نووسەرەناسراوەکان

لە فەیسبووکەوە: ئۆڤەرێک بۆ تەلەفزیۆنە کوردییەکان ... کەژاڵ نوری

 
بەڕێزان، من ناوم کەژاڵ مەلەک ناسراوم بە کەژاڵ نوری، لە هۆڵەندا ئەژیم و زمانێکی هۆڵەندی باش ئەزانم. شارەزاییەکی باشم لە ئەدەبیات و بنەماکانی نوسیندا هەیە و گوێچکەیەکی مۆسیقی باشیشم هەیە و رۆژانە گوێ لە موزیکی نەتەوە جیاوازەکان دەگرم. ماوەیەکە چەندینجار هەستاوم بە وەرگێڕان و ژێرنووس کردنی ئەو گۆرانیانەی کە لە ئاستێکی بەرزی هونەریی و وتندان و گۆرانی بێژەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ناسراون و گۆرانی دەڵێن. وەکو خولیایەک پێمخۆشە ژێرنووس و وەرگێڕان بۆ گۆرانی هۆڵەندیی و ئینگلیزی بکەم و لە رابوردووشدا کردوومە و لە فەیسبوک بڵاومکردۆتەوەو پێشوازی باشیشی لێکراوە.
لە ئێستادا، من بەهۆی نەخۆش کەوتنمەوە، لەسەر رێنمایی نەخۆشخانە، لەلایەن شوێنی کارەکەمەوە، کارەکەم وەکو فەرمانبەر لە کتێبخانەی دواناوەندی شارەکەم، راگیراوەو گرێبەستی کارکردنم راگیراوەو بۆ ئەوەی بێ نان و ئاو نەمێنم، مووچەکەم گواستراوەتەوە بۆ سەر کۆمپانیای فێرک مانتێڵ زۆرخ ( UWV ) کە وەکو ئەشۆرانس وایە بۆ ئەو کەسانەی کە بە هۆکاری نەخۆشی لەسەرکار لادەبرێن و دەنێردرێنەوە بۆ ماڵەوە. ئەمەش بووە بە هۆی ئەوەی کە من نیوەی نزمترین مووچەی هۆڵەندا وەربگرم، کە تەنانەت لە مووچەی سۆشیالیش نزمترە و منیش ناتوانم بچمە سەر سۆشیال چونکە لە رابوردوودا کارمکردووەو، سۆشیالیش تەنیا ئەو نەخوشانە وەردەگرێ کە نەخۆشیەکانیان پێی ئەوترێ خرونە زیکتە، واتە نەخۆشی درێژخایەن کە ئیدی مەودا و هیوای چاکبوونەوەیان نەماوە. بە داخەوە ئەبێ بڵێم لەگەڵ ئەوەشدا کە نەخۆشیەکەم تا ئێستا بەپێی راپورتی پزیشکیی، درێژخایەن نیە، بەڵام زۆر هەستیارە و تووش بووی بەردەم قوناغی شێرپەنجەی لیمفەگرێکانم، شێرپەنجەم نیە بەڵام لە قۆناغی بەردەم قۆناغی شێرپەنجەدام، کە بووە بە هۆکاری رەش بوونەی پێستی سنگ و سکم و لە کۆی دە نیشانەی نەخۆشی شێرپەنجە، حەوت نیشانەم تیادەرکەوتووە و بە بەردەوامی لە ژێر چاودێری چڕ و چارەسەریی و وەرگرتنی دەرزی و دەرمانی قورسدام و ئازارێکی زۆریشم هەیە، و رۆژانە ژیانم بە ئازاردا دەڕوات. بێجگە لەوەش، دەمارێکی مێشکم تووشی نەخۆشی ترایجمینەس نیۆرۆلۆجی ( Trigeminusneuralgie ) بووەو تا ئێستا سێجار بووە بە هۆکاری( کوێربوونی کاتیی ) و بە ئۆتۆمبیلی فریاکەوتن گەیەنراومەتە نەخۆشخانە و هەروەها تەواوی جومگەکانیشم بە نەخۆشی سەوەفان داخوراون. بۆیە لە ئێستادا هەم بە ئازارەوە دەژیم، هەم باری رۆحیم ماندوو بووە بە هۆی لەماڵەوە دانیشتنەوەو لەکاردابڕان و کاریگەری لاوەکی ئەو دەرمانانەی دەیانخۆم بۆ نەمانی ئازارەکانم و ئیتر لە توانامدا نەما بێکار و تەنیا لە ماڵەوە دانیشم و دەمەوێ ئیشێک بکەم کە ماندووم نەکات و پزیشکەکان ئۆکەی لەسەربکەن. بۆیە بواری راگەیاندن و تیڤی بۆ من باشترین کاری گونجاوە. کە لەم دوورەوە بیکەم.
