نووسەرەناسراوەکان

خوێندنەوە و ناساندنی کتێب: بەشی ١ ـ ٢ ... هەڵۆ بەرزنجەیی

 

 ١. ٣. ٢٠٢٢

محەمەدی حاجی مەحمود

ڕۆژژمێری پێشمەرگەیەک  بەرگی پێنجەم ١٩٩٧ـ٢٠٠٤

باسی ڕووداوەکانی خەبات و شۆڕشی میللەتەکەمان دەکات

چاپخانەی هەژار موکریانی/ ٢٠٢١  ١١٨٧ لاپەڕە

 ھێشتا بۆم نەلواوە تەواوی بەرگەکانی "رۆژژمێری پێشمەرگەیەک"ی کاکە حەمەی حاجی مەحمود بخوێنمەوە. بۆ خۆم بەرگی٢ م ھەیە و بەرگی چواریشم بەر لەچەند ساڵێ بەقەرز وەرگرت بۆ خوێندەوە . ئەم ھۆکارە وا دەکات تەواوی باس و ڕووداوەکانم لەبەرچاو و دەست نەبێت و نەتوانم تەقەڵ لەباسەکان بدەم و پێکەوەتان بنووسێنمەوە. . بەواتایەکی تر وەک دەنکی تەزبیح بیانھۆنمەوە. . کەواتە هەر لە پێشڕا دەست کورتی خۆمان ڕادەگەیەنم.

بەڵام ئەو ڕاستییەم لا بەرجەستەیە کە رۆژژمێری پێشمەرگەیەک زیاتر لەزۆر بیرەوەریی و ژیاننامە و بەسەرھاتی تری نووسراو، ڕاستی لە خۆ گرتووە و ڕووداوەکانی تۆمار کردووە. . .

ئەم ڕاستییەش زۆرینەی ئەوانەی خوێنەری رۆژژمێرەکەی کاکە حەمەن جەخت لەسەر ئەم حەقیقەتە دەکەنەوە. . بەڵێ لێرە ڕاستی گەر لە شوێنی تر دەست نەوێ، لێرە ھیچ پەردەیەکی سیاسی بەسەر ڕووداوەکان دراوە و ھیچ بەرگێکی لەبەر نەراوە، راستییەکان ڕووت و قووتن . ڕۆژمێرێک ڕۆژانە باسەکانی تێدا نووسراوە و گەلێک لەم ڕووداوانە سەرنج لێ گیراوە و بەپێی توانا تاوتوێیان بۆ کراوە. .

مامۆستا مەسعوود وتەنی: ڕاستی شەرەفی نووسینە. . .

لەم کۆنتێکسەدا ڕاستی ئەوەیە: ھەرچی ڕوویداوە و تۆ تێیدا بەشدار بوویت باسی بکەیت، بە ئازایەتی و ترسنۆکی، سەرکەوتن و ژێرکەوتن، چاکی و خراپی یاخود جوانی و ناشیرینییەوە. هەروەها تووشی پەتای، ھەر من و من و من و منت نەبێ، خۆی لە ھەقتقەت نەدزێتەوە و لایەنی نەرێنی لەملی کەس نەپێچیت و چیرۆک نەھۆنیتەوە و بەختان بۆ کەس دانەتاشی. . .

هۆکاری بینینەوەی بەشی زۆری ڕاستیەکان لێرەدا. پێشم وایە بەرھەمی خەسڵەت و کاراکتەریی پێگە کۆمەڵایەتییەکەی کاکە حەمەیە، کە کەموزۆر پابەندە پێوەیی و جیای دەکاتەوە لەوانی تر!. . . ھەر ئەم ھۆکارە ئاوێتەی ئەو بیروباوەڕەیە کە لەسەرەتاوە جۆشوخرۆشی بەخشیوەتە کاکە حەمە بێتە ڕیزی خەباتەوە و گیانبازی بکات بە ژیانیەوە، بەکورتی وەک ئەفەندی و بۆینباخ لەملەکانی نەکردووە و ناکات. . .

