
چەن سەرنجێک لەو بارەیەوە...
(٤)
ئەو پێشبينی ولێکدانەوانەی کە پێیان وایە لە ئايندەیەکی نزيک چين دەبێتە یەکەم ئابووری جيهان وئەگەر هەیە ببێتە زلهێزی یەکەمی جيهان وشوێنی ئەمريکا بگرێتەوە، بە شێوەیەکی گشتی پشت دەبەستێت بە پێوەری ئابووری ولەناويشدا پێوەری تێكڕای بەرهەمی ناوخۆیی (Gross domestic product /GDP) کە پێوەرێکی سەرەکيە بۆ پێوانەکردن وزانينی هێز وقەبارەی ئابووری دەوڵەتێک. پێوەری جی دی پی بە کورتی وسادەیی واتە بەها وقەبارەی کۆی ئەو شمەک وخزمەتگوزاريانەی لە ناوخۆی وڵاتێک بەرهەم دێن لە ماوەیەکی دياريکراودا، بۆ نموونە کاتێک دەڵێين جی دی پی وڵاتێک سەد مليار دۆلارە لە ساڵی ٢٠٠٠ واتە لەو ساڵەدا لە ناوخۆی ئەو وڵاتە ئەو شمەک وخزمەتگوزاريانەی کە بەرهەمهاتوون، بایی سەد مليار دۆلار بووە، بەڵام بە بێ لەبەرچاوگرتنی ڕەگەزنامەی لایەنە بەرهەمهێنەرەکان. بۆ نموونە لە چين ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانيا وبەرهەمهێنەری بيانی ورۆژئاوایی هەیە، داهاتی ئەو بەرهەمهێنەرە بيانيانەش هەر لەسەر جی دی پی چين هەژمار دەکرێت، چونکە لە (جی دی پی)دا جوگرافيا لەبەرچاودەگيرێت، ناوخۆی دەوڵەتێک لە ماوەیەکی دياريکراودا چەنێک بەرهەم دەهێنێت. داهاتی ئەو بەرهمێنەرە چينيانەی کە لە دەرەوەی چين بەرهەمهێنان دەکەن، لەسەر جی دی پی چين هەژمار ناکرێت، چونکە لە دەرەوەی جوگرافيای چين بەرهەمێنان دەکەن.
لە بەرامبەردا پێوەرێکی تر هەیە پێی دەوترێت تێکرای بەرهەمی نەتەوەیی(gross national product-GNP ) لەمەدا ڕەگەزنامە لەبەر چاو دەگيرێت، لێرەدا (GNP)ی چين کۆی بەرهەم وخزمەتگوزاری هاووڵاتيان وبەرهەمێنەرانی چينی دەگرێتەوە لە ناو چين ولە کۆی جيهان، بۆ نموونە کۆمپانيایەکی ئەڵمانی لە ناو چين، داهاتەکەی هەژمار ناکرێت لەسەر جی ئێن پی وڵاتی چين، بەڵام کۆمپانيایەکی چينی لە ئەڵمانيا، داهاتەکەی لەسەر (جی ئێن پی)ی چين هەژمار دەکرێت. واتە لە پێوەری یەکەم جوگرافيا هەژمار دەکرێت، لە پێوەری دووەم ڕەگەزنامە. بێ گومان ئەم بابەتە وردە کاری زۆر تێدایە، لێرەدا تەنها بە شێوەیەکی گشتی وسادە باسکرا.
جی دی پی ئەمريکا بۆ ساڵی ٢٠١٩ بريتی بوو لە زیاد لە ٢١ تريليۆن دۆلار (بەرزترينە لە جيهاندا) لەبەرامبەردا ئەوەی چين زیاد لە ١٤ تريليۆن دۆلار بوو لە دوای ئەمريکاوە بە پلەی دووەم دێت. (یەک تريليۆن هەزار مليارە، یەک مليار هەزار مليۆنە). وەک ديارە ئەمريکا جارێ بە بڕێکی زۆر ونزيکەی حەوت تريلۆن دۆلار لە پێش چينە، بەڵام ئەوەی ئەمريکای ترساندوە وئەوەی وا دەکات کە چاوەڕوان بکرێت لە ئايندەیەکی نزيک چين لەو ژمارەیەدا پێش ئەمريکا بکەوێت، بريتييە لە ڕێژەی خێرایی گەشەکردنی ئابووری چين، کە زۆر بەرزە. بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٢ جی دی پی چين زیاتر بوو لە ٨ تريليۆن دۆلار، لەو کاتەوە تا ساڵی ٢٠١٩ زیاد لە شەش تريلۆن دۆلار زیادی کردوە.
