ئەو دوو دەستە وشەیە زۆر لە ناو کورد دا باون، زۆر جاران لە قسە و گفتگۆ و شەڕە دندووکەی دوو تاک را بگرە تا هێزی سیاسیش دەکار دەکرێن، من لەو بارەوە بەو قەناعەتە گەیشتووم کە هەردووک دەستە وشە وهەردووک خەسلەت ومۆڕال دەگەڵ مرۆڤ لە دایک دەبن، واتە وەک "ژێن" دەخوێنی مرۆڤەکان دا لە گەڕان وهاتووچۆ دایە، هی وایە هەرگیز ئامادە نیە سووک و چرووک بژی و نانی بێ شەڕەفی وبێ کەرامەتی ناخوا و هی واشە دەربەست نیە شەڕەف لای ئەوە تەنیا وەک وشەکە دەناسرێ و دەبینرێ.
خۆی کەسانێک کە باوەڕیان بە شەڕەف و کەرامەتی مرۆف هەیە و ئەو دەستەوشەیە هەر وەک وشە سەیر ناکەن بەڵکوو وەک مۆڕاڵ و ئەخلاقی بەرزی مرۆڤ سەیری دەکەن، ئەوان ئامادە نین بۆ یەک چرکە ساتیش، بەیەک وشەش لە دژی باوەڕەکانی خۆیان کە لە ئەخلاقی بەرزی ئینسانییەوە سەرچاوەی گرتووە بدوێن و بنووسن، خەڵکانی دیکەش کە ئەو دەستە وشەیە هەر بەڕواڵەت و سووک سەیر دەکەن باکیان بەوە نیە خەڵک لەبارەیان دا چۆن بیردەکاتەوە وئەسڵەن ئەوەی ناوی ئەخلاق و کەرامەتی ئینسانیە لای ئەوان بەهای نیە وبێ نرخە.
من دوو نموونە دێنمەوە لە مێژووی نەهێندە دوور دا یەکیان لەوانەی ئێمە بە دوژمنمان زانیون و ئەوی دیکەیان لەکەڵە پیاوی مێژووی کوردان پێشەوا قازی و قاسملوو و مستەفا بارزانی را بگرە تا شەهید قارەمانی گەل حەیدەر قوربانی و کە دەکرێ لە هەموان نمووەن بێنینەوە.
کاتی خۆی کە ڕێژیمی شایەتی ڕووخا و مەلاکان هاتنە سەر کار، ئەوان دەس بەجێ دادگای بە ناو شۆڕشیان دانا و دەستیان بە محاکەمەی چەند دەقیقەیی سەران و بەرپرسانی باڵای رێژیمی پاشایەتی کرد، بە چەند ڕۆژێک سەدان کەسیان لە بەرپرسە باڵاکانی ڕێژیم گوللەباران کرد. لە یەکێک لەو محاکەمانە دا سپەهبود ئەمیری رەحیمی کە ئەز قەزا کوردی کرماشان بوو و پێش ڕوخانی ڕێژیم فەرمانداری نیزامی تاران بوو دەگەڵ سالاری جاف محاکەمە دەکرا، کە ئەویش هەر کورد بوو. واتە دیسان دوو کورد بە ڵام نەک لەسەر مافی کوردان بەڵکوو لەسەر خزمەت بە دەسەڵاتی پاشایەتی دادگایی دەکران.
لە داگاکە دا چەند مەلا وەک قازی شەرع دانیشتبوون دوو تۆمەتبار بەرامبەریان، سالاری جاف هەر کورد و پیاوی ڕێژیمی پاشایەتی و سپەهبود ئەمیری رەحیمی هەر کورد و فەرماندەی سەربازی ڕێژیم، هەردووک تۆمەتبار دەیانزانی چارەنووسیان کوشتنە، یەکەو پەرداخیک ئاویان لەبەر دەستی بوو. سالاری جاف بە دەستی لەرزۆکەوە ئاوەکەی خواردەوە و چی پێ نەچوو داوای پەرداخێکی دیکەی کرد، ئەمیری ڕەحیمی پەرداخە ئاوەکەی خۆی لە پێش سالار جاف دانا چاوێکی مانا داریشی لێکرد. کە نورە گەیشتە سالاری جاف و وڵام دانەوەی جاف، خۆی لەسەرپێ پێ رانەدەگیرا، بە دەنگی لەرزۆک دەیکوت کە هیچ تاوانێکی ئەنجام نەداوە بەڵکووو بیبەخشن.
نۆرە گەیشتە سپەهبود ئەمیری رەحیمی، هەستا سەر پێ و کڵاوەکەی لەسەر ناو دەست بە نیشانەی ڕێزگرتن بەرز کردەوە و کوتی من سەربازی شام، ئێوە دەسەڵاتێکی نایاسایین وئەمن ئێوە نە بەرسمی دەناسم و نە وڵامیشتان دەدەمەوە، من سوێندم بۆ نیزامی شایەتی خواردووە ئەگەر دەسەڵاتیشم هەبێ یەک بەیەکتان محاکەمە دەکەم. کە دوایی ئیعدام کرا.
