شکات ... حەمەرەشید هەرەس

 

تا ئێستا چەند جارێك لە سەر نووسینەکانم شکاتم لێ کراوە و، چەند جارێکیش هەڕەشەی شکات کردنم لێ کراوە و، پەشیمان بوونەتەوە.

ئەوەی شکات ئەکات دیارە توانای وەڵام دانەوەی نیە، ئەگینا لە جیاتی ئەوەی پەنا بۆ دادگا بەرێت، با پەنا بباتە بەر قەڵەمە لەرزۆکەکەی، ئەو قەڵەمەی وەك کەوی بەزیو، باڵی جووت کردووە و، بۆ کونێك دەگەڕێت خۆی تیا بشارێتەوە.

هەرچی قەڵەمی بەزیوە لە دژم بنووسن، ئەمەندە بە باوەڕەکەم پشت ئەستوورم، نە شکات ئەکەم، نە لە هیچ بوختانێك ئەسڵەممەوە.

ئەگەر قەڵەمەکەم توانای بەرەنگاریی نەبێت ئەو هەموو عەنتەرە لەقاو بدات، ئەی بۆچی کردوومە بە یەخەم دا و، شانازی پێوە ئەکەم؟

ئاخر ئەمە هەر وا هەوانتە نیە، دێت شەش پەڕە هێرش و دەمپیسی پیادە ئەکات، کەچی بە چوار دێڕی من، تاکە چوار دێر هەرچی قوڕ و خۆڵی ئەو ناوەیە ئەیکات بە سەری خۆیا و، هاوار بۆ دادگا ئەبات. ئاخر دادگا چیم لێ ئەکات؟ بۆ دەرمان بگەڕێن جنێو و سووکایەتی تیا نیە، تۆ بڵێی بە هەڕەشەی ئەو و سزای دادگا، شاپەڕی باڵی قەڵەمەکەم فجوق نەکات و، لە کەشکەلانەوە بە سێڕە سێر، هەموویان لەبەر قاپی دادگا کۆ نەکاتەوە؟