ساڵی ٢٠١٩ بە هۆی ململانێی بازرگانی لەگەڵ ئەمريکا وگەيشتنی ئابووری چين بە ئاستێکی بەرز وکە ئيتر گەشەکردن خاوتر دەبێتەوە لەو ئاستەدا، چين خاوترين ڕێژەی گەشەکردنی ئابووری هەبوو لەو ساڵەدا کە ٦،١٪ بوو، ئەمەش خاوترين ڕێژەیە بۆ چين لە ماوەی نێوان ١٩٩٠ تا ٢٠١٩، لە کاتێکدا ئەو ڕێژەیە بۆ دەوڵەتانی تر، ڕێژەیەکی خێرا وباشە، بەڵام بۆ چين خاوترين بوو، بە براورد بەو ڕێژە بەرز وسەيرەی کە لە ساڵانی پێشوودا هەيبووە. بۆ نموونە ساڵی ٢٠٠٧ ئەو ڕێژەیە لە سەروو ١٤٪ بووە. لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە تا ساڵی ٢٠١٩ ڕێژەی گەشەکردنی جی دی پی ئەمريکا هيچ ساڵێک نەگەيشتووەتە ٥٪ واتە گەشەکردنی ساڵانەی ئابووری چين زۆر بەرزترە لە هی ئەمريکا، لێرەوەیە چاوەڕوان دەکرێت لە ئايندەیەکی نزيکدا قەبارەی ئابووری چين لە هی ئەمريکا گەورەتر بێت وپێش ئەمريکا بداتەوە. بە پێی ئامار وپێشبينيەکانی دەزگای کارينگی بۆ ئاشتی نێودەوڵەتی، لە ساڵی ٢٠٣٠ وبۆ چەن ساڵێک دوای ئەوە، ئەمريکا وچين لە ڕووی ئابوورييەوە یەکسان دەبن یا زۆر نزيک دەبنەوە لە یەک، لە ساڵی ٢٠٥٠ ئەوا جی دی پی چين دەگاتە ٤٦ تريليۆن دۆلار هی ئەمريکا دەگاتە ٣٨ تريليۆن دۆلار، واتە چين زۆر پێش ئەمريکا دەکەوێت لەو ژمارەیەدا، بەڵام ئەمە لە کاتێکدا ئەگەر هەردوو دەوڵەت بەم ڕێژەیەیی ئێستا لە گەشەی ئابووری بەردەوام بن.
خاڵێکی گرنگ هەیە پێويستە ئاماژەی پێبدرێت، ئەگەر چين لەو ژمارەیەدا (جی دی پی) ئەمريکا تێپەڕێنێت وببێتە خاوەن یەکەم ئابووری جيهان، ئەوا دەبێت بزانين، ئەو تێپەڕاندنە تەنها بە قەبارە وژمارە وچەندێتيە، نەک بە چۆنيەتی وکوالێتی وپێشکەوتوویی، چونکە ئەمريکا لە ڕووی چۆنيەتی وپێشکەوتوویی ئابووري وئەکنەلۆژيەوە... جارێ زۆر لە پێش چينەوەیە. لە ئیستادا ئەوەی کە چين دەتوانێت بيری لێ بکاتەوە وواقعی بێت، ئەوەیە لە ڕووی چەندێتيەوە ئابووری ئەمريکا تێپەڕێنێت. لێرەوەیە هەندێ پسپۆری پەيوەندی ئەمريکاو چين پێيانوایە، جارێ چين زۆر لەوەوە دوورە کە شوێنی ئەمريکا بگرێتەوە وببێتە هێزی یەکەم، چونکە هەژموونی ئەمريکا لە جيهاندا تەنها بريتي نييە لە قەبارە وچەندێتی ئابوورييەکەی، بەڵکو چەندين لایەن وبواری ترە، کە جارێ چين زۆر دوورە لەوەی لەو لایەنانەوە پێش ئەمريکا بکەوێت وتەنانەت نزيکيش بێتەوە لە ئەمريکا (لە بەشەکانی داهاتووی ئەم نووسينە باس لەو لایەنانەی تر دەکەين).
