نووسەرەناسراوەکان

پارچه‌یه‌ك تێكست له‌ ناو نامیلكه‌ (بزوتنه‌وه‌ چه‌كداریه‌كه‌ی پێشوو سه‌رئه‌نجامی به‌ ئاشبه‌تاڵ) شه‌هید ئارام ... ئارام جەلال

بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی گەلان لەم سەردەمەدا ئەوەی زۆر چاک چەسپاندووە
{ بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانە بەبێ تێوری شۆڕشگێڕانە نابێت }
بەڵام بارزانی ڕێک بە پێچەوانەی ئەو یاسا عیلمیانەوە جوڵایەوە و ڕەفتاری کردوو بە هەموو شێوەیەک ڕێگای لە بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کورد گرت کە بە پێی ئەم یاسایە بڕوات و گەشە بکات.
ئەم کارەی بارزانی ماکی هەموو بزوتنەوەکەی ئەم دواییە بوو وە هۆی سەرەکی وبنچینەی وکاریگەری ئاشبەتاڵەکەشی بوو،
چونکە بزوتنەوەیەک تێوری شۆڕشگێڕانە ڕێبازەکەی ڕووناک نەکاتەوە شۆڕشگێڕ نابێت،
بزوتنەوەیەکیش لە بزوتنەوەی شۆڕشگێڕ دەرچوو ئەبێتە بزوتنەوەیەکی هیچ و پوچ و بێ ڕەگ و ڕیشە و ئەکەوێتە قوڕگی{ شەیتانەوە}.
مەسەلەی نەبوونی تێوری شۆڕشگێڕانە و تەنانەت دوژمنایەتی کردنیشی کۆمەڵێک ئەنجامی سیاسی و تەنزیمی و ئایدیۆلۆژی ئەوتۆی لێ هاتنە بەرهەم کە هەر یەکێک لەو ئەنجامانە هۆیەکی گرنگ بوون بۆ کلۆر کردن و پوچەڵکردنەوەی بزوتنەوەکە،
ئەو ئەنجامانەی نەبوونی تێوری شۆشگێڕانە و دوژمنایەتی کردنی بەرهەمی هێنابوو ئەمانە بوون :
١- تێنەگەیشتن لە مەوقعی ئێستای بزوتنەوەی نەتەوایەتی لە مەیدانی شۆڕشی گەلاندا بەرەو سۆشیالیزم و پساندنی پەیوەندی مەوزوعیانەی بزوتنەوەی کورد لەگەڵ ئەو شۆڕشەدا،
بۆیە بارزانی توند بزوتنەوەکەی بەستەوە بە بەرژەوەندی دوژمنە سەرسەخت و دێرینەکانی گەلی کورد و شۆڕشی جیهانەوە،
کە مێژوو چاک سەلماندویەتی ئەو لایەنانەی کە {بارزانی } پشتی پێ بەستبوون و بزوتنەوەکەی خستبووە قولی مستیانەوە، ئەوانەش بە پلەی یەکەم ئیران و ئەمریکایە دوژمنی گەلی کوردن و ئەمە یەکەم جار نییە کە داوی بۆ ئەنێنەوە و هەوڵی ڕاو کردەنی ئەدەن و لە ماوەی نیو سەدەی رابوردودا چەندین نمونەی دەست بڕین و هەڵوێستی دوژمنانەی ئێرانی بەکرێ گیراوی ئیمپریالیزممان لەبەر چاوە،
ئەوەی ئەوەندە جار لەسەر یەک چاو لەم ڕاستییە بقوچێنێت و گەل بخەڵەتێنێت بەوە دانانرێت کە ئەو کەسە تەنیا هەڵە یەکی کردووە نەخێر بەڵکو ئەوە نیشانەی ئاشکرای نا دڵسۆزی و دوژمنایەتی کردنی گەلی کورد و کوردستانە و هەموو بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەی ڕزگاری خوازانەیە،
نیشانەی ئەوەیە کە ئەو کەسە لە قەناعەت و هۆشیارییەوە ئەو رێبازە ئەگرێت.
بارزانیش باش ئەی زانی کە چەند جار ئێران وئیمپریالیستە کانی ئاغای دەستی کوردیان کردووە بە زاخا و داویان بۆ ناوەتەوە.
خۆ هێشتا گەلی کورد لە هەموو کوردستاندا داخی قازی محەمەدی شەهید ودەیان شەهیدی تری بیر نەچۆتەوە،
ئەی بارزانی بۆ وابە ئاسانی بیری چووە ؟
خۆ هیچ نەبێ ئەبوایە ئەمری خنکاندنەکەی خۆی بیر نە چوایەتەوە کە بۆی دەرکرا بوو،
بەڵام ئەم هەڵوێستەی بارزانی لەبیر چوون و گێلی نییە بەڵکو ڕێبازە و ڕێبازی چینە کۆنە پەرستە دژ بە شۆڕشەکانە،
ڕێبازی خزمەتەکردنی ئیمپریازم و کۆنە پەرستییە لە ناوچەکەدا بە هەموو توانایەوە.
