یەکێک لە کێشە سەرەکيەکانی یەکێتی ئەوروپا بريتييە لەوەی کە بەردەوام فشاری ئەمريکای لەسەرە بۆ ئەوەی هەڵوێستی توند و جدی هەبێت بەرامبەر بە ڕووسيا، بەڵام یەکێتی ئەوروپا بە هۆی پێويستی زۆری بە وزەی ڕووسی ناتوانێت هەمان سياسەتی ئەمريکای هەبێت بەرامبەر بە ڕووسيا. ڕووسيا زۆر کات ئەو خاڵە لاوازەی ئەوروپا بەکاردەهێنێت. شایەنی ئاماژە پێکردنە، کاتێک دەڵێين یەکێتی ئەوروپا پێويستی بە وزەی ڕووسيایە، مەبەست لەوە نیيە کە هەموو دەوڵەتانی یەکێتی ئەوروپا بە هەمان بڕ و ئەندازە پێويستيان پێيەتی، بۆ نموونە فلندا لە ٩٤٪ی پێداويستی خۆی بۆ غازی سروشتی لە ڕووسياوە بەدەست دەهێنێت، ئەڵمانيا نزيکەی لە ٥٠٪، فەرەنسا لە ٢٤٪ و هۆڵەندا ١١٪ بۆ نموونە ئيسپانيا و پرتوگال پێويستيان بە وزەی ڕووسی نييە و لە ئەمريکا و ئەفريقاوە وەزە دەکڕن.
بە گشتی لە نێوان ٣٥-٤٠٪ی پێداويستی یەکێتی ئەوروپا بۆ وزە، لە ڕێگەی ڕووسياوە دابيندەکرێت. ئەوەی لە ميدياکان و لە لایەن زۆرێک لە چاودێرەکانەوە باس دەکرێت ئەم خاڵەیە، کە ئەوروپا وەک ديلی ڕووسيایە لەو بارەیەوە، کە بەشێک لە ڕاستی تێدایە، بەڵام لە لایەکی تر، خودی ڕووسياش پێويستييەکی زۆری بە ئەوروپا هەیە، کە ئەمەیان کەمتر باس دەکرێت. لە نێوان ٤٠-٤٥٪ی بودجەی ڕووسيا لە فڕۆشتنی وزەوە دێت، لە ٨٠٪ ئەو وزەیە بە ئەوروپا دەفڕۆشێت، جگە لەوەی نزيکەی لە ٥٠٪ی ئەو ئامێر و تەکنەلۆژیا و تەکنيکەی کە ڕووسيا پێويستيەتی بۆ دەرهێنان و فڕۆشتنی وزە، هە رلە ئەوروپا دەيکڕێت. ئەگەر بە پێی تيۆری ليبراڵەکان لە پەيوەندييە نێودەوڵەتييەکان تەماشای ئەو پەيوەندييە بکەين، ئەوا دۆخی پشت بەیەکتر بەستن (interdependence) هەیە لە نیوان یەکێتی ئەوروپا و ڕووسيا، کە ئەمەش بە پێی تيۆری ليبراليزم، ڕێگرييەکە بۆ ڕوودانی جەنگ لە نێوان دوو بەرە یا دوو دەوڵەت. چونکە وەستاندنی فۆرشتنی وزەی ڕووسيا بە ئەوروپا، لەگەڵ ئەوەی زیانی گەورەی دەبێت بۆ ئەوروپا، زیانی گەورەشی دەبێت بۆ ڕووسيا. ڕووسيا فڕۆشياری سەرەکی وزەیە بە ئەوروپا، ئەوروپاش کڕياری سەرەکی وزەی ڕووسيایە، کڕيار و فڕۆشيار تەواوکەری یەکترن.
