نووسەرەناسراوەکان

وڵاتی کوبا، خەونێک لە واقیعدا -بەشی سێهەم ... یاسین بانیخێڵانی

وەک ئەوەی من ڕاهاتووم بەیانیان زوو بێدار دەبمەوە، ئەگەر چەند درەنگیش بخەوم.

کاتێک هاتمە دەرەوە و خۆم گەیاندە سەر شەقامی پلازا دو مارتی بە دەستی خواردا ئاوڕم دایەوە دەریام بینی، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە دەریا نەبوو بەڵکو ئۆقیانۆسی ئەتلەسی بوو، کە ئەمەریکا و کوبای کردبوو بە دوو بەشەوە. کاتێک بە دەستە ڕاستی زەریاکەدا دەڕۆشتیت قەڵایەک دەهاتە سەر ڕێگات، کە مەیدانێکی لەبەردەمدا بوو. لەناو ئەم مەیدانەدا چوار تۆپی کۆنی لێ بوو دوانیان لولەکانیان ڕووەو شار و دوانەکەی تر لولەکانیان ئاراستەی ئەو بەری ئاوەکە بوو، کە ئەمەریکا بوو، هەروەها لە ئاسنی پاشماوەی جەنگ و برغۆ هەندێ فیگۆری سەرنجڕاکێش درووست کرابوون، بە کورتی هەر لە مۆزەخانەیەکی بچوک دەچوو.

پاش پیاسەیەکی درێژ دیسان گەڕامەوە بۆ ماڵەوە و لەگەڵ هاوسەفەرەکەمدا دیسان بەرەو سەنتەری شار ڕۆیشتین، لە تەنیشت کاپیتۆلەوە بینایەکی کۆن بەڵام سەرنجڕاکێشی لێیە، کە بۆ خۆی هەر لە کۆشکێکی گەورە دەچێت. ژێرەوەی ئەم کۆشکە کراوە بە ڕیستۆران و کافێ. ئەم کۆشکە لە ساڵی ١٨٣٨ درووستکراوە و تا ئێستا چەندین ناوی لێ نراوە بۆ نمونە؛ لە ساڵی ١٩٠٢- ١٩٦١ پێی دەگوترا: "شانۆی نیشتیمانی گەورە" لە ساڵی ١٩٦١-١٩٧٧ ناوەکەی دەگۆڕێت بۆ شانۆی گارسیا لۆرکا، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەوەی زیاتر کاری ئۆپێرا و سەمای بالێی تێدا دەکرێت ناوەکەی گۆڕاوە بۆ "شانۆی گەورەی کوبا"، کە هۆڵەکەی جێگای نزیکەی ١٥٠٠ کەسی تێدا دەبێتەوە و لەناوەش مۆزەخانەیەکە بۆ خۆی.

لەبەرامبەر ئەم کۆشکەدا پارکێکی لێیە، کە پەیکەرێکی بەرزی خۆزی خولیان مارتی لێیە و خەڵکانێک لەوێ دانیشتوون، کە زیاتر کاری دەڵاڵی دەکەن. مرۆڤ بە تەنها یەک ڕۆژ لە ناو هاڤانادا بێت ئەم جۆرە مرۆڤانە دەناسێت، کە بە ڕاستی هەندێکجار پێویستت پێیانە و هەندێجاریش ئیتر لێیان وەڕەس دەبیت، چونکە پێتەوە لکان لێت نابنەوە. وەک بێگانەیەک هەرکە قاچت چووە ناو پارکەکە ئیتر شوێنت دەکەون، تەکسیت دەوێت؟ نەخێر، پارە دەگۆڕیتەوە؟ نا، ئەی جگەرەت (چروت) دەوێت نەخێر؟ ئەی کچی جوانت دەوێت؟ نەخێر، ئیتر دەڵاڵی هەموو شتێکن، تەنانەت حەبی ڤیاگرا، حەشیش و بیرەی فەلیش دەفرۆشن. لەهەمووی خۆشتر ئێمە سەرەتا دوو شەو لە هاڤاناو لەگەڕانەوەدا چوارشەو لە هاڤانابووین، هەموو ئێوارەیەک یەخەیان پێدەگرتیت، گوایە ئەم ئێوارە فیستیڤاڵی جگەرە هەیە و هەر ئەمشەوە و تەواو دەبێت، کەچی سبەی شەو هەمان قەوانیان لێدەدایەوە.

