
چەن سەرنجێک لەو بارەیەوە...
زبيگنيەڤ بژێژينسکی ( Zbigniew Brzeziński) کە لای خۆمان بە زبيگنيو بريجنسکی ناسراوە، سياسەتمەدار وبيرمەندی ئەمريکی بە ڕەچەڵەک پۆڵەندی، ڕاوێژکاری ئاسايشی نەتەوەیی ئەمريکا لە سەردەمی ئيدارەی جيمی کارتەر (١٩٧٧-١٩٨١). لە کتێبەکەيدا (تێڕوانينی ستراتيژی: ئەمريکا وقەيرانی دەسەڵاتی جيهانی) کە لە ساڵی ٢٠١٢ نووسراوە. بە شێوەیەکی ورد باس لە مەترسيەکانی بەردەم ئەمريکا وئايندەی ئەمريکا وەک بەهێزترين سوپەر پەوەر دەکات.
بەشی سێهەمی ئەو کتێبە بە ناونيشانی (جيهان لە پاش ئەمريکا، لەگەڵ هاتنی ساڵی ٢٠٢٥، سەردەمی چين نييە، بەڵکو فەوزایە) لەم بەشەدا بريجنسکی پێیوایە، لە ئەگەری ڕوودانی گۆڕانکاری بەسەر سيستەمی جيهانيدا، کە ئەمريکا تيايدا بەهێزترينە، ئەوا بە نەمانی ئەو پێگەیەیی ئەمريکا، چين شوێنی ناگرێتەوە، وهيچ دەوڵەتێکی تر ناتوانێت شوێن ئەمريکا بگرێتەوە، هەر بۆیە سەردەمی فەوزا وناسەقامگيری شوێنی دەگرێتەوە. کەواتە پاش سەردەمی ئەمريکا، سەردەمی فەوزایە نەک سەردەمی چين.
نووسەر پێیوایە، لە ئەگەری لە دەستدانی حوکمڕانی جيهان لە لایەن ئەمريکاوە، ئەوا لە جيهاندا ئەگەر هەیە چەندين گۆڕانکاری جيوپۆلەتيکی گەورە ڕووبدات وچەندين قەيران وململانێی نوێ درووست بن کە وا دەکات جيهان بەرەو فەوزایەکی گەورە بڕوات وهيچ دەوڵەتێک یا هاوپەيمانیەتيەک نەتوانێت حوکمی جيهان بکات وەک ئەوەی ئەمريکا دەيکرد. بۆ نموونە، کۆريای باشوور ویابان، کە ئەمريکا دەيانپارێزێت لە هەرەشەی کۆريایی باکور وچين، لە ئەگەری ئاوابوونی سەردەمی دەسەڵاتی ئەمريکا، ئەوا ئاسايشی ئەو دوو وڵاتە دەکەوێتە مەترسيەوە، لەوانەیە پەنا بەرن بۆ درووستکردنی هاوپەيمانی لەگەڵ هيندستان لە دژی چين، یاخود پەنا بەرنە بەر دروستکردنی چەکی ئەتۆمی. تايوان، کە ئەمريکا دەيپارێزێت، ئەگەر هەیە بکەوێتە بەر هێرشی چين (لە بەشەکانی داهاتووی ئەم نووسينە، وردەکاری زیاتر دەخەمە ڕوو لەسەر پرسی تايوان، هەر وەها لە چ ڕوویەکەوە دەتوانين پرسی تايوان براورد بکەين بە پرسی کورد). جۆرجيا وئۆکرانيا، ئەگەر هەیە ڕووسيا پەلاماريان بدات وداگيريان بکات، چونکە لە ئیستادا ئەمريکا لەگەڵ مانەوەی سەربەخۆیی ئەو وڵاتانەیە وڕێ لەوە دەگرێت ڕووسيا داگيريان بکات.
پاکستان وئەفغانستان، لەوانەیە بەرەو حوکمی ئيسلامی راديکاڵ بڕۆن، یا شەڕی ناوخۆ. هيند وچين لەوانەیە ناکۆکيەکانيان زیاتر وتوندتر بێت. بە نەمانی دەسەڵاتی ئەمريکا، چين ئازادتر دەبێت لە بڵاوکردنەوەی هەژموونی خۆی، بە تايبەت لە ناوچە نزيکەکانی سنوری خۆی، کە ئاسيایی ناوەڕاست ورووسياش دەگرێتەوە، ئەمەش لەوانەیە ڕووسيا نيگەران بکات وهاوپەيمانيەکی ڕووسی-یابانی-هيندی دژ بە چين درووست بێت. ئەگەری پێکدادانی ئيسرائيل وئێران زیاتر دەبێت. تورکيا هەوڵی دوبارە سەپاندنی هەژموونی خۆی دەدات لە سنورەکانی دەوڵەتی عوسمانی. هەر وەها گۆڕانکاری لە سياسەتی بەرازيل لە ئەمريکای باشوور، کە لەوانەیە بەرەو ململانێ وپێکدادان بڕوات. درووست بوونی قەيران لە ناو ئەوروپا، لەوانەیە ئەڵمانيا لەبەر بەرژەوەندی خۆی وبەدەستهێنانی وزە، نزيک بێتەوە لە ڕووسيا، یا بۆ پاراستنی خۆی لە جيهانێکی بێ حاکمدا، هاوشێوەی یابان پەنا بباتە بەر درووستکردنی چەکی ئەتۆمی (ئەڵمانيا ویابان لەو دەوڵەتانەن کە بە ئاسانی وبە کورتترين ماوە دەتوانن ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام لەبەر ڕێکەوتنامە وسروشتی سيستەمی جيهانی لە ئێستادا کە دەيانپارێزێت، چەکی ئەتۆمی درووست ناکەن،بە نەمانی حوکمڕانی ئەمريکا لە جيهاندا، سيستەمی جيهانی وزۆرێک لە ڕێکەوتنەکان دەگۆردرێن).