ئەوەی باسکرا، لەگەڵ ويست و سياسەتی ئەمريکا ناگونجێت، ئەمريکا لە مێژە مەبەستيەتی سەرچاوە و فڕۆشياری نوێ پەيدا بکات بۆ ئەوروپا کە شوێنی ڕووسيا بگرێتەوە. ئەوروپاش ئەو ويستەی هەیە، بەڵام تا ئەمرۆش بەديلی ڕووسيا بوونی نييە. بۆ ئەو مەبەستە چەندين هەوڵدراوە و سەرکەوتوو نەبووە، وەک پرۆژەی نابوکۆ، هێلی غازی قەتەر کە بەهۆی دەستێوەردانی ڕووسيا و سەقامگيری و ململانێ سياسيەکان شکستيان هێنا. لە ئیستاشدا غازی رۆژهەڵانی دەریایی سپی ناوەڕاست یەکێکە لەو پڕۆژانەی کە دەکرێت تەنيا ڕێژەی پشت بەستنی ئەوروپا بە وزەی ڕووسی کەمبکاتەوە، بەڵام ئەو پڕۆژەیەش چەندين کێشەی تێدایە تا ئەمرۆ. هێڵی بۆری لە ئاسيای ناوەڕاست، ئەفغانستان- پاكستان پاشان دەريایی عەرەب یەکێکە لە پڕۆژەکان کە جارێ کێشەی گەورەی تيایە. لە ئێستادا واقعيترين چارەسەر لە ئەگەری سەرهەڵدانی جەنگی ڕووسیا-ئۆکڕانيا، بريتييە لە پشت بەستنی یەکێتی ئەوروپا بە گازی شلکراو. کە دەکرێت وەک نيمچە چارەسەرێکی کاتی دابنرێت، کە ناچارانە ئەوروپا دەبێت پەنای بۆ ببات.
قەتەر کە فڕۆشيارێکی سەرەکی ئەو جۆرە گازەیە، هەر چەن ڕايگەياندوە کە ناتوانێت ببێتە بەديلی ڕووسيا، بەڵام دەکرێت بە فشاری ئەمريکا، قەتەر هەموو تواناکانی خۆی بەکاربهێنێت کە بەشێک لە پێداويستيەکانی ئەوروپا دابين بکات لە کاتی هەستياردا. ئەمريکاش دەتوانێت گازی شلکراو ڕەوانەی ئەوروپا بکات، لە ئێستادا ئەمريکا لە پلەی یەکەمە لە بەرهەمێنانی گازی شلکراو دەنگۆی ئەوە هەیە ٢٠ کەشتی لە ئەمريکا کە گازی شلکراويان هەڵگرتووە ئامادەکراون لە ڕێگەی ئۆقيانووسی ئەتڵەسيەوە ڕەوانەی ئەوروپا بکرێن لە کاتی پێويستدا. هەر وەها ئەمريکا بە هۆی ئەو پێشکەوتنە گەورەیەی کە لە بواری نەوت و غازی سروشتیی بەردين ئەنجاميداوە لەم بيست ساڵەی دوایی، بە نيازە ببێتە فڕۆشياری سەرەکی ئەوروپا و شوێن بە ڕووسيا لەق بکات. لە ئیستادا ئەمريکا لە بەرهەمهێنانی نەوت و غازی سروشتی لە پلەی یەکەمدایە لە سەر ئاستی جيهان، چاوەڕوان دەکرێت ببێتە يەکەم فڕۆشياری نەوت و غاز لەسەر ئاستی جيهان، چونکە تا ئیستا بەشێکی گەورەی ئەو بەرهەمهێنانە لە ناوخۆ بەکاردەهێنرێت. ئەمەش هەڕەشەیەکی گەورە دەبێت لە پێگەی ڕووسيا کە فڕۆشيارێکی سەرەکی وزەیە لە جيهاندا، هەر وەها مەترسييە بۆ چين وەک کڕيارێکی گەورەی وزە لە جيهاندا.
پێويستە ئەوە لەبەرچاو بگرين، کە وزەی ڕووسيا بۆ ئەوروپا چەند تايبەتمەندييەکی هەیە کە لەوانی تر (وزەی ئەمريکا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەفريقيا) نييە، ئەويش بريتييە لە لایەنی جوگرافی، ڕووسيا نزيکە لە یەکێتی ئەوروپا، ئەمەش وا دەکات لە ڕووی نرخەوە وزەی ڕووسيا هەرزانتر بێت لە رکابەرەکانی، وەبەرهێن و کەرتی تايبەتيش ڕۆڵێکی سەرەکيان هەیە لەو مامەڵەیدا، پێۆەری سەرەکی لای ئەوان بەدەستهێنانی قازانجە. جگە لەوەی فڕۆشيارەکانی تر وەک ئەمريکا و قەتەر پێويستە بە کەشتی غازی شلکراو بنێرن، ئەمەش تێچوونی زیاترە لەو غازەی کە ڕووسيا لە ڕێگەی هێڵی بۆڕييەوە دەينرێت.