ئەم بەرھەمە ڕووداوەکانی ساڵانی نێوان 1997-2004 ی گرتۆتە خۆیی و بریتییە لە 1187 لاپەڕە. . لە سێ بەش پێک دێ 442 لاپەڕەی تۆمار و نووسین و شیکردنەوەیە و لە دوو بەشدا رێک خراوە، 593 لاپەڕەی بریتییە لە بەڵگەنامەکان. . کۆمەڵێ نامە و بەیاننامە و نووسینی مێژووییە و لە 148 لاپەڕەشدا چەندین وێنەی جۆراوجۆری کەسی و بەکۆمەڵی داناوە. . .

کاکە حەمە. . وەک پێشمەرگە و سەرکردەیەک لەو ناوجەرگەی رووداوەکان بووە لە ١٩٧٦ بەدواوە ھەتاوەکو ئێستا و بە لێھاتوویی و تئکۆشانی خۆی بووە بەرۆگری بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان و لەتەواوی ھەوراز و نشێو و ڕۆژە سەختەکان دا شانی داوەتە ژێر ئەم ئەرکە سەختە.

١٩٩٧/١/١ یەکەم ڕۆژی ھەڵدانەوەی لاپەڕەکانی ڕۆژژمێرەکەی کاکە حەمەیە:

ھێشتا ژان و ئازارەکانی ٣١ ی ئابی١٩٩٦ بەسەر ڕۆژانی دواتریشەوە دیارە" شەڕی ناوخۆ گەیشتە لوتکە" ل ١٢. . . دوو ئیدارەیی دیمەنێکی زەق و واقعێکی تاڵە. ئاماژە بەوە دەدات یەکێتی بە ھاوکاری ئێران پلانی لێدانی پارتیان ئەنجام داوە و پارتیش سوپای عێراق دێنی و یەکێتی لە ھەولێر دەردەپەڕێنێ. ئەم دیمەنە بە برینە قوڵەکانییەوە مێژووی کوردەوە دەبنە دەست پێکێکی تری ترسناک و دڵتەزێن.

دوا ئەم سەرەتایە ئیدی باسی کۆمەڵێ جموجوڵ و دیدار دەکات لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی دا کە لایەنێکی ئامادە و چاودێر و زۆرجار ئەندازیاری شەڕ یاخود ئاگربەستن. . . ڕۆڵی سووریاش لەدوورەوە لەڕووداوەکاندا پاسیڤ نییە!، بۆیەکا جارەوجار دەبێتە شوێنی سەردان و دیداری کاکە حەمە و زۆر کەسایەتی و لایەنی تری کوردی. .

نووسەر دێتەوە ناو رۆژەکانی شەڕی نێوان یەکێتی و بزووتنەوەی ئیسلامی، باس لە ڕۆڵی ئاشتخوازانەی خۆی دەکات ( مام جەلال ٩ جار و مەلاعەلی ٤ جار تلفونیان بۆ کردم) ل٢٥. . ھەموو داوایان لێ کردووە بێتە پێشەوە، بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە. یەکێتی پەرێشان دەبێت بەدەست ئیسلامییەکانەوە، سۆشیالیشتیش دەگلێتە شەڕەوە، ئێران گەرماوگەرم بروسکە بۆ سۆشیالیست دەنێرێ، کەبۆچی شەڕی بزووتنەوە دەکات؟. . نووسەر بەتوندی وەڵامی ئێرانییەکان دەداتەوە و بە گلەیەوە مام جەلالیش ئاگادار دەکاتەوە. . دەرئەنجام سەرکەوتوو دەبێ و لەگوڵەخانە ھەردوو لایەن بۆ ئاشتی پێکەوە دادەنینشن. ڕاگرتنی شەڕی نێوان براکان، شەڕی ناوخۆ یاخود کوردکوژی!! کارێکی فرە سەختە، ئەوەی جێی دڵخۆشییە کەوا لەسەر دەستی کورد دا و لەبارەگای حیزبێکی کوردی کارەکە جێبەجێ کراوە. .

دەگەینە لاپەڕە ٣٠ چاومان دەکەوێ بەم پەرەگرافە لەسەر مام جەلال :" مام جەلال پیاوێکی سیاسی تێکۆشەر و بەتوانا و لێھاتووە، بۆیە لە قیادەی کورد لەلای من لەگەڵ ھەندێ سەرنجم لەسەر ئیشکردنی بەڵام یەکێکە لە باشترین سەرکردەکانی کوردلەو سەردەمەدا بۆیە مان و ھەبوونی مام جەلال بۆ کورد زۆر باشە و پیاوێکی گەورە و ھەڵکەوتووی کوردە".

