نووسەرەناسراوەکان

بنەمای فەلسەفی کتێبی کاپیتاڵ-ی مارکس – بەشی یەکەم ... د. ڕێبوار فەتاح

 

.

 

کورد و نەتەوەکانی خۆرهەڵات پێویستیان بە تێگەیشتنێکی باشترە لە مارکسیزم، کە لەلایەك وەك باوەڕی ئاینی لەخۆ دەگیرێ؛ لەلایەکی دیەوە، لە شوشەیەکی تەماویەوە تێی دەڕوانرێ، ناوەرۆکی گوم دەبێ. مارکسیزم فەلسەفەیە، وەك فەلسەفەی هەیگڵ و کانت، باوەڕی ئاینی و ئایدۆلۆجی سیاسی نیە.

.

بەشی یەکەم - سەرەتا

.

کتێبی کاپیتاڵ-ی کارڵ مارکس (١٨١٨-١٨٨٣)، سێ بەرگە؛ بەرگی دووم و سێیەمی فرێدریش ئەنگڵس-ی هاورێی (١٨٢٠-١٨٩٥) پاکنووسی کردوون - لەسەر ئەو سەرنجە وردانەی کە مارکس دوای مەرگی بەجێی هێشتبوون و لە ١٨٨٥ و ١٨٩٤بە چاپی گەیاندوون. هەرچی بەرگی یەکەمە لە ١٨٦٧دا، مارکس خۆی تەواوی کردووە. بەبێ سڵەمینەوە، کاپیتاڵ گرنگترین کتێبی مارکس-ە، کە فەلسەفەی مارکسی، مارکسیزم، دادەڕێژێ.

.

لێرەدا ناچمە وردەکاری کتێبی کاپیتاڵ-ەوە؛ تەنیا ڕووناکی دەخەمە چەند لایەنێکی؛ بەتایبەتیش ئامانجم بینینەوەی پایە گرنگە فەلسەفیەکانی ئەم کتێبەیە.

.

لە کاپیتاڵ-دا، مارکس، تەنیا سیستمی ئابوری سیاسی هەڵناسەنگێنێ، بەڵکو پایە گرنگەکانی فەلسەفەی خۆی، مارکسیزم، دادەڕێژێ. ئەم پایە فەلسەفیانەی مارکس تا ئەمڕۆ زیندوون و کاپیتاڵ کتێبێکی بنەچەییە و سەدان، بگرە هەزاران، کتێبی دیکەی لەسەر داڕێژراوە. فەلسەفەی مارکس-یش، گەرچی هەرگیز بەرجەستە نەبووە لە سیستمێکی کۆمەڵایەتیدا – ئەمیش جێی دیبەیتە، زیندووە و تا ئەمڕۆش هۆگرانی چەند ملیۆنێك زیاترن، گەر سەدان ملیۆن نەبن.

.

کاپیتاڵ ئیستگەیەکی گەلێك گرنگە لە هزری مرۆڤایەتیدا، شانبەشانی کتێبی سوڕاندنەوەی کەشتیەکانی ئاسمان-ی نیکۆلاس کۆپەرنیکۆس (١٤٧٣ -١٥٤٣)، کتێبەکانی جەوانەس کەپلەر (١٥٧١-١٦٣٠)، کتێبەکانی ڕێنەی دێکارت (١٥٩٦-١٦٥٠)، بنەماکانی (پرنسیپس) نیوتن (١٦٤٢-١٧٢٦/١٦٢٧)، دەرامەتی گەل-ی ئادەم سمث (١٧٢٣-١٧٩٠)، هەڵسەنگاندنی ئەقڵی پەتی-ی ئەمانۆیل کانت (١٧٢٤-١٠٨٤)، چاوگی ڕەگەزەکان-ی داروین (١٨٠٩-١٨٨٢)، تیوری رێژەی-ی ئەنشتاین (١٨٧٩-١٩٥٥)، لێکدانەوەی خەون-ی سیگمۆند فرۆید (١٨٥٦ - ١٩٣٩) و زۆری دیکە.

.