ئەوەی کە دەبينرێت و ڕوونە ئەوەیە کە جارێ ئەمريکا توانای هەیە کێشە و قەيرانی گەورە لەسەر سنوورەکانی نەيارەکانی درووست بکات، بۆ نموونە ئۆکڕانيا کە چەندين ساڵە یەکێکە لە سەرئێشە گەورەکانی ڕووسيا، هەر وەها ماوەی پێشوو ڕووداوەکانی کازخستان کە هەر یەک لە ڕووسيا و چينی نيگەران کرد. پێشتر لە ساڵی ٢٠١٤ لە ڕێگەی کودەتایەکی تايلاندەوە پەیامێکی نارد بۆ چين. ئەم پەيام و جوڵانەی ئەمريکا، لە ئايندەدا هەر بەردەوام دەبن وزیاتر و توندتر دەبن.
لەم هاوکێشە ئاڵۆز و بەيەکدا چووانەدا، غازی سروشتی هەرێمی کوردستان دەکرێت ڕۆڵێکی گرنگ ببينێت لە ئايندەدا. چەن ساڵێکە باس لەوە دەکرێت کە غازی سروشتی باشووری کوردستان دەکرێت بکرێت بە یەکێک لە سەرچاوەکان بۆ دابينکردنی پێداويستی ئەوروپا بۆ وزە. ئەمريکا و یەکێتی ئەوروپاش پشتگيری ئەم بيرۆکەیە دەکەن. وا ديارە مەبەستی سەرەکی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تورکيا بۆ ئەو پرسە بووە. پێويستە لەو بارەیەوە چەن خاڵێک بخرێتە ڕوو:
١- تورکيا پێداويستی خۆی بۆ وزە، تا ڕادەیەک بە تەواوی پشت بە کڕينی وزە دەبەستێت لە دەرەوە. فڕۆشيارە سەرەکيەکانی وزە بە تورکيا بريتين لە ڕووسيا و ئازەربيجان وئێران. سەبارەت بە ڕووسيا، تورکيا هاوشێوەی ئەوروپا نایەوێت بە شێوەیەکی گەورە پشت بە ڕووسيا ببەستێت بۆ دابينکردنی وزە، لەبەر چەندين هۆکاری مێژوویی و سياسی؛ لەوانە تورکيا ئەندامە لە ناتۆ، کە نەياری سەرەکی ڕووسيایە. تورکيا و ڕووسيا ناکۆکن لە پرسی سووريا و ليبيا...
هاوکات تورکيا متمانەی بە فرۆشيارە سەرەکيەکەی تر نييە کە ئێرانە، ئەويش لەبەر چەندين هۆکاری مێژوویی و سياسی وجيوپۆلەتيکی... تورکيا و ئێران لە سەر زۆبەی پرسەکان ناکۆکن، پرسی سووريا، ئازەربيجان و ئەرمينيا، لە عيراق، کێبرکێی نێوانيان بۆ هەژموون بەسەر ناوچەکەدا و کێشەی شيعە و سوونە... هەر ماوەی پێشوو ئەو کاتەی پلەگانی گەرما لە تورکيا ٢٠ ژێر سفری تێپەڕاند، ئێران ناردنی غازی بۆ تورکيا ڕاگرت. کە دەکرێت وەک پەيامێکی ڕووسيا بێت لە ڕێگەی ئێرانەوە بۆ تورکيا وەک ئەندامێکی ناتۆ، کە ڕووسيا وئێرانی هاوپەيمانی دەتوانن تووشی قەيرانی گەورە بکەن بە وەستاندنی ناردنی وزە بۆ تورکيا. هەر واش بوو تورکيا ناچار بوو بۆ دابينکردنی گەرمی بۆ ماڵەکان، داوای لە کارگەکان کرد کە کارکردنيان کەم بکەنەوە یا بوەستێنن، ئەوەش دەبێتە کەمکردنەوەی بەرهەم و گرانی شمەک. تەنانەت فڕۆشيارە سەرەکيەکەی تری تورکيا بۆ وزە، کە ئازەربيجانە و هاوپەيمانی نزيکی تورکيایە، ڕووسيا دەتوانێت لە ڕیگەی گروپە چەکدارييەکانی خۆیەوە لە جۆرجيا، کێشە بۆ هێلی بۆری باکۆ-جيهان درووست بکات.
