بۆچی ئینگلیزەکان یەکەم کەسایەتی نیشتیمانپەروەری رانیە دەکوژن؟ ... خالید قادر

(کاپتن لاین) لە بیرەوەرییەکانی لەمەڕ ڕووداوەکانی باشووری کوردستان ١٩١٩-١٩٢٩ لە کتێبی (کورد و عەرەب و بەریتانییەکان) ل.٩٠ دەڵێت:
(کاپتن.جی.جەی. کۆک) لە قەزای خوا غەزەب لێگیراوی مەلاریا لێدراوی (رانیە) بوو، کە ٨٠ مایل لە ڕۆژهەڵاتی هەولێرەوە بوو، ئەو قەزایە تاکە رێگای پەیوەندی کوێرەرێی هێستر بوو، لەگەڵ تەلەفۆنێکی لاواز.
کینە تۆزی (کۆک) لەگەڵ سەرۆکە خۆجێیەکانی ناوچەکە جیگای باوەڕکردن نەبوو، توڕەیەکەی بە پلەیەک بوو جارێکیان لە نێو بارەگاکەی خۆیدا دانەیەکی لێدابوونە بەر گوللە.
هەروەها (ئەدمۆنس) کە ساڵی ١٩٢١-١٩٢٢ لە بارەگای حاکمی سیاسی ئینگلیز بووە لە رانیە، لە کتێبی ( کورد و عەرەب و فارس) ل. ٢٨٤-٢٨٥ دەڵێت: دۆستێکی تری نزیکمان ( حەمەغای رانیە) بوو، ئەو هەرچەندە دەسەڵاتی زۆری نەبوو، بەڵام پیاوێکی سادەو دڵپاک و خاوێن بوو، هەرگیز لە کاتی خۆشی و ناخۆشیدا بیرورای خۆی نەدەشاردە، جارێک خۆی کردبوو مەتاڵی (سی)و پێشی بە زەبری خەنجەری پەلاماردەرێک گرتبوو، کەخەریک بوو (سی) بکۆژێت، بەم جۆرە سەرەڕای رزگار کردنی (سی) لە مەرگ، دەرفەتی ئەوەشی بۆ رەخساندبوو کە لە دەمانچەکەی کەڵک وەرگرێ و گوللەی دەمانچەی سی کابرای پەلاماردەری کوشت.
ئەمەش کێشەیەکی خوێنی پێکهێنا لەبەر ئەوە (سی) یان بە پەلە بە بینانووی پشوەوە لە ناوچەکە گواستەوە.
ئەوە (سی)یەی ( ئەدمۆنس) باسی دەکات مەبەستی (کاپتن کۆکە)، کە دوای گواستنەوەی ( کۆک) لە رانیە, ( ئەدمۆنس)هاتۆتە جێگای،
ئەو کەسەش کە هەردووکیان باسی دەکەن کە کوژراوە، مەبەستیان ( فەتاح بەگی سەعید بەگ)ەلە رانیە.
کەواتە (فەتاح بەگ) کێیەو بۆچی کوژرا؟
م. (عبدالرقیب یوسف) دەڵێت:
(فەتاح بەگی سەعید بەگی محمد ئەمین بەگی بابان)، یەکەم کەسایەتی نیشتمانپەروەری رانیە بووە، یەکێک بوو لە کورد پەروەرانی کاتی شێخ محمودی نەمر. گەورەی شاری رانیە بووە، لەبەر ئەوە لە هاوینی ١٩٢١ لە لایەن جێگری حاکمی سیاسی ئینگلیز لە رانیە و پشدەر (کاپتن کۆک) لە سەرای رانیە دا کوژرا. مرۆڤێکی ئەوپەری ئازاو سوار چاک و سەخی بوو.
هەروەها م. عبدالرقیب لە دیداری (شێخ جەنگی شێخ بورهان)ەوە دەڵێت، (فەتاح بەگ) ئەندامی ( کۆمەڵ) بوو کە (جەمال عیرفان) لە پایزی ١٩١٩ لە سلێمانی، ئەو حیزبەی دژ بە ئینگلیز دامەزراندبوو، ئەمەش پاش دەستگیرکردنی (شێخ محمود) ودورخستنەوەی بۆ هیندستان،
تا راپەرینێکی چەکداری دژ بە ئینگلیز دروست بێت و ناچاربکرێن ( شێخ محمود) لە هیندستانەوە بگەرێنێتەوە و مافی کورد بدەن.
سەبارەت بە کوشتنەکەشی (ئەحمەد خواجە) لە کتێبی یادەوەرییەکانی (چیم دی) ل. ١٠٥ دەڵێت: (فەتاح بەگ) لە خێزانێکی ناسراو و پیاوێکی راست و بە قۆناغ بوو، (کاپتان کۆک) خۆشی نەدەویست، رۆژێک بانگی دەکاتە سەرای رانیە و لە ژوورەکەی خۆی دەڵێت (فەتاح بەگ) وەرە با شێرو خەت بکەین لەسەر دڵخواز، روپیەیەک هەڵدەدات دەڵێت بزانە چییە، لەو کاتەی کە دائەنەوێتەوە دوو دەمانچە نا بە تەپڵی سەرییەوە و کوشتی.
ئەوەی (خواجە) باسی دەکات راستی هەموو روداوەکە نییە، بەڵکو کوشتنەکەی بە شێوەیەکی ترە،
دەگوترێت (کاپتن کۆک) بە پیلان (فەتاح بەگ)ی بۆ قسەکردن لەسەر داخوازی شۆرشگێرانی ئەو کات، هێناوەتە سەرای رانیە، بەدەم گفتۆگۆوەش یاری دامەیان کردوە،هەروەها (ئەدمۆنس) باسی پەلاماردەرێکی خەنجەر بەدەست دەکات، کە مەبەستی ( فەتاح بەگ)ە و ویستویەتی (کاپتن کۆک) لەناو بینای جێگری حاکمی سیاسی ئینگلیز بکوژێت, بەڵام لەلایەن (حەمەغا)وە بە ئەنقەست گیراوە، تا (کاپتن کۆک) دەرفەت بێنێت و بیکوژێت.
لەسەر کوشتنەکەی چیرۆکی زۆرتر باس دەکرێت، بەڵام من نەمویست بێ سەرچاوە بیانخەمەروو.
وێنەی یەکەم: بارەگای جێگیری حاکمی سیاسی ئینگلیز لە دەربەندی رانیە.
تێبینی: ساڵی ٢٠٠٨ بە رێکەوت لە چاپە فارسیەکەی کتێبەکەی (ئەدمۆنس) ئەم وێنەیەم بینی، کە لە چاپە کوردیەکەیدا نییە، من ساڵی ٢٠١٠ لە کتێبی ( مێژووی کۆن و نوێی شاری رانیە) بڵاوم کردۆتەوە، بەڵام بەداخەوە دواتر چەند پەیج و بڵاوکراوەیەک، بێ ناوهێنانی سەرچاوەی سەرەکی وێنەکە، وێنەیەکەیان بڵاو کردوە.
وێنەی دووەم: حەمەغای رانیە