نووسەرەناسراوەکان

تێکستی نوێ- حەڤدە (سەرتاشخانەی باران) ... قوبادی جەلیزادە

1
هێندێکیان ،
زۆر وردیلەو ساوان، ڕووت و قوتن،
نەکەوشێ
نەپۆشاکێ
نەدەستکێشێ
زگم پێیان دەسووتێ.
لەسەرمانا هەموو ئازای بەدەنیان دەلەرزێ.
گوناهن،
دەڵێی پۆلێ پەپوولەی سپین ، لە ئاسمانەو بەردەبنەوە خوارێ.
ناکرێ دەنا دەبوو ،
پەنجەرەیان لێبکەمەوەو دەستیان بگرم و یەکە یەکە،
بیاهێنمە ژوورێ و تۆزێک خۆیان لەبەر سۆبە داگیرساوەکە،
گەرم کەنەوە.
بەیەکەوەش قاوەیەکی قەزوان بخۆینەوە.
ئەوان نەچاویان پێوەیە پێی ببینن
نە دەمیان هەیە قسەی پێ بکەن
نە گوێیان پێوەیە پێی ببیستن
هیچم لەدەست نایە،
تەنیا ئەوە نەبێ لەسەر هەڵمی پەنجەرەکە بنووسم؛
خۆشم دەوێن پەپوولە سپی و وردیلەکان.
-
-لە ئێوارەوە کلو کلو بەفر دەبارێ.
2
پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی تەواو کردوە
کە دەست دەکا بە ئیش،
تابلۆی داروبەرد دەکێشێ.
بەڵام تەنیا یەک ڕەنگ بەکار دێنێ ,
ڕەنگی سپس
-شێوەکارێکی خۆڕسکە - بەفر
3
لەبنەچەدا بەفر ڕەنگێگی دیکەی هەیە
ڕەنگەسوور بێ
مۆر بێ
شین بێ..
لێ کە دەستی لەپرچی هەور بەدەبێ و
لەترسی هەڵدێران،
ڕەنگی سپی سپی هەڵدەگەڕێ.
4
لەڕۆژانی بەفرانبارا،
فریشتەکان واز لە خودا پەرستی دێنن و
گەواڵە هەورەکانی پەموو ،
هەلاج دەکەن،
دانە دانە لۆکەی تەزیو،
دادەبارێ.
5
ئێوارە،
قژێکی درێژ درێژو سپی سپی پێوەبوو-پیرە مەگروون
کەچی بەیانیەکەی,
رەش ڕەش و کورت کورت
لەوانەیە شەو چوبێتەلای سەرتاشخانەی،
-باران

Related Articles