بەھەقەت بەدرێژایی و پانتایی ڕووداوەکانی ئەم ٨ ساڵەی لەم بەرگەدا بەسەر کراونەتەوە، لە گەلێ وێستگە و چرکەساتی ھەستیار و کاری سەخت و تەنگانەدا ھەردوو بە ھانای یەکترەوە دێن و ھاوکاری یەکتر دەکەن لە پێویست دا لە پەیوەندییە کەسی و حیزبی و کوردستانی و ھەرێمییەکان دا . . بەتایبەت مام زۆری کاری لەرێگای کاکە حەمەوە مەیسەر کردووە. لەبەرەوە ئاماژە بە چەند نموونەیەکی دەکەین. رووداو و بەسەرھاتیش ھەن کاکە حەمە بەتوندی گلەیی بەرانبەر ی ن ک دەردەبڕێ.

ھێشتا ئەم پەردەیە دانەدراوە باسی شەڕی نێوان پارتی و پ ک ک دێتە پێشەوە. لەم ڕووەوە دەنووسێ:" پەکەکە ھێزێکی کوردی کوردستانی تورکیایە، و بۆ ئازادی کورد لە کوردستانی تورکیا (. . . ) بەڵام ئەم ھێزە باوەڕی بەھیچ ھێزێکی کورد نییە و (. . . ) ھەموویانی تەسفیە کرد). ل ٣٢

دوای ئەوە ئەوجا شەڕی پارتی و یەکێتی و تورکیا دژ بە پ ک ک، نەوشیروان مستەفا سەرکردەی مەیدانی شەڕی کردووە. دواتر پ ک ک خۆی بەدەستەوە دەدا و لە ماڵی کریم خانی برادۆست، فوئاد مەعسوم و رۆژ نوری شاوەیس رێکەوتن لەگەڵ عوسمان ئۆجەلان دا ئیمزا دەکەن. . سەیر ئەوەیە تورکیا گەرماوگەرم ناڕەزایی دەردەبڕیوە، پرسیوێتی: چۆن رێکەوتن لەگەڵ ئۆجەلان دەکەن؟. بۆیە ڕاستەوخۆ داوای گۆڕینی مەعسوم و شاوەیس دەکات. . یەکێتی داواکەی تورکیا جێبەجێ دەکات. . .

نووسەر. . لەبابەتە گەرمەکانی شەڕەوە، باس لەوە دەکات لەگەڵ شاندێکی حیزبەکەیدا چۆتە بەغدا بۆ گفتوگۆکردن. . . بەعس پێی گووتوون: ئێوە لەگەڵ پارتی دا ڕێک بکەون! ئێمە یەکێتی دەردەپەڕێنین و کوردستان ڕادەستی ئێوە دەکەین! . . . سۆشیالیست بەم داواکارییە ڕازی نابێت!. کاتێ قسەش بە مام جەلال دەڵێن، نووسەر بەرپەرچییان دەداتەوە.

پرسیارەکە ئەوەیە وەک بڵێی ماراسۆنە: ھەر حیزبەی بەجیا بەرەو بەغدا بۆ دەستکەوتی تایبەتی بەدەستھێنان ھەڵپەیان بووە، لەوێش بەغدا ناکۆکی زیاتری خستۆتە نێوانیانەوە. . .

لەو رۆژانەدا ئاوی بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان گیراوەتەوە و بەغدا داوای بەردانەوەی دەکات! . سۆشیالیست قەناعەت بە یەکێتی دێنێ و ئاوەکە بەردەنەوە. لەگەڕانەوەدا دەمودەست مام جەلال لەم ھەنگاوە ئاگادار دەکەنەوە، بەشێوەیەک پێی دەڵێن: دە ئێوەش بچن بەشی خۆتان بپچڕن!. . یەکێتی ئاوەکە بێ مەرج بەردەداتەوە و شاندێک دەنێرێ بۆ بەغدا.

