
(سارای گوڵ چرکاندوویەتی)
دەچمە ناو مانگ،
نا بۆ ئەوەی،
بزانم کانیاوی تێدایە یان نا.
گیای لێ شین بووە.
کۆترو ڕیشۆڵەی تیا هەڵدەفڕێ.
نا بۆ ئەوەی،
بزانم پانتاییەکەی چەندەو چەند گردوو شاخی تێدا هەن.
دەچمە ناو مانگ ،
نا بۆ ئەوەی،
بەئاسانی دەستم بگاتە مەمکی ئەستێرەکان.
نا بۆ ئەوەی ،
شوێن پێی فریشتان هەڵگرم و خۆم بکەم بە باخەکەیانا و هەر شەوە، لەگەڵ یەکێکیاندا ، بنووم.
نا بۆ ئەوەی،
سپیماڵی٭ خودا بدۆزمەوەو تکای لێ بکەم دەستی مهرەبانی خۆی، بەسەروسەکوتما دابێنێ.
بۆ ئەوە دەچمە ناو مانگ،
تا ئەو قوربانیانە بەچاوی خۆم ببینم، کە نێوان ڕێی کۆیەو هەولێر لە ناو ئۆتۆمبیلی وەرگەڕاودا، خەڵتانی خوێن دەبن.
بەچاوی خۆم، ساتە وەختی شەهید بوونی بەقاڵێک- لەناو دووکانەکەی خۆیدا ببینم، کەهیچ پەیوندییەکی بە حیزب و شۆڕش و کوردایتییەوە، نییە.
ژنە هەڵەبجەییەکی سپیپۆش ببینم کەخەریکی هەنار ڕنینە.
ژنە ڕەوەنییەک،
لە چەمێکدا لەسەر بردێکی پان ڕووت بۆتەوەو، جل و مناڵەکانی و خۆی دەشوا.
شوفێرێک لە ڕێی قوتابخانە خوێندکارێک دەشێلێ و کتێبەکانی بەسەر جاددەو شۆستەکەدا بڵاو دەبێتەوە.
ماتۆر سوارێک جانتاکە لەدەستی ژنێک دەڕفێنێ کە بەلەنجە بەرەو فەرمانگەکەی ڕێ دەکات.
کچێکی بێگوناح، دەدەنە بەر خەنجەران، لەسەر ئەوەی نامەی کەسێکی نەناسراو بۆ مۆبیلەکەی هاتووە ونوسیویەتی، دەرپێکەی پێت چ ڕەنگە!!
کچێک نیوەڕووت، لەسەر لمی کزری قەراخ دەریا، نیوە ڕووت لەسەر دەم پاڵکەوتوە. سمتی نەرم ترین بالیفە.
شوانێک و
ڕانەمەڕێک و
سەگێک،
کاتێک لەنکاو مینێک لەنێوانیاندا،دەتەقێتەوە.
کۆڵکێشێک، لەگەڵ ڕێژنەی گوللەدا بەکۆڵەوە ، لە ترۆپکی شاخەوە،گلۆر دەبێەوە کەندڕێک.
یەکە یەکە چاوم بەو فرۆکانە بکەوێ، کەلەسەری ساڵی تازەدا،تەرمی ڕۆڵە خنکاوەکانمان، دەبەنەوە زێدی ڕەشپۆشی خۆیان.
دەچمە ناو مانگ تا لەوە دڵنیا بم ئاخۆ،
لە خاکەکەی مندا،
(ژمارەی چۆلەکە زیاترە یا ژمارەی؛
خاکفرۆش)٭.
---------------
٭سپیماڵ: ماڵی خودا سپییە نەک ڕەش بۆیە لەبری ڕەشماڵ ، (سپیماڵ ) م داتاشی.
٭لەقەسیدەیەکی تر ئەم دێڕەم بەکار هانیوە