ئەوانە بەشێک بوون لەو ئەگەر وگۆڕانکاريانە کە دەکرێت ڕووبدەن لە کاتی گۆڕانکاری پێگەی ئەمريکا لە سيستەمی جيهانيدا، چەندين گۆڕانکاری وئەگەری تريش هەن. (هەندێک لەو پێشبينيانەی وئەگەرانەی کە بريجنسکی باسی دەکات بۆ گريمانەی سەردەمی دوای ئەمريکا، تا ڕادەیەک دەرکەوتوون، وەک: نزيکبوونەوەی ڕووسيا وئەڵمانيا لە چوارچێوەی پڕۆژەی (Nord Stream 2)، پەلاماردانی ڕووسيا بۆ سەر بەشێک لە ئۆکرانيا وئێستاش کۆکردنەوەی هێزکی گەورەی ڕووسیا لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانيا، هاتنەوەی تاڵيبان بۆ حوکمی ئەفغانستان، جموجۆڵەکانی ئەم ماوەیەیی چين بەرامبەر بە تايوان، سياسەتە داگيرکارييەکانی تورکيا...)
بريجنسکی وەک گريمانەیەک باس لە نەمانی سەردەمی ئەمريکا دەکات، ئەگەر نا لە کۆی کتێبەکەدا، پێيوایە ئەمريکا دەکرێت بەردەوامی بەم رۆڵەی خۆی بدات، و هەر بە بەهێزترين و بە هەژموونترين دەوڵەتی جيهان بمێنێتەوە، بەڵام بەو مەرجەی چەندين چاکسازی گرنگ بکات.
بريجنسکی بە پێچەوانەی زۆرێک، پێيوایە هەڕەشەی سەرەکی سەر پێگە وئايندەی ئەمريکا لە جيهاندا، بە شێوەیەکی سەرەکی، بريتی نييە لە چين یا ڕووسيا یا هەر هێزێکی تر، بەڵکو بريتييە لە کێشە وقەيڕانەکانی ناوخۆی ئەمريکا. هەر وەها ئاماژە بەوە دەکات کە پێويستە ئەمريکيەکان ئەوە بزانن، ئێتر هێزی ئەمريکا لە دەرەوە، بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆييەکانی ئەمريکا دەوستێت. نووسەر لە کتێبەکەيدا شەش کێشەی ناوخۆ دەست نيشان دەکات کە بە پێويستی دەزانێت چارەسەر بکرێن، بۆ ئەوەی ئەمريکا بتوانێت وەک بە هەژموونترين وبەهێزترين دەوڵەتی جيهان بمێنێتەوە، ئەو کێشانە بريتين لە:
١-کێشەی قەرزەکانی سەر ئەمريکا، کە بە یەکێک لە قەرزارترين دەوڵەتەکانی جيهان دادەنرێت. بە پێی ئاماری مانگی ٤ی ٢٠٢٠، حکومەتی ئەمريکا بڕی ٢٤.٢٢ تريليۆن دۆلار قەرزارە، کە دەکاتە ١١٥٪ی (GDP) ئەمريکا. زیاد لە ٧٢٪ ی ئەو قەرزە ناوخۆيە، زیاد لە ٢٨٪ ی قەرزی دەرەکيە، لە قەرزی دەرەکی، چين زۆرترين قەرزی لای ئەمريکایە. بريجنسکی ئەو قەرزارييە گەورەیە بە مەترسی دادەنێت بۆ سەر پێگەی ئەمريکا، پێيوایە کاريگەری خەراپ دەکاتە سەر پێگەی دۆلار وسەرکردایەتی ئەمريکا بۆ بانکی نێودەوڵەتی وسندوقی دراوی جيهانی. هەر وەها ئەگەر ئەمريکا ناچار بێت قەرزەکان بداتەوە، ئەوا پێويستە باجی سەر هاووڵاتيان زیاد بکات وئەوەش کێشە درووست دەکات. کاتێک بريجنسکی کتيبەکەی نووسيوە، ژمارەی ئەو قەرزانە بەو شێوەیە گەورە نەبوون، بەڵام ئەو کاتيش پێشبينی دەکات کە قەرزەکان زۆر گەورەتر دەبن ئەگەر حکومەتی ئەمريکا هەوڵی چارەسەرکردنی نەدات.( لە بەشەکانی داهاتووی ئەم نووسينە، بە وردی باس لە پرسی قەرزەکانی ئەمريکا دەکەم وچين بۆچی دەيەوێت زۆرترين قەرز بدات بە ئەمريکا).
