نووسەرەناسراوەکان

گەندەڵی ئامرازێك بۆ ملكەچكردن ... موعتەسەم نەجمەدین

 
 
بەبێ رەخساندنی زەمینەی ئەنجامدانی گەندەڵی و بڵاوەپێكردنی، هیچ دەسەڵاتێك نیە بتوانێت پرۆسەی ملكەچكردنی تاك و كۆمەڵگا جێبەجێبگات. هیچ كەسێك ناكرێتە كۆیلە و ملكەچی دەسەڵات نابێت، ئەگەر لە گەندەڵی تێوەنەگلێنرێت.
لەم پرۆسەیەدا سەرۆك و دارودەستەكەی بە بەرنامە كار لە سەر گەندەڵكردنی ژماریەیكی بەرچاو لە كادر و ئەندامانی حزب و حكومەت دەكەن. سەرۆك سەرەتا كار لە سەر گەندەڵكردنی دەوروبەرەكەی دەكات و دواتر بەرەو گەندەڵكردنی بەشێك لە چینی ناوەند، لە كەسایەتیە دیارەكانی ناو كۆمەڵگا لە نوسەر و رۆژنامەنوس و چالاكەوانی مەدەنی تا دەگاتە كەسایەتیە ئاینی و خێڵەكیەكان دەكشێت.
گەندەڵكردن یەكێك لە ئامرازە سەرەكیەكانی شكاندی شكۆی تاك و بە كۆیلەكردنی بەشێكی زۆر لە توێژە نارازیەكانی كۆمەڵگایە. سەرۆك و دارودەستەكەی لەم پرۆسەیەدا ستراتیجی سەرەكیان دەبێتە شكاندنی شكۆی توێژێكی دیاریكراو، كە لە مێژوودا داینەمۆی هەموو گۆڕانكاری و یاخیبونێكی جەماوەری بوونە. ئەم توێژە، كە بە توێژی ناوەند ناودەبرێت ناوك و جوڵێنەر و هێزی بەرپاكردنی هەموو یاخیبونێكن لە واقعێكی جێگیری نەخوازراو و چەوت دا، بۆیە وەك ستراتیجێك بۆ ئفلیجكردنی هەموو هەوڵ و هەلێكی یاخیبوون و وشیاربونەوەی تاك و كۆمەڵگا دەسەڵاتە تاكرەو و گەندەڵەكان بە بەرنامە كار لە سەر ئیفلیجكردن و شكاندنی شكۆی ئەم توێژە و بێ بایەخكردنی هەموو كارو چالاكیەكانیان دەكەن. گەندەڵكردنی دەسەڵات و كۆمەڵگا بەهێزترین فاكتەری خوڵقاندنی كۆیلەیەكی ملكەچ و رازیە. هاندان و رەخساندنی هەلی گونجاو بۆ ئەنجامدانی گەندەڵی بە ناراستەخۆ بووەتە یەكێك لە چالاكیە سیاسیەكانی دەسەڵاتی تاكرەو و تۆتالیتار، یان ئەوانەی خەون بە دیكتاتۆریەت و تۆتالیتاریەتەوە دەبینن. لەم پرۆسەیەدا رێگاخۆشكردن بۆ ئەنجامدانی گەندەڵی، نەبوونی لێپرسینەوەیە لە گەندەڵكاران و كەسانی تێوە گلاو لە كاری گەندەڵی، بەهێزترین هاندەری بەرپاكردن و بڵاوەپێكردنی گەندەڵیە. لە ئەزمونی فەرمانرەوای كوردیدا زۆر ئەستەمە نمونەیەك یان حاڵەتێكت بەرچاو كەوێت، كە لە سەر گەندەڵی سزا بە سەر گەندەڵكاردا جێبەجێ كرابێت. ئەم فاكتەرە هۆی سەرەكی گۆرینی دۆخی گەندەڵیە لە حاڵەتەوە بۆ دیاردە و تێكەڵكردنی بە تەواوی جومگە و شادەمارەكانی ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوری و كەلتوریە. لەم بارەشدایە، رێگا بۆ ئەوە خۆش دەكرێت ، كە گەندەڵی ببێتە سیستم.
دەزگا هەواڵگریەكانی سەرۆك بۆ ملكەچپێكردنی كەسانی نارازی هەندێكجار كار لە سەر دروستكردنی تومەت و بوختانكردن و شكاندنی كەسایەتی كەسی بە ئامانجكراو دەكەن. هەندێكجاریش بە گرانكردنی باری ژیانیان و داخستنی هەموو هەلێكی بژێوی، كار لە سەر شكاندنی شكۆی كەسانی نارازی و یاخی دەكەن، بە تایبەتی لە توێژی روناكبیران و نوسەران و هونەرمەندان تا دەگاتە پیاوانی ئاینی و كەسایەتیە كۆمەڵایەتیەكان. كاركردن لە سەر سایكۆلۆجیای تاك و رواندنی ترس و دڵەراوكێ و بیری دوورووی و عەقڵیەتی موئامەرە و تێكدانی پەیوەندی نێوان كادران و فەرمانبەرانی حزبی و حكومی بە تایبەتی و شێواندنی سلوكی تاكەكانی كۆمەڵگا و تێكدانی ئاشتەوای كۆمەڵایەتی لە ئامرازەكانی سەرۆك و دائیرەكەیەتی. لەم پرۆسەیەدا سەرۆك و راوێژكارانی بە مەبەستی خوڵقاندنی ناجێگیری دەرونی وملكەچكردنی تاك و كۆمكەڵگا هەموو كردەوەیەكی بێ مۆراڵی و نا تەندروستیش بە رەواو گونجاوە تۆمار دەكەن، لێرەدایە سیاسەت بە تەواوەتی لە مۆراڵ دادامەڵدرێت و وەك پرسێكی تایبەت و ئەبستكرات هەڵسوكەوتی لە گەڵدا دەكرێت. لەم بازنەیەدا زۆر جار خوڵقاندنی نەیاری وەهمی و دوژمنی دروستكراوە دەبێتە بەشێك لە بەرنامەی كاری سیاسی دەسەڵاتە تاكرەو و دیكتاتۆرەكان.
خراپترین دەرهاویشتی حەزی سەرۆك بۆ مانەوە لە دەسەڵات، ملكەچكردنیەتی بۆ نەیارانی میللەت و داگیركەران. تەنیا بۆ پاراستنی كورسیەكەی و مانەوەی لە دەسەڵات و فەرمانرەوای، سەرۆك هەندێكجار تەواوی پرسە نیشتمانی و نەتەوەیەكەی میللەتەكەی دەكاتە قوربانی بەرژەوەندیە تایبەتیەكانی خۆی و خانەوادەكەی. چەندین تەنازولی گەورە لە بواری هزر و ئایدیۆلۆجیا، لە پرنسیپ و مۆراڵی سیاسی دەكات، ئابوری وڵاتەكەی بۆ بەرژەوەندی داگیركەران تەفروتونا دەكات، زۆر بە ئاسانی دەبێتە بەشێك لە سیاسەتی پیلانگێری داگیركەران. لە ناوخۆی وڵاتیشدا ئامادەیە لە پێناو مانەوەدا هاوپەیمانی هێز رەجعیەكان و توێژی خێڵەكی وهیز و لایەنە توندرەو بەكرێگیراوانی داگیركەران بكات.

Related Articles