نووسەرەناسراوەکان

ئەمريکا وچين؛ ململانێ وپيوەندييەکانيان، ئایا چين کۆتایی بە سەردەمی ئەمريکا دەهێنێت؟ ڕەنج نەوزاد - بەشی سێهەم

چەن سەرنجێک لەو بارەیەوە...
(٣)
ئەوەی ئەمريکا وەک هۆکاری سەرەکی بۆ ململانێی نێوان خۆی وچين ئاماژەی پێدەکات لە ئێستادا بە تايبەت لە کاتی ترەمپ، بريتييە لە نا دادپەرووەری بازرگانی نێوان هەردوو دەوڵەت، هەر وەها دزينی خاوەندارێتی فکری ئەمريکی لە لایەن چينەوە.
بە پێێ نووسينگەی ئەمريکی بۆ ئامار قەبارەی بازرگانی نێوان هەردوو دەوڵەت لە ساڵی ٢٠١٨ گەيشتووەتە ٦٦٠ مليار دۆلار، چين نزيکەی بە قەبارەی ٥٤٠ مليار شمەکی بە ئەمريکا فرۆشتووە، لەبەرامبەردا ئەمريکا بە قەبارەی ١٢٠ مليار شمەکی بە چين فڕۆشتووە، واتە کورتهێنانی ئەمريکا لەو مامەڵە بازرگانييە دەگاتە ٤٢٠ مليار دۆلار. ئەم کورتهێنانەی ئەمريکا لە مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ چين، نوێ نييە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٨٦ ئەم کورتهێنانە دەست پێدەکات، بەڵام لە سەدەی ٢١ەوە ئەم کورتهێنانە ساڵ بە ساڵ زیاتر دەبێت. ئەمەش چەندين هۆکاری هەیە، لەوانە بەهای دراوی ئەمريکی لە هی چينی بەرزترە، ئەمريکيەک بە دۆلارەوە بە ئاسانی دەتوانێت شمەک لە چين بکرێت، چينيەک بە (يوان)ەوە بە قوورسی وگرانی دەتوانێت شمەک لە ئەمريکا بکڕێت. هەر بۆیە ترەمپ چەندين جار چينی بەوە تۆمەتبار دەکرد کە یاری بە بەهای دراو دەکات و بە مەبەست بەهای دراوەکەی نزم دەکات، تا زۆرترين وڵات بتوانن بە ئاسانی شمەکی لێ بکڕن. هەر وەها دەستی کار لە چين هەرزانترە، بەرهەمهێنان کەمتری تێدەچێت، جگە لەوەی ژمارەی دەستی کار لە چين زۆر زیاترە لە هی ئەمريکا. بۆیە ئەمريکا ناتوانێت رکابەری لەگەڵ چين بکات لەو ڕووەوە، هەر بۆیە پەنای بردە سەر زیاد کردنی رسوماتی گومرگی لەسەر شمەکی چينی، بە چەند قۆناغێک ترەمپ زیاد لە ٢٠٠ مليار دۆلاری وەک باج خستە سەر شمەکی چينی، بۆ ئەوەی ئەو کورتهێنانەی ئەمريکا لەو مامەڵە بازرگانيە کەم بکاتەوە، چين لەبەرامبەردا بە زیادکردنی باج بۆ سەر شمەکی ئەمريکی وەڵامی دایەوە.
ئەم جەنگە بازرگانييە بە پێی بەشێک لە ئابووريناسان، زیانی بۆ هەردوولا ولەوانەیە بۆ کۆی جيهانيش هەبێت، لە ڕووييەکەوە لەبەر ئەوەی چين لەو مامەڵە بازرگانييەدا زیاتر دەفرۆشێت، وگەورەترين وسەرەکيترين بازار لە جيهاندا بۆ چين بريتييە لە بازاڕی ئەمريکا، ئەوا زیادکردنی باج، زيانەکەی زیاتر بۆ چينە، بەڵام لەبەرامبەردا، ئەو خەڵکەی کە هەژارن لە ئەمريکا هەر وەها ئەوانەی لە کەرتی کشتوکاڵی ئەمريکا کار دەکەن، زیانی گەورەیان بەردەکەوێت، چونکە کەرتی کشتوکاڵی ئەمريکا (بە تايبەت لۆبيا) بەشێکی گەورەی بەرهەمەکەی بە چين دەفرۆشێت، هەر وەها هەژارانی ئەمريکا دەتوانن شمەکی چينی بکڕن چونکە هەرزانە، نەک شمەکی ئەمريکی وئەوروپی، یاخود کەرتی پيشەسازی دروستکردنی فرۆکەی بازرگانی، کە گەورەترين بەشی هەناردەی ئەمريکا پێکدەهێنێت بۆ چين، تووشی زیانی گەورە دەبن. جگە لەوەی بەردەوامی ئەم جەنگە بازرگانييە دەبێتە هۆکاری بێ کاری سەدان هەزار وبەڵکو مليۆنان کەس لە هەردوو وڵات، لەگەڵ ئيفلاسکردنی چەندين کۆمپانيای ئەمريکی وچينی. لە لایەکی ترەوە، ئەمريکا وەک سياسەت ووەک ئابووری ليبراڵە، ئەمەش واتە حکومەت توانای