هەرچەندە من لێرەدا زۆر ناچمە ناو مارکسیزمەوە، ئامانجم بەرگی یەکی کاپیتاڵ-ە؛ هەڵبەت مارکسیزم لە زۆر گۆشەنیگاوە دەبینرێ. بۆ نمونە، لۆکاش (١٨٨٥-١٩٧١)، مارکسیزیم بە فەلسەفەی شۆڕش دادەنێ بۆ بە بڕشتکردنی دۆخی ژیانی زۆرینەی خەڵك. ڕەنگە تاکە فەلسەفەیەك بێ کە بناغەی شۆڕشی زۆربەی خەڵکی – پڕۆلیتاریا – داڕشتبێ بۆ ژیانێکی کامەران. جا ئەمە خەونە یان ڕاستی، ئەوە بابەتێکی دیکەیە.

.

لە یەکێك لە نامەکانی نێوان خۆیاندا، کە بۆ چاپکردن نەبوون و دواتر چاپکراون، مارکس و ئینگلیز دەنوسن: فەلسەفەیان لە ئەڵمانیا، سیاسەتیان لە فەڕەنسا و ئابوریان لە ئیگلیز وەرگرتووە. ئەم دوو بلیمەتە توانایەکی لەبننەهاتوویان هەبووە لە کۆکردنەوە و پەرەپێدانی هزری مرۆڤایەتی و ڕووداوەکانی مێژوودا، جا با لە بواری جیاوازیشدا بووبێ، وەك فەلسەفە، ئابوری، ئەدەب، شیعر، سیاسەت، مێژوو، ماتماتیك، فیزیك، تد.

.

لە چەند گوتارێکدا – جارێ ژمارەیان نازانم – بنەما فەلسەفیەکانی بەرگی یەکی کاپیتەڵ دادەڕێژمەوە. خۆم سەرقاڵێ ناوەرۆکی ئابووری کتێبەکە زۆر ناکەم، کە دیارە جێی سەرسوڕمانە. کاپیتاڵ خۆی کتێبێکە مێکانزم، ڕێسا و قانونی سیستمی ئابوری کاپیتاڵیزم دەبینێتەوە؛ دەگوترێ مارکس کلیلە بنەچەیەکانی سیستمی کاپیتاڵیزمان دەداتێ.

.

بەرگی یەکەم تەنیا خوێندنەوەی مارکس-ە بۆ سیستمی کاپیتاڵیزم لە گۆشەنیگای شێوازی بەرهەمهێنانەوە. مارکس دەیەوێ لەم سیستمە ئاڵۆزە تێ بگات تا ڕێی گۆڕینی بدۆزێتەوە. گەر تەمەن ڕێی پێبدایە، پڕۆژەیەکی گەلێك مەزنتری لە ئەندێشەدا بوو.

.

پێش نوسینی کاپیتاڵ، مارکس هەندێك هەوڵی جدی دیکەی هەبووە لە داڕشتنی مارکسیزمدا؛ هەڵبەت ئەم هەوڵانە زۆرتر کارێك بوون بۆ تێگەیشتن و قوڵبوونەوەی خۆی. بۆ نمونە، لە ڕەشنوسە ئابوری و فەلسەفیەکانی ١٨٤٤دا، مارکس هەوڵی داوە لە سیستمی ئابوری-سیاسی کاپیتاڵیزم تێ بگات. ئەم ڕەشنوسانە، دوای مەرگی دۆزرانەوە، بۆ یەکەمین جار لە ١٩٣٢دا چاپکران؛ گرنگن لە تێگەیشتنی پەرەسەندنی هزری مارکسدا. لێرەدا کاریگەری فرێدریش هەیگڵ (١٧٧٠-١٨٣١)، فیورباخ (١٨٠٤-١٨٧٢) و ئادەم سمث ئاشکرایە بە مارکسەوە. کتێبێکی دیکەی بەر لە کاپیتاڵ، "هەژاری فەلسەفە – هەڵوێست لە فەلسەفەی هەژاری-ی م. پڕۆدۆن"ە؛ بە هەڵوێست وەرگرتن لە کتێبێکی پڕۆدۆن، ئەم بلیمەتە لە ١٨٤٧دا سەرەتای فەلسەفەی خۆی دادەڕێژێ.

