نووسەرەناسراوەکان

ئەمريکا وچين؛ ململانێ وپيوەندييەکانيان، ئایا چين کۆتایی بە سەردەمی ئەمريکا دەهێنێت؟ ...  ڕەنج نەوزاد - بەشی هەشتەم

چەن سەرنجێک لەو بارەیەوە...
(٨)
یەکێ لەو ستراتيژ وپڕۆژانەی چين کە کەمتر باس دەکرێت بە براورد بە ڕێگای ئاوريشم (دەستپێشخەری ڕێگا وپشتێنە)، بريتييە لە ستراتيژی ملوانکەی مرواری، کە پڕۆژەیەکی سەربازييە. بە کورتی ئەم پڕۆژەیە یا ستراتيژە بريتييە لە گەشەپێدان وپێشخستنی هێزی دەريایی چين، بۆ سەپاندنی هەژموونی چين بەسەر دەريا وئۆقيانووسەکاندا، بە تايبەت ئۆقيانووسی ئارام وهيندی، بە لق وبەشەکانيانەوە. لێرەوەش ئەم ستراتيژە تێکەڵ دەبێت لەگەڵ ستراتيژی ڕێگای ئاوريشم، چونکە ڕێگا بازرگانيەکانی چين لە دەريا وئۆقیانووسەکاندا، پێويستی بە پاراستنە، پرۆژەی ملوانکەی مراوری، یەکێ لە ئەرکەکانی ئەوە دەبێت. ستراتيژی ملوانکەی مراوری پەيوەندييەکی قووڵی بە مێژوو وکولتوری جيهانبينی چينيەکانەوە هەیە.
هەر یەک لە کيسنجر لە کتێبی (on china) وبيرمەندی ئەمريکی گراهام ئەليسۆن لە کتێبی (destined for war can america and china escape thucydides's trap) باس لە تێڕوانينی چينيەکان بۆ خودی خۆیان وبۆ ئەوانی تر دەکەن..
چين خاوەن شارستانيەکی چەن هەزار ساڵەیە، بە درێژایی ئەو هەزاران ساڵە، زۆربەی کات، چين بەهەژموونترين شارستانيەت ووڵاتی ئەو ناوچەیەیی خۆی بووە. ئەم دۆخە وای لە چينيەکان کردوە خۆیان بە بەرزتر وشياوتر بزانن لە خەڵکان وشارستانيەکانی تر، لای چينيەکان ئيمبراتۆری چين، تەنها سەروەری چين نييە، بەڵکو ئەوەی لە ژێر ئاسمانە، لە ژێر سەروەری ئيمبراتۆری چينە. ئەم خۆ بە گەورە وپيرۆز زانينەی چينيەکان بەردەوام دەبێت تا سەدەی ١٩. کاتێک بەريتانيا وپاشان بەريتانياو فەرەنسا لە هەردوو جەنگی ئەفيونی یەکەم (١٨٣٩) وجەنگی ئەفيونی دووەم (١٨٥٦) چين ناچار دەکەن وسازشی پێدەکەن وهەندێ لە ناوچەکانی چين کۆنتڕۆڵ دەکەن، ئەو فيز وهەستکردن بە شانازيەیی چينيەکان دەشکێنرێت وبريندار دەکرێت، دوای ئەوە ژاپۆنيش لە کۆتاييەکانی سەدەی ١٩، بەشێک لە چين داگير دەکات وشکست بە چين دەهێنێت. لە سەدەی بيست چين لە ناوخۆ هەر پەرتەوازە ولاواز بوو، دابەش ببوو بەسەر چەندين ناوچە وهێزدا، کە پێی دەوترێت ناوچەی ئەميرەکانی جەنگ، هاوکات شەڕی ناوخۆ لە چين دەست پیدەکات... ئەم دۆخە لە لاوازی بەردەوام دەبێت تا ساڵی ١٩٤٩ کاتێک ماو تسی تۆنگ دەسەڵات دەگرێتە دەست وسەروەری چين بەدەست دەهێنێتەوە.
ئەو ماوەیەیی نێوان سەدەی ١٩ تا ساڵی ١٩٤٩، چينيەکان پێی دەڵێن سەدەی زەليلی. لە ماو تسی تۆنگ تا ئەمرۆ، زۆربەی سەرۆکەکانی چين بەڵێنی ئەوە دەدەن کە چين ئيتر ناگەڕێتەوە بۆ سەدەی زەليلی وچين دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو چينە مەزنەی کە هەزاران ساڵە پێی ناسراو بوو.
بە ڕای گراهام ئەليسۆن، لە ماوەی سەدەی زەليلی، هەموو ئەو هێزانەی شکستيان بە چين هێنا وبەشێکی خاکەکەیيان داگير دەکرد وسازشيان بە چين دەکرد، هەمووی لە ڕێگەی دەريا وبە زەبری هێزی دەريایی بووە. هەر ئەمەشە وای لە بەشێک لە سياسی وستراتيژيستەکانی چين کردوە بڵێن: بایەخنەدانمان بە ئۆقيانووسەکان، هەڵەیەکی مێژوویی بوو، لە ئیستا ولە داهاتووش باجی ئەو هەڵەیە دەدەين. لە ساڵی ١٩٩٦ کاتێک چين ترسی لە هەنگاوەکانی تايوان بوو کە بەرەو سەربەخۆیی هەنگاوبێت، دەستی کرد بە مووشەکبارانی دەوروبەری تايوان تا بيانترسێنێت، هەر وەها مانۆرێکی سەربازی چينيش بوو ويستی مووشەکەکانی خۆی تاقيبکاتەوە. بەڵام ئەمريکا لە وەڵامدا دوو کەشتی فرۆکەهەڵگری ڕەوانەی تايوان کرد، لە ئەنجامدا چين ناچار بۆ خۆ لادان لەبەریەککەوتن لەگەڵ ئەمريکا، مووشەکبارانەکانی ڕاگرت وکشایەوە لەو هەنگاوەی. ئەليسۆن پێی وایە، ئەو ڕووداوە وەک خوێ خستنە سەری برينێکی چارەسەرنەکراوی چين بوو، ديسانەوە چينيەکان بۆیان دەرکەوتەوە، کە سەروەریان کەموکوڕی تيایە، چونکە چين، تايوان بە بەشیک لە خاکی خۆی دەزانێت، بەڵام ئەمريکا دەستی لە کاروباری ناوخۆی چين وەردا وڕێی نەدا تايوان ملکەچی چين بێت.
