
چەن سەرنجێک لەو بارەیەوە...
(٧)
یەکێ لەو پرسە سەرنج ڕاکێشانەی لە پەيوەندی نێوان چين وئەمريکادا هەیە، بريتييە لە پرسی قەرز. چين زۆربەی کات هەوڵدەدات قەرز بدات بە ئەمريکا. ئەمريکا یەکێکە لە قەرزارترين دەوڵەتەکانی جيهان، بە پێی داتای مانگی ٤ی ٢٠٢٠، حکومەتی ئەمريکا بڕی ٢٤.٢٢ تريليۆن دۆلار قەرزارە، کە دەکاتە ١١٥٪ی (GDP)ی ئەمريکا. لە ٧١٪ ی ئەو قەرزە ناوخۆيیە، زیاد لە ٢٨٪ ی قەرزی دەرەکیيە، لە قەرزی دەرەکی، چين زۆرترين قەرزی لای ئەمريکایە، لە ٤.٨٪ ی ئەو قەرزەی لەسەر ئەمريکا هەیە، هی چينە، واتە چين (١.١٢٤) تريليۆن دۆلاری لای ئەمريکایە وەک قەرز. (یەک تريليۆن دەکاتە هەزار مليار، یەک مليار دەکاتە هەزار مليۆن).
بێ گومان شێوازی ئەو قەرزە بەو شێوەیە نييە کە حکومەتی ئەمريکا داوا لە حکومەتی چين دەکات قەرزی بداتێ، بەڵکو کاتێک حکومەتی ئەمريکا خەرجیەکانی لە داهاتەکەی زیاتر دەبێت، دەيەوێت قەرز بکات، پاشان حکومەت بڕيار دەدات سەنەداتی قەرز بخاتە بازارەوە، ئيتر چين ئەو سەنەداتانە دەکڕيت. بۆ نموونە، کۆمپانيایەک یا بانکێکی ناوخۆی ئەمريکا قەرز دەدات بە حکومەتی ئەمريکا، ئەو بانکە دەبێتە خاوەنی سەنەدێک کە دەيسەلمێنێت قەرزی لای حکومەتە، پاشان دەکرێت دووبارە ئەو سەنەدە لە بازاری سەنەدات بفرۆشێتەوە، ئەو کات چين دەيكڕێتەوە، بەوەش حکومەتی ئەمريکا قەرزاری چين دەبێت.
یەکێ لە وەبەرهێنانە هەرە باش ومسۆگەر وبەسوودەکان، بريتييە لە وەبەرهێنان لە بازاری سەنەداتی حکومەتی ئەمريکا. قازانجی مسۆگەرە لە ڕێگەی سوو، هەر وەها فەوتاندنی پارەکە یا تاخير بوونی، ئەگەریکی زۆر بچووکە، کاتێک وەبەرهێن (خاوەن قەرز) بيەوێت پارەکەی زووتر بەدەست بهێنێتەوە، ئەوا سەنەدی قەرزەکەی بە ئاسانی دەفرۆشێت بە وەبەرهێنێکی تر، چونکە زۆربەی کات کڕيار هەیە بۆ کڕينی سەنەداتی حکومەتی ئەمريکا، چونکە ئەمريکا خاوەن بەهیزترين ئابوورییە، متمانەیەکی گەورەی هەیە. بۆیە زۆر دەوڵەت و وەبەرهێن بە باشی دەزانن وەبەرهێنان بکەن لەو بوارەدا.