٢-لەبەر ئەوە تورکيا مەبەستيەتی دوور لە ڕووسيا و ئێران سەرچاوەی تر بدۆزيتەوە بۆ دابينکردنی وزە. هەرێمی کوردستان دەکرێت یەکێک بێت لەوانە. نزيکبوونەوەی ئيماڕات و تورکيا، دەکرێت ببیتە مایەیی نزيکبوونەوەی لەگەڵ سعوودييە، ئەوانيش دوو فڕۆشياری گەورە وزەن. هەر چەن ئيماڕات هاوکات لەگەڵ ئێرانيش پەيوەندييەکانی بەرەو باشتر بردوە. هەرێمی کوردستان بۆ تورکيا، دەکرێت باشتڕين فڕۆشيار بێت، لەبەر نزيکایەتی جوگرافی کە تێچوون کەمتر دەکات، هەر وەها هەرێمی کوردستان فڕۆشيارێکی دەستەمۆکراوە لە لایەن تورکياوە، چونکە دەوڵەت نييە و عەقلی سياسی و ستراتيژی لە نزمترين ئاستە و بەرامبەر بە دەوڵەتان هەست بە کەمی و زەليلی دەکات. دەکرێت بۆ ئايندەیەکی دوورتر، پاش وەبەرهێنانی گەورە لە کەرتی وزەی کوردستان، هەر لە ڕیگەی تورکياوە غازی سروشتی کوردستان بگاتە ئەوروپا و ڕێژەی پشت بەستن بە وزەی ڕووسی کەمتر بکات. هەر بۆیە ئەمريکا و ئەوروپا پشتگيری ئەم پرۆژەیە دەکەن. هاوکات ئەمريکا مەبەستيەتی تورکياش، وەک ئەندامێکی ناتۆ، پشت بە وزەی ڕووسيا و ئێران نەبەستێت کە دوو نەیاری سەرەکی ئەمريکان.
٣-بەدەر لەوەی ئایا ئەم پڕۆژەیە چۆن و کەی جێبەجێ دەکرێت، ئایا هەژموونی ڕووسيا چۆنە بەسەر کەرتی غازی کوردستان، یاخود ئێران لە ڕێگەی هاوپەيمان و ميليشياکانی خۆیەوە لە کوردستان و عيراق، ڕێ دەدات ئەو پڕۆژەیە سەربگرێت.... پێويستە بپرسين ئەم پڕۆژەیە بۆ ئەوەی سوودی بۆ کوردستان هەبێت، چی بکرێت و مەرجەکانی چی دەبن؟ ڕوونە کە پرۆژەکە سوودی بۆ ئەمريکا، یەکێتی ئەوروپا و تورکيا هەیە، دژ بە بەرژەوەندييەکانی ڕووسيا وئێرانە. ئایا بۆ خودی کوردستان چی؟
٤-پێش هەموو شتێک، کاتێک تورکيا تووشی قەيڕان بووە بەهۆی سەرما و کەمی غاز، گرانی و گلەیی خەڵک لە ئاستێکی بەرزە، ئۆپۆزسيۆنی تورکی ڕەخنەی توند لە ئەردۆگان دەگرن بەوەی کە نەيتوانيوە ئيدارەی تورکيا بکات بە هۆی هاتنی سەرماوە... پاشان ئەو فشارەی سەر حکومەتی تورکيا بەشێکی زۆری بەهۆی ئێرانەوە بووە، واتە تورکيا و ئێران پەيوەندييان خەراپە وکەوت بوونە گلەیی و ڕەخنە و بەدرۆ خستنەوەی یەکتر وتۆمەت بۆ یەکتر درووست کردن... چ پێويست دەکات سەرۆکی هەرێم وەک فريادڕەسێک بەرەو تورکيا بفڕێت و بڵێ خەمتان نەبێت، غازی کوردستانتان بۆ دابين دکەين؟ لە کاتێکدا سياسەت وا دەخوازێت، لەو کاتەی دووژمن و داگيرکەر قەيرانيان هەیە، یاخود کە پەيوەندی دوو داگيرکەری کوردستان (تورکيا و ئێران) کێشەی تێدایە، سياسی ئەگەر بتوانێت ئەوا دەبێت هەوڵبدات قەيرانەکانی ناو تورکيا قووڵتر بکاتەوە و پەيوەندييەکانی نێوان تورکيا و ئێران خەراپتر بکات، ئەگەر نەتوانێت، ئەوا دەبیت تەماشاکەر بێت.