کاکە حەمە لێرەدا ددان بەوەدا دەنێ: "کە چوونی بۆ بەغدا لەسەر داخوازی مام جەلال بووە". ل ٣٨. . دواتر باس لە نزیکبوونەوە و ڕێکەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی دەکات. . گەرماوگەرم لەبەرانبەردا ڕۆژی ١٩٩٧/٦/١٣ شاندێکی ئێران و شاندێکی پ ک ک / جەمیل بایک( ھەڤاڵ جومعە) لەماڵی کاکە حەمە کۆدەبنەوە بۆ خورتکردنی پەیوەندییەکان. ئێران ستراتیژی خۆی هەیە و ھەر ھێزێکی کوردی لێ دوور کەوتبێتەوە، بە میتۆد و شێوازی تایبەت بە خۆی ھەم سزای داوە و ھەمیش گورجوگۆڵانە ئەڵتەرناتیڤی خۆی هێناوەتە کایەوە و بایەخی دەدات بە حیزبێکی تری نەیاری حیزبی یاخی / تۆراو یاخود نەیار. .

کاکە حەمە دەچێتە سووریا و لەوێوە بەرەو ئەوروپا تا دەبێتە میوانی Med.  TV . . ئەو ڕۆژانە تاکە تیڤی کورد بوو. دەڵێ: "لە برۆکسل بووم مام جەلال ئەو شەوە لە سەعاتێکدا ٣ جار تلفونی بۆ کردم و داوای ئەکرد قسە بکەم دژی پارتی و ڕابگەیەنم ئیمشەو یەکێتی سەلاحەدین دەگرێ. "ل٥٦ دەڵێ: قسەم دژی پارتی کرد و بڕگەی دووەمیش بەشێوازێکی تر دەربڕی. . ئەوەی جێی سەرنجە کاتی تەلەفونکردنەکە زوبێر ئایدار و رەمزی کارتالی لەتەنیشتەوە دەبن و گوێیان لە قسەکانی مام بووە و لای خۆیانەوە راستەوخۆ تۆماریان کردووە. . . بڕوانە حیزبی کوردی تا کوێ پۆلیسی کاریان بەرانبەر یەکتر کردووە!!. . بەکورتی دەڵێ: یەکێتی ئێران رێکەوتبوون لەقۆڵی حاجی ھۆمەرانەوە پەلاماری پارتیان دەدا. . تورکیاش بەھانای پارتییەوە ھاتووە و فرۆکە مەرگچێنەکانی ڕۆڵێکی خراپیان گێرا. .

کاکە حەمە. . لە ئاکامدا بێ سێ و دوو دەنووسێ: "شەڕەکە لە ڕووی عەمەلیەوە شەڕی ئێران و تورکیا بوو بە چاودێری ئەمەریکا". . یەکێتی و پ ک ک و ئێران/ پارتی تورکیا ھەر کورد سووتەمەنی شەڕەکە بووە و بەھەزاران پێشمەرگەی کورد بوونە قوربانی ئەم شەڕە خوێناوییە ھەر لەم کۆنتێکسەدا دەنووسێ" ئەمڕۆ دوای تاقیکردنەوەی ھەموو ھەوڵەکان بۆ لەناوبردنی یەکتری لەنێوان یەکێتی و پارتیدا بە پەنابردن بۆ ئێران و عێراق و تورکیا و بۆ عەشایەر و بۆ حزبەکانی کەش ئەگەر کیمیاویشیان ھەبوایە لە یەکیان ئەدا، بەڵام کەسیان کەسیانی پێ لەناونەچوو یەکیان بۆ نەسڕایەوە "ل٧٨. . . نووسەر پێی وایە پارتی لە ئاکامی شەڕی لەگەڵ پ ک ک و یەکێتیدا دەبێتە خاوەنی ئەزموونێکی زۆری شەڕیی بەرەیی و لە شەڕی ١٩٩٤ـ١٩٩٥ دا ئێران پشتیوانی لە پارتی و ١٩٩٦ دا عێراق دیسان لە پارتی و ١٩٩٧ دا تورکیا لە پارتی . . کەچی یەکێتی جارێ نەیتوانیوە ھیچ دەوڵەتێ بھێنێتە شەڕی دژی پارتییەوە. . لەکاتێکدا چەندین جار ئاماژەی داوە بە ھاوکاری ئێران بۆ یەکێتی. . .

پارتی یەکێتی دوای گەڕێکی شەڕی خوێناوی ڕێگای ئاشتی دەگرنە بەر . .