حکومەتی ئەمريکا قەرز دەکات چونکە خەرجييەکانی زۆرە، لە بری ئەوەی باج زیاتر بکات لەسەر هاووڵاتيان، کە لەوانەیە نا ڕەزایەتی درووست بێت، یاخود رەزيلی بکات وخەرجييەکانی کەم بکاتەوە، کە زۆر خەرجی هەیە گرنگە ودەبێت بکرێت، بە تايبەت بۆ زلهێزێکی وەک ئەمريکا. یا دراوی زیاتر چاپ بکات، ئەوەش لەوانەیە بەهای دراوەکەی دابەزێنێت، بەهای دۆلاريش لەبەر ئەوەی پەيوەندی بە ئابووری جيهانەوە هەیە، دەستکاری کردنی بەهاکەی هەستيارە ولەوانەیە کێشەی گەورە درووست بکات، بۆیە ئەمريکا پەنا دەباتە بەر قەرز، ئاسانتر وسەقامگيرترە لە هەنگاوەکانی تر، چونکە ئەمريکا هەميشە دەتوانێت قەرز بکات بەهۆی ئەو متمانە گەورەیەیی هەیەتی لە ڕووی سياسی وئابووريەوە، هەر وەها ئەمريکا بە پێچەوانەی دەوڵەتە هەژار ولاوازەکان، ڕێژەی سوو بۆ قەرزەکانی کەمە، واتە ئەگەر لوبنان مليارێ دۆلار قەرز بکات بە ڕێژەی١٠٪ سود بچێتە سەری، ئەوا دەکرێت ئەمريکا ئەو بڕە قەرز بکات بە ڕێژەی ٢٪ سود بچێتە سەری، ئاسانتريش دەستی دەکەوێت ودەتوانێت دەرەنگتريش قەرزەکە بداتەوە. بۆیە قەرز بۆ ئەمريکا هەنگاوێکی ئاسانە وقەرزپێدەرەکانيش خۆشحاڵن بەوەی قەرز بە ئەمريکا بدەن!.
بەڵام ئەو وەبەرهێنانە لە بازاری سەنەداتی ئەمريکا بۆ چين جگە لەوەی لەسەرەوە باسکرا، جياوازی وتايبەنمەندی خۆی هەیە، ئەمەش لەبەر چەن هۆکارێک:
١- چين هەميشە هەوڵدەدات بەهای دۆلار بەرزتر بێت لە بەهای دراوەکەی خۆی، تاکو ئەمريکيەکان بە ئاسانی شمەکی چينی بکڕن وچنيەکان بە قوورسی شمەکی ئەمريکی بکڕن. ئەمەش وای کردوە ئەمريکا ببێتە گەورەترين بازاڕی چين، لە پەيوەندی بازرگانی چين وئەمريکادا نا هاوسەنگيەکی گەورە هەیە بە زیانی ئەمريکاو بە سوودی چين، ئەمەشە ترەمپی زۆر نيگەران کردبوو. کاتێک چين ئەو هەموو سەنەداتانەی قەرزی ئەمريکی دەکڕێت بە دۆلار، ئەوا خواست لەسەر دۆلار بەرز دەبێت، ڕوونيشە خواست لەسەر دۆلار بەرز بێت، ئەوا بەهای دۆلار بەرز دەبێتەوە وبەهای يوانی چينی نزم دەبێت، ئەمەش ئەوەیە کە چين دەيەوێت. ٢چين وڵاتێکە لەسەر ئاستی جيهان گەورەترين قەبارەی بازرگانی وهەناردەی هەیە، لە بازرگانی نێودەڵەتيش، مامەڵە کردن بە دۆلار، ئامرازێکی سەرەکيە. چين دۆلارێکی زۆری دەست دەکەوێت (بە تايبەت لە بازرگانيکردنيدا لەگەڵ ئەمريکا)، لەبری ئەوەی ئەو هەموو دۆلارە لە چين بهێڵێتەوە وخەزنی بکات، ئەوا دەيکاتە وەربەرهێنانێکی سەقامگير وبەسوود، هەر وەها خەزنکردنی ئەو هەموو دۆلارە لە ناو چين، ئەوا بەهای دۆلار نزم دەکاتەوە ويوان بەرز دەکات.
