
دوا بەدوایی هێڕشی سەربازی روسیا بۆسەر ئۆکرانیا، هەریەک لە ئەمەریکا و وڵاتانی ناتۆ تاکە کاردانەوەیان بریتی بوو لە سەپاندنی سزایی ئابووری بەسەر روسیا، بۆ ئەم بەبەستەش دەیانەوێت بە پەکخستنی کەرتی ئابووری و بازرگانی و ووزە و دەریاوانی روسیا ئەو وڵاتە ناچار بکەن دەست لە داگیرکاری ئۆکرانیا هەڵگرێت.
یەکێک لەو میکانیزمانەی کە وا دەکات روسیا ناچاری خۆبەدەستەودان بکات، داخستنی تەنگەکانی (بۆسفۆر ودەردەنیل)ە بەرووی کەشتیەکانی روسیا ، ئەم کارەش لە دەسەڵاتی تورکیادایە، وەک ئەندامی ناتۆ تا رێگری لە کەشتیەکان روسیا بکات لە دەریای رەشەوە بگەنە دەریاکانی دیکە ، بەڵام ئایا تورکیا ئەم کارە ئەنجام دەدات؟
سەرەتا پێویستە لە گرنگی ئەو دوو تەنگەیە (مضیق) تێبگەین و تۆزێکیش بگەرێێنەوە بۆ مێژووی ناکۆکیەکانی تورکیا و روسیا لەسەر ئەو ناوچە گرنگانە.
تەنگەی بۆسفۆر، زۆر جاریش بە تەنگەی ئەستەنبۆل ناوی دەهێت چونکە بە درێژایی شێری ئەستەنبۆل لە باشووری ئەو شارە هەڵکەوتووە. لە باکوورەوە دەریای رەش بە دەریای مەرمەڕە دەبەستێتەوە
تەنگەی دەردەنیل، رێڕەوێکی ئاویی نێوەدەوڵەتیە، دەکەوێتە سەر دەریای ئیجە و مەڕمەڕە ناوەکەی بۆ کەسێکی یۆنانی دەگەڕێتەوە(دردەنوس)
گرنگی ئەو دوو تەنگەیە(مضیق) لەو دایە کە خاڵی بەیەکگەیشتنی هەردوو کیشوەری ئاسیا و ئەورپان لەو رێگای دەریاوە، ئەوەشیان بۆ ریڕەوەی کەشتیە بازرگانی و جەنگیەکان گرنگی زۆری هەیە.
ناکۆکیە مێژوویەکان لەسەر ئەو دوو رێڕەوە ئاویە:
- ساڵی ١٧٦٩ دوای ئەوەی لە نێوانی روسیا و پۆڵەندا جەنگ درووست دەبێت، بەو پێیە جەنگەکە پەلدەکێشێت بۆ رۆمانیا و بولغاریا و چیایی ڕەش، ئەو ناوچانەش بەشێک دەبن لە سنووری دەوڵەتی عوسمانی، بۆیە دەوڵەتی عوسمانی بۆ داکۆکی لە سنووری ئەو ناوچانەی کە داگیریکردوون لە دژی روسیا دەکەوێتە نێو جەنگەکە، بەڵام لەو جەنگەدا لە بەرامبەر روسیا تێکدەشکێت، وەک دۆڕاوی جەنگ لە چوارچێوەی رێکەوتنی کچک کەنارچی یەکێک لەو سزایانەی کە بەسەری دەسەپێنن ئازادیی دەریاوانیە لەو دوو تەنگەیە بەتایبەت بۆ کەشتیەکانی روسیا، هەروەها مافی ئەوە بەروسیا دەدرێت کە سەرپەرشتی کەنیسەی ئەرسەدۆکسی بکات لە ئەستەنبۆڵ، زۆر خاڵی دیکەش کە لێرەدا نامانەوێت ئاماژەیان پێ بکەین.
-دوای ئەوەی لە جەنگی جیهانی یەکەم دەوڵەتی عوسمانی بە دۆڕاوی لێی دەرچوو جارێکی دیکە پرسی ئەو دوو تەنگەیە کەوتە سەر مێزی گفتوگۆی وڵاتانی هاوپەیمان، لە پەیمانی موندەرس کە لە ٣٠ ئۆکتۆبەر ١٩١٨ بۆ ئاگربەستی جەنگ و داگیرکردنی ئەستەنبۆل لە لایەن هاوپەیمانان بەسترا باس لە مافی وڵاتان کراوە کە بە ئازادی کشتیەکانیان لەو دوو رێڕەوە ئاوییە هاتووچۆ بکەن.
- دواین رێکەوتن کە لەسەر ئەو تەنگەیە کراوە دوای ڕیکەوتنی لۆزان بووە، کە بە رێکەوتنی مۆنترۆ ناسراوە لە ٣٠ تەمووزی ١٩٣٦، مۆنرۆ شارێکی سویسڕیە، لەو ساڵەدا هەریەک لە وڵاتانی (یەکێتی سۆڤیەت، بەریتانیا، فەرەنسا،یۆنان، بولغاریا،رۆمانیا، یوغسلافیا، یابان،ئوسترالیا) تیایدا بەشداربوون.
لەو رێکەوتنامەیە کە لە ٢٩ ماددە پێکهاتووە و دواتریش چەندین پرۆتۆکۆلی بۆ زیادکراوە مافی ئەوە بە ولاتانی سەر دەریایی رەش و وڵاتانی دیکە دراوە کە بە ئازادی ئەو رێڕەوە ئاوییە بەکاربهێنن لە کاتی ئاشتی و تەنانەت جەنگیشدا.
ئەو ڕیکەوتنامەیە بۆ ٢٠ ساڵ کاری پێکراوە و لە ٢٠ تەمووزی ١٩٥٦ کۆتایی پێهاتووە، ئەگەرچی رووسیا زۆر هەوڵی دا رێکەوتنامەکە بە جۆرێکی دیکە دابرێژێتەوە کە مافی زیاتری هەبێت کە ئەو دوو نۆکەندە بەکاربهێنێت بەلام سەرکەوتوو نەبوو.
لە ئێستا کە داوا لە تورکیا دەکرێت ئەو دوو نۆکەندە بەڕووی کەشتیەکانی روسیا دابخات، ئەو داواییە تورکیا دەخاتە بەردەم کوتک و سندان، کە ئەگەر ئەو کارە بکات زۆرێک لە بەرژەوەندیەکانی لەگەڵ روسیا دەکەوێتە بەردەم هەڕەشە و بە پێچەوانەش ئەگەر خۆی لێبدزێتەوە ئەوا یەکێک لە داواکانی هاوپەیمانی ناتۆ پشتگوێ دەخات.
قسەیەکی لەو بابەتە لە ئێستدا بۆتە رۆژەڤ، ئەگەرچی رۆژی ٢٧ی شوبات باڵوێزی روسیا لە ئەنقەڕە رەتیکردوە کە هیچ دوایەکی لەو شێوەیان لێکرا بێت.