.

لە ساڵی ١٨٤٦دا، لە ئەوروپا – بۆ نمونە فەڕەنسا و ئەڵمانیا، چەند شۆڕشێك هەڵگیرسان. مارکس، دوای شکستیان، هەست دەکات پێویستی بە تێگەیشتنێکی قوڵترە لە سیستمی سیاسی-ئابووری. ئیدی مارکس خۆی تەرخان کرد بۆ تێگەیشتن لە کاپیتاڵیزم. لە ١٨٤٩ەوە، مارکس هەموو ڕۆژێك، لە گەرەترین کتێبخانەی سەردەمی خۆیدا، کتێبخانەی مۆزەخانەی لەندەن، کاری کردووە – تا ئەمڕۆش ئەو کورسیە ماوە کە ڕۆژانە لەسەر دانیشتووە. ئاخر مارکس لە بەریتانیا پەنابەر بووە. ئەنجامێکی ئەم کاری هزرە، ١٨٥٧-١٨٦١، ڕەشنوسی هەڵسەنگاندنی سیستمی ئابووری-سیاسیە؛ ئەمڕۆ بە 'گروندریسا – بنەماکانی هەڵسەنگاندنی ئابوری-سیاسی' ناسراوە، کە بۆ بە چاپگەیاندن نەنوسیوون؛ زۆرتر بۆ تێگەیشتنی خۆی بووە؛ دوای مەرگی لە ١٩٣٩-١٩٤١ چاپکراون. کتێبێك کە مارکس خۆی بەر لە کاپیتاڵ لە ١٨٥٩دا بە چاپی گەیاندووە، ناوی 'بەشداریەك لە هەڵسەنگاندنی ئابوری-سیاسیدا'یە. ئەمە سەرەتای بیرکردنەوەی مارکس-ە لەسەر ئەو هزرەی لە کاپیتاڵ-دا زاڵە.

.

بۆ تێگەیشتن لە فەلسەفی مارکس، ماکسیزم، دەبێ هەرچیەك لەدەری مارکس خوێندراوەتەوە، لە بیر بچێتەوە؛ هیچی پەیوەندی بە مارکسیزمەوە نیە. لینین، ترۆتسکی، ماوتسی تۆنگ، هۆشی مینە، سەرکردەی پارتە کۆمۆنیستەکانی خۆرهەڵات و خۆر ئاوا و زۆری دیکە، تەنیا سەرکردەی سیاسی بوون و سوار شەپۆلی مارکسیزم بوون بۆ سەرخستنی بزوتنەوەیەکی سیاسی، کە لە بەژەوەندی خۆیان بووە. ڕەنگە وەکیدی گلەیم لێیان نەبێ؛ هەڵبەت فڕیان بەسەر مارکسیزمەوە نیە و بگرە ئەم فەلسەفەیەیان تەماوی کردووە، کە ئێستا پێویستە ڕوون بکرێتەوە.

.

دیارە ئەم بیرۆکەیەم هەوڵی جدی بۆ تێگەیشتن لە مارکسیزم پوچ ناکاتەوە. کاپیتاڵ، وەك هەموو کتێبێکی بنەچەیی، قەتیس نابێ و لەسەر ڕەفە گەردی لێ بنیشی – هەرگیز. بگرە، لای من، چەند کاپیتاڵ بخوێنرێتەوە هێندە بیرۆکەی نوێی تێدا دەبینرێتەوە؛ هەروەك، لە پێشینەی جیاوازەوە، خەڵکی جیاواز تێی دەگەن. هەر ئەمەشە، وای کردووە دیدی جیاواز لە مارکسیزم ببێتە ڕاستیەکی ژیان.

.

کاپیتاڵ کتێبێکی سەختە بۆ خوێندنەوە؛ پێشنیاری دەکەم گەر دەکرێ، لە خوڵێکدا بە جدی بخوێنرێتەوە. کاپیتاڵ خوێندنەوەی نێوجێ نیە.

.

ماویەتی. . .

دڵشاد دەبم بە گەیشتنی سەرنجتان یان گەر حەز دەکەن لەسەر لایەکی دیکەی مارکسیزم بنووسم.