
بەم چەندە شیعرەی حەزرەتی « پیرەمێرد»
دەمەوێ پاڵپشتی خۆم دەربڕم بۆ زارای کیژۆڵ تاقانەی
سەردەمی قەیرانی باوەڕ و ھەڵوێستی « کوردبوون» ...
زارا بەگژی قوللەی قافی دەوڵەتە داگیرکەرەکەی فارسی ئێرانیدا چۆتەوە.. بەرەنگاری دەسەڵاتێکی کردووە، زۆر کەس و لایەنی بە چۆکدا ھێناوە و گەلەک چڵکاوخۆڕیشی ھەست...
ئاڵانگاریی لەتەک ھێزێکی دەوڵەت و بیرێکی شۆڤێنی داگیرکاریدا دەکات، کە دوژمنایەتی بێ پەردەی خۆی بەرانبەر بە کورد و کوردستان نەشاردۆتەوە...
ئازایەتی و بوێریی و باوەڕی پۆڵاین و بەرزی « کوردبوون» ی زارا شۆڕەسواری ڕۆژگار، ھی ئەوەیە بە گەورەیی لەمێژوودا تۆمار بکرێ....
نەتەوەیەک ئەم ھەڵوێستە بە ھەند نەگرێ، داگیرکەر و دوژمن بێ شەرمانە و بێ سڵکردنەوە و بەئاسانی سواری کۆڵەی سنگی دەبێ!!.
ھۆ زمانی کوردی شاگەشکە بە!!، ھێشتا پاسەوان و داکۆکیکاری وەک زارای کوردایەتیت ھەیە...
سڵاو لە زارا...، نەفرەتی دا بە ناوچەوانی دەسەڵاتدارانی ئێرانی و کۆماری پەت و سێدارە و قەڵای شۆڤێنیستی فارس دا...
ھاوکات چەمۆڵەی نا لە ڕووی پیاوە بوودەڵەکانی ناوخۆشدا، ئەوانەی پێشبڕکێی دەکەن لە ستایشکردنی زاڵم و زوڵمی ئێران و فارس و دوژمنانی دیکەدا...
زارای گوڵ..ئەو کونجی زیندانەی ئێستا تۆی تێدا بەندی، « قانع» وتەنی پۆلی قوتابخانەیە! ... لەوێوە وانەکانتمان بۆ بڵێرەوە...
قوڕ بەسەر ئەو دوژمنەی ھیوای بە بەندیخانەیە...!!!
زارای ھەمووان، دڵ لە دڵ مەدە و تۆ لە دڵی ملیۆنان کورد دا هەیت و ڕاوەستاوی بە ئازادی و سەربڵندی و گەورەیی !! ا.....
سڵاوی بێ بڕانەوە لە زارای کوردایەتی....
ڕۆژھەڵاتیش ڕۆژی ھەڵدێ خوێندنی کچ ھەتەناو
جەھلە تاریکەشەوی کورد خوێندنیش تیشکی ھەتاو
ئێمە کە کوردین لەلامان وای کوردی زبانێکە زۆر بێ ھاوتایە
ئەگەر تەڵقینم بە کوردی نەدرێ گوێی لێ ناگرم با کفنم بدڕێ
پیرەمێرد