٢- سيستەمی دارایی وئابووری ئەمريکا، کە لایەنی تەماحکاری وخۆپەرستی تيايدا زاڵە، لەوانەیە ببێتە هۆکاری قەيرانی ئابووری نەک تەنها لە ئەمريکا بەڵکو لە سەر ئاستی جيهان. وەک قەيرانی ئابووری ٢٠٠٨.
٣-فراوانبوونی جياوازی چينایەتی، بە پێی ئامارێکی ٢٠٠٧، لە ١٪ خێزانەکانی ئەمريکا خاوەنی زیاد لە ٣٣٪ی سەروەتی ئەمريکان. لە لایەکی ترەوە، لە ٥٠٪ی خێزانەکانی ئەمريکا خاوەنی کەمتر لە٣٪ی سامان وسەروەتی ئەمريکان. نووسەر پێیوایە ئەم جياوازييە چينایەتييە دەکرێت ببێتە هۆکاری پشێوی ناوخۆ.
٤- لاوازی وبەسەرچوونی بەشێک لە ژێرخانی ئەمريکا، بە تايبەت لە بواری گواستنەوە. شەقام وهێلی ئاسنی وفرۆکەخانەکانی... ئەمريکا بە براورد بەوانی ئەوروپا ویايان وچين، دواکەوتوون وبەسەرچوونە، کە ناگونجێت لەگەڵ دەوڵەتێکی وەک ئەمريکا کە خاوەن بەهێزترين توانای ئابووری وتەکنەلۆژيە. بە پێی نووسەر، دەوڵەتانی زلهێز، پێويستە ژێرخانێکی پێشکەوتوو وبەهێزيان هەبێت.
٥- نەزانی وبێ ئاگایی هاووڵاتی ئەمريکی، بەڕای نووسەر " تا ڕادەیەک، هيچ نازانن لەبارەی جيهانەوە". بە پێی ڕاپرسيەک کە نووسەر ئاماژەی پێدەکات، لە نێوان گەنجانی: سويد، ئەڵمانيا، ئيتاليا، فەرەنسا، یابان، بەريتانيا، کەنەدا، ئەمريکا، مەکسيک گەنجانی ئەمريکا تەنها لە گەنجانی مەکسيک بە ئاگاتر وزانياريان زیاتر بووە لە بارەی ڕووداوەکان بە گشتی، لە دوای هەموو گەنجانی ئەو دەڵەتانەی ترەوە بوونە. هەر وەها نووسەر دەڵێت زیاد لە نيوەی گەنجی ئەمريکا وتەنانەت خوێندکاری زانکۆش، لە ڕاپرسيەکدا لە ٢٠٠٦، نەيانزانيوە عيراق وئەفغانستان وئێران دەکەونە کوێ لەسەر نەخشە، لە کاتێکدا ئەمريکا جەنگ وکێشە وململانێی هەیە لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە ودووانیانی داگير کردوە. نووسەر پێیوایە، کەڵەکەبوونی ئەم نەزانيە جەماوەرييە، دەکرێت لە ئايندەدا کاردانەوەی خەراپی هەبێت بەسەر سياسەتی ئەمريکا لە جيهاندا.
٦-سيستەمی سياسی ئەمريکی تا ڕادەیەکی زۆر بووە بە حيزبی، ڕاگەياندنەکانيش زیاتر بە پێی گوتاری حيزبەکان کار دەکەن. بردنەوەی لایەنەکان لە هەڵبژاردنی ئەمريکا زۆر پشت بە پارە دەبەستێت، ئەمەش وا دەکات لۆبیەکانی ناوخۆ ودەرەکيش لە ڕیگەی پارەەوە بتوانن ئەجيندای خۆیان بهێننە ناو حکومەتی ئەمريکا، کە ئەمەش دژ بە بەرژەوەندی گشتی نيشتيمانی ونەتەوەیی ئەمريکایە. کەيسی دەستتێوەردانی ڕووسيا وئيماڕات لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠١٦ی ئەمريکا، ئەم خاڵە دەسەلمێنێت.
بريجنسکی ئەم شەش کێشەیە دەکاتە مەترسی سەرەکی لەبەردەم ئەمريکا، پێيوایە ئەگەر ئەمريکا ئەمانە چارەسەر بکات، ئەوا نە چين ونەهێزێکی تر، ناتوانن پێگەی جيهانیی ئەمريکا لەق بکەن وخۆیان شوێنی بگرنەوە. ئەو کتێبەی بريجنسکی لێکدانەوەی زۆری تێدایە لە بارەی پێگەی ئەمريکا وچۆن ئەمريکا مەمەڵە لەگەڵ چين ووڵاتانی تريش بکات... لە بەشەکانی داهاتوو زیاتر ئاماژە بە بۆچوونەکانی بريجنسکی دەکەين.
ماويەتی...