ئەوە بوو بە مێژووی مرۆڤێک کە ئەگەرچی لە خزمەت سیستەمێکی دژە کورد و ناعادڵ دا بوو بەڵام هەزاران و بە میلۆنان کەس ئافەریمیان پێ کوت و ئێستاش جار جارە سەلتەنەت تەڵەبەکان وەک فەخر وشانازی خۆیان باسی دەکەن. جا ئەوە لەبەر چاو بگرە کە ئەو لە بەرامبەر ئێعدام دا قەراری گرتبوو. ئەوە نیشانەیەک کە مرۆڤێک نایهەوێ پێ لە باوەرەکانی خۆی بنێ و بە ترسەنۆکی نامرێ. ئەو ئەخالقێکی لە ڕوانگەی خۆیەوە هەبووە و پێی پابەند بووە، هەر بۆیەش ئێستاش وەک سیمبۆل قارەمانێک سەیری دەکەن.
جارێ با حەیدەر قوربانی وەبیر هەندێ خوێریلکە و هیچ و پووچ بێنمەوە کە بە ناوی کوردەوە حەیا و کەرامەتی کوردشیان بردووە. ئەوان یان بە خومەینی هەڵدەڵێن وەک سەرچاوەی عەداڵەت و یان بە قاسم سولەیمانی ژن و منداڵ کوژ و دوژمنی قەستە سەری کورد و پلانداڕێژی گرتنەوەی کەرکووک کە خەونی کوردی بۆ سەربەخۆیی بە هاوکاری هەر ئەو خوێریلکە نیشتمانفرۆشانە لە گۆڕ نا،
خۆ هەر دۆێنێ بوو، حەیدەر قوربانی دەینەڕاند و دەیگوت : قەسەم بە خوا مسقاڵە زەرەیەک ترسم نیە خۆ گیانی من لە گیانی ئەو سێ کوڕەی یەک بنەماڵە شیرینتر نیە کە تازە لە شەڕی داعش دا گیانیان فیدای کوردستان کرد، سەت گیانیشم هەبێ دەیکەم بە قوربانی ئەو خەڵکە باشەڕەفە و ئەو کوردستانە!
ئایا ئێوە چەقۆی ئێعدامتان لەسەر ملی ڕاگیرابوو وا خوێڕیانە و هیچ وپووچانە و سەرشۆڕانە سەری خۆتان هیچ سەری کوردیش شۆر دەکەن؟ ئەگەر پێتان وای سیاسەت دەکەن وئەوە دیپلۆماسییە با نموونەیەکەتان لە دیپلۆماسی دوکتور قاسملووی نەمر بۆ بێنمەوە .
لە یەکێک لە دانیشتنەکانی دوکتور قاسملوو لە گەڵ نوێنەرانی حکوومەتی بەعسی عێراق کە ئەو کاتی حیزبی دێمۆکرات و قاسملوو هەموو شتێکیان لە لایەن حکوومەتی عیراقەوە پێ دەگەیی لە خواردن و لە جلوبەرگ ڕا بگرە تا دەگاتە چەک وتەقەمەنی. نوێنەرانی حکوومەتی بەعس لە قاسملوو دەپرسن :
ئەرێ وەزعی موخەڕبین چۆنە؟
قاسملوو ولام دەداتەوە و دەڵێ :
"ئێمە پێوەندی دۆستانەمان دەگەڵ هەردووک لاتان هەیە نە پێمان خۆشە لە کن ئێمە ئێوە بە ئەوان بڵێن موخەربین و نە ئەوانیش بە ئێوە بڵێین فاشیت. "
جا خۆتان هەڵسەنگێنن دەگەڵ دیپلۆماسی قاسملوو و تیتۆڵێک لەو گەورەیی و شەڕافەتە دادڕن کە ئەو وەک مرۆڤێکی کورد لە بەرامبەر دڕندەترین حکوومەتی هەموو مێژووی عێراق دا بەو کەرامەتی کوردبوونە وڵام دەداتەوە ئێوەش لەو پەڕی دەسەڵاتتداری دا خۆتان هێندە سووک و چرووک کردووە خەریکن سوجدە بۆ خومەینی دەبەن کە حوکمی جیهادی لە دژی کورد دا و سەتان ژن وپیاو منداڵی پی تاوانی خەڵتانی خوێن کرد و بۆ قاسم سولەیمانی سەر دەقوڕ دەنێن و خەرین لێمان دەکەن بە سیمبۆلی ئاشتی و پەپوولەی ناسک وسووک باڵ! لە حاڵێکدا دەستی بە خوینی هەزاران کەسی بێ تاوان لە ئێران ولە کوردستان سوورە و بە دەیان هەزاریشی لە سووریە خەڵتانی خوێن کردووە و ٨٠ پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی و چەندین پێشمەرگەی پارتی، هەردووک لە ڕێزی هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەربە پیلانی ئەو پاسدارە زەعیف کوژە لە ١٦ ئۆکتۆبر و ڕۆژەکانی دوای ئەو شەهید بوون.
بۆیە وبەو هۆکارانەی سەرەوە دڵنیام سبەی ئەگەر ڕێتان بکەوێتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەبەر نەفرەتی خەلک دەکەون و بەتەماتەی بۆگەنیوی گەنج و لاوی کورد و تفی ژنان وپیاوانی کورد پێشوازیتان لێ دەکرێ.