لە سەدەی ٢١، بە تايبەت لەسەردەمی سەرۆکی ئێستای چين (شی جين بينگ) بایەخێکی گەورە دەدەن بە بەهێزکردنی هێزی دەريایی، بۆ ئەمەش ستراتيژی ملوانکەی مرواری تەرخان کراوە. ئەوەی بایەخ بە کاروباری چين دەدات، ساڵانێکە ئەوە دەبينێت، کە چين بودجەی سەربازیيەکەی ساڵ بە ساڵ زیاتر دەبێت، بەشێکی سەرەکی ئەو بودجەیەش، بۆ هێزی دەريایی تەرخان دەکرێت.
لە ئیستادا لە دەريایی باشووری چين (لە گرنگترين ناوچەکانە بۆ چين) چەندين دوورگەی دەستکردی درووست کردوە، کردونی بە بنکەی سەربازی، هەر وەها لەو دوورگانە ولە کەناری دەريایی باشوور، چين ژمارەیەکی زۆر لە مووشەک وچەکی قوورس وفرۆکە وڕاداری داناوە، بۆ بەرپەرچدانەوە وکەمکردنەوەی هەژموونی ئەمريکا لەو ناوچەیەدا.
چين دەيەوێت لە ڕێگەی ستراتيژی ملوانکەی مرواری، سەرەتا لە دەريایی باشوور ودەريایی رۆژهەڵاتی چينەوە دەست پێبکات وهەژموونی خۆی لەوێ بسەپێنێت وسنورێک بۆ ئەمريکا دانێت، بەوەش دەتوانێت هەژموونی هەبێت لە زەريایی ئارام، چونکە ئەو دوو دەريایە بەشێکن لە زەريایی ئارام. هاوکات، چەن ساڵێکە چين لە زەريایی هيندی جموجۆڵی گەورەی کردوە، لە کەناراوەکانی سريلانکا وپاکستان هێزی دەريایی خۆی داناوە، لە جيبۆتی کە دەڕوانێتە سەر دەريایی سوور (بەشێکە لە زەريایی هيندی) بنکەی سەربازی داناوە. هەمان پلانی هەیە لە ئێران، کە دەڕوانێتە سەر کەنداوی عەرەب وکەنداوی عومان. ئەليسۆن پێيوایە، لە ئیستادا سياسی وبڕياربەدەستانی چين، بيروباوەڕێکی (ئەلفريد ماهان)یان هەیە، ماهان سەربازێکی ئەمریکی وبيرمەندێکی گەورەی بواری جيوپۆلەتيک بوو، کە پێيوایە هەر دەوڵەتێک بيەوێت ببێت بە زلهێز وهەژموونی هەبێت بەسەر جيهاندا، پێويستە زەريا ودەرياکان کۆنتڕۆڵ بکات وهێزی دەرياییەکەی بکاتە بەهێزترين، ئەو لە کۆتاييەکانی سەدەی ١٩ وسەرەتاکانی سەدەی ٢٠ حکومەتی ئەمريکای هاندەدا بایەخ بە هێزی دەريایی بدات. ئەمريکا لە دوای جەنگی دووەمی جيهانەوە، بە تايبەتر لە ساڵانی هەشتاکانەوە، بە تەواوی تيورييەکەی ماهان جێبەجێ دەکات.
سەرۆکی ئێستای چين، پێيوایە، هاوشان لەگەڵ بەهێزبوونی ئابووری، پێويستە لایەنی سەربازی وچەکداريش بەهێز بکرێت. بە تايبەت هێزی دەريایی، کە چينييەکان گرێيەکی دەروونيان هەیە لەو بارەیەوە، چونکە یەکێ لە هۆکارەکانی سەدەی زەليلی دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی هێزی دەريایی چين وبایەخنەدانی چين بە کۆنتڕۆڵکردنی دەريا وئۆقيانووسەکان.
ملوانکەی مرواری هاوشانی ڕێگای ئاوريشم هەنگاو دەنێت، ڕێگای ئاوريشم ستراتيژی بازرگانی وئابووری ودبلوماسی وزانستی وتەکنەلۆژیيە، ملوانکەی مرواری پاسەوانی ئەو ئامانج وهەنگاوانەیە.
ئەم هەنگاوەی چين، هەنگاوێکی قوورس وئاڵۆز دەبێت، چونکە هاوکات هيندستان کە رکابەری سەرەکی چينە لە ناوچەکە، هەمان ستراتيژی هەیە بۆ بەهێزکردنی هێزی دەريایی، ئەوە جگە لە ئەمريکا، کە بەهێزترين هێزی دەريایی جيهانی هەیە وبە نيازە بەهێزتريشی بکات بە تايبەت لە زەريایی ئارام، کە دەرياکانی چين بەشێکن لەو زەريایە.
ماویەتی...

Related Articles