٣- لەبەر ئەوەی دۆلار دراوێکی سەرەکی وگرنگی جيهانە وزۆرترين مامەڵەی پێوە دەکرێت لە بازرگانی نێودەوڵەتيدا، چينيش زلهێزێکی ئابووری وبازرگانيە، هەميشە پێويستی بە دۆلار دەبێت بۆ مامەڵەی بازرگانی، بۆیە مەبەستيەتی دۆلارێکی زۆری هەبێت، بەڵام بێ ئەوەی لە چين دايبنێت وبەهاکەی نزم بێتەوە، بۆیە لە ڕێیی سەنەداتی قەرزی ئەمريکيەوە، ئەو دۆلارەی دەخاتە ناو قەرزەکانی ئەمريکا.
هەندێک بۆچوونيان وایە کە چين ئەو هەموو قەرزە دەداتە ئەمريکا تا قەرزاتری بکات ولەکاتی پێويستدا فشار بخاتە سەری وداوای قەرزەکەی بکاتەوە، بەڵام ئەمە ئەگەرێکی نا واقعيە، چونکە ئەگەر چين داوای قەرزەکەشی بکاتەوە، ئەوا بە پێی ئەو کاتەی کە لە سەنەدەکاندا دياريکراوە، لە کاتی خۆی چين دەتوانێت قەرزەکانی وەربگرێتەوە، ئەگەر ئەمريکا لە کاتی خۆی نەتوانێت قەرزەکان بداتەوە، ئەوا کڕياری تر هەیە قەرزەکانی چين دەکڕنەوە. یاخود ئەگەر چين پێش کاتی دياريکراو داوای هەموو قەرزەکانی کردوە وهەموو سەنەدەکانی لە بازاردا خستە ڕوو بۆ فرۆشتن، ئەوا دەتوانێت بەهای دۆلار دابەزێنێت، بەڵام دابەزاندنی بەهای دۆلار، وەک لەسەرەوە باسکرا، پێچەوانەی ويست وسياسەتی چينە، بەلایەنی کەم لەم سەردەمەدا، ئەو کات چينيش زیانی گەورەی بەر دەکەوێت بە تايبەت لەو پەيوەندييە بازرگانيە گەورەیەیی کە لەگەڵ ئەمريکادا هەیەتی. لەگەڵ ئەوانەشدا، قەرزەکانی ئەمريکا بە دراوی خۆیەتی، واتە لە کاتی ناچاری وپێويستدا، دەتوانێت بۆ ماوەیەکی کاتی خۆی تووشی قەيران بکات وچاپکردنی دۆلار زیاد بکات، ئەمەش یەکێکە لەو خاڵانەی کە وا دەکات ئەمريکا متمانەیەکی گەورەی هەبێت لە جيهاندا بۆ قەرزکردن.
لەگەڵ ئەو هەموو متمانە وهێزەی ئەمريکا هەیەتی، بەڵام لە ناوخۆی ئەمريکا ترس لەو قەبارە ترسناکە لە قەرز بە ڕوونی دەرکی پێدەکرێت، وەک لە بەشی پێشوی ئەم نووسينە ئاماژەی پێدرا، بريجنسکی یەکێ لە ترسە گەورەکانی لە ئايندەی ئەمريکا، بريتی بوو لەو قەبارە گەورەیە لە کەڵەکەبوونی قەرز بەسەر حکومەتی ئەمريکادا. هەر وەها ترەمپ لە کاتی بانگەشەی سەرۆکایەتی لە خولی یەکەم، بانگەشەی ئەوەی دەکرد قەرزەکانی سەر ئەمريکا کەم بکاتەوە، ڕەخنەیەکی زۆريشی ئاڕاستەی ئۆباما کرد، چونکە زۆرترين سەرۆک کە حکومەتی ئەمريکای خستوەتە ژێر قەرز، ئۆباما بوو. بە پێی هەندێ داتا، لە ماوەی هەشت ساڵی سەرۆکایەتی ئۆباما، حکومەتی ئەمريکا زیاد لە ٩ تريلۆن دۆلار قەرزەکانی زیادی کردوە.
ماويەتی...