بەدوورودرێژی باسی شەڕی پ ک ک دژی یەکێتی دەکات و وەک سۆسیالیت بەیاننامە دژی شەڕەکە دەردەکەن. . . مام جەلال پرس و ڕای زۆر بە کاکە حەمە دەکات و ئەرکی قورسی دەخاتە بەردەم. . ئەرکەکە مشورخواردنی ئەو گرووپە بوون. د. سلێمان و ھاوڕێکانی کە لە پ ک ک جیابوونە حەشار بدرێن تاوەکو یەکێتی تووشی کێشە نەبێت لەگەڵ تورکیا.

دواتر لە ٢٠٠٠/٩/١٩ شاندێکی ئێرانی دێنە گوڵەخانە و کاکەحەمە داوایان لێ دەکات گوشار بخەنە سەر پ ک ک شەڕەکە بوەستێن. وەک دەگێڕێتەوە ئێرانییەکان لە یەکێتی زۆر توڕە بوون دەیانویست بە پ ک ک تەمبێیان بکەن. ئەم چیرۆکە جارێکی تر ئەوە دەسەلمێنێتەوە شەڕی ناوخۆ/ کوردکوژی راستەوخۆ بە قوڕمیشکردنی داگیرکەران بووە و بۆ بەرژەوەندی ئەوان بووە. . ئاخر ئەو ڕۆژانە یەکێتی ھەوڵی دروستکردنی پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ تورکیادا دەدا. . .

بڕگەیەکی تری ئەم شەڕەی ناو کوردستان دەستێوەردانی داگیرکەران، لەوەدا باس دەکات تورکیا ھەڕەشەی ھێرشکردنە سەر باشووری کوردستان دەکات. شایانی باسە لەشەڕی نێوان پ ک ک و یەکێتیدا ئەوە دەنووسێ کەوا کۆسرەت رەسوول ئامادە نەبووە شەڕی پ ک ک بکات، ئەگەرچی ھۆکارەکەی روون ناکاتەوە لێ ئەمەش گرنگی خۆی ھەیە. . ھاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە، کە پ ک ک شەڕ فرۆشەکەیە و ھاوکات لەشەڕێکی دژواردا بووە لەگەڵ پارتیدا، کەچی لە باری سەرنجی پ ک ک ەوە دەنووسێ: "پەکەکە ئەیووت یەکێتی لە پارتی خەتەرترە لەسەر کورد" ل١٦٥.

یەکێتی ھەمیشە ھاوکاری پ ک ک بووە لەشەڕی دژی پاتیدا، سوشیالیستیش ھەمیشە ھاوکاری یەکێتی بووە. . . کاکە حەمە و مام جەلال پەیوەندی توندوتۆڵیان پێکەوە ھەبووە و زۆر کاریان بۆ یەکتر ڕاپەندووە و مام لە ساتەوەختە تەنگەکاندا متمانەیەکی گەورەی بە کاکەحەمە ھەبووە. وەکو دیکە چەندین نموونە باس دەکات کە یەکێتی داویان بۆ ناوەتەوە و دژایەتییان کردووە.

ئێران و عێراق و سووریا ھەمیشە ئەکتەری چالاک و ژمارەی گەورەی تەواوی شەڕ و ڕووداوەکانی نێوان حیزبە کوردییەکان بوون. . ھەڵبەت تورکیان ھەرگیز تەماشاوان نەبووە. . . ھەروەک کاکەحەمەش ئاماژەی پێداوە:

١٩٩٢ تورکیا ھاوکاری پارتی و یەکێتی لەشەڕی دژی پ ک ک کردووە

١٩٩٥ تورکیا ھاوکاری پارتی لەشەڕی دژی پ ک ک دا کردووە

١٩٩٧ تورکیا ھاوکاری پارتی لەشەڕی دژی یەکێتی و ئێران دا کردووە و لەشەڕی ساڵی ٢٠٠٠ دا تورکیا ھاوکاری یەکێتی لەشەڕی دژی پ ک ک کرد بێت! بۆیەکا ئێران لایەنگری پ ک ک کردووە.

کاتێ دەگەینە لاپەڕە ١٦٨-١٧٤ پرۆتۆکۆلی ئەو دانیشتنە دەخوێنیتەوە کەوا لەنێوان مستەفا قەرەسووی نوێنەری پ ک ک و ئاقای پەناھی نوێنەری ئێران و نوێنەرانی سۆشیالیست و حزبی زەحمەتکێشانەوە. بەڕاستی ورد تێدەگەیت لەسەر شانۆی کوردستان چ دەگوزەرێ و شەرمە کەسی شۆڕشگێڕ و حیزبی بانگاشەکەری شۆڕشی ڕزگاری نەتەوەیی کلیلی ئەقڵیان بدەنە دەست دوژمنی خۆیان. . .

