەبەرهێنان وداهێنانە گەورانەی لە بواری نەوتی بەردين ئەنجامی داوە.
ئارگۆمێنتێکی تر بۆ ئەوەی کە ئەمريکا ئيتر بایەخێکی گەورە نادات بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بريتييە لەوەی ئيسرائيل ئيتر لە مەترسیيدا نەماوە ودەتوانێت خۆی بپارێزیت. ئەمەش تا ڕادەیەک ڕاستە، ئيسرائيل توانی زۆربەی دەوڵەتە عەرەبەکان بکاتە هاوپەيمانی خۆی، یا بێ دەنگيان بکات، دەوڵەتێکی بەهێزيش بۆ خۆی درووست بکات. ئارگۆمێنتێکی تر ئەوەیە، کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیان وسەرئێشەیەکی زۆری بە ئەمريکا گەياندوە، ئەمەشيان تا ڕادەیەک ڕاستە، بەتايبەت تێوەگلانی ئەمريکا لە جەنگە درێژەکانی عيراق وئەفغانستان وتا ڕادەیەک سووريا، وترسێک هەیە ئێرانيشی بچێتە سەر. ئەمريکا بە گشتی توانای بردنەوەی شەڕی هەیە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە لە جەنگەکان، شەڕ لایەنی سەربازی وتەکنەلۆژی رۆڵی سەرەکی تيايدا هەیە، ئەمريکا لەوەدا بەهێزترينی مێژووە، بەڵام جەنگ ودەرئەنجامەکانی، تەنها بەوە یەکلا نابێتەوە، چونکە لایەنی کولتووری وکۆمەڵایەتی ڕۆڵی تيا دەبينن، لە ڤێتناميش ئەمريکا هەمان کێشەی تووش بوو، ڤێتنامی کاول کرد، بەڵام جەنگەکەی نەبردەوە. لە ئێستاشدا ئەو خوێندنەوەیە زۆر باوە کە پێيوایە ئەمريکا ئيتر بایەخ نادات بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وئەگەر هەیە ئەو ناوچەیە بەجێبهێڵێت.
ئەو ئارگۆمێنتانە لە خودی خۆیاندا ڕاستيان تێدایە، بەڵام هەر لە بنەڕەتەوە کۆمەلێک ئارگۆمێنتی لاوازن وپەيوەندييەکی پتەويان بە حوکمدانەکەوە نييە، چونکە بوونی ئەمريکا لەم ناوچەیە، تەنها لەبەر ئەو خاڵانە نييە کە باس کران، بەڵکو هۆکاری گشتیتر وفراوانتر وای لە ئەمريکا کردوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادەیی هەبێت، بۆیە ئەو ئارگۆمێنتانە کورت دەهێنن بۆ تێگەيشتن لە پەيوەندی ئەمريکا بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە. کە بێ گومان بەشێکن لە هۆکارەکە، بەڵام بەشێکی سەرەکی نا.
بۆ نەوت وگازی سروشتی بێت، ئەوا ئەمريکا جاران گەورەترين کڕيار بوو، هەر وەک چۆن کڕيار پێويستی بە فڕۆشيارە، فڕۆشياريش کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، پێويستی بە کڕيارێکی دەوڵەمەندی وەک ئەمريکا هەیە، واتە بێ بوونی ئەو ئامادەییە بەهێز وگەورەیەیی ئەمريکا لە ناوچەکە، هەر دەتوانێت نەوتی پێبگات، چونکە داهاتی نەوت بەشێکی سەرەکی پێکدەهێنێت لە داهات وئابووری نەوت فرۆشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بۆ پرسی ئيسرائيل، ئەوا ئەمريکا دەتوانێت لە ڕیگەی دبلوماسی وفڕۆشتنی چەکی پێشکەوتوو بەرگری لە ئيسرائيل بکات، یاخود لە کاتی پێويست هێزێکی ئەمريکی ڕەوانەی ناوچەکە بکات وبەرگری لە ئيسرائيل بکات. لە ساڵی ١٩٧٣ لە کاتی جەنگی ميسر وئيسرائيل، ميسر بە هاوکاری یەمەنی باشور وباکوور، هەستان بە داخستنی گەرووی باب المندب بە ڕووی کەشتيە بازرگانيەکانی ئيسرائيل بۆ ماوەی دوو مانگ، ئيسرائيل بەوە زیانیکی زۆری کرد، چونکە زۆرێک لە ئابووری ئيسرائيل پشت بە دەريایی سوور دەبەستێت، بەو داخستنەی باب المندب، دەريایی سوور داخرا بە ڕووی ئيسرائيل، کاتێک خەريک بوو زیانەکە تەواو ئيسرائيل شەکەت بکات، ئيسرائيل داوای لە ئەمريکا کرد هاوکاری بکات، کەشتيگەلی ئەمريکا لە زەريایی هيندی، تەنها دوو پارچە کەشتی نارد بۆ باب المندب ودەريایی سوور، گەمارۆکەی سەر ئيسرائيلی شکاند وئيسرائيلی ڕزگار کرد لەو سزایەیی ميسر ویەمەن. واتە تەنها دوو کەشتی بەس بوو بۆ ئەوەی ئەمريکا فريایی ئيسرائيل بکەوێت. بۆیە ئەمريکا لەبەر ئيسرائيل پێويست ناکات دەيان بنکەی سەربازی وئەو ئامادەبوونە گەورەیەیی هەبێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بایەخدانی ئەمريکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەشێکە لەو ستراتيژە فراوانەی ئەمريکا بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر جيهاندا، بە تايبەت بەسەر دەريا وئۆقيانووسەکاندا. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێکی زۆری دەڕوانێتە سەر ئۆقيانووسی هيندی کە سەرەکيترين ڕێگای بازرگانی وتێپەڕبوونی وزەیە، زیاد لە٧٠٪ی وزەی جيهان لە ڕێگەی ئەم ئۆقيانووسەوە مامەڵەی پێوە دەکرێت، ئەمەش واتە ئاسايشی وزە لە جيهاندا پەيوەستە بەم ئۆقيانووسە، ئەوەی کۆنتڕۆڵی بکات، ئاسايشی وزە دەکەوێتە ژێر دەستی، ئاسايشی وزە پەيوەندی ڕاستەوخۆی بە ئاسايشی نەتەوەیی زۆر دەوڵەتەوە هەیە، واتە ئەمريکا ئاسايشی نەتەوەیی زۆربەی دەوڵەتانی کڕيار وفرۆشياری نەوتی لەژێر دەستە. لە ڕێگەی ئۆقيانووسی هينديەوە دەکرێت بگەيت بە ئۆقيانووسی ئارام وئەتلەسی، واتە ئاسيا ورۆژهەڵاتی ناوەڕاست وئەوروپا وئەفريقيا وهەردوو ئەمريکای باشوور وباکور، دەکرێت لە ڕیگەی ئەم ئۆقيانووسەوە ببەسترێنەوە بە یەکتر. سێ لە گرنگترين ڕێڕەوە ئاوييەکانی جيهان کە هورمز وباب المندب وسوێسە، دەکەوێتە رژهەڵاتی ناوەڕاست. هەر وەها رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاسيا وئەوروپا وئەفريقيا دەگەيەنێت بە یەکتر. جگە لەو گرنگيەی کولتوری ومێژوویەیی کە هەیەتی.
واتە ئەمريکا بۆ ئەوەی بيەوێت وەک کاريگەرترين زلهێزی جيهان بمێنێتەوە، پێويستە هەژموونی یەکەمی هەبێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونکە بێ هەژموون لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناتوانرێت هەژموونی هەبێت لە ئۆقيانووسی هيندی ولقەکانی، بێ ئەوەش، ئيتر ئەمريکا وەک یەکەم زلهێزی جيهان نامێنێتەوە.
دووەم خاڵ کە وا لە ئەمريکا دەکات بایەخێکی گەورە بدات بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بريتييە لە چين. ئەم ناوچەیە سەرچاوەیەکی سەرەکی چينە بۆ وزە (نەوت وگازی سرووشتی) واتە سەرچاوەیەکی سەرەکی ئابووری چينە، ئابووری چين بەردەوام پێويستی بە وزەیە، سياسەت وپێگەی چين لە جيهاندا، بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە ئابوورييەکی دەبەستێت. هەر وەها چين بۆ هەناردە کردنی بەرهەمەکانی بۆ جيهان، پێويستيەکی گەورە بە بازار وڕێڕەوە ئاویيەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. بە کورتی هەناردە کردن وهاوردەکردنی چين، تا ڕادەیەکی زۆر پەيوەستە بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.
هاوکات، ئەم ناوچەیە پێگەیەکی زۆر گەورە وهەستياری هەیە لە ڕێگای ئاوڕيشمی نوێی چينی (ڕێگای ووشکانی ودەرياییەکەی). ئەمريکا بۆ ڕێ گرتن لەوەی چين ببێتە زلهێزی جيهان وشوێن بە ئەمريکا لەق بکات، ئەوا دەبێت ئەمريکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بمێنێتەوە. بۆ نموونە کاتێک ئەمريکا بایەخ بە نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات لە ئێستادا، لەبەر ئەوە نييە کە خۆی پێويستی بەو نەوتەیە، بەڵکو بۆ ئەوەیە کە چين لە بازارێک نەوت بکرێت، ئەو بازاڕە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەمريکا بێت، هەر وەها ڕێگای ئاوڕيشم بە ناوچەیەکدا تێپەرێت، کە ئەمريکا هەژموونی یەکەمی لەو ناوچەیەدا هەبێت، ئەمەش لە کاتی پێويستدا، ئەمريکا دەتوانێت بيکاتە کارتی فشار بەسەر چين ووەک هەڕەشە لە دژی بەکاری بهێنێت. کەواتە لە ئێستا ولەئايندە، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگە بۆ ئەمريکا، بۆ ڕێگرتن لە چين، ئەمەش رۆڵێکی نوێيە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانەیە ئيتر ئەمريکا ستراتيژ وسياسەتێکی نوێ دابرێژێت بۆ مامەڵەکردنی لەگەڵ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەو چوارچێوەیەشدا کورد پێویستە پلان وستراتیژێکی خۆی هەبێت.(لەبەشەکانی داهاتوو باس لە پرسی کورد دەکەم لە پەیوەندیدا بە ململانێی ئەمریکا وچین).
هەر پاشەکشێ ولاوازييەکی ئەمريکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوا چين ئەو بۆشاییە پڕ دەکاتەوە، لەبەر ئەوە، دەکرێت ئەمريکا ستراتيژ وشێوەی ئامادەبوونی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕێت، بەڵام بەجێهێشتن ویا بایەخنەدان بەم ناوچەیە، ئەگەرێکی دوورە. هەر بۆیە یەکێ لە کەسە نزيکەکانی کۆشکی سپی، دەڵێت سەرباری ئەوەی سەرۆکەکانی ئەمريکا وچاودێران ساڵانێکە باسی کشانەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن، بەڵام تا ئێستاش لە ٨٠٪ی کۆبوونەوەکانی ناو کۆشکی سپی لە بارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە یا رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تيا باس دەکرێت.
ماويەتی...

Related Articles