لە راستیدا، من لەبەرئەوەی دایکێکی تەنیاباڵ و دوو مناڵی خوار تەمەنی یاساییم هەیە و بەرپرسیاری بەخێوکردنیانم، زۆر باری ئابورییشم خراپە و هەندێجار پەنا دەبەمە بەر قەرزکردن لە خەڵک و قەرز بە قەرز دەبژێرمەوە.
لەبەرئەوەی شوێنی نیشتەجێبوونیشم هۆڵەندایە و دوورم لە وڵاتی خۆمەوە، تا ئێستا نەمتوانیووە لەگەڵ کەناڵێکی کارکردنی کوردییدا، لینک دروست بکەم.
لێرەوە بەم نامەیە، داوا لەسەرجەم کەناڵەکان دەکەم، کە هەم وەکو ژنێک، هەم وەکو دایکێک و هەمیش وەکو نوسەرێک و چالاکوانێکی ناسراو، دواجار وەکو مرۆڤێک کە باری تەندروستی ناجێگیرە و قەدەرێکی نەخۆشیی هاتۆتەپێش کە لە دەسەڵاتی خۆیدا نیەکە نەخۆش کەوتووە و کارەکەی بە هۆیەوە لە دەستداوەو، بە هیوایە ئەو لە دەستدانە کاتی بێت. هاوکاری بکرێم و، داواکارم لایەنێکی راگەیاندن یاخود تیڤییەک گرێبەستێکم لەگەڵدا واژۆ بکەن، بۆ ئەوەی بەرامبەر بە پارە، ژێرنووس و وەرگێڕانی گۆرانی هۆڵەندی بۆ کەناڵەکەیان بکەم، تەنانەت ئینگلیزیش بێ، هەردەبێ چونکە لە رابوردوودا گۆرانی ئینگلیزیشم ژێرنووس کردووە، بەڵام وەکو هیوایەتێک پێی هەستاوم و لە فەیسبوک بڵاومکردۆتەوە. بەڵام لە ئێستادا باری ماددیم شلۆقە و پێویستە لە پاڵ ئەو مووچە کەمەی کۆمپانیای تەئمین، کارێک بکەم کە مانگانە چەند سەد دۆلارێک پەیدابکەم و هیچ نەبێ ئیدی لەقەرزکردن بووەستم.
تێبینی: تکایە هیچ هاوڕێ و ناسراو دۆستێکی ئازیز لە دوای خوێندنەوەی ئەم بابەتەوە پەیوەندییم پێوەنەکات بۆ ئەوەی هاوکاریی ماددیم بکات، چونکە خۆڵ بخۆم یارمەتی لە کەس وەرناگرم. سوپاسگوزارم هەرکەس هاوکارییم بکات بەرنامەیەکی تیڤی بەرامبەر بە مووچە یاخود، هەر کارێک کە مووچەیەکی سەربەرزانە و گرێبەستێکی تیادابێ و لە بواری رۆشنگەریدا بێ، وەربگرم. سوپاسگوزارم هەر تیڤییەک ئۆڤەرەکەم قبوڵ بکات و پەیوەندییم پێوەبکات بۆ ئەوەی گۆرانیی هۆڵەندییان بۆ ژێرنووسی کوردی بکەم و لای خۆیان بڵاوی بکەنەوە، وەکو لایەنێکی هونەریی. هەر تیڤییەک بێ و هەڵگریی هەر ئایدۆلۆژییەک بێ، بە مەرجێک: سیاسەتی تیڤییەکە، خزمەتی بە داگیرکەران و دوژمنانی کورد نەکردبێ و گرێبەستێک و پارەیەکی تیابێ بەرامبەر بە کارەکە قبوڵی دەکەم و سووپاسگوزاریش دەبم. تەنانەت، دەتوانم کورتە فلیمی ئینگلیزیش کە ناوەڕۆکەکەی مەهامی یەکسانی جێندەریی و مافی مرۆڤی تێدابێت، ژێرنووسی کوردی بکەم بۆپەیجی سۆشیال- میدیایی کەناڵەکانی راگەیاندن، و زۆرم حەز لەو پیشەیەیە، وەکو خولیا، بەڵام دەبێ گرێبەست و مووچەیەکی تیابێت کە لە کۆڵی قەرزکردنی بەردەوامم بکاتەوە.
سوپاس بۆ وەڵامدانەوەو هاوکارییتان.
تکایە ئەم نامەیە، بۆ هاوکاریی کردنی من وەکو خۆی، لە لای خۆتانەوە بڵاوبکەنەوە.
لە گەڵ رێز و سوپاسی کەژاڵ مەلەک
ناسراو بە کەژاڵ نوری شاعیر و چالاکوانی ژنان

Related Articles