
پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ رەگێکی قوڵ و لەمێژینەی هەیە، بەشێوازێکی ئاشکراو زەق، کەم تازۆر کاری نایاسایی لەدەوروبەرمان ئەنجام دراون.
ئەمڕۆ لەهەرێمی کوردستان، دەسەڵاتی دادوەری، خاوەن هەژمونێکی لاوازە و بۆ هەمووان وەک یەک نیە، واقیعی ئێستای كوردستان پێمان دەڵێت، یاسا تەنها بۆ بەرژەوەندی دەسەڵاتی بەهێزە، بێڕێزی بەیاسا ودادگا وسەروەری و ئەم چەمكانە دەكرێت، زۆربەی پرسە سیاسی و كۆمەڵایەتیەکان بەبێ حساب كردن بۆ یاسا دەڕوات بەڕێوە.
گرتن و رفاندن و بڕیاری کوشتن لەدەرەوەی دادگا، کارێکی تیرۆرستییە، هەر کێ بیکات و ئەنجامی بدات، تاوانێکـــی گەورەیە، کوشتنی بەناحەق و دورستکردنی فایلی یاسایی کارێکە نیگەرانیەکی زۆری لەناخمان رواندوە.
دورستکردن و داتاشینی تاوانی لایەنگــــری لەئیسلامــــــی سیاسی و پەکەکە، کارێکە دەمێکە بۆتە دیاردە، خۆ ئەگەر نەتوانرا بەو تاوانانە، خەڵکێکی ناڕازی بگرن، بەتاوانـــــــی ئەخلاقی وتریاک و جاسوسی و تێکدانی ئەمنی قەومی لەقەڵەمت دەدەن، دواجار حزب و سەرانی پارتەکەی خۆی و خزم وکەسەکانیشی ناوێرن داوای لێکۆڵینەوەو دادگای عادیلانەی بۆ بکەن.
گرتن و کوشتن و دەسبەسەرکردنی هاونیشتمانیان و لایەنە رکابەرەکان بۆتە دیاردە، بەردەوامە ویاسا وڕێسا ئینسانیەکان لەکوردستان کەم کاری پێدەکری، بەرپرس خۆی دەبێتە قازی و هەرخۆیشی بڕیاری گرتن و کوشتنی خەلک دەدا.
یاسای هێز واتا كێ بەهێزترە حوكم دەكات، کاتێ یاسا سەروەر نەبوو خەڵك و هاوڵاتی لەبری پەنابردنەبەر دادگا هەوڵی تۆڵەكردنەوەی كەسی دەدەن، یاخود خۆیان دەدەنە پاڵ گروپ و عەشیرەت و هێزێکی چەكدار، یاچۆک دادەن بۆ حزبی بەهێز.
ڕۆڵی دامەزراوە ئەمنیەكان كەم دەبێتەوە و خەڵك متمانەیان پێ ناكات، دادگاش وەك دامەزراوەكانی تر دەبێتە دائیرەیەكی رۆتین و بێ ئەرزش لەژێر رەحمەتێ هێزی باڵادەست خۆی دەبینێتەوە.
#خالدگڕاوی