نييە ئابووری کۆنترۆڵ بکات وئاڕاستەی بکات، بۆیە ئەگەر هەیە کۆمپانيا وبازرگانە ئەمريکيەکان فشار بکەنە سەر حکومەت و لەوانەشە بتوانن لە ڕێگەی دەنگدانەوە ترەمپ لاببەن وکۆتایی بەو جەنگە بازرگانييە بێنن (ئەم نووسينە لە کاتی سەرۆکایەتی ترمپ نووسراوە)، بەڵام لە چين حيزبی شيوعی حوکم دەکات وکەمترين دەرەفەت هەیە بۆ ئازادی وڕادەڕبڕين وناڕەزایەتی، بۆیە دەکرێت چين فشاری ناوخۆی کەمتر لەسەر بێت وەک لە ئەمريکا. کەواتە لەم ڕووەوە جەنگی بازرگانی بۆ چين ئاسانترە وەک دەوڵەتێکی ناديموکرات کە تيايدا کۆمەڵگە مافی ناڕەزایەتی نييە. هەر بۆیە ماوەی پێشوو هەردوو حکومەت گەڕانەوە بۆ دانوستان لەوبارەیەوە، بە پێی لێدوانەکانی ترەمپ بێت، ئەوا ئەمريکا لە دانوستانەکاندا سەرکەوتوو بووە وچين ڕازی بووە بەوەی لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوو، بە بڕی ٢٠٠ مليار دۆلار شمەکی زیاتر لە ئەمريکا بکڕێت وئيتر ورياتر مامەڵە لەگەڵ پرسی دزينی خاوەندارێتی فکری وداهێنانی ئەمريکی بکات.
کێشەیەکی تری نێوان ئەمريکاو چين بە پێی بۆچوونی ئەمريکا، بريتييە لەوەی چين بە چەندين ڕێگەی سيخۆری وهێرشی ئەليکترۆنیەوە نهێنی بازرگانی وتەکنەلۆجی وداهێنانی فکری وزانستی ئەمريکا دەدزێت، پاشان چين دەيکاتە بەرهەمی خۆی ودەيفرۆشێت بە نرخێکی کەمتر لەوەی ئەمريکا، بەمەش ئەمريکا کە داهێنەرەکەیە زیان دەکات وچين کە بيرۆکەکەی دزيوە قازانج دەکات. هەندێ ڕاپۆرتی ئەمريکی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو دزينەی چين، ساڵانە زیانی ٦٠٠ مليار دۆلار لە ئەمريکا دەدات، جگە لە دروستکردنی ژمارەیەکی زۆر لە بێکاری. بێ گومان چين ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە، بۆ نموونە باڵوێزی چينی لە مۆريتانيا، لە وتارێکيدا ئاماژە بەوە دەکات کە چين ساڵانە ٣٠٠ مليار دۆلار تەرخان دەکات بۆ توێژينەوەی زانستی،دەڵێت ئيتر چ پێويست دەکات گومان لە پێشکەوتن وداهێنانەکانمان بکرێت. هەر وەها دەڵێت بۆ نموونە کۆمپانيایی هواوی کە لە جيهاندا ١٨٠ هەزار کارمەندی هەیە، لە ٤٥٪ ئەو ژمارەیە خەريکی توێژينەوە وپەرەپێدانن، هەر وەها لە ١٥٪ی داهاتی هواوی تەرخانە بۆ توێژينەوە وگەشەپێدانی زیاتر، کە لە پلاندا هەیە هواوی لە ئايندەدا ساڵانە ٢٠ مليار دۆلار تەرخان بکات بۆ توێژينەوە وپەرەپێدانی زیاتر، دەڵێت ئایا دەکرێت ئەمە هەمووی دەرئەنجامی دزي بێت؟!
هەستکردن بە مەترسی چين و تەرکيز کردنە سەر ململانێی چين لە لایەن ئەمريکاوە، لە سەردەمی ترەمپ گەيشتە تروپک، لە سەردەمی جۆرج بۆش باس کرا، بەڵام بە هۆی سەرقاڵبوونی ئەو کاتی ئەمريکا بە جەنگەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەرەفەت نەبوو بە تەواوی تەرکيز بکرێتە سەر چين. پاشان لەسەردەمی ئۆباما دەستەواژەی ئاوڕدانەوە یا گواستنەوەی قوورسایی ئەمريکا بۆ ئاسيا بە ڕوونی باسکرا، وەک ئاماژەیەک بەوەی کە پێويستە ئەمريکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکشێتەوە وزیاتر تەرکيز بکاتە سەر ئاسيا، واتە چين. ئۆباما لەو بارەیەوە چەندين ڕێکەوتنامە وبەياننامەی هاوبەشی لەگەڵ چين لە بواری ئابووری وستراتيژی پێکهێنا، لەسەردەمی ئۆباما گفتوگۆ وڕێکەوتنامە وهەوڵی لەیەکتێگەيشتن لە نێوان هەردوو دەوڵەت لە ئاستێکی زۆر بەرز بوو.