لە لایەکی ترەوە، تانەت لە کاتی تێپەڕاندنی ئەمريکا لە لایەن چينەوە لە قەبارەی ئابووري، جارێ بەشی تاک لە داهاتی جی دی پی هەر ئەمريکا لە پێشتر دەبێت، چونکە دانيشتووانی چين زۆر زیاترە لە هی ئەمريکا، ئەگەر جی دی پی چينی پێش ئەمريکاش بکەوێت، ئەوا خۆشگوزەرانی چين ناگاتە ئاستی ئەمريکا، چونکە تاکی ئەمريکی بەشی زیاترە لە تاکی چينی لە جی دی پی دەوڵەتەکانيان، بەشی تاک لە داهاتی گشتی دەوڵەتيش، پەيوەندی بەهێزی هەیە بە خۆشگوزەرانی وڵاتەوە.
خاڵێکی تر کە زۆر گرنگە و کەمتر ئاماژەی پێدەکرێت لە کاتی باسکردنی کێبرکێی نێوان ئەمريکا وچين لە قەبارەی (GDP) ئەويش توانای بەرهەمهێنانی تاکە، واتە قەبارەی بەرهەمی تاکێکی ئەمريکی چەندە وهی چينيەک چەندە (individual productivity)، لەمەشدا ئەمريکا جارێ، بە جياوازييەکی زۆر گەورە لە پێش چينەوەیە. بۆ نموونە، گريمان (GDP)ی چين چەن ساڵێکی تر دەگات بە هی ئەمريکا و هەردووکيان قەبارەی (GDP)ەکەیان دەگاتە ٢٥ مليار دۆلار، لێرەدا دەبێت بزانرێت کە ئەمريکا بە ٣٣٠ مليۆن دانيشتووانەوە بە قەبارەی ٢٥ مليار دۆلار بەرهەمی هەبووە، بەڵام چين بە ١.٤ مليار دانيشتووانەوە بە قەبارەی ٢٥ مليار دۆلار بەرهەمی هەبووە، واتە تاکێکی ئەمريکی چوار یا پێنج هێندەی تاکێکی چينی بەرهەمدار وچالاگە لە بەرهەمهێنان وداهێنان. ئەمە لە کاتێکدا ئەگەر قەبارەی ئابووری چين بگاتە ئاستی ئەوەی ئەمريکا، ئەگەر نا لە ئیستادا، بە پێی قەبارەی (GDP) هەردوو وڵات، ئەوا تاکێکی ئەمريکی زیاتر لە شەش هێندەی تاکێکی چينی بەرهەم وداهێنانی هەیە.
کەواتە گەشەکردنی قەبارەی ئابووری چينی وتێپەڕاندنی قەبارەی ئابووری ئەمريکا، جارێ چين ناکاتە هێزی یەکەم وناتوانێت کۆتایی بەسەردەمی ئەمريکا بێنێت، چونکە تەنانەت لەسەردەمی فرە جەمسەريشدا، کە ئێستا تا ڕادەیەک دەستی پێکردوە، هيچ کام لە جەمسەرەکان لە ئايندەیەکی نزيک ولەوانەیە مامناوەنديش، ناتوانن بگەنە ئاستی هەژموونی ئەمريکا لە جيهاندا. واتە لە ناو فرە جەمسەريشدا، بەهێزترين وبەهەژموونترين جەمسەر دەکرێت هەر بوونی هەبێت. بەڵام ئەم گەشەکردنەی چين لە قەبارەی ئابووری، دەکرێت وەربگێرێتە سەر چۆنيەتی و لایەنی تريش، ئەمريکاش ترسەکەی ئەوەیە، چين لە ئێستادا رکابەرێکی بازرگانی ئەمريکایە، دەکرێت زیاتر بەرەو رکابەری سياسی وجيوپۆلەتيکی وزانستی... بڕوات. ئابووری ئەگەر تەنها وەک قەبارەش بێت، ئەوا بنەمایەکی گرنگە بۆ هەژموونی سياسی وجيوپۆلەتيکی وزانستی لەجيهاندا، کە چين دەستی بەو لایەنانەی تريش کردوە وهەنگاوی ناوە. لەمەوەیە ئەمريکا ترسی لە ئايندەی پێگەی خۆی هەیە بە هۆی چين وهەنگاوە بەهێزەکانيەوە.
ماویەتی...