کات نزیکی نیوەڕۆ بوو، تەنها شوێنێک، کە بیرم لێ دەکردەوە لەهاڤانا سەردانی بکەم ماڵەکەی ئێرنست هێمەنگوای بوو، کە دەکەوتە کەمێک کەناری شاری هاڤانا و دەبوو بە تەکسی بڕۆیت و منیش ئەوەی ڕقم لێی دەبووەوە و دەبێتەوە ئەو چاووڕاولێکردنەی شۆفێری تەکسییە، چونکە بێ ویژدانییەکیان تێدایە ئەو سەری دیار نییە. ئەگەر چوونێک بایی یەک دۆلار بێت ئەوان دەڵێن: دە دۆلار، بۆیە ئەگەر تۆ بە سێ دۆلاریش ڕازی بکەیت، هێشتا دوو دۆلار هەر خەڵەتاویت، بۆیە ئەگەر تا بۆت بکرێت پاسی ناو شار بەکار بهێنە، چونکە کرێی چوونێک بە تەنها پێنج پێزۆیە، واتە بە یەک دۆلار دەتوانیت شانزەجار سواری پاس بیت.

پاش نیوەڕۆ گەڕاینەوە بۆ گەڕەکە کۆنەکەی خۆمان، کە هەمیشە جەنجاڵ و پڕ لەخەڵک بوو. بە دوای کڕینی هەندێ خواردنەوەدا بووین، باش بوو دوو دوکانی بچوکمان، کە هەریەکەیان لە کۆڵانێکدا بوو دۆزییەوە، تەنها شتێک زوو سەرنجم چووە سەری هەر دوکانێک ئاوی بفرۆشتایە بیرە و خواردنەوەی تری نەدەفرۆشت. بیرە تەنها خواردنەوەیەک بوو، کە لە هەموو خواردنەوەکانی تر گرانتر بوو، زۆربەی بیرەکانیان هۆڵەندی بوون، نرخی بیرەیەک نزیکەی دوو دۆلار بوو، ئەڵبەتە لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تر نرخەکان دەگۆڕا، چونکە لە کوبا هیچ شتێک نرخی جێگیری نییە، تەنانەت هەر ڕۆژێک بتڵیک ئاومان بە نرخێکی جیاوازتر لە ڕۆژی پێشوو دەکڕی.

ئەوەی بۆ ئێمە گرنگ بوو یەکێک لە دوکانەکان لەهەمان کاتدا چێشتخانەیەکی بچوکی لە کونێکدا تێدا بوو، کە بەتەنها جێگای سێ مێزی بچوکی بە تۆپزی تیاکرابووەوە، بەڵام خواردنێکی ئاسایی و سادەی هەبوو.

ئەوانەی سەفەری کوبا دەکەن و ناتوانن هەموو خواردن و گۆشتێک بخۆن، گەورەترین کێشەی خواردنیان بۆ درووست دەبێت، چونکە گۆشتی بەرخ لەو وڵاتە نییە و بە زۆری گۆشتی بەراز دەخۆن، ڕاستە گۆشتی مریشک و مانگاش هەیە بەڵام دەبێت بیدۆزیتەوە، لەبەرئەوەی چێشخانە لەهەموو جێگایەکدا نییە تا بەئارەزووی خۆت کوێت بووێت لێی دابنیشیت و نان بخۆیت. یەکێک لەو کێشانەی دووەم ڕۆژی سەرەتا هاتە پێشمان نەبوونی سەموون و نان بوو. کوبا لەبەرئەوەی گەنمی نییە و هاوردەی دەکات ڕێژەکەی هەر ئەوەندەیە بەشی هاووڵاتیانی خۆیان دەکات، بۆیە لەهیچ جێگایەک سەمون و نان نافرۆشرێن مەگەر لە ڕێگای پرسیارکردن لە دراوسێ یان دەڵاڵەکان بە ڕەش بۆت پەیدا بکەن. نابێت چاوەڕوانی ئەوەش بکەیت، کە لەوێ وەک ئەوروپا یان وڵاتانی تر سوپەرمارکێت هەیە و دەتوانیت بە دڵی خۆت شت بکڕیت و لە ماڵەوە بۆ خۆتی درووست بکەیت!

سەرەتا، کە دەچیتە کوبا دەبێت لە ڕێگای پرسیارکردنەوە شوێنەکان بدۆزیتەوە، چونکە زۆربەی شوێنەکان شاراوەن و لەبەرچاو نین، بەڵام دوای هەفتەیەک ئیتر بۆ خۆت لە وەزعەکە تێ دەگەیت و پێویستت بەکەس نابێت.

دووەم بەیانی کاتێک بە نیازی قاوەڵتیکردن هاتینە دەرەوە خۆمانکرد بە بازاڕێکی میلیدا توشی یەکێک لە دەڵاڵەکان بووین ناوی تۆماس بوو، دیسان دەستی بە ڕستنەوەی خەڕەکەکە کرد، تەکسی، پارەگۆڕێنەوە، جگەرەو نازانم چی گوتمان نا، دەمانەوێت نانی بەیانی بخۆین. گوتی حەزتان لە چییە: گوتمان هێلکە و ڕۆن، بەو بەیانییە کردینی بەیەک دوو کۆڵاندا و کونێکی پیشان داین، کە لە پەنجەرەیەکەوە داوای خواردن دەکەیت، ئیتر یەک دوو لەفەی هێلکەی سەفەریمان هەرلەوێ خوارد و لەفەیەکیشمان بۆ تۆماس داواکرد، ئیتر تۆماس بوو بە هاوڕێمان و هەرچیمان بویستایە بۆی پەیدا دەکردین، هەرچەندە ئەویش سەرەتا لە پارە گۆڕینەوەدا باش خەڵەتاندینی، بەڵام زۆر کوڕی چاک بوو، ماڵەکەی لە پشتی کۆشکی شانۆکەوە بوو، بەتەنها دەژیا، دەیگوت: ئەگەر جێگاتان نەبوو وەرن لەلای من بخەون.