کاکە حەمە. . چونکە خۆی سەرکردەیەکی پێشمەرگەییە راستەوخۆ بەشداری زۆری شەڕەکانی کردووە، ئاگاداری کەلێ کونوقوژبنی ڕووداوەکانە، ھەر بۆیە لەسەر دیاردەی شەڕەکانی ناوخۆ بە دوورودرێژی دەنووسێ و بیروڕاکانی لایەنی بەشەڕھاتووە، وەک خۆی دەخاتە بەرچاو و ھەڵسەنگاندنی بۆ دەکات. . گرووپێکی چەکدار بەناوی تەوحید دەچنە ناوچەی سورێن، دەیانەوێ لەوێ بارگەوبنە ھەڵدەن. . . ککەئەمە نوێنەرێک دەنێری بۆلای مام - کە لەو کاتەدا ئاقای پەناھی نوێنەری ئاسایشی ئێران میوانی دەبێت- داوا لە مام جەلال دەکات ھەڵوێست وەرگرێ، کەچی مام دەڵێ:" ئەوانەش ھەر ھەر ئەرزی خوایە و سورێن جێیگای دە ھەزار کەسی تێدا دەبێتەوە و وازیان لێ بھێنن (. . . ) ئەوە ئێرابیش پێیان خۆشە لەو سنوورە بن و شەڕیان لەگەڵ ڕاگرن". ل١٨٢ .

پەناھی ئاگای لە گفتوگۆکان دەبێ و بە پێچەوانەی مام دەڵێ: با سۆشیالیست شەڕی ئەوانە نەوەستێنێ و پێمان ناخۆشە ئەوانە بچنە سنووری سورێنەوە. بزوتنەوەی ئیسلامی و یەکێتی ئەم داوە بۆ سۆشیالیست دەنێنەوە. . کۆمەڵێ خەڵک دەبنە قوربانی ٢٠٠٠/١٢/٣ لە تاران شاندێکی کۆنگرەی نەتەوەیی بەسەرۆکایەتی عیسمەت وانلی و زوبێر ئایدەر و د. حەمەساڵح ئیبراھیمی دەبینێ کە بە نیازی ڕێککەوتنی یەکێتی و پ ک ک ھاتوون. . . بەداخەوە رێگە نادرێن بچن و دەستبەتاڵ دەگەرێنەوە، ئاخر بۆ ئەوەی چارەسەر لای خۆیان بێت و سەری گوریس ھەر بەدەست داگیرکەرەوە بێت و کورد خۆی نەتوانی کێشەکانی ناوماڵی خۆی چارسەر بکات.

 

بۆ یەکەم جارە بزانم کاکە حەمە ھەستی شاعیرانەی هەس و هێندە لەدنیای ئەدەبەوە نزیکە. لەم بەرگەدا چەندین کۆپلە شیعر و شیعری درێژ بەرچاو دەکەون. .

من کوردێکی نیشتمانم، ھەڵگری ئاڵای سەرکەوتن یان نەمانم

لەو ڕێگایەشدا سەرفم کرد گەنجی و یاریکردن لەگەڵ مەرگدا بە ژیانم

ھەر بۆیە دەستم دایە ئەو پرۆژەیە

دروستکردنی ئەو پردە بۆ سەرکەوتن و پەڕینەوەی کوردە

من کوردێکی نیشتمان پەرستم

ئەیپارێزم بە بیر و ھەستم

ھەتاکو ماوم بۆ ئەو کورد ئەبێت نەوەستم

بۆ سلێمانیش دەڵێ

شاری سلێمانی بۆ بێدەنگ و ماتی

خۆ تۆ پاشماوەی سێ ئەمارەتی

وا مەزانە لە شارستانیەت دووری

ئەردەلان، بابان و شارەزووری

ھەرچیت بۆ بڵێین ھێشتا ھەر کەمە

پێشکەوتووترین شاری سەردەمە

بۆ میللەت ھەڵت گرتووە ئەو ھەموو خەمە

 

Related Articles