ڕێبازی باوەڕنەبوونە بە هێزی بێ سنوری جەماهیری گەل،
وەباوەر بوونە بە هێزی ئیمپریالیزم و دار و دەستە کۆنەپەرستەکانی.
بەپێی ئەم بیروڕایە بارزانی بزوتنەوەکەی فڕێدایە ناو مەیدانی سات و سەودای نێو دەوڵەتان و جڵەوەی بزوتنەوەکەی لەدەست گەل سەندەوە و دایە دەست دوژمنەکانی گەل،
ئەم کارەی بارزانی سامناکترین و زیان بەخشترین کاربوو کە دەرحەق گەلی کوردستان کردی و ئاش بەتاڵیش بەرهەمەکەی بوو.
٢- بەپێی هەمان ڕێباز ڕێبازی باوەڕنەبوون بە هێزی بێ سنوری خەڵک لەناو ڕیزەکانی ڕەفتار کرا.
لە باتی ئەوەی ڕێبازی هەڵێنجرا و لە ناخی جەماهیر و شۆڕشی جیهانەوە بگیرێ،
ڕێبازی سەرکردایەتی بیرۆکراتی دیکتاتۆریانە و بەرەڵای بێسنور گیرابوو.
هێندە دوژمنی بزوتنەوەیەکی ڕاستەقینەی شۆڕشگێرانە بوون، بەپێی سورشتی چینایەتیان مەبەستمان لە سەرکردایەتی بزوتنەوەکەیە کە بە هیچ جۆرێک ئامادە نەبوون دان بەو ڕاستییەدا بنێن کە کۆمەڵگای کوردستانیش کۆمەڵگایەکی فرە چینە و ناشی مەسەلەی خەباتی چینایەتی و دەوری هەر چینێک بە پیی سورشتی چینایەتی خۆی لە شۆڕشدا پشتگوێ بخرێت.
بەڵام ئەم ڕاستییە عیلمیەی پێشێل کرابوو وە بە هیچ جۆرێک ڕی بە هیچ باوەڕێکی شۆڕشگێڕانە نەئەدرا کە دەوری شۆڕشگێڕانەی خۆیان بگێڕن،
نەک هەر ئەمە بەڵکو وەک هەموو ڕژێمێکی دیکتاتۆری فاشیستی تر ئەچون بە گژ هەرکەسێک و دەستەیەک و ڕیکخراوێکدا کە بۆنی پێشکەتن خوازی لێ بهاتیە.
دەزگای شومی { پاراستن } وەکو بەشێ لە { سازمانی ئەمنیەت و دەزگای بەدناوی ساواکی ئێران }ی بەر درابووە گیانی ڕۆڵە پێشکەوتن خوازەکانی کوردستان، ئەمەش بە پێی ئەو پلانە ڕەشەی کە ئێران وئاغاکانی بۆ بزوتنەوەکەیان کێشابوو،
ڕژێمی تاکە حیزب سەپێنرا بوو بەسەر گەلدا و هەموو جۆرە بیر و باوەڕێکی پێشکەوتوانە سەرکوت ئەکرا و دەیان ناو و ناتۆرەی سوک ئەنرا بەو کەسانەوە و بەو ڕێکخراوانەوە کە لەگەڵ ڕێبازی بزوتنەوەکەی بارزانی نەبوایە و بەلای کەمەوە نازناوی { جاش} یان پێ ئەبەخشی،
کەچی حیزبەکەی خۆشیان وەکو سەرکەردەکانی خۆی زۆر جار دەریان ئەبڕی هیچ فڕی بەسەر حیزبەوە نەمابوو ئەمەش لەبەر :
یەکەمین : هیچ ممکین نییە حیزبێک لە کۆمەڵگایەکی فرە چیندا بتوانێ نوێنەرایەتی هەموو چینە کۆمەڵایەتیەکان بکات، بەڵام حیزبەکەی بارزانی حیزبی هەموو گەل بوو لەبەر ئەوە هەر لەناو ئەو حیزبە خۆیدا چەندان تەییاری سیاسی تیابوو هەر لەم پەڕی چەپەوە تا ئەو پەڕی ڕاست و تا ئەگاتە بارزانی خۆی کە هەر باوەڕی بە حیزب نەبوو.
دووەمین : وەکو وتمان بارزانی خۆی هەر باوەڕی بە بوونی پێویستی حیزب نەبوو،
لەبەر ئەوە یەکەم هەنگاو لە ساڵی ١٩٦٤ نای بەرە و لە ناوبردن و پوچەڵکردنەوەی پارتی و دەستی گرت بەسەریا بەهێزی چەک و سەرۆکایەتی مطلەقی خۆی بەسەردا سەپاند و ئیتر هەرخۆی بەتەنیا نەک هەر دەسەڵاتی سەرۆک بەڵکو دەسەڵاتی هەموو دەزگاکانی حیزبی دا بە خۆی،
مەسەلەکە گاڵتەش نییە ئەگەر بڵێین خۆی کۆنگرەش بوو چونکە کێی بویستایە ئەیخسە لیژنەی مەرکەزیەوە و کێی نەویستایە دەری ئەکرد، بگرە ئەیشی کوشت.