شەوێک بەرەو ماڵەوە دەڕۆشتینەوە نیازمان بوو ئاو بکڕین و لەگەڵ خۆماندا بیبەینەوە، کەچی هەندێکیان ئاویان پێ نەدەفرۆشتین و یەک دوو دووکانیش دەیانگوت: لەیەک دانە زیاتر یاساغە بیفرۆشین، تا ئێستا هەر بیر لەوە دەکەمەوە و تێنەگەیشتیم بۆچی دوای نۆی شەو ئاوفرۆشتن یاساغ بوو یان لەدانەیەک زیاتریان پێ نەدەدایت! "ئەڵبەتە دبەی بچوکیش"

لەهەمووی سەیرتر ئەوەبوو دەچویتە باڕەکانەوە هەموو دانیشتبوون دەیانخواردەوە، کەچی ئاوی پێ نەدەفرۆشتیت!

ئەوەی لە هاڤانا، کە دانیشتوانەکەی سەرووی دوو ملیۆن کەسە لە دوو ڕۆژی یەکەمدا سەرنجم دا، بەتایبەتی بازاڕ و کۆڵانە میلیەکان لەچاو ئەو وڵاتانەی تر دیومن، سەیرە توشی سواڵکەرێک، بێماڵێک، دەرمانخۆرێک یان مناڵیکی دەستگێڕ نەبیت، بڕوا ناکەم لەهەموو کوبادا هێندەی میترۆیەکی ناو بەرلین، یان کۆڵانێکی شیکاگۆ یان شەقامێکی نیویۆرک سوڵکەر، بێماڵ و دەرمانخۆری تێدا بێت.

من خۆم بەمە زۆر دڵخۆش بووم، کە لەسەر شەقامەکان مناڵی دەستگێڕ و سواڵکەر نەبینم، چونکە ئازارم دەدات و ناشتوانی هیچ بکەیت، مرۆڤ کاتێک سەردانی وڵاتێکی وەک کەمبۆدیا دەکات، کزە لە جەرگییەوە دێت بۆ ئەو هەموو مناڵە سواڵکەر و دەسگێڕەی سەر شەقامەکان.

پێشتر باسی ڕێزم لەم وڵاتە کرد، لەپاڵ ڕێزدا خەڵکی کوبا هێشتا کەرامەتیان نەشکێنراوە و خەڵکێکی خاوەن کەرامەتن، ئەمە دەتوانین لە پەروەردەی مناڵدا بە ئاسانی بیدۆزیتەوە.

دوکانێک لەپشتی شوێنی نیشتەجێبوونەکەمانەوە بوو، دوکانێکی زۆر بچوک بوو، کچێکی باریکەلەی ڕەشتاڵە ناوی تالی بوو دوکاندار بوو، مناڵێکی بچوکی هەبوو ئاوا تەمەنی چوارساڵێک دەبوو هەمیشە لەگەڵ دایکیدا لەبەردەم دوکانەکدا سەمای دەکرد. زۆرجار دەچووین لەلای ئەو جگەرەمان دەکڕی. ئێوارەیەکیان ڕۆشتین جگەرە بکڕین، مناڵەکە لەبەردەم دوکانەکەدا بە دووچاوی گەورەوە ئەوەنە جوان سمتەخڕەکانی با دەدا، هەر حەزت دەکرد بیخۆیت، ئیرەییت دەبرد ئەو مناڵە لەوتەمەنە بچوکەدا ئەو سەما جوانە دەزانێت. دوای جگەرەکڕین ئاسۆی هاوڕێم باقی جگەرەکەی وەرگرت و دایە دەستی مناڵەکە، بەڵام مناڵەکە وەری نەگرت، هەرچیمان کرد هەر سەرە خڕەکەی بە واتای نا با دەدا، تا دواتر دامان بە دایکی بیداتێ. ئەمە پێمان دەڵێت: لە کوێ گەندەڵی هەبوو هەژاری هەیە، لەهەر کوێ هەژاری هەبوو مرۆڤ لەبەردەم نەداریدا کەرامەتی درزی تێ دەکەوێت، ئەڵبەتە من دواتر قسەم لەسەر هەژاری دەبێت، بەو مانای کێ هەژارە و کێ دەوڵەمەندە!

.

یاسین بانیخێڵانی

 

Related Articles