٥- گرنگترين خاڵ، ناردنی غازی کوردستان بۆ تورکيا و پاشان بۆ ئەوروپا، بە تايبەت ئەگەر بە بڕێکی زۆر بێت، ڕاستەوخۆ یا نا ڕاستەوخۆ واتە دژایەتيکردنی ڕووسيا و ئێران. بێ گومان هەرێمی کوردستان ئەو مەبەستەی نييە، بەڵام ئێران و ڕووسيا وا لێی تێدەگەن. ئەم هاوکارييە گەورەیە بە یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ و ئەمريکا و تورکيا، لە پێناو چی؟ چونکە بازرگانی وزە لە جيهاندا، چەنێ لایەنی ئابووری و دارای هەیە، ئەوەندە وهەندێ کات زیاتريش، لایەنی سياسی و جيوپۆلەتيکی و ستراتيژی هەیە. جگە لە لایەنی ئابووری و دارای هەرێمی کوردستان لە لایەنەکانی ترەوە، چ داواکاری و مەرجێکی هەیە بۆ ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا؟ ئەگەر گريمانەی ئەوە بکەين، کە داهاتی غازی کوردستان، سەد لە سەد شەفاف دەبێت و سەد لە سەد بۆ خزمەت و گەشەپێدانی کوردستان وهاووڵاتيان بەکاردەهێرێت، جارێ بە بێ مەرج و داواکاری سياسی، نەتەوەیی وستراتيژی، پێويست ناکات هەرێمی کوردستان لە ئیستادا بچێتە ئەو گەمەیەوە. ئەمە لە کاتێکدا ئەگەر داهاتی غازەکە سەد لە سەد شەفاف بێت و بۆ خزمەتی کوردستان و ئاوادانکرنەوە بەکاربێت، لە ڕاستيدا داهاتەکەی، لە داهاتی نەوت شەفافتر نابێت.
٦- ئەگەر هەرێمی کوردستان مەرج و داواکاری نەتەوەیی، سياسی گەورە و دوورمەودای هەبیت، ئەوا پێويستە بە زووترين کات ئەو پڕۆژەیە دەستپێبکرێت و تەواو بکریت. بەڵام ئەستەمە سەرکردایەتی کورد ئەو داواکارييانەیان هەبیت. هاوکات لە ڕووی شەفافيەت و ئيدارەدانی داهاتی وزە، کوردستان لە ئێستادا ئامادەیی تيا نييە کە مەلەفی غازيش زیاد بکرێت هاوکات لەگەڵ مەلەفی نەوت. هەرێمی کوردستان بەرەو گەندەڵييەکی زیاتر دەڕوات و لەناوبردنی سامانی سروشتی کوردستان زیاتر دەبێت، لە کاتێکدا ئەو سامانە تەنيا هی ئەم نەوەیە نين و پیويستە نەوەکانی داهاتووش سوودی لێ ببينن وبەکاری بهێنن.
٧- لە ئايندەدا چاوەڕوان دەکرێت ئەو جۆرە ململانێ نێودەوڵەتيانە زیاتر و فراوانتر بێت، پێويستە کورد کارت وئامرازی هەبێت. گرنگە کارتی غازی سروشتی لە ئێستاوە بەکارنەهێنرێت. لەوانەیە سەردەمێک بەڕێوە بێت، تورکيا و یەکێتی ئەوروپا وئەمريکا بە مەرجی گەورەی کورد ڕازی بن لە پێناو سوود بينين لە غازی سرووشتی کوردستان لە ململانێەکانيان.
بە کورتی بەم شێوەیە لە حوکمڕانی و بەم فکر و تێڕوانينە سياسيە بۆ هاوکێشە نێودەوڵەتيەکان و بۆ ئايندەی کوردستان بەم شێوەیە لە بەڕێوبردنی پرسی داهاتی سامانی سروشتی... فڕۆشتنی غازی کوردستان، بە پلەی یەکەم لە سوودی ناتۆ بە تورکيا و ئەمريکا و ئەوروپاوە دەبێت، بەڵام بۆ کوردستان سوودەکەی بۆ چەن کەس و ئەندامێکی حيزبی دەبن، کە خۆیان ئیستا هەر ملياردێرن، چەن مليارێکی تر زیاد دەکەن. لە باشترين دۆخدا چەن پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری سادە و ماوەیەک پارە ڕژان وەک پیش ساڵی ٢٠١٤ ڕوودەدات کە سيستەمی کۆمەڵایەتی و سياسی و ئابووری وێرانتر دەکات و قەيرانی نوێ درووست دەکات... جگە لەوانە، ئەستەمە سوودی گەورە و گرنگی هەبێت.