5-04-2022
یەکەمجار نیە کێشەی سەخت ھەتا ئاستی دولەتبون دەکەوێتە نێوان یەکێتی و پارتیەوە لەسەر پۆست و دەسەڵات و بەڕێوەبردن، دەتوانرێت بوترێت مێژوییە، بەڵام ھەتا ئەوکاتەی مامجەلال لەکایەکەدا بوە، ئەو ململانێ مێژوییە لە جوگرافیایەکدا قەتیس بوە، ئەمە بەجۆرێکە زیادەڕۆیی نیە ئەگەر بڵێین؛ ڕوحیەتی گەمارۆدانی کێشەکان، ڕوحیەتی تاڵەبانی بو، بۆیە کاتێک ئەو دەمرێت، ئەو ڕوحیەتەش دەمرێت!
بارزانی وەک سەرۆکێکی مێژویی ھەمیشە کە بەتەنیشت تاڵەبانیەوە ناوی ھاتوە و ئەندازەی ڕێبەرایەتیەکەشی ھاوتابوە لەگەڵیدا، کەچی لە دوای مردنی تاڵەبانی، بەھۆی ڕاوێژکارانی ھەڵەوە نەک پێگە مێژویی و سیمبوڵیەکەی پارێزراو نەکرد و بەگوێرەی ھەڵکشانی تەمەنی وەک کارێزمایەک زیاتر بەرەو لوتکەی ڕێبەرایەتی گەلەکەی نەڕۆیشت بەڵکو بە پێچەوانەوە وەک جەنگاوەرێکی لۆکاڵی و بەشمشێرێکی زەردەوە بەرەو دامێنی پارتایەتی تەسک ھێنایانەخوار.
بون بە ڕەمز تێدابونی ڕوئیا و ڕوحیەتی ڕێبەری گەورەی دەوێت، مامجەلال چونکە دەیزانی ھەتا لە بەرژەوەندی بچوکی حزبەکەی دوربکەوێتەوە وێنای ڕێبەرایەتیەکەی مەزنتر دەبێت، ھەربۆیە ئەو لەجیاتی سەرکردایەتی یەکێتی لە قەڵاچوالان مافی چارەی خۆنوسینی گەلەکەی بەھەمو خەسڵەتەکانی ڕێبەر و ڕەمزێکەوە بەرەو کۆشکی سەلام برد و تەختی سەرۆکایەتی کوردستانی بۆ بارزانی بەجێھێشت، کەچی بازنەیەکی ئۆلیگارچی پارتی و ناپارتی فەزایەکیان بۆ بارزانی خوڵقاند بەدەر لەچاوەڕوانیەکان، ئەو زاتە دەرفەتە مێژوییە زێڕینەکان نەقۆزێتەوە و بە پێچەوانەوە بێتە مەیدان و لەشەڕێکی ناپێویستی کورسی و پۆستیشدا، نەک ڕەچاوی بەرژەوەندی گەلەکەی نەکات، بەڵکو بەزەیی بە ڕەوتی تێکۆشان و مێژوی ناوبانگی خۆشیدا نەیەتەوە!
ئاخر بارزانی لەجیاتی ئەوەی لەدوای مامجەلال قۆڵی ڕێبەرایەتی بۆ بەدیھێنانی خواستە ڕەواکانی گەلەکەی ھەڵبکات و لەبەرژەوەندی کوردستانی نزیک و لە ھەڵپەخوازی پارتەکەی دوربکەوێتەوە، کەچی ئەوانە زەمینەیەکیان بۆ خوڵقاند بکەوێتە قۆڵبادانی ئەوانەی نەک ڕکاربەری نەبون، بەڵکو بە مام و مەرجەع و سەرۆکی میللەتەکەشیان دەزانی, بەمەش بارزانی لانیکەم لە کۆی وێستگە گرنگەکانی دوای مردنی تاڵەبانیەوە, لەباشترین دۆخدا براوەی دۆڕاوە، لەکاتێکدا تاڵەبانی لە خراپترین حاڵەتدا، دۆڕاوی براوە بوە.
دەستەی ئۆلیگارچیە نوێکانی ناو پارتی و دەرەوەی ئەو حزبەش دەبو بزانن پێگەی بارزانی جیاوازە و ڕۆڵی ئەو لەناو مێژودایە و واقعەکەی وەھایە ھەتا پۆستێک بۆ حزبەکەی بباتەوە، ئەڵقەیەک لەزنجیری ناوبانگی دەپچڕێ و شوێنێکی قەرەبونەکراوە، لەدڵی میللەتەکەیدا دەدۆڕێنێت!