لەسەردەمی ترەمپ، پەيوەندی نێوان ئەمريکا وچين هەڵچوونێکی گەورەی بە خۆیەوە بينی،تا گەيشتە ڕوودانی ئەوەی پێی دەڵێن جەنگی بازرگانی، ئەمەش هۆکاری هەیە: چونکە ترەمپ پێش هەموو شت، کەسێکی بازرگانيە وعەقلی ئەو لە سياسەتدا، عەقلێکی زیاتر بازرگانی وئابووريە، هەر وەها بوونی کەسایەتيەکی کاريگەر لەگەڵ ترەمپ هەر لەسەردەمی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەیەتی ترمپەوە، ئەو کەسەش (پيتەر ناڤرۆ)یە.
ناڤرۆ مامۆستای زانکۆ ونووسەرێکی سياسی وئابووری ئەمريکيە، لە کەسە هەرە توندەکانە بەرامبەر بە چين و هەژموونی ئابووری چين، لەو بارەیەوە دوو کتێبی نووسيوە (The Coming China Wars) و(Death By China) کە تيايدا ئاماژە بە مەترسی ئابووری وسياسەتی چين دەکات و وەک هەڕەشەیەکی سەرەکی بۆ سەر هەژموونی ئەمريکا لە جيهاندا دەيبينێت. ناڤرۆ زۆر دەمێکە داوای ئەوە دەکات کە باج بەرز بکرێتەوە لەسەر شمەکی چينی. لای ئەو، ئەو جەنگە بازرگانيە یەکێکە لە چارەسەرە کاريگەرەکان.ناڤرۆ هەر لە ساڵانی هەشتاکان، ئەو کاتەی ئەمريکا ترسی لە گەشەی ئابووری يابان هەیە بەوەی پێش ئەمريکا بداتەوە، داوا دەکات باجی زۆر بخرێتە سەر شمەکی یابانی. ترەمپ پێش بوونی بە سەرۆک ئەم کەسە دەناسێت وسەرسامی نووسين وفکرەکانی دەبێت، هەر بۆیە دەيکات بە ڕاوێژکاری ئابووری خۆی ولە ئێستاشدا (سەردەمی ترەمپ) بەرێوبەری ئۆفيسی سياسەتی بازرگانی وپيشەسازیە لە کۆشکی سپی. وەک باس دەکرێت،ناڤرۆ تيۆريست وبيرمەندی جەنگی بازرگانی نێوان ئەمريکا وچينە لە ئێستادا.
بێ گومان هۆکاری سەرەکيش بريتييە لەو گەشەکردنە گەورەیەیی ئابووری چين وپلانەکانی چينە بۆ ئايندە کە وا دەبينرێت بە نيازە شوینی ئەمريکا لەق بکات، هەرچەن چنيیەکان هەميشە دەڵێن ئێمە مەبەستمان ئەوە نييە ببينە تاک جەمسەری جيهان وناشمانەوێت ململانێی جەمسەرەکان درووست بکەين.
سەرۆکی نوێ (بايدن) سەرەڕای جياوازی وململانێکانی لەگەڵ ترەمپ، بەڵام لەبارەی مەترسی چين تا ڕادەیەک هاوڕای ترەمپە وپێی وایە هەڕەشەی سەرەکی بۆ سەر ئەمريکا لە ئێستا وئايندەدا بريتييە لە چين. بە گشتی ئەو ڕووداو ودياردە وهەڕەشانەی کە ديموکرات وکۆمارييەکان، چەندين سەرۆکی یەک بە دوای یەکی ئەمريکا هاوشێوەی یەکتر خوێندنەوەی بۆ دەکەن و تێڕوانيان لە یەکەوە نزيکە لەبارەیانەوە، ئەوا مانای وایە کە زۆرينەی دەزگا فکری وهەواڵگری وسياسيەکانی ئەمريکا گەيشتوون بە یەقين، کەو دياردەیە یا هەڕەشە وهاوکێشەیە، مەترسی سەرەکييە بۆ پێگەی ئەمريکا. دياردەی چين لەو دياردانەیە کە تا ڕادەیەکی زۆر، کۆدەنگی لەسەر هەیە لە ئەمريکا کە هەڕەشەیەکی سەرەکی وڕاستەوخۆيە بۆ سەر ئەمريکا، هەر بۆیە ململانێی ئەمريکا وچين لە ئايندەدا، چاوەڕوان دەکرێت توندتر وفراوانتر ببێت، دەکرێت ئامرازەکانی ناو ململانێکە بگۆڕدرێن، بەڵام ململانێکە ناگۆرێت وبەردەوام دەبێت.
ماویەتی...

Related Articles